خاکی سووتاو وەک تاکتیک یان ستراتێژی؟

زایینی: ٠٦-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٦/١٥ - ٢١:٣٥ تاران
خاکی سووتاو وەک تاکتیک یان ستراتێژی؟
عەلی مونەزەمی

داگیرکەرانی کوردستان لە مێژساڵە بە دژی کورد لەوەیکە لە زانستە سەربازییەکاندا بە تاکتیکی "خاکی سووتاو" دەناسرێ، کەڵک وەردەگرن و بۆ لەنێوبردنی هەموو سەرچاوەکان کە یارمەتیدەری مرۆڤن، بۆ بەردەوامبوون لە ژیان لە کوردستاندا و بۆ لەنێوبردنی هەرچی زووتری ئەو سەرچاوانەش لەگەڵ یەکدا لە پێشبرکێیەکی بێ وێنەدان و پەندو دەرس لە یەکتر وەردەگرن تاکوو هەرچی زیاتر ژیان لە خەڵکی کورد تێک بدەن و کوردستانیان پێ چۆل کەن.

دەوڵەتی تورک ماوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە دەرسیم و دەورووبەری بەبیانووی هەبوونی گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێو دارستاندا، لە چەندین شوێنی جۆراوجۆر ئاوریان لە دارستانەکان بەردا کە ئەو ئاورە بووە هۆی سووتانی رووبەرێکی بەرفراوان لەو دارستانانە لە لایەک و لە مەترسی کەوتن و لە نێوچوونی بەشێک لە سەرچاوەی ژیانی خەڵک و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی خەڵکی بێدەرەتان و لەلایەکی دیکەشەوە، زیان پێگەیشتن بە سروشت و سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابووریی کوردستان.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بە کەڵک وەرگرتن لە یەکێک لە تیۆرییەکانی زانستی سەربازی کە بە تاکتیکی "خاکی سووتاو" بەناوبانگە، ئەو کاوڵکارییە وەک نموونە شی کردنەوەی بۆ بکرێ و ئامانجی نامرۆڤانەی دوژمنانی کورد و هەڵسووکەوتیان لە کوردستاندا وەک داگیرکەر بخرێتە بەر چاو و دیدی خوێنەران و پەردە لە سەر ئەو راستییە لابدرێ کە بۆ ئەوان بەکارهێنانی ئەو تاکتیکە بووەتە ستراتێژی و ئامانجیان قڕکردن و ئاوارەکردنی کورد و وێرانکردنی کوردستانە.

پەیڤە سەرەکییەکان کە لەو وتارەدا بە کار دەبردرێن، ئەمانەن: تاکتیک، ستراتێژی، تاکتیکی خاکی سووتاو، داگیرکاری.

• تاکتیک: پڕۆسەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکێک یان چارەسەرکردنی مەسەلەیەکە لە دەمێکی کورت یان نیوەدرێژدا لە پێناوی ئامانجێکی ستراتێژیی درێژخایەندا.

• ستراتێژی: ستراتێژی کە لە وشەی یوونانی ستراتێژیاوە هاتووە، دێتە مانای پلان یان شێوازی هێرشی بەڕێوەبەری سوپا بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا. ستراتێژی تەواوییەتی بەرنامەڕێژی و هەموو کردەوەکان بۆ بەکارهێنانی هەموو ئیمکاناتی لە بەردەستدا بە باشترین شێوە، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو لە خۆی دەگرێتەوە. یانی شیکردنەوەی بیرۆکەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج. ستراتێژی لە ڕاستیدا رێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانە کە لە سەردەمی ئێستادا بە بەرنامەی درێژخایەنیش دەگوترێ.

