باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کۆچی دوایی کرد

زایینی: ١٣-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/٢٢ - ١١:٣٨ تاران
باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کۆچی دوایی کرد
کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بەهۆی پیری لە شاری پیرانشار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی مەلا "عومەر سوڵتانی" خەڵکی شاری پیرانشار باوکی شەهیدی سوورخەڵاتی حیزب "سەلاح سوڵتانی" لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەدا بە خاک سپێردرا.

مەلا عومەر کەسایەتییەکی خۆشناو و حیزبی و نیشتمانپەروەر بوو؛ ناوبراو لەسەر کار و فەعالییەتی حیزبی بۆ ماوەی سێ ساڵ گیرابوو.

شه‌هید سه‌لاح سوڵتانی ساڵی ١٣٤٥ له پیرانشار له‌دایک بووه و ناوبراو پێشمه‌رگەیەکی ئازا و قاره‌مانی حیزب بووه که له ڕێکه‌وتی ٤ی بانەمەڕی ١٣٦٣ هەتاوی لە شه‌ڕێکی قاره‌مانانه له هه‌نگه‌وێ شه‌هید و گڵکۆکه‌ی له پیرانشاره.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی خۆیی ئاڕاستەی بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیان بە شەریک و بەشدار دەزانێت.