گوشاری ئابووری ئامرازی گۆڕینی دێمۆگرافیای کوردستان

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٩:٠٩ تاران
گوشاری ئابووری ئامرازی گۆڕینی دێمۆگرافیای کوردستان
(ناوچەی چۆمی مەجید خان وەک نموونە)

ن: جەماڵ بۆڕناسر


یەکێک لە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان کە سەرچاوەگرتوو لە هزری فاشیستی ئەوانە و لە قەوارەی گەیشتن بە ئامانجە زێدەخوازانەکانیان خۆی دەبینێتەوە بریتییە لە گۆڕینی دێمۆگرافیای ئەو هەرێمانەی کە دەنگی ناڕازی یان ئازادیخوازییان تێدا بەرز دەبێتەوە.

لە عێراقدا و لە سەردەمی ڕێژیمی سەدام حسەین ئەم سیاسەتە لەدژی شارێکی وەک کەرکووک ئەنجام درا کە بە سیاسەتی "تەعریب" ناوی دەرکرد؛ یان هەوڵدانی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیە و سوریە بۆ بەتاڵ‌کردنەوەی گەلی کورد لەو دوو پارچەیەی کوردستان لە شوناسی نەتەوەییان.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا ئێمە شاهێدی دۆخێکی لەم جەشنە هەین؛ لە سەردەمی دەسەڵاتی پاڵەویدا و لە نێوئاخنی گوتاری "یەک دەوڵەت – یەک نەتەوە" هەوڵ بۆ سڕینەوەی شوناس و پاکتاوی ڕەگەزی گەلانی ئێران و لەسەرووی هەمووان گەلی کورد درا کە ئەگەرچی شکستی خوارد بەڵام بوو بە هەوێنی سیاسەتداڕێژی سیستمی دوای خۆی واتە کۆماری ئیسلامی ئێران.

یەکێک لەو ناوچانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە ساڵانێکی دوورودرێژە لەم ڕاستایەدا هەوڵ بۆ گۆڕینی دێموگرافیاکەی دەدرێت ناوچەی چۆمی مەجیدخانە؛ ناوچەی چۆمی مەجیدخان یەکێک لەو ناوچانەیە کە لە ڕووی کشتوکاڵیەوە بە ناوچەیەکی دەوڵەمەند دێتە ئەژمار و لە پارێزگای ورمێ بە جەمسەرێکی بەهێزی چاندنی چەوەندەر دەناسرێ، بەڵام چەندین ساڵە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی تارانەوە گوشارێکی بێ‌وێنە خراوەتە سەر خەڵکی ئەو ناوچەیە و هەرجارە بیانوویەک بە جوتیارانی ئەو ناوچەیە دەگرن.

چەندین ساڵە بە بیانووی پڕکردنەوەی گۆلی ورمێ گوشاریان خستۆتە سەر جوتیارانی ئەم ناوچەیە، کە نابێ بیر لێدەن و ئاوە بن عەرزییەکان هەڵنجێنن، بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە دەژین بێجگە لە جووتیاری هیچ رێگایەکی دیکەیان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان نییە و ئەگەر دەست لە جووتیاری هەڵگرن دەبێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو شارەکان و ناوچەکانی دیکە کۆچ بکەن.

بەپێی دوایین داتاکان لە چەندسەد کیلۆمیتر ئەولاتری ناوچەی چۆمی مەجیدخان واتە لە بەنداوی حەسەنلو ئەو کێشەیە نییە و وەک مەزندە دەکرێ هەزاران هێکتار زەوی کە بە بەنداوی حەسەنلو ئاوەدان بۆتەوە و ئێستا جوتیاری لێ دەکرێ؛ ئەگەر بڕوانینە جوغرافیای ناوچەکە دەبینین کە ئەو بەنداوە زۆر لە گۆلی ورمێ دوور نییە و سەرچاوەیەکی باشە بۆ پڕبوونەوەی گۆلەکە بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەلپەرستانە و هەڵاواردنە نەتەوەییەکانی ڕێژیم و پشتیوانی دەسەڵات لە خەڵکێکی تایبەت لەو ناوچەیە، ڕێژیم ئەو کارەی نەکردووە و ناشیکا.

جێگای ئاماژەیە مەودای نێوان بەنداوی حەسەنلوو تاکوو گۆلی ورمێ کەمتر لە ٥٠ کیلۆمیتر بەڵام چۆمی مەجید خان بە سەدان کیلۆمیتر لەو گۆلە دوورە کە ئەو بڕیارەی بەرپرسانی ڕێژیم جێگای سەرسووڕمانە و زیاتر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە بڕیارێکی لەم چەشنە بەشیوەیەکی ئامانجدار و لەدژی دانیشتووانی چۆمی مەجیدخان دراوە.

