شەرەفکەندی و ڕاسان

زایینی: ٢٣-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٠١ - ١٨:٥٨ تاران
شەرەفکەندی و ڕاسان
د. ئیدریس ئەحمەدی

کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی بەرانبەر بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتە بەر کە چەند ئامانجێک لە خۆ دەگرێ.

لەنێوبردنی رێبەرانی سیاسی و نیزامی حیزبی دێموکرات، ئامانجی یەکەمی ئەو سیاسەتەی ئێران بووه. ئامانجی دووهەمی، ناچارکردنی حیزبی دێموکرات بووە بە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری. دوائامانجی کۆماری ئیسلامی، گەمارۆدانی حیزبە کوردییەکان بووە لە باشوور لە شێوەی کەمپ‌نشینیدا بۆ ئەوەی دواجار لە ژێر فشاری گەمارۆدراویدا، دووبەرەکی بکەوێتە نێوانیان و تەنانەت لەبەریەک هەڵوەشێنەوە.

چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامی پاش شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو، ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات بەچۆکدادێ. بەڵام یەکەم پەیامی دوکتۆر شەرەفکەندی بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی نیزامی و سیاسییان بەڕێوە دەبرد، ئەوە بوو کە "دوکتۆر قاسملوو شەهید بووە، بەڵام خەبات درێژەی هەیە." لە لایەکی دیکەوە، فشارێکی زۆر لە سەر حیزبی دێموکرات و شەخسی دوکتۆر شەرەفکەندی هەبوو بۆ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری. لە بەرانبەر ئەو فشارەدا، دوکتۆر شەرەفکەندی بڕیاری درێژەپێدانی بەگڕوتینی خەباتی چەکداری دا.

بە بڕیاری ڕاگرتنی خەباتی چەکداری، حیزبی دێموکرات نەتەنیا سەنگی جیۆسیاسی کەم بووەوە، بەڵکوو مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵات بەرە بەرە لە رۆژەڤ کەوت و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەبیر چووەوە. یەکێکی دیکە لە ئاکامەکانی ڕاگرتنی خەباتی چەکداری، کزبوونی بڕوابەخۆیی لەنێو کوردی رۆژهەڵاتدا بوو. هەر ئەمەش وای کرد دواجار باڵی بەناو رێفۆرمیستی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان گوێڕایەڵی بۆ پەیدا بێ.

قۆناغی دوو دەیەی پاش شەهیدبوونی شەرەفکەندی، قۆناغی نسکۆ بوو. ڕاسان، کە هێمای خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتە، کۆتایی‌هاتنی نسکۆی دوو دەیەی ڕابردوو و هەروەها بووژانەوەی بزووتنەوەی نەتەوایەتییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ڕاسان دەبێ وەک پڕۆسە ببیندرێ، هێشتا لە سەرەتای ئەو پڕۆسەیەداین، بەڵام بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ، سیاسەتی گەمارۆدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد پووچەڵ‌کرایەوە.

ڕاسان هەڵقووڵاوی بیر و ڕێبازی قاسملوو و شەرەفکەندییە. ئەمساڵ کە یادی دوکتۆر شەرەفکەندی دەکەینەوە، لە جێگای خۆیدایە بە خوێندنەوەی دەقەکانی سەردەمی شاخ لە کتێبی "‌هەڵبژاردەیەک لە وتارەکانی سادق شەرەفکەندی (١٣٦٨-١٣٦٢)" بنەما فکری و سیاسییەکانی ڕاسان بخەینە ڕوو.

"ڕاسان" وشەیەکە کە لە دەڤەری موکریاندا باوە و بە مانای ڕاستبوونەوەیە لە دوژمن، ئەویش بە تووڕەییەوە. هەڵبژاردنی ئەو وشەیە بۆ ئەم قۆناغە لە خەبات لە جێگای خۆیدایە. لە گەڵ ئەوەی حیزبی دێموکرات تۆڵەی ڕێبەرانی شەهیدی نەستاندووەتەوە، بەڵام ڕاسان ڕاستبوونەوەیە لە دوژمن پاش تیرۆرکرانی دوو ڕێبەری گەلی کورد و بەردەوامبوون و بگرە پەرەئەستاندنی چەوساندنەوەی بەربڵاوی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە دوو دەیەی ڕابردوودا.

