چەوسانەوەی نەتەوەیی (نەتەوەی کورد) لە ئێران، لە ڕوانگەی بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژییەوە

زایینی: ٢٢-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٣٠ - ١٧:٤٦ تاران
چەوسانەوەی نەتەوەیی (نەتەوەی کورد) لە ئێران، لە ڕوانگەی بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژییەوە
نووسەر: ناسر رەسووڵ‌نژاد

پێشەکی:

تێکنۆلۆژی یەکێک لەو بابەتە گرینگانەیە کە سرنجی بیرمەندانی لە پێوەندی‌ لەگەڵ پێشهاتەکانی بۆ سەر خۆی ڕاکێشاوە. تێکنۆلۆژی بەشێوەی گشتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە خۆی دەرخستووە، دیاردە یان دەرکەوتەکانی ئەو کاریگەرییانە دەکرێ وەک دەرکەوتەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی لێکدانەوەی بۆ بکرێت. لە درێژەی ئەو باسەدا گرینگی سیاسەتی تێکنۆلۆژی لەمەڕ پێشهات و دەرکەوتەکانی، هەروەها باس لە سیاسەتی تێکنۆلۆژی لەلایەن بڕیار بە دەستان دێتە ئاراوە. پێڵی هەواییەکانی نیۆیۆرک و ئامانجەکانی ئەو پێڵانە لەو نموونانەیە کە دەریدەخات کاربەدەستانی تێکنۆلۆژی، تێکنۆلۆژی بۆ مەبەستگەلێکی پیلان بۆ داڕێژراو کاناڵیزە دەکەن.

بابەتی بەردەست، باس لە ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە دەکات کە لە دەسپێکی حکومەتی مۆدێرن لە ئێران چەوسانەوەی نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە سیاسەتە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ناوەندی ئێران رەنگی داوەتەوە و بەو ئاراستەیەشدا ئەو سیاسەتە تا ئێستا درێژەی هەبووە، و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی بۆ بەرەوپێش چوونی سیاسەتی سڕینەوە و ژێردەست مانەوەی نەتەوەی کورد لە ئێران و لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە باس دەکرێت.

"بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی"، سەردێری ئەو بابەتەیە کە "ئەندرۆ فینبێرگ" بۆ لێکۆڵینەوەکانی خۆی بە کاری هێناوە. ئەندرۆ لەو بروایەدایە کە ناکرێ تێکنۆلۆژی وەک بابەتێکی شەیتانی سەیر بکرێ و هەروەها لەو بڕوایەدایە کە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی بەشێوەی ئێستا کێشە دەخوڵقێنێ.

ئەندرۆ لە درێژەی ئەو تێزەدا دەڵێ: تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان لە شاکیلەی خۆیاندا هەڵگری بەها(ئەرزش)ی تایبەت بە خۆیانن. بەڵام بەهۆی نادیموکرات بوونی پڕۆسەی گەڵاڵە کردن، گەڵاڵەکان زۆربەی زۆریان بە شێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو، بۆ بەرەوپێش بردنی بەهاکانی چینی زاڵ – نەتەوەی زاڵ ( ئاماژەی نووسەر ) - دادەڕێژرێن . لە بابەتی بەر دەستدا بە کەڵک وەرگرتن لە بیردۆزی فینبێرگ سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی ئێران بەپێی ئیدۆلۆگی ئێرانی – شیعی لەهەمبەر نەتەوەی کورد دەخەینە بەر خوێندنەوە و شیکاری بۆ دەکەین، تاکوو بۆمان ڕوون بێتەوە لە ناوەندە گەڵاڵەداڕێژەکانی تاران بە کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بۆ ئێستا و داهاتوو دەکرێ.

