سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/١٥ - ٢٠:٠٤ تاران
سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان
ئەلبورز ڕووئین‌تەن

ڕووداوە سروشتییەکان لەڕووی مرۆیی و خەسارەتەکانەوە ناخهەژێنەرن؛ هەوڵی دەوڵەتانی دونیا بۆ پێشگرتن و چارەسەریی لە کاتی ڕووداوەکاندا خزمەتی زۆر بە خەڵک دەگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان بەهۆی هەبوونی ڕێژیمی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی ڕاستییەکان زۆر جیاوازترن؛ چونکە دەوڵەت لێرەدا نەک کاری بۆ پێشگرتن یان چارەسەریی یان گەیاندنی یارمەتی نەکردووە، بەڵکوو بە زۆر شێوەش دژایەتی ڕاستەوخۆ کردووە.

ئەگەر باسی بەرنامەی دەوڵەت بۆ پێشگرتن لە بواری ڕووداوە سروشتییەکان بکەین، دەبینین دەوڵەت وێڕای کەمکاری تاوانباریشە، بۆ نموونە لە ڕووداوی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، بینا خزمەتگوزارییەکان وەکوو: نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بەر لە هەر شوێنێکی‌تر ڕووخاون و زیانیان پێ گەیشتووە، لە کاتێکدا دەبێ ئەو شوێنانە بە ستانداردی زۆرباش دروست بکرێن، بەڵام دیارە دەوڵەت لەو بوارەدا زۆر تاوانبارە. جیا لەوە پڕۆژەکانی حکوومەتی وەکوو "مەسکەنی مێهر" یەکێکی‌تر لە کەمکارییەکانی حکوومەت لەو بوارەیە، کە زۆرترین خەساریان پێگەیشتووە.

لە هەموو جیهاندا دوای ڕوودانی ڕووداوێکی لەم چەشنە، بەرنامەی ڕزگارکردنی خەڵک و هاوکاری کردنیان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکان هەیە، بەڵام هەر لە یەکەمین ساتەکانی ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرەزەکەی پارێزگای کرماشان، بەرنامەی دەوڵەت بۆ پەردەپۆش‌کردنی ڕووداوەکە گەورەترین زیانی بە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو گەیاند، چونکە لەسەر بنەمای گەورەیی ڕووداوەکە و ئاماری خەسارەتەکان و ڕووبەری ناوچەی خەساردیتوو دەکرێت بەرنامەی پێویست بۆ ڕزگارکردنی خەڵک و گەیاندنی یارمەتی پێویست دابنرێت.

دەوڵەت بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتی بۆ ناوچەکە نەیدەویست ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرا بێت، هەر بۆیەش گەورەترین مەبەستی بەئەنقەستی ڕێژیم بۆ خزمەت نەکردن یان ڕزگارکردنی بەشێوەی پێویست بەو شێوەیە ئاشکرا بوو؛ بەڵام کاتێک بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەورەیی کارەساتەکە دەرکەوت و شەقامی کوردی هەر زوو لە نییەتی ڕێژیم بۆ دژایەتی کردنی ئەو ناوچە ئاگادار بوویەوە، گەل دەستی دایە حەماسەی گەیاندنی هاوکارییەکان، بەڵام هەر زوو هەواڵ و ڕاپۆرتی وەها بڵاو بوونەوە کە سپای پاسداران و ڕێژیم بۆ دزینی یارمەتییەکان و هەمبار کردنیان لە بنکە نیزامییەکان هەوڵیان داوە، ئەم جۆرە دژایەتی کردنە تەنیا لە رێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوەشێتەوە و لە هیچ شوێنێکی‌تر نەدیتراوە یارمەتی خەڵک بۆ لێقەوماوان بدزرێت ئەویش لەلایەن حکوومەتەوە.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە ڕووداوەکە، خەڵکی ناوچەکە لە زۆر ڕووەوە لە ژێر گوشاردان و سەرمای زستان و باران لەلایەک، نەبوونی خانوو یان تەنانەت لە هەندێک شوێن خێوەتیش لەلایەکی‌تر خەڵکی نیگەران کردووە.

لە کاتێکدا زستانێکی سەخت لە پێشدایە، نەبوونی پلانێکی دیاریکراو لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ دروست کردنەوە و بووژاندنەوەی ناوچە، نیگەرانی خەڵکی دووهێندە زیاد کردووە. لەو نێوەدا هەندێک یارمەتی سنوردار، کە چەندی دەگات بە دەستی خەڵکی زیان‌بەرکەوتوو ئەویش جێگەی گومانە، لەلایەن ڕێژیم و دەزگای ڕاگەیاندنی حکوومەتیەوە گەورە دەکرێتەوە، ئەگەر لەگەڵ ڕێژەی هاوکاریی ڕێکخراوەکانی تێرۆریستی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەدا بەراورد بکرێت، دەبینین کە چۆن سامانی وڵات لە خەڵکی ئێران و کوردستان دەدزرێت و بەو ڕێکخراوانە دەدرێت.

لە کاتێکدا لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە باسی نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان دەکەن و ئەگەر خەڵکی خۆبەخش نەبایە، ئێستە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بوون، ڤیدیۆیەکی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری ڕێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان کە پێشتر بڵاو بووەتەوە، دەبینین کە چۆن بە ئاشکرا باس لە زۆربوونی ڕێژەی هاوکاریی ئێران دەکات و بەو شێوەیە دڵنیایی تەواو دەدات لە سەرفکردنی هەموو تێچووە سەربازی و لۆجستیکییەکان و مووچەی ئەو ڕێکخراوەیە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە.

ئەگەر تەنیا مووچەی یەک مانگی هێزێکی وا گەورە بە نموونە وەرگرین کە یەک قەڵەم لە هەزاران قەڵەمی خەرجییەکانە، دەبینین میلیۆنان دۆلار دەکات، کە دەتوانێ نەک ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو ئاوەدان بکاتەوە، بەڵکوو دەتوانێت زۆر پارێزگاری‌تر کە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە تێیدا زۆرە بە جۆرێک بونیات بنرێتەوە کە لە بەرانبەر ئەو ڕووداوانەدا کەمترین زیانیان پێ بگات، بەڵام وەک دیارە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی، هاوکاری کردنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی بەلاوە گرینگتر بووە نەک هاوکاری کردن و چارەسەر کردنی گرفتی خەڵکی کوردستان و ئێران بەگشتی.

هەر بۆیەش جارێکی‌تر بۆ خەڵک ڕوون بوویەوە کە هەتا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەبێت، سامان و داهاتی ئەم وڵاتە بۆ تێرۆر و تێرۆریستان و پێداویستییەکانی ئەوان دەبێت و وێرانی و دواکەوتوویی و نەبوونی و هەژاری بۆ وڵات و هاونیشتمانیان.