ڕاسان لە پێش هەموو شتێکدا پێویستی بە خوێندنەوەیەکی دروست هەیە لە سروشت و سیاسەتەکانی دوژمن. ئەو خوێندنەوەیەش بە نۆرەی خۆی دەبێ پشت ئەستوور بێ بە مێتۆد. ماکی سەرەکی ئەو مێتۆدەی کە شەرەفکەندی دوژمنی پێ دەخوێندەوە، بریتییە لە جیاکارییەک لە نێوان واقعییەت و ڕووکەشدا، یان وردتر بڵێین، جیاکردنەوەی خوێندنەوەی ڕووکەشیی و خوێندنەوەی قووڵ بۆ دەستوور و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی؛ جیاکردنەوەی لێدوان و کرداری کاربەدەستانی ڕێژیم؛ جیاکردنەوەی نیەتی ڕاگەیەندراو و نیەتی ڕاستەقینەی ڕێژیم و هتد.

لە وتارێکدا لە ژێر ناوی "ئایا رێژیمی ئێران رێژیمێکی جمهوورییە؟"، شەرەفکەندی باس لە "تێکەڵبوونی" سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی دەکا. وتارەکە پێش هەموارکردنەوەی دەستووری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٩ نووسراوە. تاکوو ئەوکات ئێران هەم سەرکۆمار و هەمیش سەرۆک‌وەزیری هەبوو. هەموارکردنەوەی دەستوور بە بەمەبەستی ئەوە بوو کە ئەو تێکەڵاوییە کەم بکرێتەوە و دەسەڵاتی سەرکۆمار زیاد بکرێ.

هەڵبەت بە خوێندنەوەیەکی وردتر، شەرەفکەندی بەو دەرئەنجامە دەگا کە لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا "بە رواڵەت قانوونێکی ئەساسی هەیە" کە دامەزراوەی کۆماری لە خۆ بگرێ یان ڕێگای کارکردنیان پێ بدا. لەو بارەوە دەنووسێ: "ئەگەر بمانەوێ بە شێوەی گشتیترو واقیعبینانەتر بڕوانینە رێژیمی ئەمڕۆی ئێران، راستی ئەوەیە کە ئەم رێژیمە بە هیچ جۆر رێژیمێکی جمهووری نیە [...] چوونکە لەم رێژیمەدا تەواوی دەسەڵات و ئیختیارات بە رەسمی لە دەست 'وەلی فقیە' دایە کە ئەویش لە لایەن خەڵکەوە دیاری ناکرێ." (لا. ٢١١-٢١٢)

بەو پێیە و لە بەر تیشکی ئەو باسانەی کە ئەوکات لەمەڕ هەموارکردنەوەی دەستووری ڕێژیم لە ئارادا بوون، شەرەفکەندی لە درێژەی وتارەکەیدا، پێشبینییەک دەکا و هەروەها بە دەرئەنجامێکی بنەڕەتی دەگات.

پێشبینییەکە ئەوە بوو کە تەنانەت ئەگەر دوو پۆستی سەرکۆماری و سەرۆک‌وەزیران ببن بە یەک، "راستی ئەوەیە کە نێوەڕۆکی رێژیم بە جۆرێکە [...] کە نەک بەم کارە، بەڵکوو بە دەیان کاری ئاواش رێک‌وپێک ناکرێ." دەرئەنجامەکەش ئەوەیە کە: "هەر بۆیە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی ئەگەر قەرارە پێک بێ، ئەو ئاڵوگۆڕە بریتییە لە لابردن و فڕێدانی سیستەمی ویلایەتی فەقیهی و بەس. غەیری ئەوە هەر کارێکی دیکە لە شانۆسازی و ڕەنگ‌گۆڕینێکی رواڵەتی پتر تێ ناپەڕێ!" (لا. ٢١٢-٢١٣)

ئێستا بیست و پێنچ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی دوکتۆر شەرەفکەندیدا تێدەپەڕێ. لەو ماوەیەدا، نەک تەنیا پێشبینییەکەی بەڕاست دەرچوو، بەڵکوو پاش هەموارکردنەوەی دەستووری کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی وەلی فەقیه لە دەستووردا کرا بە ڕەها. سەبارەت بە پۆستی سەرکۆماری، محەمەد خاتەمەی لە کۆتایی دەورەی دووهەمی سەرکۆماریی خۆیدا وتی کە لە ڕوانگەی هێندێک لە ئەندامانی شۆرای نیگابانەوە، سەرکۆمار وەک "بەڕێوەکاری" (تدارك‌چی) ئورگانەکانی دیکەی دەوڵەت وایە. بە پێی زەمان، ڕێژیم بەرتەسکتر و یەکدەستر بووەتەوە، نەک کراوەتر و فرەدەنگتر.

