داهاتوی ڕەشی ئێران لە دەلاقەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا

زایینی: ٢١-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/٣٠ - ١٨:٥٨ تاران
داهاتوی ڕەشی ئێران لە دەلاقەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا
ئەلبۆرز ڕۆئین تەن

بوودجەی هەر وڵاتێک بەرنامەی داهات و خەرجییەکانی ئەو وڵاتەیە کە خۆی لە چەند بەشدا پێک دێت؛ بە شێوەیەکی گشتی ئەو بەرنامەیە دەدرێت بە پارلمانی هەر وڵاتێک بۆ ئەوەی ببێ بە یاسا و بۆ ساڵی داهاتوو ڕێژەی داهات و خەرجییەکانی وڵات دیاری دەکات.

بێ گومان بۆ لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە کون و قوژبنەکانی بوودجەیەکی وەها گەورە وەکوو بوودجەی ئێران، وێڕای پسپۆڕی، کات و سەرچاوەی تایبەتی پێویستە و زیاتر نوێنەرانی ڕاستی خەڵک لە پارلماندا ئەو کارە دەکەن، بەڵام بە چاوخشاندنێکی کورت و خێرا دەکرێ لە چۆنیەتی و تایبەتمەندییەکانی بوودجەی ئێران تێبگەین کە چەندی بە قازانجی خەڵک و بەتایبەتی هەژارانە یان تا چ ڕادەیەک بۆ پێشکەوتنی وڵات و خوشبژێوی خەڵکە یان بە پێچەوانەوە چەندی بۆ مەبەستی تایبەتی ڕێژیمە کە خۆی لە شەڕئەنگێزی و پەروەردەی تیرۆر دەبینێتەوە.

ئێمە نەک لە سەر بنەمای دوژمنایەتی ڕێژیم ئەو قسەیە دەکەین بەڵکوو لە سەر بنەمای ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکان و بەڵگەکانی بەر دەست باسی ئەم بابەتە دەکەین؛ بۆ نموونە کاتێک دەڵێین بوودجەی ئێران بۆ تیرۆر دابین دەکرێت قسەی خودی کاربەدەستانی ڕێژیمە؛ "محەمەد جەوادی جەمالی" بەرپرسی کۆمیسیونی بەرگری لە بە ناو مەجلیسی ڕێژیمدا دوای پێشکەش کردنی بوودجەی ساڵی داهاتوو، لەلایەن سەرکۆمارەوە ڕایگەیاند: "سەرەتیی بوودجەی لەشکری بۆ موشەک و سپای قودس دەبێت". تەنانەت جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر دەوڵەت کەمتەرخەمیشی کردبێت هەوڵ دەەین بوودجەی زیاتری بۆدابین بکەین".

ئەگەر ئەرکی سپای قودس بە دەرکەوتنەکانی قاسم سلێمانی لە ناوچەدا هەژمار بکەین ڕوون و ئاشکرایە کە لە هەر کوێ شەڕ و نائارامی هەبێت، ناوبراویش لەوێیە؛ واتە سامانی وڵاتێکی وەک ئێران و کوردستان بۆ شەڕئەنگێزی و تیرۆر کەڵکی لێوەردەگیرێت و ئەوەش بەئاشکرا و بەیاسا دەیکەن.

یەکێک لە خاڵە سەیرو سەمەرەکانی بوودجە ئەوەیە کە وێڕای زیاد کردنی لە ۱۰٨٥ هەزار میلیارد تمەنەوە بۆ ۱۱۹٥ هەزار میلیارد تمەن، یارانەی خەڵکیش دەبڕدرێت؛ پێم وایە چەند نمونەی خوارەوە لە بوودجە باشتر نیشان دەدات کە بۆچی هیچ کات ئابووریی لە خزمەتی خەڵکدا نەبووە بەڵکوو دەستی تاقمی دەسەڵاتدار زیاتر ئاوەڵا دەکات.

