حوکمی چوار ساڵ زیندان بە سەر دوو هاووڵاتیی کورد سەپێندرا

زایینی: ١٢-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/٢١ - ١٣:٠٤ تاران
حوکمی چوار ساڵ زیندان بە سەر دوو هاووڵاتیی کورد سەپێندرا
کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی مەریوانی، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە به چوار ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتی ١٨ خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی نێ به ناوەکانی "ئەمیر ئەرژەنگ و باست ئەفشار" به تاوانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە نەورۆزی جامانەکانی ئەمساڵدا، لە لایەن دادگای ئینقلابی مەریوان بە چوار ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دادگای ئینقلاب یەکەمجار حوکمی سێ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ سیستان و بەلووچستان دەر دەکات، بەڵام بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە لایەن بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییه، حوکمەکە بۆ چوار ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕدراوە.

پاش بەڕێوەچوونی نەورۆزی جامانەکان (نەورۆزی ١٣٩٦) لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵات و کردنەوەی ئاگری نەورۆز و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و جامانه، هێزه ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم به گرتن و هەڕەشه کردن گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەتا ئێستەش درێژەی هەیە.