یادی شەهیدانی حەماسەی قەرەسەقەڵ بەرز ڕاگیرا

زایینی: ١٨-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٢٨ - ١٤:١١ تاران
یادی شەهیدانی حەماسەی قەرەسەقەڵ بەرز ڕاگیرا
کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵڕۆژی شەهیدانی ڕاسان لە شاری شنۆ یادی حەماسەخوڵقێنەرانی قەرەسەقەڵیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی جۆزەردان و لە ساڵڕۆژی قارەمانەتی نواندنی حەماسەخوڵقێنەرانی قەرەسەقەڵی شنۆ، ئەندامانی حیزب لە یەکێک لە بەرزاییەکانی ئەم شارە بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدانیان نوێ کردەوە و لە پەیامێکدا ڕوو لە ڕۆحی بەرزی شەهیدانی شنۆ ڕایانگەیاند: "دیسان مێژووی خوێنی سمکۆتان به دڵۆپ دڵۆپی خوێنتان تۆمار کرد، پەیمانی وەفاداری به ڕێباز و خوێنتان نوێ دەکەینەوە و تا سەر درێژه دری ڕێگاتان دەبین."

چەند ڕۆژ پێش ئیستاش تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانییەتی شەهیدانی ڕاسان لە شاری شنۆ و ئەمەگناسی بە ڕێبازیان، لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تاجەگوڵینەیان لە شوێنی قارەمانەتی نواندنەکەیان دانا.

ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ لە گوندی "قەرەسەقەل" لە کاتی ئەنجامدانی هەندێک مەئموریەتی سیاسی و تەشکیلاتی کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و لە شەڕێکی قارەمانانەدا ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و ژمارەیەکی بەرچاویش لە جاش و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم کوژران.