ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ

زایینی: ٢٣-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٠١ - ١٩:٣٦ تاران
ئەحمەد شێربەگی: دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ
وتۆوێژ: سەلیم زەنجیری

بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ "ئەحمەد شێربەگی" بێژەری بەناوبانگی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران پێک هێناوە کە دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:

جەنابت ماوەیەکی زۆر لە گەڵ دوکتۆر سەعیددا کارتان کردووە، لە تایبەتمەندییە کەسییەکانی د. سەعید بۆمان باس بکە؟

سەرەتا سڵاو له‌ گیانی پاکی دوكتور سه‌عید وهاوڕێیانی. كاك دوكتور سه‌عید وه‌ك كه‌سێكی دیارو به‌رچاوی ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خاوه‌نی گه‌لێك ئاكار و كرده‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی بوو كه‌ ئه‌ویان له‌ گه‌ڵ زۆر کەسی دیکە جیا كردبووه‌. شانازی كردن به‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، ساده‌ ژینی، ته‌وازوع، خاكی بوون، جیاكردنه‌وه‌ی دۆستایه‌تی وهاوڕێیه‌تی له‌ یه‌كتر، ڕاشکاوی له‌ به‌یان و كرداردا، بێ ڕیایی، ڕه‌چاوكردنی ئه‌خلاق و نان به‌ قه‌رزنەدان به‌ هیچ كه‌س ولایه‌نێك، پاراستنی قازانجی گشتی له‌سه‌رووی قازانجه‌ تاكه‌كه‌سیەکان، بوێری و نه‌ترسی و زاڵبوون به‌ سه‌ر ترس و خۆنه‌دۆڕان له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا، باوه‌ڕ به‌خۆبوون، وه‌سواس له‌كاركردن دا، شێوازی مودیرییه‌تێكی دروست له‌ جه‌ریانی به‌رێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی حیزبیدا، پێكهێنانی فه‌زایه‌كی ئارام و دۆستانه‌ هاورێ له‌ گه‌ل نه‌زم و دیسیپلین له‌ ژینگەی كاری، ڕاوێژو پرس و ڕا، ره‌خنه‌ قه‌بووڵكردن و دانپێداهێنان به‌ هه‌ڵه ‌و هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی و ماندوونه‌بوون له‌ كار و ...هتد ببوونه‌‌ هۆی ناساندنی زیاتری دوكتور سه‌عید له‌ ناو ڕیزه‌كانی حیزب دا.

فەرمووتان گەلێک ئاکار و کردەوەی تایبەت، د. سەعید لە رێبەرانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەگەر بکرێت بە دیاریکراوی ئەو جیاکارییە باس بکەن؟

وه‌ڵامدانه‌وه‌ بەو‌ پرسیاره‌ تا ڕاده‌یه‌ك سه‌خته‌. چوونكه‌ ‌هه‌ر رێبه‌رێك له‌ كوردستان خاوه‌نی كه‌سایه‌تی وتایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانم كه‌ وێنه‌ی وه‌ك دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندی له‌ ناو رێبه‌رانی كورددا ده‌گمه‌نه‌ كه‌ ئه‌م هەموو تایبه‌تمه‌ندیانه ‌له‌ خۆی بگرێ كه‌ له‌ پرسیاری یه‌‌كه‌مدا ئاماژه‌یانم پێكرد. بناخه‌ی هزری دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندی له‌ سه‌ر بنه‌مای ناسیونالیزمێكی مودێرنی عەقڵانی، واته‌ هزری دارێژراو بوو و ناوبراوی له‌ بازنه‌ی ئێحساسی دا قه‌تیس نه‌هێشتبووه‌. ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی له‌ سه‌ر داگیركه‌رانی كوردستان و ئۆپۆزیسیونی ئێرانی هه‌بوو. هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سكرتێر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هێڵ‌به‌ندی كرد و به‌ ڕاشكاوی رایگه‌یاند كه‌ له‌ جیاتی به‌ره‌كانی داهاتوو بڕیار نادات. نه‌چووە ژێر باری ئه‌وه‌یكه‌ كوردستان له‌ داهاتوودا ببێته‌ به‌شێك له‌ ئێران و مافی سه‌روه‌ری و هه‌ڵبژاردنی بۆ گه‌لی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئێرانی دوای نه‌مانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیدا بمێنێته‌وه‌ یان نها؟ له‌ كۆتا قسه‌دا كاك سه‌عید رێبه‌رێك بوو بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان، ده‌كرا گه‌لی كورد له‌ تواناكانی بۆ ڕێبه‌ریی كردنی بزوتنه‌وه‌یه‌ك لێی به‌هره‌مه‌ند بێ.

