باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

زایینی: ٠٢-٠٧-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٤/١١ - ١٢:٣٩ تاران
باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد
کوردستان میدیا: مام سالار ساڵحی باوكی شەهيد "ئیسماعيل ساڵحی" لە شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی مام "سالار ساڵحی" باوكی شەهيد "ئیسماعيل ساڵحی" بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ كۆچی دوايی كرد.

شەهید ئیسماعیل لە ساڵی۱۳٥۰ی هەتاوی لە گوندی "جامەرد" سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە؛ ناوبراو پێشمەرگەی هێزی بەيان بوو کە له مەئموريەتی حيزبی له شاری بۆكان لە لایەن ڕێژیمەوە دەستبەسەر كرا.

شەهید ئیسماعیل لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٧٥ له شاری "مياندواو" لە زیندانی میاندواو ئێعدام كرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەو کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.