دەسەڵات و کۆمەڵگا

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٩:١٣ تاران
دەسەڵات و کۆمەڵگا
جەماڵ فەتحی

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە، حکوومەتەکان خاوەن دوو سیمای زبر و نەرمن و ئەم دوو تایبەتمەندییە لە نێوان هەموو حکوومەتەکاندا هاوبەشن؛ واتە چ دێموکراتێک و یاسامەند بن یان نادێموکراتیک و پێشلێکەری یاسا بن بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری سیاسیی و کۆمەڵایەتی پێویستە خاوەن ئەم دوو سیمایە بن.

لە هەر کۆمەڵگایەکدا جیا لە دەسەڵات و هێزی حکوومەتیی، چەندین دەسەڵاتی شاراوە لە نێو چینە جۆراوجۆرەکان بڵاو بوونەتەوە و لە هێندێکیان بە ئاشکرا و شاراوە شانبەشانی حکوومەتەکان لە ئیدارەی کۆمەڵگا دەور دەگێڕن، دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگا ئەگەرچی دەسەڵاتێکی بەرچاو نین و لە پێوەندییە نێوەدەوڵەتییەکاندا، ئاراستەی ئەو پێوەندییانە ڕوویان لە دەسەڵاتە ئاشکراکانە (حکوومەتەکان)، بەڵام ئەوە کۆمەڵگایە کە ئەو هێز و دەسەڵاتەی بە حکوومەتەکان بەخشیوە، هەتا کۆمەڵگا تووشی بێسەرە و بەرەیی نەبێ و پێش بە ئانارشیزم و چەند بەرەکی بگیردرێت.

ئەوەیکە هەموو حکوومەتەکان بە یاسامەند و نایاسامەندەوە دوو سیمای زبر و نەرمیان هەیە، ئاماژە بەوە نییە کە حکوومەتەکان هەموویان یەک ڕێڕەو و یەک ناوەڕۆکیان هەیە، بەڵکوو ئەو دوو سیما و تایبەتمەندییە ئامرازی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی هەر حکوومەتێکی (دێموکراتیک و نادێموکراتیک)ـە، بەڵام چۆنیەتی و شوێندانەریی سیماکانە کە ڕەوایی و ناڕەوایی دەسەڵاتەکان لە کۆمەڵگا دەستەبەر دەکات و هێزە شاراوەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتە ئاشکراکان هاودەنگ دەبن یان بەپێچەوانەوە بەرەیەکی دژبەر سەر هەڵدەدات. ئەگەر هێزە شاراوەکانی کۆمەڵگا لە نێو حکوومەتەکان ڕۆڵیان هەبێت، ئاستی پێوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا لە ڕاستای کاروبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان چڕتر دەبێتەوە و لێرەوەیە کە سیمای زبری دەسەڵات سڕ دەبێت و سیمای نەرم باڵ بە سەر کۆمەڵگادا دەکێشێت و ئارامی و سەقامگیریی لە کۆمەڵگا جێگیر دەبێت.

ئەگەر کۆمەڵناسی سیاسی، زانستی تاوتوێ کردنی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی حکوومەت و دەسەڵاتی کۆمەڵگا بێت، ڕەوایی بوون و ناڕەوایی بوونی حکوومەتەکان و چۆنیەتی ئەو پێوەندییانەی ئاشکرا دەبن و ئاست و ڕۆڵی هێزە شاراوەکانی کۆمەڵگا لە حکوومەتدا دەردەکەوێت، ئەو پێوەندییانە لە دوو ئامانج یەکیان دەپێکێت؛ یان ئەوەیکە هێزی کۆمەڵگا لە خزمەتی دەسەڵات بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دایە، یان ئەوەیکە هێزی کۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ نەرمی نواندنی ڕواڵەتی و ڕەوایی بەخشین بە حکوومەتەکەیان هەڵخەڵەتێندراون.

چۆنیەتی و چەندیەتی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، کە سیمای سەرەکیی هەر حکوومەتێک لە ئاستی نێوخۆیی پێناسە دەکات.

پێشتر کە فۆرمی حکوومەتەکان بە شێوەیەکی کلاسیک بوو، کۆمەڵگا لەلایەک و پادشا و دەسەڵاتداران لە لایەک بوون، واتە پێوەندییەکان یەک لایەنە بوون و ناساندنی سیمای حکوومەتەکان زۆر ئەستەم نەبوو، چونکە دەسەڵاتداران خۆیان بە هەموو شتێکی ئەو پێوەندییە دەزانی کە هەموو مافێکیان هەیە و ڕەواییان لە ڕێگای هێزی نیزامی و زاڵبوون بە سەر سامانە گشتییەکانەوە وەردەگرت و لایەنی بەرانبەریشیان بە لایەنێکی پێناسە دەکرێت کە هیچ مافێکیان جگە لە ملکەچ بوون و ڕاپەڕاندنی دەستوورەکانی ئەوانیان نییە.

دابەشکردنی کۆمەڵگا بە سەر دوو بەشی "دەسەڵاتدار" و "ژێردەسەڵات" لەو کاتەوە کە پێوەندییەکان بە هۆی گەشەسەندنی زانستە تکنۆلۆژییەکان بەربڵاوتر بووە، ڕواڵەتی گۆڕیوە و دەسەڵاتداران بۆ داسەپاندنی ئەو سیما زبرەی خۆیان بە سەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە سەرچاوەی هێزە شاراوە و ئاشکراکانن، بە داڕشتنی تیۆری نوێ لە جیاتی ئەوەی خۆیان لە لایەک دابێنن و هێزی شاراوەی کۆمەڵگا لە لایەکی دیکەوە، هێزی خۆیان لە نێو تۆڕە تێکچێنراوەکانی کۆمەڵگا بڵاو کردووەتەوە و بە تێکەڵ بوون لەگەڵ بەشەکانی کۆمەڵگا هەتا لووتکەی تواندنەوەی بردوویانن و بە شێوازێکی دیکە هێزی شاراوەی کۆمەڵگایان بەرەو سڕکراوی و ملکەچی هان داوە.

ئەو دەسەڵاتانە کە بۆ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتداریەتی و ئەوەیکە هەیبەت و ئۆتۆریتە و ڕەواییان دەستەبەر بکەن، بەشێوەیەکی بێ‌سنور کەڵک لە سیمای زبر و توندیان وەردەگرن، پاش ماوەیەک ئەو ڕەواییەی کە لە کۆمەڵگا گرتوویانە ماوەی بە سەر دەچێت و تەنیا ڕێگا بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، داپڵۆساندنی ئەو هێزەیە کە لە نێوان تۆڕە چێنراوەکانی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی شاراوە دابەش کراون. داپڵۆسین و کپ کردنی ئەو وزە و هێزانە کە خودی سەرچاوەی هێز و ڕەوایی دەسەڵاتەکانن، کارێکی درێژخایەن و ئەستەمە، چونکە بە لەنێوچوونیان وزە و هێزی حکوومەتەکانیش دەکەوێتە مەترسییەوە و لە زونگاوی بێدەرەتانیان دەچەقێنن، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆمەڵگا لە جموجووڵە جەماوەرییەکان بێبەری بێت، بەڵام ئەو بێدەنگییە نیشانەی نەمانی هێزە شاراوەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ خۆڕێکخستنەوەیەکی نوێ و دۆزینەوەی هەل و کەلێنێکی دیکە بۆ کورت کردنی دەستی دەسەڵاتدارانی لە ڕێ لادراو و سەرەڕۆیە.