چ شتێک یان تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی دوکتۆر سەعید زیاتر کاریگەریی لە سەر جەنابت هەبوو؟

له‌ پرسیاری یه‌كه‌م دا ئاماژه‌م پێدا كه‌ كاك دوكتور سه‌عید خاوه‌نی گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندی به‌رز بوو كه‌ هه‌مو‌ویان له‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی من شوێندانه‌ر بوون و له‌ ژیانم دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه‌. كاك سه‌عید فێری كردم شانازی به‌ ناسنامه‌ی كورد بوونم بكه‌م، كورد و هه‌روه‌ها مرۆڤم خۆش بوێ. باوه‌ڕم به‌ تواناكانی خۆم هه‌بێ، ژیان ساده‌ بكه‌مه‌وه‌، له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا وره‌م نه‌ڕووخێ و ترس ده‌سته‌مۆ كه‌م، ڕێز له‌ بیروبۆچونی لایه‌نی به‌رامبه‌رم بگرم، دان به‌ هه‌ڵه‌كانم دابنێم و له‌ كوتنیان نه‌ترسێم و هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌یان بده‌م، ئه‌مانه ‌و زۆری دیكه‌، له‌م ده‌رسه‌ به‌نرخانه ‌بوون كه ‌شانازی ئه‌وه‌م هه‌بوو له‌ ماوه‌ی ئه‌م ١٥ ساڵ هاورێیه‌تییه‌دا له ‌گه‌ڵ كاك دوكتور سه‌عید فێریان بم و له‌ ژیانمدا ڕه‌چاویان بكه‌م.

روانگەی د. سەعید لە سەر مرۆڤی شۆڕشگێر چی بوو یان پێناسەی ئەو بۆ شۆڕشگێر چ بوو؟

دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌سێكی شۆڕشگێر نابێ ژیانێكی ئاسایی هه‌بێ. مرۆڤی شۆڕشگێڕ له‌ گه‌ڵ مرۆڤێكی ئاسایی جیاوازییه‌كه‌یان له‌ هه‌لبژاردنی شێوه‌ی ژیانیان دایه‌. شۆڕشگێر به‌و كه‌سه‌ ده‌ڵێن كه‌‌ كرده‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی ببێته‌ هۆی شوێندانانی ئاڵۆگور له‌سه‌ر ره‌وتی كۆمه‌ڵگا. پێشمه‌رگه‌یه‌ك‌ كه‌ چه‌كی كردۆته ‌شانی، ده‌بێ بزانێ ئه‌و چه‌كه‌ی بۆ چ مه‌به‌ستێك هه‌ڵگرتووه‌ و ئامانج له‌ هه‌ڵگرتنی چییه‌. له‌ روانگه‌ی كاك سه‌عیده‌وه‌ ‌شۆڕشگێڕبوون له‌ گه‌ڵ قانونمه‌ندبوون جیاوازی هه‌بوو. كه‌سی شۆڕشگێر به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌ قازانجی تاكه‌كه‌سی بكاته‌وه‌، ده‌بێ قازانجی گشتی له‌به‌ر چاو بێ. كاك سه‌عید نموونه‌یه‌كی به‌رچاوی مرۆڤێكی شۆڕشگێر بوو كه‌ له‌ هه‌ستان و دانیشتن و گوتارو نووسینه‌كانی دا به‌ ته‌واوی ڕه‌نگیان دابوویەوه‌.