سەرهەڵدانی باڵی "رێفۆرمیستی" ڕێژیم هیچی لەم ڕاستییە نەگۆڕییەوە، بەڵکوو بەڵگەیە بۆ دروستبوونی لێکدانەوەی شەرەفەکەندی سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی. باڵی بەناو رێفۆرمیستی ڕێژیم، ڕیژیمپارێزن نەک ڕێژیمگۆڕ، خاوەن مانیفێستی رێفۆرم نەبوون و نین، بەڵکوو گلەییان ئەوەیە کە دەستووری کۆماری ئیسلامی جێبەجێ ناکرێ و باڵی ئەوان لە نێو گرووپی دەسەڵاتدا جێگای کەمیان بۆ دابین دەکرێ.

"رێفۆرم" واتای چەمکیی خۆی هەیە و بریتییە لە پێکهێنانی گۆڕان لە دامەزراوەی سیاسی و دواجاریش لە دەستووردا. لە کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٠ پرۆژە یاسایەک پێشکەش کرا بۆ پێکهێنانی گۆڕان لە یاسای چاپەمەنیدا، بەڵام وەلی فەقیه و شۆرای نیگابان، کە دەتوانن ڕێگری بکەن لە پەسەندکردنی هەر یاسایه‌ک لە مەجلیس کە لەگەڵ ئیسلام و بەرژەوەندی رێژیمدا نەگونجاو بێ، پێشیان بە پەسەندکردنی گرت. ئەگەر رێفۆرم لە ئێراندا کرابایا، ئەوا دەکرا کۆماری ئیسلامی دوور لە زەبروزەنگ بەرەو گۆڕان گوزاری کردبایا، بەڵام تەنانەت ئەگەر باڵی رێفۆرمیستی ڕێژیم ویستبایان کەمترین رێفۆرم ئەنجام بدەن، بەهۆی دیکتاتۆرییەتی وەلی فەقیه، کارێکی وا مەحاڵە.

لەلایەکی دیکەوە، زیادبوونی دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی سپای پاسداران لە دەیەی هەشتا و دواتر لە ژێر سایەیی خامنەییدا، کە حەسەن ڕۆحانی بە "دەوڵەتی خاوەن چەک" ناوزەدی کردووە، ڕاستبوونی پێشبینییەکی دیکەی شەرەفکەندی دەسەلمێنێ.

لە وتارێکی دیکەدا سەبارەت بە بەرنامەی رەفسەنجانی بۆ "سازکردنەوە" (بازسازی) ئاماژە بە دەوری سپا دەدا و دەنووسێ: "سوپای پاسداران وەک ئەو دێوە دەچێ کە جادووگەرەکە یانی خودی رێژیم لە نێو شووشە ئازادی کردووە، بەڵام ئێستا بۆی لە شووشە ناکرێتەوە." (لا. ٢٧) لێرەدا شەرەفکەندی پەنجە لەسەر مەسەلەیەک دادەنێ کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "رێگابەستراوەیی" (path dependence) ناسراوە؛ واتە، کاتێک لایەنێکی سیاسی ڕێگایەکی هەڵبژارد، دەبەسترێتەوە بەو ڕێگایەوە و ناتوانێ بە سانایی یان بێ دانی هەزینەی بەرچاو رێگایەکی دیکە هەڵبژێرێ، هەرچەند پێویست و بە سوودیش بێ. بۆیە، لە زۆر ڕووەوە، کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە ڕێگایەکی وای هەڵبژاردووە کە دیکتاتۆرییەتی وەلی فەقیە و سەرهەڵدانی مافیایەکی نیزامی و ئابووری وەک سپای پاسدارانی لێکەوتووەتەوە.

راستییەکی دیکە ئەوەیە کە هەموو باڵەکانی ڕێژیم بە نیسبەت نەتەوەی کورد و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و مافەکانی گەلی کورد، هاوهەڵوێستن. بۆیە، کورد دەبێ خەباتی خۆی درێژە پێ بدا. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران خۆی لە گەڵ نەتەوەی کورد و مەسەلەی کورد یەکلاکردووەتەوە؛ کوردیش دەبێ خۆی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی یەکلا بکاتەوە.

سەبارەت بە ڕاسان، دوکتۆر شەرەفکەندی بۆ سەرکەوتنی خەبات، وێڕای دەرککردنی سروشتی ڕێژیم، گرنگی بە پەیوەندی لێکگرێدراوی نێوان ڕێکخراو و خەڵک دەدا. بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بە دەرکەوتەی نێوان هێزی ڕێکخراو و هێزی جەماوەر دەزانێ. لەو بارەوە، لە وتارێکدا بە ناوی "ڕێکخراوی ڕاستین چییە؟" دەفەرمێ: "[بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی] وەک جەرەیانێکی دوو لایەنە وایە کە لە کۆمەڵانی خەڵکەوە بەرەو رێبەرایەتی جووڵانەوەو لە بەرێوەبەرایەتیی جووڵانەوەڕا بەرەو خەڵک دەچێ." (لا. ١٨٩-١٩٠) لە ڕاساندا ئەمە بە "لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار" وەسف کراوە.

