ڕەساڵەتی تەنز له شێعری "مەلا مارف کۆکەیی"دا

زایینی: ٠٦-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٦/١٥ - ٢١:٤٠ تاران
ڕەساڵەتی تەنز له شێعری
مەهاباد.ه

بەشی یەکەم

کورته


ته‌نز یه‌کێک له شێوازە کاریگه‌رەکانی ئاخاوتنی ئه‌دەبی و هونه‌رییه. ئه‌م شێوازه ئاخاوتنه یه‌کێک له لقەکانی ئه‌دەبیاتی ڕەخنه‌گرانه و کۆمەڵایه‌تییانه‌ به ئه‌ژمار دێت.

له ئه‌دەبیاتی کوردیدا تەنز خاوەن مێژوویه‌کی دوور و درێژه، به چەشنێک که له ئه‌دەبیاتی فۆلکلۆردا نه‌ک به ناوی تەنز بەڵکوو به ناوی جۆراوجۆر خۆ به دەسته‌وە دەدا و سنوورێکی زۆر دیاریکراویشی لەگە‌‌ڵ ته‌وس و داشۆرین نییه، بەڵام خەنده نوخته خاڵی هاوبەشی هەمووانه، له تەنزدا ئه‌م خەنده‌یه له ڕووی بێ بەر‌پرسایه‌تی نییه و هەڵقوڵاوی بیرێکی قووڵه له ناخه‌وە. کەوابوو ته‌نز له کۆنەوە سرنجی چینه جۆراوجۆروکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و به که‌ڵك وەرگرتن له‌م زمانه‌ بەرامبەر به ناحه‌زییه‌کان، گرفتەکان و ناڕاستییەکان دواون. له کاریکاتێردا چۆن هونه‌رمه‌ند هه‌وڵ دەدا به بەرجسته کردنه‌وەی هێندێک لایه‌ن، بیری بینه‌ر به‌رەو واتایه‌کی تایبه‌ت ڕاکێشه بکات له شێعریشدا ڕۆڵێکی ستراتێژی هه‌یه و شاعیر به‌ردەوام له حەولدا سرنجی به‌ردەنگ بۆ لای مانا و واتای مه‌به‌ستی بگه‌یه‌نێت. ئه‌م لێکۆڵینه‌وەیه هەوڵێکه بۆ تاوتوێ کردنی ته‌نز له هۆنراوە کوردییەکانی مەلا مارف کۆکەیی و له کۆتاییشدا دیاریکردنی جێگه و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌‌ی ئه‌م شاعیره له ته‌نز و ئه‌دەبیاتی کورددا.

ئامانج له‌م باسە نیشان دانی ئه‌وەیه که ڕەساڵه‌تی ته‌نز له شێعرەکانی مەلا مارفدا وەک یه‌کێک له باشترین دەرفەتەکانی گونجاو بۆ دەربڕینی ڕوانگه‌ی ڕەخنه‌گرانه به پاراستنی شوناسی هونه‌ری و ئه‌دەبیه و به زمانی ته‌نز بۆته پێشەنگی چاکسازی کومەڵگای سەردەمی خۆی. شێوازی لێکۆڵینه‌وە لە‌م نووسراوەدا به‌ڵگه‌یی و کتێبیه که بۆ شرۆڤە کردن کەڵک له چەند وتار و کتێبی پێوەندیدار وەرگیراوە.

له دەرئه‌نجامی ئه‌م باسه‌دا دەردەکه‌وێ که شاعیر له باسی گیروگرفتەکانی خەڵکدا به زەق کردنه‌وەی دواکه‌وتوویی، نه‌خوێندەواری و لاسایی کردنه‌وە، له هەمان کاتیشدا بایخ دان به خوێندەواری، ئازادی، یه‌کگرتوویی، نیشتمانپەروەری وەک شاعیرێکی دەروەست به ئاراسته کردنی شێعری ڕەخنه‌گرانه‌ به چەمکی ته‌نز، به‌رەنگاری چەقبه‌ستوویی دەبێته‌وە.