دوکتۆر سەعید چۆن جێگرەوەیەک بوو بۆ د. قاسملوو؟ چۆن توانی بۆشایی بێ قاسملوویی لە حیزبی دێموکرات دا پڕ بکاتەوە؟

به‌ڵێ كاك سه‌عید جێگره‌وه‌یه‌كی شیاوی دوكتور قاسملووی مامۆستای بوو. ئه‌و‌ کاته‌ی دوکتور قاسملوو سینگه پاکه‌که‌ی بوو به قه‌ڵغانی گولـله‌ و دڵی له ترپه وه‌ستا، کاک سه‌عید ده‌یزانی چ به‌رپرسایه‌تییەکی قورسی که‌وتۆته سه‌ر شان، شه‌ڕی ئێران وعێراق راوه‌ستابوو. شه‌هید كرانی دوكتور قاسملووش كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خستبووه‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. هه‌ر بۆیه‌ كاك دوكتور سه‌عید به‌ هۆی ئیمان به‌ ڕێباز و باوه‌رێك كه‌ به‌ تواناكانی خۆی هه‌یبوو زۆر لێبڕاوانه ‌و شۆڕشگێرانه له په‌یامێکی کورتی بێسیمی دا که بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی نارد، نووسی: ''دوکتور عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو، سکرتێری حیزبه‌که‌مان چووه نێو کاروانی شه‌هیدانی کوردستانه‌وه، خه‌بات درێژه‌ی هه‌یه.'' ئه‌م رسته‌یه‌ هه‌رچه‌ند له ‌ڕواڵه‌ت دا كورت بوو، به‌ڵام پرناوه‌رۆكترین ڕسته ‌بوو كه‌ هه‌ڵگری بیروباوه‌رێكی قوول به‌و رێبازه‌ بوو كه‌ دوكتور قاسملوو گیانی له‌ پێناویدا به‌خشی. ئه‌مه‌ بوو به‌ داینه‌مۆی حه‌ره‌كه‌تێكی شۆڕشگێرانه‌ له‌ ناو حیزبدا. كاك سه‌عید به‌م چه‌ند وشه‌ ساده‌یه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبی ئه‌ركدار كرد كه‌ شۆڕش له‌ هه‌موو‌ بوارەکانی خۆیدا درێژه‌ی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ یانی كاری زیاتر وبه‌رده‌وامی زیاتر، یانی هه‌ر تاكێكی ناو حیزب بۆ پركردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ ده‌بێ ببێته‌ قاسملوو‌یه‌ك. هه‌ر بۆیه‌ش له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ماتۆری بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه ‌ته‌نیا له‌ حه‌ره‌كه‌ت نه‌وه‌ستا، به‌ڵكوو زیاتر له‌ جاران جووڵه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ دی، به‌جۆرێك كه‌ بێ قاسملوویی به‌ حیزبه‌وه‌ دیار نه‌بێ. ئه‌مه‌ش وای كرد لێكدانه‌وه‌كانی رێژیمی تێرۆریستیی كۆماری ئێسلامی له‌مه‌ڕ سه‌ركوت كردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان پێچه‌وانه‌ ده‌ركه‌وێ. دوكتور سه‌عید له‌م پێیه‌دا مایه‌یه‌كی زۆری له‌ خۆی دانا. كاتێ‌ بوو به‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می حیزب، وه‌ك هیندێك ڕێبه‌ر خۆی له‌ پرس و راوێژ و بیروبۆچوونه‌كانی ئه‌ندامانی حیزب بێ نیازو بێ منه‌ت نه‌دی، به‌ حه‌و‌سه‌له‌ و تاقه‌تێكی كه‌م وێنه‌ و به‌ ڕاوێژ و گوێدان به‌ نه‌زه‌راتی هه‌موو لایه‌ك، توانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بخاته‌وه‌ سه‌ر رێڕه‌وی خۆی و داگیركه‌ر دیسان تووشی بێ هیوایی بكاته‌وه‌.

