کۆمەڵێک کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ سەردانی هێزی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستانیان کرد

زایینی: ١٣-٠٧-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٤/٢٢ - ١٤:١٠ تاران
کۆمەڵێک کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ سەردانی هێزی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستانیان کرد
کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە نووسەران و ڕووناکبیران بۆ پشتیوانی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات سەردانی هێزی تایبەت لە شاخەکانی کوردستانیان کرد و پشتیوانی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ ڕاسانی ڕۆژهەلات وهێزی پێشمەرگە، کۆمەڵێک کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ بە هاوڕێیەتی "محەممەد ساڵح قادری" بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر، سەردانی هێزی پێشمەرگەیان کرد.

لەو سەردانەدا "مامەند ڕۆژە" نوێترین بەرهەمی لێکۆڵینەوە و نووسینی خۆی بە ناوی " قەڵەمبازی ستراتێژیک" کە لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی نوێی ڕۆژهەلاتی کوردستان ، ناوچە و هاوکێشە سیاسییەکان و گرینگی ڕاسان نووسراوە، پێشکەش بە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە کرد.

لە دیدارێکی مەیدانیدا بۆ سەنگەری پێشمەرگەکان، وێڕای پشتیوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە و ڕاسانی ڕۆژهەلات، باسێکیان سەبارەت بە هەڵکەوتەی ژێئۆستراتێژیکی کوردستان به تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد و گرینگیی و کاریگەری چالاکیی پێشمەرگە لەو قۆناغەدا بە بایەخەوە هەلسەنگاند.

هەر لەو سەردانەدا دوکتور "بێهرۆز شوجاعی" مامۆستای زانکۆ، وێڕای پێناسەکردنی ماهیەتی داگیرکارانەی ڕێژیمی ئێران و موستەعمەرە بوونی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، پێداگری لەسەر چەمکی سەروەری و خەباتی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ حیزبی دێموکرات وەک میراتگری کۆماری کوردستان و ڕێبەرە شەهیدەکانی کرد و بە بەرز نرخاندنی گرینگیی هەنگاوەکانی پێشمەرگە لە قۆناغی ئێستادا، باسی لە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی وشیارانەی پێشمەرگە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و گرینگی پێدانی پێشمەرگە بە خۆ بەتەیار کردن بە زانست و زانیاری کرد.

سەردانی ئەو کەسایەتیە ئاکادیمیک و سیاسیانە و پێشکەشکردنی ئەو کتێبە لەگەل پێشوازی گەرمی پێشمەرگەکان بەرەوڕوو بوو و مامۆستاکان پێداگریان لە سەر بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگەکان دووپات کردەوە.