کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/١٥ - ١٩:٥٥ تاران
کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم
پژمان شەریعەتی

بەپێی ئامارە نێوخۆییەکان، کوژراو و بریندارەکانی بومه‌لەرزەی کرماشان، زیاتر لە ١٠ هزار کەسە؛ لە بومەلەرزەی شەوی یەکشەمە کە ناوەندەکەی شاری ئزگڵەی سەر بە پارێزگای کرماشان بوو، ١٢٠٠٠ ماڵ، ١٠٠ لە سەد لە نێوچوون و ١٥ هەزار ماڵیش خەساری زۆریان بەرکەوتووە؛ هەروەها زیاتر لە ٦٠٠ کەس گیانیان لە دەس داوە و ١٠هزار کەس بریندارن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی کەم لە ماڵە ڕووخاوەکان پشکێندراون و ئاماری بی سەروشوێنەکان هێشتا دیار نییە و مەزەندە دەکرێ کە ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێت.

لە یەکەم ساتەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتهوە، خەڵکی پارێزگای کرماشان پەنایان بردووە بۆ دەرەوەی شارەکان و هەتا ئێستە لە شەقام و کۆڵانەکاندا ئاوارەن و مالیان بەجێهێشتووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەو شارانەی کە بوومەلەرزەکە کاریگەری زۆری هەبووە وەکوو: سەرپێڵی زەهاو، قەسرشیرین و داڵاهوو، خەڵکی ئاوارە لە بارودۆخێکی نالەباردان و هەموو ژیانیان لە نێوچووە و تەنانەت خێوەت و پەتوویان نییە بۆ خۆگەرمکردنەوە.

لە یەکەم ساتەکانی کارەساتی بومەلەرزه، دام و دەزگاکانی ڕێژیم باسیان لە فریاکەوتنی خەڵک و دابین کردنی پێداویستی بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکەی کە لە ژێری ئاواردا ماون، دەکرد و دەستیان کرد بە پروپاگاندەکردن بۆ ڕێکخراوە نیزامییەکانی وەک سپای پاسداران؛ بەڵام ڕوونە کە تا ئێستەش دام و دەزگاکانی ڕێژیم لەوپەڕی کەمتەرخەمییەوە به هانای خەڵک دەچن و خەڵکی شارەکانی پارێزگای کرماشان بە بێ پێداوێستی سەرەتایی لە سەرما و ئاوارەییدا رەنج دەکێشن.

گەلی کورد لەحاڵێکدا ئەم ئازارانە بە گیان ئەزموون دەکەن کە هەر لەم مانگەدا بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕرەسمی چله‌ی ئیمام حوسین، هەموو دام و دەزگاکانی ڕێژیم لە کرماشان بە هەموو پێداویستییەکەوە بۆ خزمەت کردن بە زیارەتکەران بە بوودجەی تایبەت ئامادە کرابوون و بە دابین کردنی فڕۆکه و ئوتوبوس و سەدان ئامبولانس و هەزاران کەس و تەنانەت دابەش کردنی خواردنی سەڵەواتی و بە کارهێنانی هێزە نیزامییەکان خزمەتگوزارییان دەکرد؛ ئەمەش لەحالێکدا بوو کە کرماشان تووشی کارەسات ببوو و خەڵک ئاوارە ببوون و نان و ئاوی خواردن و نەخوشخانه بۆ دەرمانیان نەبوو.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا کارێک که کردوویانە ناردنی پەیامی هاوخەمی و باس لە کارا کردنی هەموو ئیدارەکان و هێزە نیزامییەکانە نەک هەوڵدان بۆ خزمەت بەم گەلە لێقەوماوە.

بۆ خزمەت کردن بە بەشدارانی چلەی ئیمام حوسێن بە بێ داواکردن لە خەڵک بوودجەی تایبەت دابین دەکرێت، بەڵام بۆ خەڵکی ئاوارەی کوردستان ژمارەی حسابی بانکیان داوە و داوایان لە خەڵکی ئێران کردووە کە یارمەتی ماڵی بدەن.

ڕێژیم بۆ یارمەتیدانی موسوڵمانانی میانمار، سوریە، فلستین و یەمەن و ئافریقا بە کەشتی و فڕۆکە لە بوودجەی تایبەت، کەلوپەل دەنێرێ، بەڵام هیچ بوودجەیەکی تایبەتی بۆ خەڵکی ئێران نییە؛ ئەم هەڵاواردنە بۆ کورد چەندقات زیاترە بەچەشنێک کە کوردبوون بۆ خۆی بووەتە تاوان، تاوانی کوردبوون!.

تەنانەت شێوەی هەڵسوکەوتی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەگەڵ خەڵک هەتا ئێستە به شێوەیەک بووە وەک بڵێی ئەو خەڵکە تاوانبارن و به لێدان و به کارهێنانی وشەی ناحەز و نائینسانی وڵامی خەڵک دەدەنەوە.

بەڵام لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە دووفاقییەدا، خەڵکی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵات، که ڕێژیمی ئێران به باشی دەناسن، به شێوەی خۆڕسک به هانای هاووڵاتیانیان له کرماشان چوون و به ناردنی یارمەتی بۆ ناوچە بوومەلەرزه لێدراوەکان به هەموو شێوەیەک یارمەتی لێقەوماوانیان دا و ترسیان خستە دڵی داگیرکەرانی کوردستان؛ ترسێک کە لە یەکگرتوویی خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێ. لەئەنجامی ئەم ترسەش به پێشگرتن به کاروانەکانی یارمەتی و دزینیان له ڕێگە و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی حەماسەی ڕۆژهەڵات و باس نەکردنی له میدیا چەواشەکارەکانی هەوڵ دەدات له بەرامبەر ئیرادەی خەڵک ڕاوستی؛ بەڵام خەڵکی بە شەرەفی ڕۆژهەڵات سەلماندیان که بۆ گیانفیدایی له ڕیگەی نیشتمانیان له هەر بارودۆخیکدا ئامادەن و هیچ دەسەڵاتی ناتوانێت پێشیان بگرێت.