• تاکتیکی "خاکی سووتاو": تاکتیکێکی چەکدارییە بۆ لەنێوبردنی هەموو ئەو شتانەی کە دەتوانێ لەلایەن دوژمنەوە بە کار ببردرێ لە کاتێکدا کە لایەنێک بۆخۆی لە حاڵەتی پاشەکشە یان پێشڕەویدا بێ. لە کاتی بەکار هێنانی ئەو تاکتیکەدا هەول دەدرێ کە هەموو کۆگاکانی خواردەمەنی، مەزرا و دەخل و دان، مەڕوماڵات و سەرچاوەکانی سرووشتی، تێکنۆلۆژیی پێوەندیگرتن و هەموو جۆرە کەرەستەیەکی بەرهەمهێنان لە نێو ببردرێ تاکوو دوژمن دەرەتانی بەکار هێنانی نەبێ. ئەو تاکتیکە زۆرتر لە سەر خاکی دوژمن یان لەو بەشە لە وڵاتی خۆیاندا کە مەزندە دەکرێ بکەوێتە دەستی دوژمن، بە کار دەبردرێ. لەو تاکتیکە لە رەوتی مێژوودا زۆر جار کەڵک وەرگیراوە، بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا کە هەم لەلایەن رووسیە لە ئوکراین بۆ ئەوەیکە ئیمکانات نەکەوێتە بەر دەستی ئەرتەشی نازییەکان و هەم لە باکووری نوروێژ لەلایەن ئەرتەشی نازییەکانەوە بۆ ئەوە کە ئیمکانات نەکەوێتە دەستی ئەرتەشی رووسیە بە کار بردراوە. ئەو یەکە لەلایەن نازییەکان لە ئوکراینیش دووپات کراوەتەوە.
ئەو سیاسەت و تاکتیکانەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەیان پێدراوە، لەلایەن هەموو دوژمنانی کوردەوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان پەیڕەو کراوە و پەیڕەو دەکرێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە وڵاتێکی وەک ئیسرائیل لە یاسای چەکداریی وڵاتەکەیدا لە ساڵی ١٩٩٨ پەسندی کردووە کە نابێ بە هیچ جۆرێک سیاسەتێک یان ستراتێژییەک لەلایەن سوپاکەیەوە پەیڕەو بکرێت کە ببێتە هۆی برسێتی یان ئێش و ژان بۆ خەڵکی سڤیل و هەروەها لە یاسای شەڕ لە ٢٠٠٦ دا نووسراوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک تاکتیکی خاکی سووتاو بە کارببردرێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی تورک تەنیا لە کاتی سەرهەڵدانی دەرسیمدا بێجگە لە کاولکاری، دەیان هەزار کوردیان کوشتووە و لەو بارەوە باس لە کوژرانی ١٣ هەزار تا ٧٠ هەزار کەس دەکرێ؛ هەروەها لە دەستپێکی شەڕ لەگەڵ پێ‌کاکا لە ١٩٨٠وە تا ئێستا، بە سەدان گوندی کوردەکان لە کورستانی باکوور خاپوور کراوە و دانیشتوانی بە زۆرەملی کۆچبەر کراون. ئەو سیاسەتەی ئەوان ڕۆژ بە دوای ڕۆژ توند و تیژتر و لە شکڵ و قاڵبی نوێ و لە ڕاستای وێران کردنی سرووشتی کورستان، ئافراندنی ئێش و ژانی زیاتر بۆ گەلی کورد و کوشتن و بڕینی خەڵک دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە.

