کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمان‌پەروەر لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان

زایینی: ٢٩-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/٠٧ - ١٦:٥٢ تاران
کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمان‌پەروەر لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان
کوردستان میدیا: مام فەرامەرزی ئارامش کەسایەتیی نیشتمان‌پەروەر و گەل خۆشەویستی ناوچەی چۆمی مەجید خان لەتەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی یه کشه ممه ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی مام فەرامەرز ئارامش لەبنەماڵەی پێشمەرگە پەروەری ئارامش ناسراو بەبنەماڵەی عەلی فەرامەرز، براو مامی شەهیدان کەریم ئارامش و سولەیمان ئارامش کە لەسەرەتای شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامیەوە شەرەفی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەبووە و بەئاشکراو نهێنی خزمەتی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی دێمۆکراتیکی گەلەکەی کردووە لەتەمەنی ٧٢ساڵی بەهۆی نەخۆشییەکی کوت و پڕ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ئەم هەواڵە مام فەرامەرزی ئارامش لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەو خەم و کەسەری خزم و خۆشەویستانی لە زێدی خۆی لە ئاوایی ئەسکەرئاباد بەخاکی پیرۆزی نیشتمانی ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی ئارامش و خەڵکی ناوچە دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.