باشووری کوردستان و بنچینەی خەباتی گەلی کورد

زایینی: ٠٧-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/١٥ - ١٩:٠٢ تاران
باشووری کوردستان و بنچینەی خەباتی گەلی کورد
ن: ئەلبۆرز ڕووئین‌تەن

و: شەریف فەلاح


پێشتریش لە نووسینەکانمدا باسم لەوە کردووە کە دەبێ خەبات و تێکۆشان لە باشووری زاگرۆس دینامیک و بزوێنەری بزاوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات بێت. چونکە ئەم خواستە سەرووتر لە هەر هۆیەک، ویستی نەتەوەیی ئێمەیە لەم بەشەی کوردستان. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، ئێمە دەبێ ئەم پرسە چۆن بە کردەیی بکەین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە میکانیزم و ڕێکاری گەیشتن بەو ئامانجە بەرزەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد.

بەرلە گشت دەبێ بڵێم وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ هەموو وڵاتان وەڕاست دەگەڕێت، یانی پێشکەوتنی ڕێکارەکانی خەباتی ئێمە لە هەموو بوارەکان و لە هەر شوێن و ناوچەکەیەکی کوردستان، بێگومان باشووری زاگرۆسیش دەگرێتەوە. قۆناغی نوێی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان کە بە "ڕاسان" ناسراوە، لە چەند ڕەهەندێکەوە بۆ باشووری زاگرۆس هەڵگری بایەخی زیاترە. هۆکارەکەشی بۆ ناوەرۆک و فەلسەفەی "ڕاسان" دەگەڕێتەوە. بەو پێیەی کە خەباتی چەندان ساڵەی ئێمە سەرەڕای قارەمانێتی و گیانفیدایی بەدەر لە خاڵی لاواز نەبووە، لابردن و جیبەجێکردنی ئەو خاڵە لاوازانە هەتاڕادەیەکی زۆر دەتوانێ لە بەرەوپێشبردن و تەنانەت سەرکەوتنی یەکجارەکیش کاریگەر بێت. یەکێک لەو خاڵە لاوازانە چۆنیەتیی بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتە و توێژەکانی کۆمەڵگەیە لە خەباتی ئازادیخوازانەدا، بەو مانەیەی لە بەرەوپێشبردنی "ڕاسان"دا تەنیا جەخت لەسەر پێشمەرگە ناکرێتەوە. شار کە نوێنەر و هێمای بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگەیە، بکێشرێنە ناو هاوکێشەکانەوە و بەمکارە، خەباتی ڕزگاریخوازانە هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە و سەرکەوتنی ئەم خەباتەش ئاسانتر و خێراتە دەکات و ئەمە خاڵێکە کە قۆناغی خەباتی ڕاسان پتر لە گشت – چە لەباری تێئۆری و چ لەباری پراکتیک – لە بزاوت و حەرەکەتەکانی پێشووی نەتەوەی کورد جیا دەکاتەوە و هیوا بەم قۆناغە وەک ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەی زیاتر دەکات، بەڵام بۆ بە کردەیی کردنی ئەم کارە، ئەركیکی زۆرمان لە سەرشانە.

ئێمە دەبێ سەرەتا لە هەناوی کۆمەڵگەی خۆماندا حزوورمان هەبێت و ئاگاداری هەموو گرفت و خەسڵەتەکانۆ کۆمەڵگەی خۆمان بین و بتوانین جیاوازییە هەرێمی و ناوچەییەکان بناسین، هەتا بتوانین بەرنامە و پرۆژەکانمان لەسەر بنەمای واقیعی کۆمەڵگەکەمان بێت.

