قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/١٥ - ١٩:٤٩ تاران
قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
د. ئیدریس ئەحمەدی

لە ئاخاوتنێکدا لە ٨ی مارسی ١٩٨٩ی زایینیدا، دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە "خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێ، بە هیچ شێوەیەک جودا نییە لە خەباتی میلەتەکەمان بۆ دێموکراسی و خودموختاری."

ئەو ئاخاوتنەی دوکتور قاسملوو و هەروەها " کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزم"، کە لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٩٨٤ پەسەند کرا بەڵام ساڵێک پێشتر ئامادە کرابوو، لە سەردەمی شەڕی سارد و هێژمۆنی فکری مارکسیزمدا پێشکەش کراون.

دوکتور قاسملوو پێش سەرهەڵدانی ڕەوتی فکری پاشمارکسیستی (post-marxist)، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن "ئێرنێستۆ لاکلاو" و "شانتال موف"ەوە لە بەرهەمێکدا لە ژێر ناوی "هێژمۆنی و ستراتیژی سۆسیالیستی" بە شێوەیەکی تۆکمە دەرکەوت، ڕەخنەی هاوشێوەی پۆستمارکسیستەکانی لە مارکسیزم گرت. لە "کورتەباسێک لە سەر سۆسیالیزم"، دوکتور قاسملوو دەنووسێ یەکێک لە هەڵە سەرەکییەکانی مارکسیزم بریتییە لەوەی کە تەنیا خەباتی چینایەتی بە ڕەوا دەزانێ، لە کاتێکدا خەباتی نەتەوایەتی، خەبات لە پێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانیدا، هەموویان ڕەوان. هەڵبەت دوکتور قاسملوو خەبات لە پێناو ئازادی و دێموکراسیش بە دابڕاو لە یەکتر نابینێ و دەنووسێ کە ئەو جۆرە خەباتانە، دەبێ پێکەوە ببردرێنە پێش.

پێش پۆست مارکسیستەکان، هێندێک فێمێنیست، بەتایبەت ئەوانەی کە بە فێمێنیستی سۆسیالیست ناسراون، بەهەمان شێوە ڕەخنەیان هەم لە مارکسیزم و هەمیش لە لیبڕالیزم گرتووە. لەلایەکی دیکەوە، بیرمەندی فێمێنیسیتە ڕەشپێستەکان ڕەخنەیان لە فکری فێمێنیستی ژنە سپیپێستەکان گرتووە و جەختیان کردووەتەوە کە ڕەشپێست بوون و ژن بوون لە کەیسی ژنە ڕەشپێستەکاندا ناکرێ بە دابڕاو لە یەکتر ببیندرێ، بەڵکوو مرۆڤ لە ڕێگای جیاوازەوە دەچەوسێندرێتەوە و ئەو ڕێگاگەلە لە شوێنێک لە ژیانی مرۆڤدا لە خاڵی وەبەریەک‌کەوتندا بەرجەستە دەبنەوە.

لە ساڵی ١٩٨٩دا بیرمەندی فێمێنیستی ڕەشپێست "کیمبێرلی کرنشا" چەمکی intersectionality بۆ ئەو مەبەستە هێنایە نێو زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە. لە کوردیدا، دەشێ دەستەواژەی "وەبەریەککەوتن" بەرانبەر بە intersectionality بەکارببردرێ. بۆ نموونە، ژنێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ژێردەستی ئێران کە سەر بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بێ، بەهۆی ژن بوون و کوردبوونییەوە وێڕای پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، بە چەندین جۆر دەچەوسێندرێتەوە و ئەو ڕێگا جۆراوجۆرانەی چەوساندنەوە لە ژیانیدا خاڵێکی وەبەریەککەوتن پێک دێنن.

دوکتور قاسملوو پێش لە پاشمارکسیستەکانی ڕۆژئاوا، واتە لە "کورتەباسێک لە سەر سۆسیالیزم"، باسی گرنگی لەبەرچاوگرتنی وەبەریەککەوتن لە ئاست چەوساندنەوە و هەروەها پێویست بوونی تێکەڵکردنی خەباتی جۆراوجۆر دژ بە چەوساندنەوە دەکرد؛ سیاسەتی یحزبی دێموکراتیش لەسەر ئەو فەلسەفەیە دانراوە.

ئەگەر ڕاسان لە ئاستی گشتیدا و لە پێناو ڕزگاری نەتەوەییدا خەباتی شاخ و شار لێکگرێ دەدا، بە پشتبەستن بە هزری قاسملوو، دەتوانین هەروەها کار بۆ لێکگرێدانی خەباتی نەتەوایەتی و خەباتی ژنی کورد لە پێناو مافەکانیدا بکەین، یان با بڵێین لێکگرێدانی کوردایەتی و فێمێنیزم.

لە پێناو هەوڵێکی وادا، سەرەتا پێویست بە دانپێدانان دەکا بە ڕاستی وەبەریەککەوتن لە چەوساندنەوەی ژنی کورد؛ بە واتایەکەی دیکە، وێڕای چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، کە خاڵی هاوبەشی ژن و پیاوی کوردە، ژنی کورد بەهۆی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، دەچەوسێتەوە.

وێڕای لێکگرێدانی خەبات، راسان شارتەوەرە، چوونکە بەپێچەوانەی خەباتی دەیەکانی ڕابردوو، پەرەسەندنی پڕۆسەی شارنشینی و بەگشتی مۆدێڕنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنی کورد ئەمڕۆ بەشی گرنگی سەرمایەی مرۆڤی کۆمەڵگەی کوردی پێک دێنێت.

دەگوترێ ژنان ٦٠ لە سەدی خوێندکارانی زانکۆکان لە ئێران پێکدێنن. ئەگەر وابێ، دەبێ ژمارەیەکی بەرچاوی ژنی کوردیش خوێندکاری زانکۆ بن؛ کەوابوو، ڕاسان دەبێ کەڵک لەو سەرمایە مرۆڤییە وەرگرێ.

هەڵبەت بۆ ئەوەی ڕاسان لەو بوارەدا سەرکەوتوو بێ، دەبێ حیزبی دێموکرات گرنگییەکی زیاتر بە بەشداری ژنان چ لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و چ بەربەرەکانێی مەدەنیدا بدات. لەو پەیوەندییەشدا، گرنگە لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتدا ڕادەی ژنان لە ڕێبەرایەتی و پۆستی بڕیارداندا حزووریان هەبێ.

بە بێ لێکگرێدانی خەباتی نەتەوایەتی و فێمێنیزم، ڕاسان ناتوانێ بە ڕادەی پێویست ژنان تەیار بکات. بۆ مسۆگەربوونی ئەو لێکگرێدانە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ قاسملوو و دان بە وەبەریەککەوتن لە ئاست چەوساندنەوەدا بنێین. ئەوەش بە نۆرەی خۆی پێویست دەکا کە دان بە هەبوونی پیاوسالاری لە سیاسەتی کوردیدا بنێین و کاری جیددی و کردەیی بۆ بکرێ بەمەبەستی نەمانی ئەو لەمپەڕانەی کە بوونیان هەیە لەبەردەم بەشداربوونی ژنان لە خەباتدا.

ڕاستییەکی حاشەهەڵنەگر و سانایە کە ئەگەر ژنان لە ڕێبەرایەتی و شوێنی بڕیارداندا حزووریان نەبێ، نە ژنان خۆیان لەو خەباتەدا دەبیننەوە و نە بە ڕادەی پێویست بەشداری تێدا دەکەن.