کلیل واژه:

مەلا مارف کۆکەیی ـ ته‌نز ـ ئه‌دەبیاتی کوردی

پێشەکی


مێژووی ئه‌دەبی کوردی له سەدەی بیستەمدا زۆرترین تەنزی له خۆگرتووه، به تایبه‌ت به‌شێکی زۆرتری شێعری دوای جەنگی جیهانی یه‌که‌م و شاعیرانی وەکوو (بێکه‌س، قانع، ئه‌خۆل و شێخ ڕەزای تاڵەبانی) پڕیه‌تی له ته‌نز و هه‌جوو، ئه‌مه بێجگه لەوەی لەو سەردەمەشدا به‌دەر له شێعر بەشێكی ته‌نز و به‌سەرهاته سەیر و سەمەرەکا وەکوو پەخشان (بۆ وێنه رشته‌ی مرواری عەلائه‌ددین سەججادی) نووسراونه‌ته‌وە. ئه‌م سەدەیه سەدەی گوێزرانه‌وەی ئه‌دەبیاتی ته‌نز له مێژووی ئێمه‌دا له تەنزی زارەکییه‌وە بۆ ته‌نزی نووسراوه به ئه‌ژمار دێت. (ئارام سدیق ـ ٢٠١٧ ـ ٢)
مەلا مارف کۆکه‌یی له شاعیرانی به‌رەی موکریان، لە هەل و مەرجێکی زۆر ئەستەم و لە نەداری و چەرمەسەریدا ژیاوە و هۆنراوەی هۆنیوەتەوە، تەنانەت ئەو نەداریە بەئاشکرا لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەری کردۆتە سەر شێوازی نوسینی. مەلا مارف قسە خۆش و نوکته باز بووه و مه‌جلیسی ئه‌م جۆره که‌سانه‌شی لا خۆش بووە. لەوەوە که له چەندین جێگا ناوی شێخ ڕەزای تاڵەبانی بردووە و ئاماژه‌ی به بیروڕای ئه‌و کردووە و وەک بەڵگه پشتی به بۆچوونەکانی به‌ستووە، دیاره لای خۆشەویست و پەسند بووە. (سەمەدی/ دیوانی مەلا مارف ـ ٢٠١٢ ـ ٢٨)
له‌م قۆناغه‌دا له موکریان سەیفولقوزات و مەلا مارف کۆکه‌یی وەک دوو پێشەنگ و ئاڵا هەڵگری شێعری قوتابخانه‌ی موکریان سەریان هەڵداوە.

ئه‌مجارەیان شێعر باشتر دەتوانێ لەگەڵ چینه جۆراوجۆرەکانی خەڵک پێوەندی بگرێ، ئه‌گه‌رچی زمانی شێعر سادەتر و باشتر خۆ به‌دەسته‌وە دەدا و دەتوانین بڵێین ئه‌م زمانه پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنەگره بۆ نووسینی تەنز، بەڵام عەرووز و سەنایعی ئه‌دەبی ئیزن نادا شێعر له چوارچێوەی دەسەڵاتی شاعیر بێته دەر، له‌و سەردەمه‌دا شێعری کوردی پەیڕەوی له شاعیرانی پێشوو دەکات و شێعر نه‌که‌وتۆته قۆناغی نوێ بوونه‌وە، ئه‌گه‌رچی له مانا و مەفهوومدا ئه‌م نوێ بوونه‌وەیه به‌رچاوە و مه‌لا مارفیش به دەکار کردنی وشە‌گه‌ل و که‌رەسته‌ی نوێ له شێعرەکانیدا دەستێکی باڵای هه‌یه.