لە قۆناغی نوێی شەڕ لە تورکیە لە نێوان دەوڵەت و پێ‌کاکا کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی پێکرد، چەندین شار و شارۆچکە و گوند وێران کران و بە هەزاران کەس کوژران و بە سەدان هەزار ئاوارەی لێکەوتەوە و بە هەزاران کەس کەوتنە زیندان و بوونە قوربانی، لە نوێترین نموونەدا ئەو حکوومەتە بە چاولێکەری لە رێژیمی داگیرکەری ئێران، دەستی داوەتەوە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان و بەتایبەتی دارستانەکانی دەوروبەری دەرسیم.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە میدیاکاندا باسی لێوە کراوە، دارستانی ١٨ هەرێمی دەرسیم هێشتا بە ئاگر دەسووتێن و کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیزن بە خەڵک نادەن کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەبوونی مینی چێندراو، ئاورەکە بکوژێننەوە. کۆماری ئیسلامیش چەندین ساڵە و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەبیانووی جۆربەجۆر و بە شێوازی جیاواز دارستان و ژینگەی کوردستان دەداتە بە تۆپباران و ئاگرتێبەردان و رێگە بە خەڵک و رێکخراوی مەدەنیش نادات کە ئاگرکەوتنەوەکان کۆنترۆڵ بکەن و ژینگەی کوردستان لە رق و کینی کۆماری ئیسلامی بپارێزن. ئەو کردەوەی کاربەدەستانی داگیرکەر، لەگەڵ کاروکردەوەی نازییەکانی هیتلێر لە باکووری نوروێژ، زۆر وەک یەک دەچن کە ئەوانیش بە گرتنە پێشی تاکتیکی خاکی سووتاو، لە دوو پارێزگای فینمارک و باکووری تروومس، بە سووتاندنی هەر شتێک کە دەستیان پێراگەیشت، لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ناوچەیەیان تاڕادەیەکی زۆر لە خەڵک بەتاڵ کرد کە بەو کردەوەیە خەڵک تووشی ئازارێکی زۆر بوون. لە ساڵی ٢٠١٤ دا، ئالفرێد یوودل کە ئەفسەرێکی ئەرتەشی نازییەکان بوو، بە سووچی سووتاندنی باکووری نوروێژ، دوای تێپەربوونی ٧٠ ساڵ بە سەر ئەو رووداوە سزا درا. گەلۆ ڕۆژێک دێ کە دوژمنانی کوردیش بە سووچی کاولکردنی کوردستان لە بەردەم دادگایەکی دادپەروەردا سزای کارەکانیان وەربگرن؟

دوژمنانی کورد لە بواری بەکارهێنانی تاکتیکی خاکی سووتاو لە کوردستاندا، زۆر ئاکتیڤ و خاوەن پلانن. لە شڕۆڤەی پەیڤەکاندا باس کرا کە تاکتیک بۆ سەرکەوتنێکی کورتخایەن بە کار دەبرێت. شتێک کە بوو بە پلانی درێژخایەن و ئامانجێکی گرینگ، لە چوارچێوەی تاکتیک دەردەچێ و وەک ستراتێژی لە قەڵەم دەدرێ. بۆ نموونە، دوو رێژیمی ئێران و تورکیە لەو ساڵانەی رابردوودا، بە قامک خستنەسەر سەرچاوەکانی ئاو لە کوردستان و بە درووست کردنی بەنداوی جۆراوجۆر و راگواستنی ئەو ئاوە بۆ دەرەوەی سنووری راستەقینەی کوردستان، و هەروەها بە سووتاندنی دارستانەکان و وێران کردنی گوند و باژارەکان و کوشتنی مرۆڤی کورد و جیانەکردنەوەی کوردی سڤیل لە چەکدار، و کۆچبەرکردنی زۆرەملی یان ناچارکردنی کورد بۆ چۆڵ کردنی شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان و گواستنەوەیان بۆ شار و دەڤەرە ناکوردستانییەکان، نیشان دەدات کە ئەو داگیرکەرانە بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە لە ڕاستای وێران کردنی کوردستان بۆ ئەوەیکە کورد تێدا نەمێنێ و ئینجا دەستبەسەرداگرتنی یەکجارەکی کوردستان و گۆڕینی دێموگرافیای کوردستان، بۆ هەتایە کوردستان بکەن بە موڵکی خۆیان و کوردیش بتوێننەوە.

تێکدانی سرووشتی کوردستان بەمەبەستی تێکدانی ژیانی خەڵک و دەربەدەرکردنیان دەکرێ؛ بۆیە دەبێ ئەو سیاسەتە چەپەڵ و گەماڕەی داگیرکەران هەرچی زیاتر لەقاو بدرێ و پێش بەو وێرانکارییە بگیردرێ. ئەو سیاسەت و پیلانانەی دوژمن لە پێش هەموو شتێکدا دژی زاگۆن و کونوانسیۆنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەتی کونوانسیۆنی مافی مرۆڤە.