چەند ڕەهەندێک لە پرۆژەی ئایدیای ئیمپراتوریی ئەتۆمی

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٨:٥٨ تاران
چەند ڕەهەندێک لە پرۆژەی ئایدیای ئیمپراتوریی ئەتۆمی
کەیوان دروودی

ئایدیای ئیمپراتوریی قەومی وەکوو پرۆژەی حکوومی لە کۆتاییەکانی قاجار و سەرەتای پەهلەوییەوە لە ئێران دەستیپێکرد. وەک لە رابردوو و ئیستادا دیارە ئاوێتەیەک لە ئەزموونی سیستمی پاشایەتی و عەقڵییەتی شیعەگەریی ویلایەتی فەقیهی وای کردووە کە جوغرافیای ئێران ببێتە مەیدانێکی ئاوەڵای ئیدەئال بۆ ئەم مەبەستە. ئەگەرچی بەریەککەوتنی ئەم دوو رەهەندە هزرییە تەواوکەرە، بە لێشاو لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا دیارە، بەڵام جۆرێک لە لێک‌تێگەیشتنیان بۆ کاتی دیاریکراو هەیە.

هۆی ئەم تێگەیشتنە هاوبەشەش بۆ تەواوکەربوونیان دەگەڕێتەوە کە بنەچەکەی لە پێگەی کۆمەڵایەتیی هاوتەریبیاندایە کە بەدرێژایی مێژوو جەماوەرێکی گەورەی ئاپۆڕەی لەدەور خۆیدا کۆ کردووەتەوە. هۆی گوتاری دژەعەرەبیی ڕێژیمی ئیسلامیش هەر بۆ ئەم مەسەلە دەگەڕێتەوە کە گەرەکی نییە تووشی لەکیسچوونی پێگەی لای دەستەی دووەم بێت. ئەم کردارە لە ناوەندی دەنگ و رەنگی رێژیمدا تەنانەت لە کێبەرکێیەکی وەرزشیدا دیارە تا دەگات بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و پەنابردن بۆ سیمبۆل و ئێلێمانەکانی قەومی و میراتی پاشایەتی کە لە سەردەمی خاتەمییەوە بوو بە باو و لەلای ئەحمەدی‌نژاد و رۆحانییەوە درێژەی پێدرا.

جەختی ئێمە لەم وتارە لەسەر پرۆژەیەکە کە تا ئێستە کەمتر لەسەری باس کراوە. پرۆژەی وزەی ناوکی بەهیچ شێوازێک دەرهاویشتەی دەسەڵاتی دەستەی حوکمڕانی دوای ٥٧ نییە. بەڵکوو رێژیمی ئیسلامی تەنیا درێژەدەری ئەم ئایدیایە بووە. وزەخانەی ئەتۆمیی بووشەهر بە گرێبەستێک لە ساڵی ١٩٧٤ی زایینییەوە لە نێوان دەسەڵاتی دەرباری ئەوسای ئێران و کۆمپانیایەکی ئاڵمانی ئیستارتی لێدرا و بەردەوام بوو. لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران رۆژنامەی زمانحاڵی دەستەی حوکمڕان لە ژمارەی ١٤ی خۆیدا لەژێر ناوی"وزەخانەی ئەتۆمی ناپاکییەکی ئاشکرا دژی گەلی ئێمەیه"، بە فەرمی سیاسەتی خۆی بەرامبەر بەم پرۆژە دەرخست.

بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٢ دەرکەوت کە بە شێوازی شاراوە و دوور لە چاودێریی رێکخراوی جیهانیی وزەی ناوکی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا درێژەی بەم پرۆژەیە داوە. ئەم نهێنییەی رێژیم لەلای رێکخراوی شوورای میللی مقاومەت بۆ یەکەمجار ئاشکرا کرا کە ئەمەش لەخۆیدا پەیامی ئەوەی پێیە کە رێکخراوە جیهانییەکانی پەیوەندیدار بەم پرسە و هەروەها ئامریکاش ناتوانن دڵنیا بن لەوەیکە لە حەشارگە نیزامی و ئەتۆمییەکانی نێو ئێران چی دەگوزەرێ!