چۆمی مەجیدخان و دەورووبەری ناوچەیەکە کە لە بواری ئاوی ژێر زەوینییەوە دەوڵەمەندە بەڵام بەهۆی هەڵکەوتی جوغرافیاییەوە زەختی لەسەرە بە شێوەیەک کە بە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەئەژمار دێت و ڕابڕدوویەکی خوێناویشی لە شەڕی داسەپاو بەسەر کوردستاندا هەیە؛ بە چەشنێک کە بە دەیان و سەدان خانوو لە لایان پاسدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی تارانەوە تاڵان کران، ڕووخێندران و سووتێندران و بە سەدان کەسی سڤیل لەو ناوچەیە بوونە قوربانی سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهییەوە و ڕێژیم زەبری کووشەندەی لەو ناوچەیە لە ڕووی سەربازییەوە وێکەوتووە، هەر بۆیە ڕێژیم هەستیارییەکی زۆری لەسەر ئەو ناوچەیە و دەورووبەری هەیە.

ماوەیەک پێش ئێستا ڕێژیم بڕیاری گواستنەوەی زیاتری ئاوی ڕووباری جەغەتووی بۆ شاری تەورێزدا کە نارەزایەتی خەڵکی ناوچەی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ڕێژیم دەیان وت ئەو پڕۆژە نوێیە بۆ گواستنەوەی ئاوی جەغەتوو، تەنیا بۆ پەدافەندی غەیرەعاملە یانی ئەگەر ئەو خەتە لولە کۆنە، بە هەر هۆکارێک نەیتوانی ئاو بگوازێتەوە ئەوە لەو خەتە لولە نوێیە کەڵك وەردەگیرێ ئەوەش لە حاڵێک دابوو کە ئەو پڕۆژە نوێیە زۆر مەزنتر لە پڕۆژە کۆنەکە بوو و لە ٢٤ شار و ٣٣٧ لادێ تێپەر دەبوو و ٧٠ میلیارد تمەنییان بوودجە بۆ دانابوو بەڵام پڕۆژە کۆنەکە تەنیا لە ٦ شار تێپەڕ بووە و بودجەیەکی زۆر کەمیان بۆ تەرخان کردبوو؛ لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کە ئایا ئەو پڕۆژە گەورەیە بەو هەموو خەرجەوە تەنیا بۆ پەدافەندی غەیرە عاملە؟!

ئەوەیکە پڕئاشکرایە ئەگەر ئەو ئاوانەی لەو ناوچەیەدان تەنیا ٢٠% بۆ زەوییەکانی ئەو ناوچەیە کەڵکیان لێ وەربگیردرێ هیچ کێشەیەک لە بواری جووتیاری لەو ناوچەیەو دەورووبەری نایەتە پێش؛ بەرپرسانی ڕێژیم ئاوی ئەو ناوچەیە بۆ خەڵکانێکی دیکە لە پارێزگاکانی دیکە بە ڕەوا دەزانن بەڵام بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەی بە ڕەوا نازانن!

گواستنەوەی ئاوی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و دەورووبەری لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بەبیانووی پڕبوونەوەی گۆلی ورمێ هەموو دژایەتییەک لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە دەکا کە بەشێکیان بەم چەشنەن: پڕکردنەوەی بیرە ئاوەکان، قەدەغەکردنی لێدانی بیر و نەدانی قەرز بۆ ئاسانکاریی جووتیاری، نەدانی پارەی بەرهەمە دەستەبەرکراوەکان لە لەلایەن ڕێژیمەوە و ... .