لە‌م‌ هە‌ل‌ومه‌رجه پڕ کارەساته‌ی مەلا مارف تێیدا ژیاوه و ڕووداوگه‌لێک وەک دوو شەڕی گه‌ورەی جیهانی، شەڕی ناوخۆی ئێران، شۆڕشی مه‌شڕووته و کوشتاری خەڵکی سابڵاغ شوێن دانانی ئه‌م ڕووداوانه له سەر ژیانی خەڵکی هه‌ژار، شاعیر دەئه‌زموێ و وای لێدەکات زۆر جار له چوارچێوەی زمانی ته‌نزدا باس له برین و زام و ئازرەکانی کۆمەڵگا و نه‌ته‌وەکه‌ی بکات.

مەلا مارف پێمان دەڵێ ئه‌م زمانه نوێنگه‌ی نابه‌رابه‌رییه‌کان و دژ به بێ عەداڵه‌تییه. (هەمان ـ ٢٠١٢ ـ ٢٥)

له دەرئه‌نجامی ئه‌م باسەدا بۆمان دەردەکەوێ که مەلا مارف ته‌نز وەک یه‌کێک له باشترین دەرفەتەکانی گونجاو بۆ دەربڕینی ڕوانگه‌ی ڕەخنه‌گرانه به پاراستنی شوناسی هونه‌ری و ئه‌دەبی هەڵبژاردووە و به زمانی ته‌نز بۆته پێشەنگی چاکسازی کومەڵگای سەردەمی خۆی.

تەنز چییه؟

ته‌نز كه‌ وشه‌یه‌كی عاڕه‌بیه‌، له‌ فه‌رهه‌نگ‌دا به‌ مانای تانه‌ و ته‌شه‌ره‌ و به‌ یه‌كێك له‌ شێوازه‌كانی ده‌ربڕینی مه‌به‌ست ده‌گوترێ، كه‌ وێژه‌ر به‌ زمانێكی شیرین و بزاوی، به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی، له‌ په‌رده‌دا بابه‌تێك ده‌خاته‌به‌ر ڕه‌خنه‌. (قاسمی ـ ٢٠٠٨ ـ ١)

ته‌نز شیوەیه‌کی تایبه‌ته بۆ دەربڕینی ماناگەلی توند و تیژی کۆمەڵایه‌تی، ڕامیاری، ڕەخنه‌گرانه و ئاشکراکردنی حەقیقەته تاڵه‌کان و ڕق له گەندەڵی تاکه کەس و کۆمەڵ که لێدوان له‌وانه به شێوازێکی ئاسایی و جیدی قەدەغه کراوە، هەڵبه‌ت به له‌حنێکی ناڕاسته‌وخۆ و له دەڤری شۆخیدا" (قوڕەیشی ـ ١٣٩٤ ـ ١)

له ئینسایکلۆپیدیای زاراوەی ڕەخنه‌ی ئه‌دەبیدا ته‌نز وەک حاڵەتێک له دەربڕین پێناسە کراوە که له شێوە جیاوازەکانی گێڕانه‌وە و چیرۆکدا له دوو توێی خۆیدا مانایه‌کی جیاواز و ته‌نانه‌ت هەندێک جار مانایه‌کی دژ به مانا ڕواڵه‌تییه‌که له خۆ دەگرێت. (ئارام سدیق ـ ٢٠١٧ ـ ١)

هێندێک له خاوەن ڕایان ئاماژه به سێ جۆر ته‌نز له سەردمی هاوچەرخدا دەکه‌ن، ته‌نزی زمانی، نمایشی و بارودۆخی ته‌نزاوی. هێندێکی دیکه‌ش له سەر ئه‌و بڕوایه‌ن ته‌نز به‌سەر چەند دەسته‌ی دیکه‌دا دابه‌ش دەبێ وەک: ته‌نزی کۆمه‌ڵایه‌تی، ژورنالیستی، ڕامیاری، فەلسەفی، ڕەش و هتد.