بۆیە، دوکتۆر شەرەفکەندی بەو دەرئەنجامە دەگا کە "نیسبەتی هەر حیزبێکی سیاسی بە نیسبەتی هێزی رێکخراوەکەیەتی." (لا. ١٩٠)

ئەمەش واتای ئەوە دەدا کە ڕاسان پێویستی بە ڕێکخراوێکە کە ئەوەندە خاوەن هێز بێ، یان با بڵێین بە ڕادەیەک ڕێکخراو بێ، ئەو هێزەی کە لە نێو خەڵکدا وەک مایە هەیە، رێبەرایەتی و چالاکی بکا. راستییەکەی ئەوەیە کە لەو پەیوەندییەدا، ڕێکخراو و پێشمەرگە دەوری بنەڕەتی دەگێڕن، بەڵام هەروەک لە لێدوانەکانی رێزدار مستەفا هیجری، ڕێبەری ئێستای دێموکرات، هاتووە، هەبوونی پێشمەرگە بە تەنیا ڕاسان بەئەنجام ناگەیەنێ، بەڵکوو دەبێ ئەو خەباتە بەجەماوەری بکرێ. دوکتۆر شەرەفکەندی لەو بارەوە جەخت دەکاتەوە کە: "دیارە ئەگەرچی پێشمەرگە لە خەباتدا نەخشی پێشەنگی لە ئەستۆیە و تا ئێستاش شێلگیرانە و سەربەرزانە ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردووە و بەڕێوەی دەبا، ئەوە بە هیچ جۆر بەو مانایە نییە کە قورسایی باری گرانی خەبات هەر لە ئەستۆی ئەوە و هێزی پێشمەرگە دەبێ و دەتوانێ بە تەنیایی پشتی هێزی دوژمن تێک بشکێنی و تەمی خەم لە دڵان بڕەوێنێ." (لا. ١٦٧)

لە گەڵ ئەوەی ڕەخنە لە ستراتێژیی ڕاسان گیراوە بەڵام ئەوانەی ئەو جۆرە ڕەخنانە دەگرن، مەبەستیان ڕوون ناکەنەوە.

"ستراتێژی" بریتییە لە پێناسەکردنی بەرژەوەندی؛ لە درێژەی ئەو پێناسەکردنەدا، دیاریکردنی ئامانج؛ هەروەها دەستنیشانکردنی مەترسیگەلێک کە لەسەر ئەو بەرژەوەندییانە هەن و لە ئاکامدا بەرەنگاربوونەوەیان؛ دواجاریش، کەڵک‌وەرگرتن بە باشترین شێوە لەو ئامرازانەی کە لەبەردەستدان بۆ گەیشتن بە ئامانجی لەپێشدا دیاریکراو.

بەو پێیە، حیزبی دێموکرات ڕەنگ‌بێ تاکە ڕێکخراوەیەک بێ کە هەمیشە ستراتێژی ڕوونی هەبووە. بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئامانجی سیاسی لە سەروەری سیاسیدا پێناسە کردووە (لە ڕابردوودا لە شکڵی خودموختاری، لە ساڵانی دواییدا لە چوارچێوەی فێدراسیۆنێکی فرەنەتەوەی دێموکراتیک)؛ دەسەڵاتی ناوەندی و دیکتاتۆری لە تاران بە مەترسی گەورە دەستنیشان کردووە؛ بە پێی هەلوومەرج، بەجیا یان زۆربەی جاران بەتێکڕا کەڵکی لە ئامرازگەلێک وەک خەباتی مەدەنی، خەباتی چەکداری، دیپلۆماسی و وتووێژ وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەی.

گرفت لەوەدا نییە کە حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا یان لە قۆناغی ڕاساندا خاوەن ستراتێژی ڕوون نەبێ؛ گرفت لەوەدایە کە دوژمن بە بەکاربردنی زەبروزەنگی بەربڵاو، تیرۆرکردنی ڕێبەرانی نەتەوەی کورد و میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەروەها چەوساندنەوەی سیستەماتیکی گەلی کورد و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ تێکشکاندی کۆمەڵگای کوردی، ڕێگری لە بزووتنەوەی کورد کردووە کە بە ئامانجەکانی بگات. ئەم سیاسەتانەی لە ماوەی ڕاگرتنی خەباتی چەکداریشدا هەر درێژە داوە.

