سەرنجێک لە بایەخ و دیاردە مودێڕنەکان لە ئێراندا

زایینی: ٠٦-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٦/١٥ - ٢١:٢٥ تاران
سەرنجێک لە بایەخ و دیاردە مودێڕنەکان لە ئێراندا
کەیوان دروودی

یەکێک لە گرینگترین هۆیەکانی لەسەرپێ‌مانەوەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، خۆگۆڕینێکی ڕواڵەتییە بەدەم داهاتنی ئەو چەمک و پارادایمە نوێگەلەی کە بە تێپەڕبوونی کات لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بەبایەخ و پێگەدار بوونەتەوە و وەک نەزمێک/نۆرمێکی گشتگیر سنوورەکانیان تەنیوەتەوە کە ئێرانیش بەشی خۆی لەم شەپۆلەی بەرکەوتووە. لەڕاستیدا ئەگەر بچینە بنەوای ئەم پرسە بەو راستییە دەگەین کە نەپێوانی بڕگە و قۆناغە هەستیار و شوێندانەرەکان لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ـ کە لێرە پێکهاتەکانی دانیشتووی جوغرافیای ئێران مەبەستە ـ وایکردووە کە ئەم بەهاگەلە نە وەک نۆڕمێکی ڕسکاو و ڕەچەڵەکدار بەڵکوو وەک سووژەگەلێکی هاوردە بێ ئەوەی پێشمەرجەکانی رەچاو کرابێ؛ بە جەبری رەوتی بەجیهانیبوون شوێن‌پێی لە شەقام و رای گشتیدا کردووەتەوە، بەو واتایە کە تەنیا فۆڕمی ئەم بایەخگەلە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نێو کۆمەڵگە بەدی دەکرێت و لە رەهەندی چییەتییەوە لێوانلێوە لە چەوتی و ناتەواوی. بۆ شیکردنەوەی ئۆبژەکتیڤ، نموونەیەک لەم بابەتە دێنینەوە:

کۆمەڵگەی مەدەنی:

ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگەی مەدەنیش وەک زۆرینەی بەها ئەوڕۆییەکان چەمکێکە کە لەسەر دیاردەیەکی بەرهەست و عەینی لە نێودڵی کۆمەڵگەی رۆژئاوایی هاتووەتە دەر. بەو واتایە کە پێشخانێکی مێژوویی لەرووی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی ـ چاندیەوە بووەتە هۆی دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە و دواتر ناوی لەسەر نراوە و وەک چەمکێک کەوتووەتە نێو فەرهەنگی زارەکی و کولتووری ئەو گەلانە. لە بنەڕەتەوە بەر لە هاتنە کایەی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵێک نۆڕمی چەسپاو هەبووە کە وای کردووە لەسەر ئەم بەک‌گراوندە، ئەم دیاردە سەرهەڵبدا، بۆ نموونە یەکسانی، مافی هاونیشتمانیەتی و حکوومەتی یاسا. ئەگەر یەکسانی نەوەک نێوئاخنە ئایدیالیستییەکەی بەڵکوو وەک ئەو یەکسانییەی لە یاسا باو و ئەوڕۆییەکاندا هەیە لەبەرچاو بگرین، بەو راستییە دەگەین کە لەپێش هاتنە ئارای کۆمەڵگەی مەدەنی ریزبەندێک لە زنجیرە پلەی رووداو و گۆڕانکارییەکان سریاڵێکی پێکهەڵپێکیان دروست کردووە کە بووەتە سیکلێک لە هۆ و بەرهۆ هەتا بەدەم رسکانی یەک دوای یەکی گەیشتووەتە بەرهەمێک کە ناوی کۆمەڵگەی مەدەنی لێ نراوە.