ڕوانگەی نەتەوەیی د. سەعید بە تایبەتی لە هەمبەر باشووری کوردستاندا چۆن بوو؟

هه‌موومان ده‌زانین كه‌ كاك دوکتورسه‌عید دێمۆكراتێكی چه‌پ، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ییخواز بوو. له‌مباره‌وه‌ باوەڕێكی تەواوی بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی کوردستان هەبوو. لەو جێگایەی پێویست بووە قازانجی نەتەوەیی وە پێش قازانجی حیزبایەتی داوە، دیاره‌ لەم ڕێگایەش دا باجی بۆ داوە. زۆرجار ئەو کاتەی بەرپرسی یەکەمی حیزب بووە و رێبەرایەتی حیزبی له‌ ئەستۆ بووه‌ بە بێ ترس و بە ئاگاهییه‌وە یارمەتیی ئەو بەشەی کوردستانی داوه‌ کە پێوستیی بە یارمەتی حیزبی دێمۆکرات هەبووە. له‌ پێڤاژۆی ڕاپه‌رینی ساڵی ١٩٩١ی باشووری كوردستان دا كاك سه‌عید به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر شۆڕشگێرانه‌ به‌ پاره‌ و به‌ ناردنی چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی له‌سه‌رخستنی باشووری كوردستاندا ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌جێ گه‌یاندوه‌ كه‌ بۆ ئه‌مه‌یان به‌ڵگه‌ی كۆنكرێت هه‌یه. دوكتور سه‌عید پێی وابوو كه‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ڕزگاری بێ، كارتێكه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێ، له‌روانگه‌ی دوكتور سه‌عیده‌وه‌ '' حیزب’' ئامرازێک بوو ‌ بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی. بۆیه‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌رووی قازانجی حیزبایه‌تیدایه ‌و هه‌وڵ و یارمه‌تیدانیشی به‌ باشووری كوردستان هه‌ر له‌م ڕاستایه‌دا بوو .

