کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێرش بۆ سەر کوردستان مەحکووم دەکات

زایینی: ١٩-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٢٧ - ١٦:٤٧ تاران
کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێرش بۆ سەر کوردستان مەحکووم دەکات
کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لە شاری یوتوبۆری هێرشی حەشدی شەعبی، سپا و پۆلیسی عێراق و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە دەکات.

دەقی بەیاننامەکە:

هاونیشتمانیانی کوردستانی


هەروەک هەموومان ئاگادارین گەلی کوردستان ڕووبەڕووی پیلانی دەوڵەتی بەناو عێراقی گوێ لە مستی ئێران و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیکەی کوردستان بووەتەوە.

حکوومەتی داگیرکەری عێراق هەر ئەو چەکانەی لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانانەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش و تێرۆریستان پێیان درابوو، ئەمرۆ بە دژی گەلی کورد کە سەرەکیترین هێزی بەرەنگار و تێکشکێنەری داعش لە ناوچەکەدا بووە بە کاری دەهێنێت و ئێستاش بە هاوئاهەنگی و پشتیوانیی سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حەشدی شەعبی، هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و دەوروبەری.!

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی، لە شاری یوتوبۆری هێرشی حەشدی شەعبی و سپا و پۆلیسی عێراق و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە دەکات و لەم کاتە هەستیارەدا داوا لە خەلکی خۆڕاگری کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە یەکڕیزی و یەکدەنگی ناو ماڵی کورد بپارێزرێت و هەموو تواناکانمان بخەینە گەڕ تاکوو بتوانین پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان پووچەڵ بکەینەوە.

ئێمە جارێکیتر بە ئیدانە کردنی ئەو هێرشە ناڕەوایە، پشتیوانیی خۆمان لە گەلەکەمان و مافە ڕەواکانی لە باشووری کوردستان دووپات دەکەینەوە.
کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لە شاری یوتوبۆری.

بژی کورد بژی کوردستان

ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتیکی کورد لە سووریه "یەکیەتی"
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتیکی کورد ـ سووریه
ـ پارتی سووسیالیستی کورد لە تورکیا