لە دەیەی رابردوو و دوای ئەوەی ژوورە "هزرییە"کانی حاکمییەت وارەوارە هەستی بە سرتە و دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەم چەمک و بایەخگەلە لە نێو بڕێک لە توێژە کۆمەڵایەتییەکان کرد، سەرەتا هەوڵی‌دا کە بەپێڕەوی ئیدیۆلۆژی خۆی بکەوێتە جێخستنی پێناسەی خۆی سەبارەت بە چییەتییان، هەروەک زۆرینەی رەهای وێژمان و مەکتەبە ئۆرووپاییەکان هەوڵدرا ئەم چەمک و بایەخانەش بە هێرشی رۆژئاوا بۆ لە خشتەبردنی ستراکچێری کۆمەڵگەی ئێرانی لەقەڵەم بدرێ، بەو بۆنەوە گەلێک دەستەواژەی نامۆ و سەیری هێنایە نێو پانتایی دەزگای پرۆپاگاندەی خۆی، لەوانە: هێرشی کولتووری، دزەکردنی هێمنانە، لێکترازاندنی بنەمای خێزان و هتد؛ بەڵام ئەم پانیکە وڵامدەر نەبوو و لانیکەم لای زۆرینە بەهێند وەرنەگیرا. ئەمە بوو کە دواتر دەسەڵات بەدوای چارەسەرێک بۆ پێش پێگرتنی لافاوی بزۆزی ئەم دیاردە گەڕا و لە دۆکتۆرینێکی تردا ئەم کەڕەت رووی کردە هاوگوێرەسازی و پووکاندنەوەی نێوەڕۆکیان. هەر لەسەرەتاوە دەستیان کرد بە دامەزراندنی بەلێشاوی رێکخراو و بنکەی جۆراوجۆر لەژێر چاوەدێری ناراستەوخۆ یان جاری واش بەڕێوەبردنی راستەوخۆی لقەکانی گرێدراو بە دەزگای حاکمییەت. بۆ نموونە سەرجەم ئەو رێکخراوانەی کە ناو و دەستەواژەی دانراوی سپای پاسدارانیان لەسەرە یان ئەوانەی لەژێر ناوی سووژە و ئەکتەرە ئایینییەکانی تێرمینۆلۆژیی حاکمییەت دەستیان دایە هەڵسووڕان بەشێکی گەورە لەم پڕۆسەیە بوون. لەپاڵ ئەم ئەجێندا رێگەپێدراوەدا بڕێک بنکەی تر لەلایەن هەڵسووڕاوانی مەدەنییەوە دامەزران، بەڵام ئەمجارەیان رێوشوێنیان بۆ دیاری کرا و پانتایی چالاکییان بۆ بڕێک بیاڤی "بێ‌مەترسی" بەرتەسک و سنووردار کرایەوە. ئەم بوارانە لە ژینگەپارێزی، خێرخوازی و هەرەوەزیی سنووردار بوون کە تەنانەت لەمانەش ئەوە دەسەڵاتە کە چۆنییەتیی و چەندایەتییەکەی دیاری دەکات. لە نموونە پارادۆکسیکاڵەکانی دەرکەوتە کردارییەکانی ئەم دیاردە دەکرێ ئاماژە بە چەند نموونە بکرێ:

پاراستنی ژینگە:

لە یەک دەیەی رابردوودا هەوڵی چاندنی نمام لە لێڕەوارەکاندا جێی پێی خۆی لەنێو جەماوەردا کردەوە، بەڵام هاوکات بوو لەگەڵ سووتاندن و لەنێوبردنی دارستانەکان بە تۆپباران و ئاگرتێبەردانی دەزگا نیزامییەکان کە هیچ کاردانەوەیەک لەلای دامەزراوە خەڵکییەکان بەدواوە نەبوو. ئەمە خۆی واتە ئەو هێڵە سوورەی کە حاکمییەت دیاری کردووە، بەدیوێکی‌تردا خەڵک بۆی هەیە ژینگەپارێز بێت بەڵام تا ئەو شوێنەی کە دەسەڵات بە بەرپرس (تاوانبار) نەناسێنێت! لێرە ئەو کەمایەسییە دەردەکەوێ کە باس کرا، بەو مانایە کە جەماوەر لە بەریەککەوتنی لەتەک دەسەڵات خۆدەبوێرێ و دەسەڵات نەک بەرامبەر بەڵکوو لایەنی باڵادەستی جەماوەرە.

ئەوەیکە لەم فاکتانە وەلانراوە کە بۆ شارەزایان و چاوەدێران جێی لێوردبوونەوە بووەتە خاڵە جەوهەرییەکان. سڕینەوەی فەلسەفەی وجوودیی ئەم دیاردە بە یارمەتیی زۆری باسکە داپڵۆسێنەرەکانی سیستمی حاکمییەت و تا رادەیەکیش بەناو چالاکڤان و جەماوەری دیکتاتۆرلێدراو ئەوەندە بە دڵخوازی رێژیم بوو کە تێچووی زیاتری بۆ ماکێت‌سازی و هاوگوێڕەسازی تەرخان کرد و لە ماوەیەکی کورتدا سەدان لاپەڕەی سێبەر دەستیان بەسەر ئەتمۆسفێری سایبێریدا گرت. چەواشە، سەفسەتە و پرۆپاگاندا باڵی بەسەر کەشەکەدا کێشا و ئەو وردە بنکە و دامەزراوانەش کە بە هەوڵی هەڵسووڕاوانی خۆڕسک هەڵتۆقیبوون لەم ناوە نوقمەسار کران. بەڵام بۆچی لامان وایە کە فەلسەفەی کۆمەڵگەی مەدەنی سڕدراوەتەوە؟ ئاخۆ ئەمە بەو واتایە دێت کە هەڵسووڕاوان لەم ماراتۆنە هەناسەبڕە وەپاش کەوتوون؟