وشە سەرەکییەکان: سیاسەتی تێکنۆلۆژی، چەوسانەوە لە ڕێگای تێکنۆلۆژی، بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی

سەرەتا

تێکنۆلۆژی وەک بابەتێکی هەڵگری بەها


ئەندرۆ فینبێرگ لە بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژیدا باس لەوە دەکات، کە تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان لە هەیکەلەی خۆیاندا هەڵگری بەهای تایبەت بە خۆیانن، بەڵام بەهۆی نادێموکرات بوونی پڕۆسەی گەڵاڵە کردن، گەڵاڵەکان زۆربەی زۆریان بەشێوەیەکی مەبەستدار، بۆ بەرەوپێش‌بردنی بەهاکانی چینی زاڵ – نەتەوەی زاڵ (ئاماژەی نووسەر) - دادەرێژرێن.

دیزاینی پێڵەکانی شاری نیۆیۆرکی کۆن، نموونەیەکی باشن بۆ ئەوەی چۆنییەتی تێوەگلانی بەهاکان لە پڕۆسەی دیزاین ئاشکرا بێت. لەو گەڵاڵەیەدا پێڵەکان بە بڵیندایی کەم بەمەبەستی پێشگرتن لە هاموشۆی پاسەکانی شار داڕێژرابوون تاکوو لە ڕێگای ئەو پێڵانەوە چینی هەژاری کۆمەڵگە کە بۆ هاتوچۆ لەو پاسانە کەڵکیان وەردەگرت نەتوانن بۆ ئەو بەری پێڵەکان یان کنارێنەکان بگەن. هەرچەند لەو نموونەیەدا دەستێوەردانی بەهاکان لە هەڵبژاردنی ئەو پلانەدا بەبەراورد لەگەڵ پلانەکانی‌تردا بە ڕوونی دیارە، بەڵام لە زۆربەی پلانەکانی هاوشێوەدا لە نیگای یەکەمدا ناتوانرێ شوێن‌پێی بەهاکان بە روونی وەبەرچاو بکەوێ و لە زۆربەی پلانەکاندا وا دەردەکەوێ کە ڕەچاوی بابەتی تێکنیکی کراوە نەک بەهایەکی دیاریکراو. بۆ نموونە ئەوڕۆکە دیزاینی کەرەستەی کار، بەپێی قەد و قەوارەی دەستی کەسە گەورەکان بابەتێکی ئاسایی دێتە بەرچاو، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەم جۆرە دیزاینە تەنیا پشت ئەستوورە بە پێوەرە زاڵەکانی کۆمەڵگا کە لەمێژ ساڵە منداڵی لە کاری پێشەیی دور خستۆتەوە و تەنیا لە ڕێگای لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و دەستداگرتن بە سەر چۆنییەتی ئاڵوگۆڕی کەرەستەکان دەتوانین ئاسایی نەبوونی پلانگەلێکی لەم شێوەیە ئاشکرا بکرێت.

فینبێرگ، بە کەڵک‌وەرگرتن لە تێزی Underdetemination روانگەی خۆی لە هەمبەر بوون و لێكهەڵپێکانی بەهاکان لە پڕۆسەی دیزاین باشتر ڕون دەکاتەوە. بەپێی ئەو تێزە لە فەلسەفەی تێکنۆلۆژی کە هاوتای تێزی دەئێم-کواین لە فەلسەفەی زانست ئەژمار دەکرێ، تێبینییەکانی تێکنیکی لە خۆیدا بۆ خوێندنەوەی رواڵەتی دیزاینی تێکنیکی بەس نییە. دەبێ ئەوە لە بەر چاو بگیرێ کە ئەوە بەو مانایە نییە کە لە دیزایندا مەرجەکانی تێکنیک ڕەچاو ناکرێت. لە پلانی سەرکەوتوودا مەرجەکانی تێکنیک ڕەچاو دەکرێ و بابەتەکە لە سەر ئەوەیە کە پلانی جیاواز دەتوانێ هەڵگری ئامانجی هاوشێوە بێت و بێ ئەوەی بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و باوەڕپێکراو بۆ هەڵبژاردنی ئەو پلانە لە چاو پلانەکانی‌تردا بوونی هەبێت؛ لەو روویەوە هەڵبژاردنەکانی تێکنیکی تەنیا لە چاویلکەی مەرجەکانی تێکنیکەوە شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ ناکرێت و بەهاگەلێک کە جێگای سرنجی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگان، وەکوو کەسانی خاوەن هێزی ئابووری، رێبەرانی سیاسی، کڕیارانی کەرەستە تێکنیکییەکان، تێکنیسییەنەکان، بۆروکراتەکان و هتد دەبنە هۆی هەڵبژاردنی پلانێک لە نێوان کۆمەڵێک پلاندا. بەو پێیە هەر پلانێکی هەڵبژێردراوی تەکنیکی، لە شاکیلەی خۆیدا هەڵگری بەهاگەلێکە کە جێگای سرنجی کەسانێک یان گرووپگەلێکن کە لە دیزایندا بەشدارن.