لە هەنگاوی دواتردا ئێمە دەبێ ببینە دەنگی ماف و هەقخوازانەی ئەوان و کاتێک وەک بەشێک لە کۆمەڵگە، هەست و دەرک بە گیروگرفتەکانی کۆمەڵ بکەین و لەپێناو دەستەبەرکردنیان هەوڵ بدەین، دەکرێ بڵێین لە ڕاستەڕێی سەرکەوتنی کۆتاییدا هەنگاومان هەڵهێناوە. بۆ وێنە ئێمە دەبێ ئەو گیروگرفتانەی گەنجانی کرماشانی و ئیلامی لەگەڵی بەرەو ڕوون، بناسین و لەسەر بنەمای ڕەفتار و هەڵوێست و بۆچوونی ئەوان پرسەکان شرۆڤە بکەین. یان دەبێ ئاگاداری گرفتی وەرزێڕ و جووتیاران بین، بۆ وێنە دەوڵەت بەپێی بەرنامەیەکی لەپێشدا داڕێژراو بەرهەمی جووتیاران بە هەرزان دەکڕێت. لەڕاستیدا ئێمە کاتێک خۆمان بە بەشێک لە کۆمەڵگەی خۆمان دەزانین، دەبێ لە هەموو گرفت و کێشەکانی کۆمەڵگەکەمان ئاگادار بین و بیری لێ بکەینەوە.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم پرسە تەنیا ویستی کۆمەڵگەی باشووری زاگرۆسە، چونکە لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم پێکرد، ویستی نەتەوەیی و مافخوازی لە هەناوی کۆمەڵگە دایە و ویستێکی ڕەوایە. بەڵام پلانەکانی ڕێژیم بە داتاشین، یان چارەسەرنەکردنی ئەم گرفتانە، هەوڵ دەدات خەڵک لە پەرچەکردار و مافخوازی دوور بخاتەوە و بە جۆرێک تووشی هەندێ گرفتی کاتیی ڕۆژانەیان بکات، هەتا لە کۆمەڵگەدا هیچ دەرەتانێک بۆ بیرکردنەوە لە جەوهەری کێشەکە نەهێڵیتەوە. کاتێک ئێمە ببینە نوێنەر و دەنگهەڵبڕی ئەم کێشانە، دەتوانین ئەو هەوڵ و پیلانانەی ڕێژیم پووچەڵ بکەینەوە و تەنانەت وەک تاکتیکێک بەکاریان بهێنین هەتا بتوانین وەک چارەسەری یەکجارەکیی کەڵکیان لێ وەربگرین. لێرە دایە کە هاوپەیوەندیی نێوان "شار و پێشمەرگە" بەدی دێت و ڕاسان دەگاتە ئەنجام. چونکە کاتێک شار توانی بۆ ویستی ڕۆژانەی دیوار و لەمپەر و دێوەزمەی ترس و تۆقاندن بشکێنێ، دەتوانێ زۆر بە ئاسانی بۆ ڕزگاریی یەکجاری قەڵای ڕێژیم تێک بشکێنێت. هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد دەرک و ناسینی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ و بوونە دەنگی ئەوان بۆ چارەسەریی گرفتەکان، دوو هەنگاوی سەرەکین بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری، بەڵام هەنگاوی سێیەم ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی خەباتی شاری لەلایەن هێزێکی شۆڕشگێڕی کارام و جیدیی حزبییەوە کە بەڕای من گرنگترین و سەرەکیترین هەنگاوە. پێم وایە هیچ کەس ناتوانێ حاشا لە ڕۆڵ و دەوری ڕێکخستنی تۆکمە لە گەیشتن بە ئامانجی شۆڕشێکی ئازادیخوازنەدا بکات. ڕێکخستن و تەیارکردن دەبێ لەسەر بنەمای میتۆدو ڕێکاری سەردەمیانە بێت بە لەبەرچاوگرتنی گونجاندنی پێکهاتەی چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگە، هەروەها دەبێ ئەم ڕێکخستنە توانایی حەرەکەتی بەجێ لە کاتی گونجاودا بێت و هاوکات خێرایی کاریش مەرجە. لێرە دایە کە کۆمەڵانی خەڵک دەتوانن بەسەر دێوەزمەی دیکتاتۆری تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیدا سەرکەون.

دەزانم بۆ بە کردەیی کردنی ئەو خاڵانە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمیکی وەک کۆماری ئیسلامی کەلە تیرۆر و سەرکەوتدا شارەزاییەکی زۆری هەیە، کارێکی سانا و ئاسان نییە، بەڵام لە بەرانبەردا ئێمەش نەتەوەیەکی خەباتگێڕمان هەیە کە ئامادە نییە لە بەرانبەر ئەو نادادپەروەرییانەدا سەر نەوی بکا و هێز و ئیمانی باڵای خەڵک هەردەم دەتوانێ دەسەڵاتی سەرەڕۆ کە خاەنی هەر هێزێک بێت، بە چۆکدا بێنێت.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرەنگاربوونەوەی شەڕی نەرم و دەروونی و پیلانە لە ئەژمار نەهاتووەکانی ڕێژیم بەتایبەت لە باشووری زاگرۆس، کە بەشێکیان لەلایەن بەکرێگیراو و کەسانی نائومێد و بەرژەوەندیخوازەوە جێبەجێ دەکرێن، دیسان کاری خەبات دژوارتر دەکات، بەڵام هێزە شۆڕشگێڕەکانی هەڵگر و ئاڵاهەڵگری ڕاسان، خاوەنی ئیرادە و بڕوایەکی هێندە بەهێزن کە بتوانن ئەو هەموو پیلانانە کەشف و لەقاو بدەن و بە ڕۆشنگەری لەناو کۆمەڵگە بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی هەنگاو هەڵبگرن. سەرەڕای ئەم پرسانە واقیع و جەوهەری ڕاستینی بزووتنەوەی کورد لە باشووری زاگرۆس، دەبێ دینامیک و بزوێنەری بزواتی ڕزگاریی نەتەوەی کورد بێت، چونکە ئەم هێزە لە خوێن و دەماری هەر تاکێکی کورددا جێگەی گرتووە و لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ڕاستییە لە هەر فیداکاری و قارەمانێتییەک ناپرینگێنەوە و ئەمەش خۆی پەیامی مزگێنیی ڕزگارییە.