مەلا مارف کێیه؟

مەلا مارف کۆکەیی له دووەمین ڕۆژی بەفرانباری ١٢٥٤ی هه‌تاوی له ئاوایی حاجی خۆشی ناوچه‌ی شاروێرانی مەهاباد له دایک بووه. دوو ساڵ و نیو له خانەقای مه‌حوی له باشووری کوردستان دەخوێنێ و پاشان دەگه‌ڕێته‌وە موکریان و لای مامۆستایانی بنه‌ماڵه‌ی تورجانی زاده "قزڵجی" له بۆکان درێژه به خوێندن دەدات. له ته‌مه‌نی ٢٦ ساڵیدا لەگەڵ ئامینه خانمی کچی مەلا ڕەزای بانه‌یی زەماوەند دەکات و پاشی ٣٨ ساڵ ژیانی هاوبەش، خێزانی ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی کۆچی دوایی دەکات و مەلا مارف ژن ناهێنێته‌وە. مەلا مارف چوار کوڕ و دوو کچی به ناوەکانی "عەلی، مه‌عسوومە، عەبدوڵڵا، محەممەد، تووبا و ئه‌حمه‌د" بووه. کوژران کوڕه گەورەکەی به ناوی عەلی دەبێته سەرەتای دەربه‌دەری و غەم و پەژارەی شاعیری هه‌ستیار و له ئاکامدا به نابینایی سەر دەنێته‌وە. مەلا مارف به چوار زمانی "کوردی، فارسی، عەڕەبی و ترکی" شێعری هۆنیوەته‌وە، ناسناوی شێعری "مارف/مەعرووف"، "کاکی کۆکی" و "کۆکەیی" بووە. (سەمەدی/ دیوانی مەلا مارف ـ ٢٠١٢ ـ ٢٤)

زمانی شێعری مەلا مارف ساده و ڕەوانه بەڵام وەک تیغی بڕنده بێ پەروایانه دەدوێ. شێعرەکانی له سەر دڵ دەنیشن و به دەکار کردنی مەفاهیمی نوێ زانیاری دەدات به خوێنه‌ر ناڕاستەوخۆ به زمانێکی ته‌نز ڕەخنه دەگرێ.

مەلا مارف به شاعیرێکی زانا و ئاگادار له ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی ناسراوە، به چەشنێک که وەک شرۆڤەکارێک و به زمانی شێعر له سەر ڕووداوە جیهانی و ناوچەییه‌کان دەدوێ و زانیاری دەدات به خوێنه‌ر.

ئه‌م کەسایه‌تییه سەرله‌به‌یانی ڕۆژی سێشەممۆ ٦ی خەرمانانی ١٣٢٤ی هەتاوی له گەڕەکی مزگه‌وتی سووری مەهاباد چاوی بۆ هەمیشه لێکنا و له گۆڕستانی مەلاجامی مەهاباد نێژرا. (هەمان ـ ٢٠١٢ ـ ٣٩)

شێکاری ته‌نز له شێعری مەلا مارف

١- لۆمه‌ی شێخ و خەلیفه

له چەند شێعری مەلا مارف کۆکەییدا شاعیر به تووندی ڕەخنه له شێخ، خەلیفه و کەسایه‌تی ئایینی ڕیاکار و ناڕاست لەگەڵ خەڵک دەگرێ و به زمانێکی پاراو و شاعیرانه گاڵته‌تان پێدەکا و دەستیان ڕوو دەکات.

له شێعری "جەنابی سەیدی نوورانی"دا به تووندی ڕەخنه له خەلیفه عوبەیدیللای ئیندرقاش دەگرێ:

له حەیفی ئه‌و خەلیفەی توورەکه‌ی سەر پڕ له سندانه
که کەس نازانێ غووله یا له فیرقەی جیننه یا ئینسی
له ژێر کورسی هەتا ڕۆژ ئه‌حمه‌قە دەخوات و لێی دەنوێ
که ڕۆژ بۆوە دەڵێ ئه‌وشۆکه چوومه عەرش و تا کورسی