کێشە و گرفتەکانی شێوازی تێکنۆلۆژیکی باڵادەست

هەر وەک ئاماژەمان پێدا، بەپێی بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی، تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان لە شاکەلەی خۆیاندا هەڵگری بەهاگەلێکن. بەڵام بەهۆی نادێموکرات‌بوونی پڕۆسەی دیزاین و گەڵاڵەداڕشتن، پلانەکان بەشێوەیەکی پیلان داڕێژراو و مەبەستدار بۆ بەجێگەیاندنی بەهاکانی چینی باڵادەست – نەتەوەی باڵا دەست (نووسەری بابەتەکە) کاریان لە سەردەکرێت.

فێنبێرگ لەو بیردۆزییەیدا لە نێوان دوو شێوە لایەنگری جیاوازی دادەنێت، لایەنگری زاتیSubstantive Bias)و لایەنگری رواڵەتی) Formal Bias (؛ لایەنگری زاتی بریتییە لە بەشداری هەست و پێشداوەری و دەمارگرژی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی دیزاین، بە جۆرێک کە بەشداری دەمارگرژییەکان لە ڕوانگەی عەقڵانیی دیزاینەوە، جێگای پرسیارە. ئەو شێوە لایەنگرییە کێشەی تەکنیکی دیزاینی لێدەکەوێتەوە. هەرچەند لایەنگری زاتی لە پڕۆسەی دیزایندا دەکرێ ڕوونەدات، بەڵام هاوتا لەگەڵ لایەنگری زاتی لایەنگری تریش بوونی هەیە. تێکنۆلۆژییەکان تەنانەت ئەگەر بەپێی پێوەری تەکنیکی بەشێوەیەکی عەقڵانی و ڕێک و پێک دیزاین کرابێ، لە شاکەلەی خۆیاندا هەڵگری جۆرێکی‌تر لە لایەنگرین کە فێنبێرگ بە لایەنگری رواڵەتی ناوی بردووە. بۆ نموونە دیزاینی کەرەستەکانی تەکنیکی بەشێوەیەک کە کەسە ڕاست‌دەستەکان ئاسانتر دەتوانن کەڵکی لێوەر بگرن بە مانای جۆرێک لە لایەنگری لە دیزاینی رواڵەتی ئەو کەرەستانەیە.

هەر ئەو جۆرەی کە باسمان کرد لە دیزاینی کەرەستەی جیاواز، نموونەگەلێکی جیاواز بوونیان هەیە کە گشتیان پێوەرەکانی تەکنیکی تێیاندا ڕەچاو کراوە بەڵام هەڵبژاردنی نێوان بژاردەی جێگورک بەپێی بەها زاڵەکانی شێوازێک کە دیزاین تێیدا گەڵالەی بۆ دارێژراوە دێتە ئاراوە.

ئەو بەهانە بەو پێیەی کە بەستێنەکانی دیزاین ئەمڕۆکە نادێموکراتیکن، تەنیا ڕەنگدانەوەی خواستی چینی باڵادەستی پێوە دیارە و بەو هۆیەوە جۆرێک لایەنگری لە دیزاین دێنێتە ئاراوە. ئەو جۆرە لایەنگرییە لە ڕێگای بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر کەرەستەکاندا دەسەپێت و وەک لایەنی شاراوە خۆی دەردەخات. ئەو جۆرە لایەنگرییە، نایەکسانی و شێوەگەلی جیاوازی چەوساندنەوە لە کۆمەڵگا دێنێتە ئاراوە. لە نموونەی دیزاینی پێڵەکانی شاری نیۆیۆرک کە ئاماژەی پێکرا، لایەنگری دیزاین بە شێوەیەکە کە خەڵکی هەژار دەستیان بە هەندێک ناوچەی شار ڕانەگات.

