یادی شەهید "مەشعەل تەمۆ" لە وڵاتانی ئاڵمان و دانمارک بەرز ڕاگیرا

زایینی: ١٠-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/١٨ - ١٢:٠٦ تاران
یادی شەهید
کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتانی ئاڵمان و دانمارک لە مەراسمی ساڵیادی تیرۆر کردنی شەهید "مەشعەل تەمۆ" بەشداریان کرد.

ڕۆژی یەکشەمە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری ئێسن لە وڵاتی ئاڵمان مەراسمێک بە بۆنەی یادی شەش ساڵەی شەهید کردنی "مەشعەل تەمۆ" لە لایەن "پارتی پێشە ڕۆژی کورد لە سووریە" بەڕێوە چوو.

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداربوو لەو مەراسمەدا، پەیامێكیان لە ڕاستای ئەو یادەدا پێشکەش کرد و لە پەیامەکەیاندا وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و تێكۆشانی شەهید مەشعەل تەمۆ باسێك لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناچەکە کرا و یەکیەتی و تەبایی لە نێوان ڕیزەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئاوات خوازرا.

هەر لەو پێوەندییەدا لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر مەراسمێک لە وڵاتی دانمارک بۆ یادی شەش ساڵەی تیرۆر کردنی "شەهید مەشعەل" بەڕێوە چوو.

لەسەر بانگهێشتی فەرمی حیزبی "پێشەڕۆژی کورد لە سووریە" شاندێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک بەشداریان لەو مەراسمەدا کرد.

شاندی بەشداربووی حیزبی دێموکرات لە مەراسمی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید "مەشعەل تەمۆ" وێڕای دەربڕینی هاوخەمی هیوای بەردەوام بوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو حیزبیان خواست.