مەلا مارف تیری تانەش له شێخ دەگرێ که بەرپرسایه‌تی له سەر شانی ئه‌وە:

جەنابی کاکه نوورانی دەبێ تۆ بۆچی ڕازی بی
بڵی به‌و قەومه بێئه‌قڵه بڵێ بەو ئه‌هله نادانه
به ئه‌م ئەوزاعه، گه‌ر چاکی ئه‌گه‌ر پیری ئه‌گه‌ر شەخسی
هەتا کەی دەبنه یه‌خسیر و نه‌چیری تیری بێ قەوسی

یان له شێعری "شاهیدی شەرعی"دا گاڵته به شاهیدی مامۆستای تێر و پڕ دەکا:

تا سمێڵ و لێوی مامۆستا بریقەی بێ به ڕۆن
شافیعی کوانێ قەبووڵه شاهیدی خۆی و وەکیع

٢- ڕەخنه له کۆنەپەرستی

مەلا مارف له پارچه شێعری "بێژن به ئاغای خەلیفه‌زاده‌"دا وڵامی مەلا عەبدولقادری خەلیفه زاده دەداته‌وە و هه‌م شێعرەکه‌ی و هەر بڕیارەکه‌ی له سەر تاشینی ڕیش به فشه دەگرێ.

مەلا مارف تێنگه‌یشتوویی و نه‌خوێندەواری خەڵک، بێ هه‌ڵوێستی شێخی زانا و بێ ئیدراکی عالم له قاو دەدات و زەرده خه‌نه دەخاته سەر لێوی خوێنه‌ر و به ته‌نزێکی تاڵ به‌ردەنگ ناچار به بیر کردنه‌وە و تێفکرین دەکات.

ئه‌و جار به‌سەر چوو، ئیتر خۆت مەکه
ئازاد کردنی ڕدێن مه‌ندووبه
تۆ ئیشت چییه به ڕیشی فەقیر
به‌ینولئودەبا، سەخره و مەزحه‌که
حوسن و زینه‌ته، فره مه‌حبووبه
ته‌نقیدی دەکه‌ی بێفکر و ته‌دبیر

هەروەها له شێعری سۆفی وەره بوێری شاعیر به‌رامبه‌ر به ته‌زویر و ڕیا و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک له لایه‌ن سۆفییه‌وە به‌رچاوتره و سەرەڕای ئه‌وە که دوژمنایه‌تی ناکات بەڵام له ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمەڵگادا تیری توانج له دڵ مردووی و بیری چەقبه‌ستووانه دەگرێ.

به‌م ڕیشه هه‌تا کەی دەبڕی ڕیشەیی عومرت
تێفکره تەماشاکه له کووچه و له خیابان
پۆل پۆل سەفی مەحبووبه له گوڵزار و چەمه‌ندا
ئه‌م ڕیشه مه‌گه‌ر تیشەیه یا شەققەمشاره
سۆزی نه‌یه نه‌شئه‌ی مه‌یه ئاوازه‌یی تاره
تۆ دێوی مه‌گه‌ر مه‌نزڵی تۆ هەر له مەغاره

مەلا مارف ڕەچەشکێنی دەکات، چوون ئه‌و زمانه‌ی بەرامبەر به شێخ و سۆفی، ئاغا، زانا و شاعیر به کاری دێنێت بوێرانه‌یه. ئه‌و ناحەزییه‌کان به گاڵته دەگرێ و به تووندی ڕەخنه له بێ ئاگایی و لاسایی کردنه‌وەی کوێرانه به دوور له بیر کردنه‌وە دەگرێ. زمانی ته‌نزی مەلا مارف پاراوە، ئه‌وەش به‌رهه‌م هاتووی سەردەمی دیکتاتۆرییه‌ته. وەک دەڵێن تەنز خاوەن ڕابردوویه‌که به درێژایی ته‌مه‌نی زوڵم و زۆرداری و سەرەڕۆیی.