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیم لەو ناوچەیە گوشاری بۆ جووتیاران هێناوە و بەبیانووی جۆراوجۆر جووتیاران ئەزیەت و ئازار دەدا، چەندین ساڵە هەڕەشەی پڕکردنەوەی بیرەکان لەسەر جووتیارانی ئەو ناوچەیە هەیە و زۆر بیریشیان پڕکردۆتەوە کە لە زۆر حاڵەتدا بۆتە شەڕ لە نێوان هێزەکانی ڕێژیم و جووتیارانی ناوچە و خەڵکی تووشی سەرئێشەیەکی زیاتر کردووە؛ گوشارێکی دیکە کە چەند ساڵە دەستی پێکردووە نەدان یان درەنگ دانی پارەی بەرهەمی جووتیارانە؛ زۆرێک لە جوتیاران لە کاتی تەحویلدانی بەرهەمەکانیان پێیان دەڵێن ئەوە تەحویلتان دا بەڵام بۆ پارەکەی مەیەنەوە ئێرە، ئەگەر هەبوو دەتان دەینێ ئەگەریش نەبوو ئەوە لێیگەڕێن! لە زۆر حاڵەتیشدا پێشیان واژۆ دەکەن کە حەقیان نیە باسی پارە بکەن؛ جووتیارانیش لەبەر هەڕەشە و گووڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم داوای پارەکەیان ناکەن یان ئەگەر داواشی بکەن وەڵامیان نییە و زۆر جار بێڕێزیشیان پێدەکرێ هەر بۆیە ئەو بەرهەمانەی کە ڕێژیم بە قەولی خۆی دەستەبەری کردوون پارەکەیان زۆر جار بە دوو ساڵیش وەدوا دەکەوێ و جووتیاران بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان و پەرەپێدانی جووتیاری تووشی کێشە دەبن و بەرهەمی ئەو ناوچەیە بەرە بەرە دادەبەزێت.

شتێکی دیکەی سرنج ڕاکێش ئەوەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەتەی قەند و تڵتەشیان لە جووتیارانی ئەو ناوچەیە بڕیوە و کارخانەی چەوەندەری میاندواو کە بۆتە کارخانەیەکی داسەپاوی ئەو ناوچەیە ئەو زەختەشی لەسەر جووتیاران زیاد کردووە و جووتیارانیش وەک هەموو ساڵێ لە ترسی بەرپرسانی ڕێژیم کە نەکا پەیمانەکەیان لێ هەڵپەسێرن یاخود بەرچەسپێکی سیاسیان لێ بدەن بێدەنگ دەبن؛ لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتی تەحویل وەرگرتنی چەوەندەر بڕیاری نەچوونەدەری چەوەندەر لە پارێزگای ورمێ هەموو ساڵێ دەردەکرێ، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زیادی چەوەندەری جووتیاران دەبێتە خەمێک بۆیان، چوونکە لەلایەک کارخانە لێیان وەرناگرێ و لە لایەکیش بەرپرسان و کارخانەدارەکان کە زۆربەی هەرە زۆریان مۆرەی رێژیمن ناهێڵن چەوەندەرەکە بچێتە دەروەی پارێزگای ورمێ و کارخانەکانی دیکەش بەهۆی پڕبوونەوەی ڕێژەی وەرگرتنی چەوەندەر لێیان وەرناگرن و جووتیار بە ناچار بە پارەیەکی کەم دەیفرۆشێ و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.

پیلانێکی دیکەی ڕێژیم لەم ڕاستایەدا بۆ خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان گەڵاڵەی "نەکاشت" بوو کە دواتر ناوەکەی بۆ گەڵاڵەی "بهکاشت" گۆڕدراوە؛ لە گەڵاڵەی نەکاشت‌دا بڕیار وابوو نەهێڵن خەڵکی ناوچە و دەورووبەری کۆمەڵە بەرهەمێک وەک چەوەندەر، وێنجە، پیواز و بە گشتی ئەو بەرهەمانەی بە ئاوێکی رادەی زۆر بەرهەم دێن بچێنن و پێشیان پێ بگیردرێت ئەو کارەش یانی فەلەج بوونی جووتیاری ئەو ناوچەیە. پاشان کە گەڵاڵەی بهکاشتیان گۆڕیوە بە گەڵاڵەی نەکاشت بڕیار وابوو کە ئاودێری دەشتەکی جێگوزینی ئاودێری بارانی بکرێت ئەویش ڕێژیم بۆ ئەو کارە هیچ ئاسانکارییەکی وەک دانی وام بە جووتیاران نەبوو و ئەگەر وامیشی دابا هێندە کۆسپی بۆ وەرگرتنی ساز دەکرد کە جووتیار لە ڕووی ناچارییەوە وازی لێدەهێنا.

وەک لە سەرەتاشدا باس کرا ئەو هەموو گوشارەی ڕێژیم لەو ناوچەیە پیلانێکی دزیوی رێژیمە کە دەیهەوێ بەهۆیەوە دێمۆگرافیای ناوچە بگۆڕێ و ئابووری کوردستان لەو ناوچەیە ئیفلیج بکا و لەوەش زیاتر خەڵک تووشی چارەڕەشی بن.