ڕۆژهەڵاتی كوردستان دیسان لە نرخی بێكاریدا میداڵی زێڕی وەرگرت

زایینی: ٢٢-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٣٠ - ١٧:٥٣ تاران
ڕۆژهەڵاتی كوردستان دیسان لە نرخی بێكاریدا میداڵی زێڕی وەرگرت
هیوا میرزایی

مرۆڤ لەوەتەی هاتووەتە سەر گۆی زەوی هەوڵی ئەوەی داوە، گوزەران و باری ژیانی خۆی بەچەشنێك بڕەخسێنی كە چێژ لە ژیان ببا و بژیوی ژیانی خۆی دابین بكا و هەر ئەم ئارەزوو و ئامانجە وای لە مرۆڤ كرد كە قۆناغ بە قۆناغ هەوڵی گەشەی شارستانییەتەكان بدا و ئەم گەشەكردنە هەلی زۆرتری بۆ مرۆڤ ڕەخساندووە كە بتوانێ خۆی لە نێو كۆمەڵگادا زیاتر ببینێتەوە و لە بواری ئابووریشەوە بتوانێ پیشەی گونجاوی خۆی هەبێ و لەم ڕێگەیەوە باری گوزەران و بژیوی ژیانی خۆی دابین بكا. بەڵام گەشەی شارستانییەتەكان و بە پیشەیی بوونی وڵاتان بە تایبەت لەو وڵاتانەی كە خاوەن بەڕێوەبەرییەكی پسپۆڕ و دادپەروەرانە نین بووەتە هۆی بیچمگرتنی جیاوازی چینایەتی و هەڵاواردن ئابووری لە نێو كۆمەڵگا و دابەش نەبوونی داهاتی نەتەوەیی و نەبوونی سەرمایەگوزاری دروست و لێزانانە لەو وڵاتانە.

ئێران وەك وڵاتێكی دەوڵەمەند لە ڕووی ژێرخانی ئابووری و بوونی حەشیمەتێكی گەنج دەیتوانی یەكێك لەو وڵاتانە بێ كە لە بواری ئابووری و پێكهێنانی هەلی كار بۆ خەڵكی وڵاتەكەی پلەیەكی بەرزی هەبێ و بوار و ژیانی خەڵكی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر گونجاو بێ بەڵام بەداخەوە وەك دەبینین بووەتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە تووشی قەیرانێكی ئابووری قووڵ بووە و سەرمایە و داهاتی ئێران لە ژێر كونترۆڵی بەشێكی كەم لە خەڵكی ئێران دایە و جیاوازییەكی بەرچاوی چینایەتی لە ئەمڕۆی ئێراندا بەرچاوە و هێڵی هەژاری تا بێت زیاتر خەڵكی ئێران دەخاتە بازنەی هەژاری و بێكاری و ماڵوێرانییەوە.

"عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزڵی" وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران دەڵێت لە كاتێكدا نێونجی ڕێژەی بێكاری لە ئێراندا ١٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە بەڵام لە هێندێك لە شارەكاندا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٦٠ لەسەد. بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری خۆی هۆكارێكە بۆ سەرهەڵدانی دەیان نەخۆشی و دیاردەی دزێوی كۆمەڵایەتی وەك دزی، تەڵاق، بازرگانی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و خەمۆكی، لە وڵاتدا.

ئەوەی لە ئاماری وەزیری نێوخۆی ئێراندا چاوەڕوان دەكرا وەك ساڵانی پێشوو ئاستی بەرزی بێكاری لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە كە لە ئامارەی ئەمساڵیشدا ئەو ٩ شارەی كە بەرزترین پلەكانی بێكاریان تۆماركردووە شارەكانی ڕۆژهەڵاتن.

كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەركارییەوە بە شێوەی سیستماتیك و بەرنامەداڕێژراو هەوڵی ئەوەی داوە كە لە بواری ئابووریدا هاوتەریب لەگەڵ بوارەكانی دیكە، ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەمارۆ بدات و سەرەڕای ئەوەی كە ڕۆژهەڵات هەم لە بواری ژێرخانی ئابووری و هەمیش كشتوكاڵ وڵاتێكی دەوڵەمەندە بەڵام بە سەرمایەگوزاری نەكردن و درووست نەكردنی كارگە و هەلی كاری باشتر ڕۆڵی هەبووە لە دواكەوتووی ئابووری لە ڕۆژهەڵات. نەبوونی هەلی كار و بواری گوزەرانی خراپ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وایكردووە كە بەشێكی خەڵك بەتایبەت ناوچە سنوورییەكان ڕوو بكەنە كاری مەترسیدار و تاقەت پرۆكێنی كۆڵبەری كە زۆرجار بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەكوژرێن و بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری كوردپا لە ساڵی ڕابردوو ١٥٤ كۆڵبەر بەهۆی ڕووداوەكانی تەقەكردن، تەقینەوەی مین و سەرما و ... بوونەتە قوربانی.

كۆماری ئیسلامی بەبیانۆی بوونی بزووتنەوەیەكی مافخوازی و بەردەوامبوونی خەبات و تێكۆشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەماوەی تەمەنی خۆیدا بەچاوێكی ئەمنیەتییەوە سەیری كوردستانی كردووە و بە دواكەوتوو هێشتنەوەی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە هەوڵی ئەوە دەدات كە لای خەڵك وانیشان بدا كە ئەوە شێلگیربوونی ئێوە و پشتیوانی ئێوە لە هێزە سیاسییەكانە كە بووەتە هۆی دروستبوونی كەشی ئەمنیەتی لە كوردستان و نەرەخسانی هەلی كار و بژێوی گونجاو بەڵام بەخۆشحاڵیەوە خەڵكی ڕۆژهەڵات بەجوانی كۆماری ئیسلامییان ناسیوە و دەزانن ئەوان بە تاوانی كوردبوونە كە لە بواری ئابوورییەوە دەچەوسێنرێنەوە ئەگینا لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان وازیان لە خەباتی چەكداری هێنابوو ئەدی بۆچی هیچ پێشكەوتنێك لە بواری ئابووری لە ڕۆژهەڵات ڕووی نەداوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بواری ژیان و گوزەرانی ئەوان بەرەو خراپتر بوون دەڕوا.