بە کورتی، گرفتی سەرەکی لە پارسەنگی هێزدایە، کە بە قازانجی دوژمن شکاوەتەوە. گرفتێکی دیکە ئەوەیە کە خەبات و قوربانیدان هەمیشە لە ئەستۆی هێزی پیشمەرگە و بەشێک لە خەڵکی کوردستان بووە. لەلایەکی دیکەوە، جاشی چەکدار و جاش لە شکڵی دیکەدا، دژ بە بزووتنەوە کاریان کردووە و زیانیان پێ گەیاندووە.

خەڵکی کوردستان ئەگەر ئازادی بوێ، دەبێ قوربانی بۆ بدا، دەنا هەر دەبێ وەک کۆیلە بژی. راستە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خۆڕاگرە و دەسکەوتی نیزامی و سیاسی بەرچاوی بووە، بەڵام سەرکەوتن پێویستی بە تێکەڵکردنی هێزی پیشمەرگە و زۆرینەی خەڵکە. ئەگەر کۆی خەڵکی کوردستان تەیار ببێ، پارسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەشکێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە کردەوەدا نیشانی داوە چەندە لە هێزی پێشمەرگە و سەرکەوتنی ڕاسان دەترسێ.

بە پێچەوانەی ئەو ڕەخنانەی لە ڕاسان دەگیردرێ، دوکتۆر شەرەفکەندی لە وتارێکیدا بە ناوی "با هەموو بەشی خۆمان لە خەباتدا بەشداری بکەین"، نەخشەڕێگایەکی ورد بۆ ڕاسان پێشکەش دەکا، کە فرەلایەنبوونی خەبات، خەڵک مێحوەری و شار مێحوەری و هەروها ئەوەی کە لەم دواییانەدا بە "پێشمەرگەی شار" ناوزەد کراوە، کوی ئەمانە لە خۆ دەگرێ: "ئاشکرایە کە خەبات شێوە و رێگای جۆراوجۆری هەیە و هەر کەس بە پێی هەلومەرج و لە پێوەندی لەگەڵ وەزع و کارەکەیدا دەتوانێ بە شێوەیەکی تایبەتی لە خەبات دژی رێژیمدا بەشداری بکا. لەو پێوەندییەدا هەڵبەت ئەرکی لاوەکان لە هەمووان پترە و ئەوانن کە دەتوانن لە سەرەوەی هەمووانەوە دەورێکی باش بگێڕن، لە کۆکردنەوەی ئیتیلاعات و ئاگاداری لەسەر وەزعی رێژیم و گەیاندنی ئەو ئاگاداریانە بە کۆمیتەی حیزبی و هێزی پێشمەرگەڕا بگرە هەتا زەربەی نیزامی لێدان لە دوژمن." (لا. ١٦٧-١٦٨)

لە شوێنێکی دیکەدا دەنووسێ: "لە نێو شارەکاندا [دەبێ هەستە پێک بێ] بۆ ئەوەی خۆبەدەستەوەدەران و خۆفرۆشان بایکوت بکرێن و بە تەواوی لە کۆمەڵدا تەریک بکەونەوە،[هەروەها ئەرکیان] هاندانی ئەفرادی بێلایەن و دوورەپەرێز بۆ بەشداری لە خەباتدا، [دەبێ تێبکۆشن] ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوەیەک [...] لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکان [...] وەک سوپای پاسداران و بەسیجدا خزمەت بە رێژیم دەکەن، نابێ بۆ سەعاتێکیش هەست بە ئەمنییەت بکەن و خۆیان لە ئاگری بەتینی رق و بێزاریی خەڵک بە دوور بزانن." (لا. ١٦٨)

بەو پێیە، لە ئاست فکری و ستراتێژیکدا، ڕاسان نوێ نییە. هەڵبەت پەرەئەستاندنی پڕۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵات و ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییانەی کە لێی کەوتووەتەوە وێڕای بارودۆخی جیۆسیاسی پاش شەڕی کەنداو و بەکاربردنی تێکنۆلۆژی نوێ لە بواری شەڕدا، کۆی ئەمانە نوێکارییان دەوێ لە جێبەجێکردنی ڕاساندا.

بە کورتی، ڕاسان درێژەپێدانی خەباتی چەندین دەیەی حیزبی دێموکراتە، نوێبوونی لە جێبەجێکردنییدایە لە بەر تیشکی هەلوومەرجی نوێ و بەستێنی گۆڕاودا.