لە ڕێگای ئەو جۆرە لایەنگریانەوەیە کە بەستێن بۆ بە ئامانج گەیاندنی بەهاکانی چینی باڵادەست یان نەتەوەی باڵادەست بۆ چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤ خۆش دەکات.

ئێران و هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی

هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی ڕێگایەکی شیاوە بۆ بەدەست‌هێنانی تێکنۆلۆژیی سەردەم. هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی لە سیاسەت و بەرنامەی گشت وڵاتانی گۆی زەوی بوونی هەیە و لەوانەش وڵاتانی جیهانی سێهەم یان وڵاتانی دواکەوتوو کە لە نەبوونی توانای باش بۆ وەدەست هێنان و گەیشتن بە تێکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان، ناچار پەنا بۆ وڵاتانی پیشکەوتوو لە بوارە جیاوازەکاندا دەبەن و بۆ ئەم مەبەستەش پەنا بۆ هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی دەبەن. ئێران بەو پێیەی کە لە بواری پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی لە بوارە جیاوازەکاندا لە ڕێژەی وڵاتانی دواکەوتوو دێتە ئەژمار بەکەڵک‌وەرگرتن لە شێوەی هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی سەردەم بەتەمای پڕکردنەوەی فەزای نێوانیەتی لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان. بەڵام بابەتی هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی بەو ساکارییە نییە و لە دونیای ئەمڕۆدا وەک زانستێک سەیری ئەو پڕۆسەیە دەکرێت و هەروەک ئاماژەمان پێدا هەر تێکنۆلۆژییەک لە ناخی خۆیدا هەڵگری بەهاگەلێکە و هاوردەی ئەو تێکنۆلۆژییە بە مانای هاوردەکردنی ئەو بەهاگەلە دێت؛ لێرەدایە کە بەپێی ئیدۆلۆژیک بوونی حکوومەتی ئێران، ئەو بابەتە بۆ ئێران مەترسیدارە، لێرە مەبەست باس کردن لەو مەترسییانە نییە و بە بابەتەکە مەجالی دەست‌داگرتن لە سەر ئەو گرفت و پرسانەمان ناداتێ. تێکنۆلۆژی هاوردەکراو کە لە فیلتێری ئیدۆلۆژی سیستمی دەسەڵاتداری تێپەڕ بووە، دەخرێتە بەردەست تاکوو لە شوێنی خۆی کەڵکی لێوەربگیرێت. لە درێژەی پڕۆسەی هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی بۆ فیلتێر و کاناڵیزەکردنی تێکنۆلۆژی لەلایەن حکومەتەوە تیشک دەخرێتە سەر قورسایی و هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژی، کە بە واتای بەکارهێنانی تێکنۆلۆژی هەناردەکراوە بەشێوەیەک کە بتوانێ بەپێی هەل‌ومەرج و رەوشی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ناوچەیی و ...، دەرکەوتە وکاریگەری باشی لە سۆنگەی دەسەڵاتدارانی ئێرانییەوە هەبێت.

چەوسانەوەی نەتەوە ژێردەستەکان (کورد) لە ئێران

لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی عەلامەی تاران کە لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکوڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێرانە، خەریکی باسکردنی هاوردەکردن و هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژی و سیاسەت و پیلانداڕێژی حکومەت لەو بوارەوە بووین، بۆ گرینگی ئەو باسە نموونەی کوردستانی هێنایەوە، نمووونەی پیلانداڕێژی دەسەڵات بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی سەردەم لەبواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆری هێنایەوە.

شیکاری ڕەچاوکردنی گشت هۆکارگەلی سیاسی – کۆمەڵایەتی – ناوچەیی و ... بۆ سەنگ و سووک‌کردنی تێکنۆلۆژی هاوردەکراوی خستە بەر باس و بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە گوتی بۆ نموونە کەڵک وەرگرتن لەو تێکنۆلۆژییە لە کوردستانی ئێران بە ڕەچاوکردنی هۆکاری سیاسی – کۆمەڵایەتی زۆر هەستیارە و دەبێتە هۆی سەربەخۆیی لە بواری کارەبا و ...، ئەوەش بەمانای بێ‌منەتی لە ناوەند یان ناوچەکانی‌تر دێت کە دەبێتە هۆی ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشبینی‌نەکراو کە بە زیانی هێز لە ناوەند دەشکێتەوە، بۆیە هەڵسەنگاندن یان سەنگ‌وسووک‌کردنی تێکنۆلۆژی هاوردەکراو گرینگی هەیە و دەبێ گشت بابەتەکان لە گشت سۆنگەیەکەوە ڕەچاو بکرێت. ئەو نموونەیە کە باسمان لێکرد ئەزموونی زیندوی نووسەری ئەو دەقەیە لەگەڵ یەکێک لە تێکنۆکراتەکانی دەزگای پیلانداڕێژی و سیاسەت‌دارێژی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو بوارەدا یەکێک لە شوێندانەرترین کەسانێکە کە لە زانستی سەنگ‌وسووک یان هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژیی لە ئێران کار دەکات.

بەڕێز "بایزید مەردۆخی" کە یەکێک لە تاقە کوردەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی حکوومەتی ناوەندییە کە لە بابەتێکیدا بەم شێوەیە باس لە ڕەوشی پێشنکەوتنی ناوچەی کوردستان – ئێران دەکات؛
هۆکارێک کە لە چوارچێوەی مانای کلاسیکی دەستەواژەی ناوچە بۆتە هۆی گەشەنەکردنی هەندێک ناوچەی ئێران، بریتییە لە چەوسانەوەی نەتەوەیی، مێژویی کە لەلایەن حکومەتە ناوەندییەکانەوە پەیڕەو کراوە و سەرەڕای ئەوەیکە سەرچاوەی پێویست بۆ گەشەکردن لەو ناوچانە بوونی هەیە بەڵام بەهۆی دەمارگرژی و رەشبینی ناوەند ئەم ناوچانە گەشەنەکراو ماونەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ناوچەی کوردستان هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە دەکرێ بۆ گەشەی ئەو ناوچە و تەنانەت بۆ گەشەی ناوچەکانی دەوروپشتی بە قازانج بێت.

لە درێژەی ئەو باسەدا دەکرێ بڵێین، تێکنۆلۆژی و ڕێکارەکانی بەرهەمهێنان لە هەورامان لە گشت بەشەکاندا(باخەوانی، ئاژەڵداری، پیشەی دەستی، پیشەسازی پائەفزاری‌دەستی، پیشەی‌دار، دەرمانی گیایی و پزیشکی سوننەتی و سەنعەتی خواردن و ...)، هەر چەند نیشانەی بوونی هەڵکەوتوویی مێژویی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت و هێشتاش بە شێوەیەکی سوننەتی وەک خۆی کەڵکی لێوەردەگیرێ کە مانەوەی ئەو تێکنۆلۆژییانە ئەرکێکە لە سەرشانی گەڵاڵەداڕێژان. بەڵام بۆ بەردەوامی ئابووری ئەو ناوچەیە پێویست بە چێ‌کردن وگەشەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نوێ هەیە کە بۆ ئەم مەبەستەش کەڵک‌وەرگرتن لە تێکنۆلۆژیگەلێکی نوێ و سەردەمیانە کە هێشتا لەو ناوچەیە بوونی نییە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

سەنگ‌وسووک‌کردنی تێکنۆلۆژی بەدەستی کاربەدەستانی ئێران بۆ بەرەوپێشچوونی گەڵاڵەکانیان کە بەپێی ئیدیۆلۆژی ئیسلامی شیعی هاوکات چەوسانەوەی نەتەوەیی لە ژێر ڕکیفی قەومی باڵادەست لە گشت بوارەکان کە تێکنۆلۆژی تێیاندا دەستێکی هەیە بەرچاو و ڕوونە. لە نموونەی کەڵک‌وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی وزەی‌خۆر و با بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئامارەکان باس لە هەڵاواردنێکی بەرچاوی ناوچەی کوردستان و بەلووچستان بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی‌تردا دەکەن. ڕێژەی وەبەرهێنان لە کوردستان و بەلووچستان لەو بوارەدا بەپێی توانای ناوچەیی و زاتی لە ئاستێکی زۆر کەمدایە، بەشێوەیەک کە تەنانەت هەندێک لە کاربەدەستانی ناوەند بەهۆی گوشاری چالاکوانانی ئەو دەڤەرانە ڕێژەی هەڵاواردنی ناوچەی ئاماژەپێکراویان نەشاردۆتەوە. ترسی سەربەخۆیی لە بەرهەمهێنانی وزە بێ‌گەڕانەوە بۆ ناوەند یان ئەو ناوچانەی کە بیرۆکە و عەقلیەتی ناوەندیان تێدا ئاشکرایە، باشترین نموونەیە بۆ تێزی فێنبێرگ کە لەڕێگای تێکنۆلۆژییەوە سیاسەتی چەوسانەوەی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران درێژەی پێ دەدرێ.

بابەتێکی تریش کە لەم ساڵانەدا باسی لە سەر دەکرێ و بەجۆرێک بۆتە ڕۆژەڤی سەرەکیترین ناوەندەکانی هێز لە ئێران، بابەتی ئاوە. تێکنۆلۆژی بۆ چێ‌کردنی بەنداو و ڕاگواستنی ئاوی هەندێک ناوچە بۆ ناوچەکانی‌تر ئەرکی سەرەکی هەیە. حکومەتی ناوەندی یان بەواتایەکی‌تر چەمکێک پێکهاتوو لە زمان و کولتور و مێژوو و مەزهەبی نەتەوەی باڵادەست بۆ کەڵک‌وەرگرتنی تەواو لە سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران کە لە خاکی نەتەوە ژیردەستەکاندایە، لەڕێگای فکری و ئایدیاییەوە خەریکی قەناعەت پێهێنانە کە ئێران یانی کۆمەڵێک نەتەوەی جیاواز و لەڕێگای ساختەکاری لە مێژوودا خەریکی سەمپاشی فکرییە و لە رێگای تێکنۆلۆژی هاوردەکراو و کاناڵیزەکردنی، هەنگاو بۆ ڕاگواستنی سەرچاوە سرووشتیەکانی ناوچەی نەتەوە ژێردەستەکان بۆ ناوچەگەلی‌تر کە لەبواری زمانی، ئیدئۆلۆژی و فکرییەوە لە عەقلییەتی حکومەتی ناوەندی نیزیکایەتیان هەیە دەدات کە ئەو بابەتە بووەتە هۆی خەسارەتێکی گەورە بە ژینگە و کەم بوونی لەڕادەبەدەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو ناوچانە و دڕێژەی ئەو سیاسەتە بەکەڵک‌وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی سەردەم دەبێتە هۆی مەترسی گەورە لە داهاتووی ژیان لەو دەڤەرەرانەدا.

جیا لەو نموونانە نموونەی تر بۆ ترسی فێنبێرگ لە تێکنۆلۆژی بۆ نموونەی ئێران لە هەمبەر نەتەوەی کورد زۆرە و لە هەر بوارێک کە تێکنۆلۆژی ئەرکێکی بۆ باشتربوونی ژیانی مرۆڤ لە سەر شان بێ، دەستی سیاسەتە مەبەستدارەکانی حکومەتی ناوەند بۆ زیاتر چەوسانەوەی نەتەوەی کورد بەرچاو و ڕوونە.