لێرە بەدواوە لە کاتێکدا کە رای گشتی لای وابوو گەمارۆ دەتوانێ وا لە رێژیم بکات دەست لە پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵبگرێ، بەڵام وا نەبوو و لە کۆتاییدا بە رێککەوتنێک ناسراو بە بەرجام ئەم قەیرانە لە کەفوکوڵ نیشتەوە. بەڵام ئەمە کۆتایی کار نەبوو و دوای ئەم رێککەوتنە لەرزۆکە، بەرجام بوو بە قەڵغانێک بۆ هەرجۆرە زەخت یان کاردانەوەیەکی جیهانی لەبەرامبەر ئەوپەڕخوازیی ئایدیای ئیمپراتۆرییەکە. لێرە بەدواوە دەستی سوپای قودس و قاسمی سولەیمانی لەژێر سێبەری بەرجام بۆ برەودانی زاڵییەتی دەسەڵات ئاوەڵاتر بوو. لێرەدا دەوری بەرجام ئەوەبوو کە هەڕەشەی ئەتۆمیی لەسەر ناوچە و جیهان لابردووە و بووەتە هۆی گەرەنتییەک بۆ راگرتنی پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم. بەو بۆنەوە بەشدارانی رێککەوتنەکە و بەتایبەتی ئورووپاییەکان، ئێستەشی لەگەڵ بێ، لاپەڕەکانی بەرجام وەک یاسایەکی جیهانی گشتگیر دەبینن و پێداگرن لەسەر پراکتیزەکردنی. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان هەر زوو کەوتە باسکردن لە دەرهاویشتە نەرێنییەکانی و دەستەواژەی "رۆحی بەرجامی" هێنا کایەوە. ئەدمینیسترەیشنی نوێی ئامریکا درکی بەوە کردووە کە ئیدارەی ئۆباما فایلێکی ناتەواوی لە کۆشکی سپی جێهێشتووە کە چارەنووسی تاقیکاری رۆکێتی بالێستیک، دەسدرێژی و داگیرکاریی نیزامی لە ناوچە و بەگشتی مەسەلەی سوپای قودس یەکلایی نەکردووەتەوە.

رووی گرینگی ئەم مەسەلە پشتیوانیی پڕاوپڕی بەشی قەومگەرای ئۆپۆزیسیۆنی بەناو سەرانسەرییە لە دەستێوەردانەکانی شەخسی قاسمی سولەیمانی کە ئەوە دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئایدیای ئیمپراتۆری لە هەر فۆرمێکدا بۆی دەلوێ خۆی دەردەخات. وزەی ناوکیش ئەگەر لە سەردەمی پەهلەوی و هەتا ئێستەش نەیتوانیوە خەونی چەکی ناوکییان بۆ بەدی بێنێت، خۆ توانیویەتی ببێتە قەڵغانێکی ئەستوور کە نەتەنیا روویان وەک ئیرادەیەکی ئاشتیخواز بنوێنێ بەڵکوو لایەنی رێسایی و یاسایی و تەنانەت ئاکاریش بەخۆوە بگرێ و ببێتە شووشەیەکی ناسکی سیمبۆلیک کە دەست و لاقی هەموو زیان لێکەوتووانی ناوچە و جیهان و ناوخۆی ئێران بەرامبەر بە ئایدیاکەیان ببەستێتێتەوە و هەر هەنگاوێکیان بۆ بەرەورووبوونەوەی ئەم ئایدیا تۆقێنەرە دەبێ بەسەر بەربەستێک بە ناوی بەرجام هەڵبگیردرێ. لەگەڵ هەموو ئەم راستییانە کە وەک ئەمری واقیع چەسپاون، پێداگریی یەکیەتیی ئورووپا بۆ مانەوە بە ئاراستەی بەرجامدا زیاتر لە جاران رێخۆشکەرە بۆ درێژەی رەوتی خێرای تێرۆریزمی فاشیزمی قەومی/مەزهەبیی رێژیمی ئێران. هەربۆیەش ئەگەر بێت‌و جیهان بە زوویی چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە شاراوە نەبینێتەوە، ئەوە بە زانینی ئەو راستییە کە ئەم دەسەڵاتە سەدان کیلۆمیتری دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بڕیوە و چمکێکی لە لێوارەی مەدیترانە و لایەکی لە کەنداوی عەدەن دەدات دەبێ قەبووڵی دەسەڵاتێکی ملهوڕی ئیرادەگەرا بکات کە زۆر زیاتر لە کۆرەی باکوور مەترسیدارتر، بێسنوورتر و کارەساتبارەترە. هەروەها گەلانی نێو جوغرافیای ئێران دەبێ ئەوە بزانن کە لەم حاڵەتەدا کە تێییدان، جیا لە لێک نزیکبوونەوە و دان بەیەکترنان هیچ دزەرێگەیان لە داهاتوو بۆ رزگاری لەژێر چەپۆکی ئەم ئایدیا فراوانخوازە لەبەردەمدا نامێنێ.