ڕەخنەی شاعێر و بیرمەندی ئێرانی لە "شارەزایانی سانسۆر"

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٨:٣٧ تاران
ڕەخنەی شاعێر و بیرمەندی ئێرانی لە
کوردستان میدیا: خەمساردی و پشتگوێ خستنی چاپی بەرهەمێکی ئەدەبی، لە لایەن وەزارەتی ئیرشاد، ڕەخنە و گازندەی شاعێرەکەی لێ کەوەتەوە.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاعێر و بیرمەند "سەید عەلی ساڵحی" لە یادداشتێکدا لە ژێر ناوی "بێ‌هیوا نابم" ڕەخنەی لە وەزارەتی ئیرشادی ڕێژیم گرت و باسی لەوە کردووە، کە حەوت مانگە ڕێگایان بە چاپی کۆمەڵە شێعری "سروودی ڕۆحی مەزن"ـیان (سرود روح بزرگ) پێ نەداوە.

سەید عەلی ساڵحی لەو بارەوە وتوویەتی: ئەم کۆمەڵە شێعرە ٧ مانگە لە لایەن چاپەمەنی "نگاە" پێشکەش بە وەزارەتی ئیرشاد کراوە، بەڵام لە لایەن ئیدارەی کتێبی ئەم وەزارەتخانەیە بە جۆرێک دراوەتە دەستی فەرامۆشی و حەوت مانگە هەروا داکەوتووە و ڕایگەیاند: "بە چ حەقێکەوە لەگەڵ ژیانی ئێمە گەمە دەکەن؟ مەگەر شارەزایانی سانسۆر دەبێت چەندە ئەم دەفتەرە ژێر و ژوور بکەن، ئەویش لە سەردەمێک کە "دەم لە هەبوونی ئازادی ڕادەبڕین دەدەن".

وەزارەتخانەی ئیرشاد پێشتریش ڕێگایان بە عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان نەدابوو، کە بەرهەمی "ناسنامە" (شناختنامە) لە چاپ بدات و بە چاپەمەنییەکەیان ڕاگەیاندبوو، کە چاپی ئەم کتێبە یاساغە.

سەید عەلی ساڵحی یەکێک لەو شاعێرە فارسانەیە کە بە بیری کراوە و بە دوور لە بیری تەسکی ناسیونالیزمی توندئاژۆوانە شێعری بۆ نەتەوەی کورد و کارەساتی شەنگال هۆنیوەتەوە و تەنانەت "سلێمانی و سپێدەی جیهان" لە بەرهەمە شێعرییەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەسیشی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوە.