دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

زایینی: ٢٧-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٤/٠٦ - ١٢:٣٥ تاران
دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد
کوردستان میدیا: "دایە خاتوون عەبدوڵڵایی" دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دایە "خاتوون عەبدوڵڵایی" دایکی شەهید "ئەیووب ئیبراهیمی" خەڵکی ناوچەی "مەحاڵ دۆڵ" لە گوندی "زێوە" لە تەمەنی ٧٧ ساڵیی بە هۆی نەخۆشی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆچی دوایی کرد.

دایە خاتوون ژنێکی نیشتمانپەروەر، وڵات خۆشەویست و ئیماندار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی بوو؛ ناوبراو نموونەی سالارە ژنێکی بەبیر و بڕوا بوو کە هەر دەم لاوانی نێو خزم و کەس و کاری خۆی هان دەدا بۆ خزمەت بە نیشتمانەکەیان.

تەرمی دایە خاتوون لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی گوند و ناوچە لە گۆڕستانی زێوە بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمی بنەمالەکەیان دەزانیت.