ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

زایینی: ٠٦-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/١٥ - ١٣:٠٧ تاران
ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد
کوردستان میدیا: کەریم ئەمیری ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، کەریم ئەمیری شەوی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە کوردستانی باشور کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ساڵی ١٩٥٦ی زایینی لە گوندی "بانەدار" لە نزیک کێوی بەمۆ سەر بە سەلاسی باوەجانی لە دایک بووە.

ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی شەڕی دوو ڕێژیمی داگیرکەری سەدام و خومەینی ئاوارەی باشوری کوردستان دەبێت و دواتر لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن ڕێژیمی بەعسی ڕووخاو، بە زۆرە ملی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیان و هەموو خزمانییەوە دەنێردرێن بۆ پارێزگای ڕومادی لە خوارووی شاری بەغدا و لە ئۆردوگایەک بە ناوی ئۆردوگای ڕومادی "الطاش" نیشتەجێ دەکرێن و بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەو شوێنە دەمێنێتەوە.

لە ماوەی مانەوەی لەو ئۆردوگایەدا تاڵی و سوێری زۆری چێشت بەڵام کۆڵی نەدا و شانی دایە بەرکاسبی و توانی سەربەرزانە بژێوی منداڵەکانی پەیدا بکات و بەسەر بەرزییەوە بژیت.

کاک کەریم لە کاتی ئاوارە بوونی دا وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب ئەرکەکانی رادەپەڕاند، کاک کەریم ئەمیری برایەکی بە ناوی شەهید ئەکرەم ئەمیری لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات دا شەهید بووە.

ساڵی ٢٠٠٣ بە هاوکاری UNHCR لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچن بۆ وڵاتی کەنەدا و لەوێشدا وەک دڵسۆزێکی جووڵانەوە درێژەی بە چالاکییەکانی دا و تا دواهەناسەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرخۆشی لە بنەماڵەو خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.