سەرەتا بەرچاوروونییەک لەم بارەوە: بەکورتی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆڵەکەیەکی راگری هاوسەنگییە لەنێوان ئیرادەی دەوڵەتەکان و جەماوەر. ئەگەر چاوپۆشی لە کەمایەسیی مەعریفیی ناوهێنانی کابینەکانی رێژیم وەک "دەوڵەت" بکرێ و وای دابنین کە دەوڵەتی ئێرانیش هەر ئەو ستراکچێرە باوە جێکەوتووەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرانسەریدا دەردەهاوێ، تا ئێرە دەوڵەت وەک ئیرادەیەکی لەسەرەوە بەرەوخوار بۆ ئاستی کۆمەڵگە بە باسکە کارا و پراگماتیکەکانی ئیرادەی خۆی لە فۆرمێکی رێکخستوو بە پشتبەستن بە یاسا و هێز جێبەجێ دەکات. لەبەرامبەر بنکەی دەوڵەتدا پارلەمان وەک نوێنگەی ئیرادەی جەماوەر هەڵدەکەوێ ـ دیسان ئەوەش وەلابنێین کە لە ئێران لەبنەڕەتدا دامەزراوەیەک بوونی نییە کە نوێنەرایەتی راستەوخۆ و ڕاستەقینەی جەماوەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی رێکوپێکدا بکات ـ. ئەم شێوازە لە تەعامولی ئۆرگانیک بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ پراکتیزە دەکرا تا وردەوردە تاکە هەڵکەوتووەکان هەڵسان بە رێکخستنی ناحکوومی (ئین جی ئۆ) بەشێوەی خۆڕسک لە ئاستی قەوارەی کۆمەڵگە. ئەوان لایان وابوو کە ئەمە هەوڵێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی دێمۆکراسیی راستەوخۆ، بەو واتایە کە جەماوەر دوای هەڵبژاردن هەنووکە و داهاتوو تووشی پاسیڤ بوونێکی جەبری ئەبێت و لەبەرامبەر جمگەکانی سیستمی دەوڵەتدا تووشی مەندی و هەڵوێسان ئەبێ! بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییە دەستیان دایە رێکخستن و بەسیستماتیک کردنی قەوارەی کۆمەڵگە. ئەگەرچی رەنگ بێ ئاڵۆزی ئەم دێڕانە نەتوانێ بەوردی پەردە لەسەر مێکانیزمە ورد و هەستیارەکاندا لابدات بەڵام بۆ پێداهاتنێکی کورت و خێرا و لە پانتای ئەم وتارە هەر ئەوەندە رێگەمان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە لێرەوە یەکجێ دەچینە ناو بڕگەی کۆتایی.

هەروەک باس کرا بۆشایی پێشمەرج یا با بڵێین پێشخانەکانی بێچم‌گرتنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێو جەماوەری ژێرچەپۆکی تۆتالیتاریزمی حاکمییەتی ئێراندا وای کردووە کە ئێمە لەگەڵ دیاردەی نامۆ و سەیروسەمەرەدا بەرەوڕوو بین. لێرە دەشێت سەرباری گشت ئەو رێوشوێنانەی کە لەلای دەسەڵاتەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەم پارادایمە سیاسی ـ چاندی و کۆمەڵایەتییە گیراونەتەبەر ـ کە بەراستیش دەکرێ تا ئاستێکی بەرچاو سەرکەوتوو دابنرێت ـ هەر بۆ ئەوەندەی کە توانیویە وەک تەوەرێک تا رادەیەک لە پەرتەوازەیی و تاکگەری لە ناو جەماوەر کز بکات بۆخۆی جێی گرینگی پێدان بێت. بەهەر لەونێک لێی بڕوانین بەروونی دەبینین کە لەپاڵ رێکخراوگەلێکی ژینگەپارێزی و خێرخوازیدا ـ کە هەرچەند لە رەهەندە هەرەگرینگەکانیش نین ـ رێکخراو و کەسانی دیاریش لە ئاخێزگەی ئەم بیاڤەوە هەڵساون بە خستنەڕووی پرسیار، گومان و داواکارییە مرۆیی و مافخوازانەکان، وەک نموونە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و کەسایەتیی جێی رێزی وەک محەممەد سەدیق کەبوودوەند توانییان بۆ جارێکیتر ئەوە بسەلمێنن کە لە ژێر قورسترین سانسۆر، سنووردار کردن و هەڕەشەدا خۆدەربخەن و قامک لەسەر رەهەندە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا دابنێن. هەر بۆیەش دەبێ وێڕای بوێریی رەخنە و شیکاریی وردبینانە ـ بەبێ پارێز لە لۆمە و ئەگەری بڕێک کاردانەوەی لایەنگرانە ـ دوورەدیمەنێکی دڵخۆشکەر و مەنتقی بۆ ئەم رەهەندە لە خەباتی جەماوەری وێنا بکرێت کە لە ئەگەری بەستێنی لەبار لە کات‌وشوێنی خۆیدا دەکرێ وەک باسکێکی بەهێزی ئیرادەی جەماوەر سەیر بکرێت. ئەوەی روونە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنیش وەک گشت دیاردە کۆمەڵایەتییە گرینگەکانی‌تر فاکتێکی نەگۆڕ و لەجێ نییە بەڵکوو بزۆزی و دینامیزمی ت ایبەتی خۆی هەیە و گرینگیی ئەودەم بەرچاوترە کە بزانین سەرجەم ئەم گوتارە نوێگەلە بە تێپەڕبوونی کات بەرەو پوختەیی شێوەگرتنی تەکووز و گونجاوتر دەچن بەتایبەت ئەگەر لە بەرامبەر سیستمێکی داخراوی دواکەوتووانەدا دەستەویەخە بن.