دەکرێ بیرەوەرییەکی خۆتان لە گەڵ د. سەعیدمان بۆ باس بکەن؟

له‌ راستی دا ١٥ سال كاركردن له‌ گه‌ڵ كه‌سایه‌تییەكی به‌رزی وه‌ك كاك سه‌عید زۆر بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرین له‌ خۆی ده‌گرێ. كه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ركام له‌م بیره‌وه‌ریانه‌، ده‌رس و ئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ هه‌رتاكێكی كورد. من زۆر به‌ كورتی باسی ڕووداوێك ده‌كه‌م كه‌ دوكتور سه‌عیدی گه‌یانده‌ چڵه‌پۆپه‌ی رێبه‌رێكی چاونه‌ترس و ڕۆڵه‌ی رۆژی ته‌نگانه‌. ٢٥ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هه‌تاوی، له‌ گوندی ''گە‌وره دێ'' ی ناوچه‌ی شینکایه‌تیی باشووری كوردستان جێژنی دامه‌زرانی حیزب به‌ڕێوه‌ ‌چوو. شه‌وی ٢٦ی گه‌لاوێژ، کاتژمێر یەک و هەڤدە خولەکی نیوه‌شه‌و له پڕێک بوو به گرموهۆڕ! بارانی ئاگر و ئاسن به‌سه‌ر بنکه ‌و باره‌گاکانی ده‌فته‌ری سیاسی دا ده‌باری، زێدەڕۆیی ‌نابێ ئه‌گه‌ر بڵێم له‌ خوله‌کێکدا ده‌یان گولـله تۆپ‌، خۆمپاره‌ و مووشه‌کی کاتیوشا ده‌هاتنه خوارێ، ته‌نانه‌ت رێژیم له‌ چه‌کی فۆسفۆریش که‌ڵکی وه‌رگرتبوو. یانی كۆماری ئیسلامی ده‌یهه‌ویست زه‌برێکی کاریگه‌ر و قه‌ره‌بوونه‌کراو له حیزب بوه‌شێنێ، به‌ڵام نه‌خش و رۆڵی شۆڕشگێرانه‌ی کاک سه‌عید له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا ده‌رکه‌وت. له‌م ساته‌دا که دنیا ببووه ئاگر و دارو به‌رد ده‌سووتا، له ژێر ره‌هێڵه‌ی ئه‌م ئاور و ئاسنه‌دا كاك دوكتور سه‌عید په‌ناگا به په‌ناگا ده‌گه‌ڕا و رێنوێنی پێویستیی له مه‌ڕ پووچـه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌سه‌راتی چه‌كی فۆسفۆری ده‌دایه‌ هاوڕێیان. بوونی کاک سـه‌عید له‌م کاته‌دا وه‌کوو شووره‌یه‌کی پۆڵایین ‌وابوو. هیوا به ئاسۆی سه‌رکه‌وتن ‌و دوارۆژێکی روونی له‌ ناو ئه‌ندامی حیزبیدا زیاتر ده‌كرد. کاک سه‌عید بێگومان وه‌کوو هه‌موو ئینسانه‌کان ترسی له ده‌روون‌دا بوو، به‌ڵام باری به‌رپرسیاره‌تی و هه‌ستی شۆڕشگێریی وای لێكرد بێ هه‌ڵوێست نه‌بێ. هه‌ربۆیه‌ ئه‌وێ شه‌وێ‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆی بدۆڕێنێ و وره به‌ربدات، به‌سه‌ر ئه‌م ترسه‌ی‌دا زاڵ ببوو و ده‌یزانی چۆن هه‌ڵسوکه‌وتی له‌ گه‌ڵ‌دا بکات. ئه‌مه مشتێک بوو له خه‌روارێک له‌ ئازایه‌تی وچاونه‌ترسیی كاك دوكتور سه‌عید، ئه‌گینا دوژمن هه‌ر به‌وه‌نده نه‌وه‌ستاوه‌ و ســــه‌دان پیلانی دیکه‌ی بۆ زه‌ربه‌لێدان له جووڵانه‌وه گێڕاوه‌ كه‌ له زۆربه‌‌یاندا کاک سه‌عید به ئازایه‌تی‌ به‌رپه‌رچی پیلانه‌کانی داوه‌ته‌وه.

چۆن دەتوانین قوتابییەکی بەئەمەگی رێبازی بین؟

هه‌ر رێبه‌رێك ڕێبازێكی فكری هه‌یه‌. كاتێ ‌ دوكتور قاسملوو شه‌هید بوو، كاك سه‌عیدی نه‌مر به‌ڵێنی دا یان له‌م ڕێبازه‌ی دوكتور قاسملودا سه‌رده‌كه‌وێ، یان وه‌ك دوكتور قاسملوو شه‌هید ده‌بێ و له‌ ته‌نیشتی ئه‌و راده‌كشێ. دیتمان چون كاك سه‌عید ئه‌م په‌یمان و به‌ڵێنییه‌ی برده‌ سه‌ر و وه‌فاداری رێبازی مامۆستاكه‌ی مایه‌وه‌. بێگومان كاك دوكتور سه‌عیدیش له‌ رێبازیدا زیندوویه‌ وئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانهه‌وێ ڕوحی نه‌سره‌وتووی ئارام كه‌ینه‌وه‌ و له‌ ویژدانی خۆماندا به‌ زیندوویی ببینینه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌و ڕێبازه‌ فكریه‌ كه‌ ناوبراو له‌مه‌ڕ وه‌دیهێنانی ئامانجی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وكه‌مان گیانی بۆ به‌خشی، ئێمه‌ش به‌ لێبڕاوی و به‌ شێلگیری بیگرینه‌ به‌ر و هه‌تا وه‌دیهاتنی ئامانجه‌كانی، له‌ ڕێگا و ڕێبازی لانه‌ده‌ین. سڵاو له‌ گیانی و له‌ ڕێگا و ڕێبازی.