کۆبەند

بەپێی تێزی د.هێرش قادری دژایەتی نەتەوەی کورد لە دەستپێکی هاتنی ئاریاییەکان بۆ ناوچەی کوردستان دەستی پێکردووە و پاش ڕووخانی ئێمپراتوریەتی ماددەکان بەدەستی پارسەکان، بنەمای دەوڵەت لە سەر نکۆڵی کورد و ماڵی ئێران لە سەر نەبوونی کورد دامەزرا. هەر لە درێژەی تێزەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات کە لەوانەیە لە سەردەمانێکدا بەهۆی هێرشی تورک یان مەغۆلەکان و ئیسلام، ئێران کەوتبێتە لێواری لەنێوچوون بەڵام درێژەی دەوڵەتداری لە سەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بووە و لە سەردەمی مۆدێرنیتەشدا ئەو بابەتە لە ڕێگای دەوڵەت نەتەوە کە چەمکێکی مۆدێرن بوو خۆی بەرهەم‌هێناوەتەوە. ئێرانی مۆدێرن هاوشێوەی مێژوو لەسەر نکۆڵی نەتەوەی کورد دارێژراوە و ئەو ڕەوتە تا ئێستا درێژەی هەیە و بەگۆڕینی حکوومەتەکان ئەو بابەتە هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

حکوومەتی ناوەندی ئێستا یان بە واتایەک حکومەتی پێکهاتوو لە چەمکی پارسی – شیعی بۆ چەوسانەوەی نەتەوەکانی ئێران لە تەواو کەرەستەکانی بەردەستی کەڵک‌وەردەگڕێ. یەکێک لەو کەرەستانەی کە ئەمڕۆکە بۆتە هۆی پێشکەوتنی مرۆڤ وکەرەستەیەکە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، کۆماری ئیسلامی بەپێی عەقڵییەتی نکۆڵی‌کردنی نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورد بۆ زیاتر چەوساندنەوەی نەتەوە ژێردەستەکان کەڵک لە تێکنۆلۆژی وەردەگرێ. ئەندرۆ فینبێرگ لە بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی باس لەوە دەکات، تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان لە هەیکەلەی خۆیاندا هەڵگری بەهای تایبەت بە خۆیانن. بەڵام بەهۆی نادێموکرات بوونی پڕۆسەی گەڵاڵەکردن، پلانەکان زۆربەی زۆریان بەشێوەیەکی مەبەستدار، بۆ بەرەوپێش‌بردنی بەهاکانی چینی زاڵ – نەتەوەی زاڵ (ئاماژەی نووسەر)- دادەڕێژرێن. حکومەتی ناوەندی بەپێی ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی تێکنۆلۆژی سەردەمی نییە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە هاوردەکردنی تێکنۆلۆژییە و بۆ هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی و ڕێگری‌کردن لە گواستنەوەی بەهاگەلێک کە بەپێی وتەی فینبێرگ لە ناخی تێکنۆلۆژیدایە، پەنا دەباتە بەر سەنگ‌وسووککردن یان هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژی(هەڵبەت ئەو پڕۆسەیە لە گشت وڵاتانی دونیا بوونی هەیە بەڵام بەپێی زانست تەنیا بۆ سەرکەوتنی هەرچی زیاتری تێکنۆلۆژی هاوردەکراو کەڵکی لێوەردەگیرێ)، و لەو ڕێگایەوە بە بەخشینی چەمکی زاڵی حکوومەتی ناوەند بە تێکنۆلۆژی و کەڵک لێوەرگرتنی مەبەستدار لە تێکنۆلۆژی بۆ چەوسانەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەت کورد، ڕێگا بۆ مانەوەی چەمکی زاڵ خۆش دەکات.

سەرچاوەکان:

- کتاب "سیاست تکنولوژی: نظریه انتقادی و طراحی تکنولوژی" ، گریم کیرکپاتریک ، ١٣٩٠
- رهایی از فضای تکنولوژیک حاکم در نظریه ی انتقادی تکنولوژی اندرو فینبرگ ، خشایار برومند ، ١٣٩٤ ، حکمت و فلسفه ، سال یازدهم
- الگوی اورامان و توسعه اقصادی – اجتماعی کردستان ، بایزید مردوخی ، http://bayezmardukh.com
- عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کردها ، دکتر ذکریا قادری ، ١٣٩٥
- سیستان و بلوچستان گنجینه ی انرژی های نو بی یهره از سرمایه گذاری ، غلامرضا گلزایی ، روزنامه ی صبح ایران – خراسان ١٣٩٥
- Feenberg, Andrew1991 Critical Theory of Technology . New York: Oxford University Press