دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

زایینی: ٠١-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٠ - ١٢:١٢ تاران
دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد
کوردستان میدیا: دایە "خەدیجە ئیسماعیلی" دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دایە سەیدزاده "خەدیجە ئیسماعیلی" خەڵکی گوندی "وسووکەندی" ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، دایکی شەهید "ئیبراهیم چابۆک" ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

تەرمی دایە خەدیجە لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهيد ئیبراهيم چابۆک ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، مانگی جۆزەردان له پايەگای "چڕی سپی" گوندی "گوێگ تەپه"ی مەهاباد لە شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان شەهید بوو.

ماڵ دایە خەدیجە شوێنی حەسانەوەی هەموو كادر و پێشمەرگەکانی هێزی "پێشەوا" و "قەنديل" بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە خەدیجە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.