سمینارێک بۆ ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بەڕێوەچوو

زایینی: ٠٥-٠٧-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٤/١٤ - ١٨:٤٩ تاران
سمینارێک بۆ ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بەڕێوەچوو
کوردستان میدیا: بەبەشداری سکرتێری گشتی حیزب و ئەندامانی ڕێبەری و کادرو پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ژمارەیەک میوان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، سێمینارێک بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملو و هاوڕێیانی لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ، کۆمیسیونی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بۆ بەڕێزان تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب و د. هوشمەند عەلی مامۆستای زانکۆ بەرێوە برد.

ئەو سێمینارە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

سەرەتا تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات باسی لە سەر کەسایەتی دوکتور قاسملو و ڕۆڵی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە کرد لە سەر بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ئێران و پارچەکانی دیکە کوردستان.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە شوێندانەری دووکتوور قاسملوو لە یەکخستنی هێزی گەل و بە ڕیکخراوەکردنی ئەم هێزە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دوژمنانی کوردستان کرد و وتی: ئەم کاریگەرییانە هەتاکوو ئێستاش کە ٢٨ ساڵ بەسەر تێرۆرکرانیدا تێدەپەڕێ هەر دیار و بەرچاون.

پاشان دوکتور هوشمەند عەلی، مامۆستای زانکۆ لە بواری مێژووی هاوچەرخ و نوێ باسێکی تێرو تەسەلی لەسەر دیپلۆماسی دوکتور قاسملوو پێشکەش بە بەشداربووانی ئەو سمینارە کرد و شەهید قاسملووی وەک باڵوێزێک بۆ هەموو گەلی کورد پێناسە کرد کە هەوڵی بەجیهانی کردنی کێشەی کوردی دا.

ناوبراو وتی: دوکتوور قاسملوو بەهۆی پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی و زمانزانییەوەکەیەوە توانیبووی جێگەی خۆی لای سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و ڕیکخراوە ئۆرووپاییەکان بکاتەوە و بەهۆی ئەم جێگە و پیگەوە کاریگەری دابنێت لەسەر ڕووداوەکانی پەیوەست بە گەلی کورد.

ئەو سێمینارە پاش کاتژمێر و نیوێک بە پرسیار و وەڵامی بەشداربووان کۆتایی پێهات.