بوودجەی دەزگای رێبەری لە زانکۆکاندا زیاد کراوە؛ بوودجەی دەزگای "دادستان ویژەی روحانیت" بە بەرپرسایەتیی ئیبراهیم رەئیسی، نزیکەی ۳۳ میلیارد تمەن زیادی کردووە؛ بوودجەی قەرارگەی "خاتەمولئەنبیا"۱۰ هەزار میلیارد تمەنە کە لە دانی خەراجیش بەخشراوە، هەم بوودجەیەکی وەها زەبەلاحی بۆ دابین دەکرێت و هەم زۆرترین پڕۆژەی دەوڵەتیش وەردەگرێت و لە دانی خەراجیش بەخشراوە چوونکە سەر بە سپای پاسدارانە.

بە سەدان دەزگای سەر بەم ئاخوند و ئەو ئاخوند هەیە کە بە هەزاران میلیارد تمەنی بۆ خەرج دەکرێت؛ لەوانەش زیادکردنی دووبارەی بەشە بوودجەی دەزگای بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خومەینی بە بەرپرسایەتی سەید حەسەن خومەینی کە نزیکەی ۷۲ میلیارد تمەنە یان دەزگای ئایەتوڵا ناسری مەکارمی شیرازی بە ۳۰٥ میلیارد تمەن و دەزگای مێسباحی یەزدی بە ۲٨ میلیارد تمەن و دەزگای ئایەتوڵا کاشانی بە ۱۲ میلیارد تمەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەزگای دەسپاکی جیهانی، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەباری دەسپاکییەوە کارنامەیەکی لێڵ و تەماوی هەیە؛ هەر بۆیەش چۆنیەتی خەرج کردنی ئەو میلیارد میلیارد تمەنانە دیار نییە و تەنیا بۆ خۆیان لێی ئاگادارن.

دەتوانم بڵێم ئەوە تەنیا بەشی دیاری ئەو تەخشان وپەخشان کردنەی سامانی وڵاتە، کە لە بوودجەدا هاتووە بەشی زۆری ئەو داهاتانەی کە دیار نین و مڵکی گشتین ،تاقمی دەسەڵاتی کردووە بە ئیمپراتۆریی مافیایی و پارە لە ناوچەدا.

ئەگەر تەنیا یەک نمونە لەو بابەتانە بهێنمەوە دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە دەزگای "آستان قدس رضوی" بە سەرپەرشتی ئیبراهیم ڕەئیسی و نزیک لە خامنەیی کە سامانەکەی بە میلیاردها دۆلار بەراورد دەکرێت وێڕای هەبوونی گروپی گەورەی کۆمپانیایی و هۆتێل و پڕۆژەی داهاتزا، تا ئێستاش لە دانی خەراجبێبەری کراوە و جیا لە ڕێبەری ڕێژیم و خودی ڕەئیسی هیچ کەس نازانێ داهاتەکەی چەندەیە و بۆ کوێ دەچێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە نرخی بێکاری بە پێی خودی ئامارەکانی ڕێژیم، ۱۱.٥ لە سەدە کە جێگای باوەڕ نییە و بەدڵنیاییەوە زۆر لەوەش زیاترە.

ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین بۆ سەرووی ۲۰ میلیۆن زیادی کردووە؛ ئاماری بە کارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرووی ٥ میلیۆن کەسە؛ بە هەزاران تۆن بەرهەمی وەرزێڕان دەڕزێ و بە دەیان یەکەی بەرهەمهێنەری تایبەت دادەخرێن؛ کۆچی خەڵکی لێهاتوو و شارەزا و بە دەیان قەیرانی تری ژینگەیی و کۆمەڵایەتی داهاتووی ژیان لە ئێران بە نەشیاو نیشان دەدات. سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانە بەشی زۆری بوودجەی ئێران بۆ ناوەندە لەشکری و تیرۆریستی و ئایینیەکان بە فەرمی دابین دەکرێت و بەوەش ناوەستن؛ هەزاران میلیارد لە نێو تاقم و باندەکانی نێوخۆیان بەدزی و لە ژێرەوە دابەش دەکەن و هەواڵی دزییە هەزاران میلیاردییەکانیش هەر بە جێگای خۆی.

لە کاتێکدا کە دەبێ بوودجەی وڵاتێک بۆ پەروەردە و پێگەیاندن، بۆ ئاوەدانی و خوشگوزەرانی، بۆ پێشخستن و پێشکەوتن بەکار بهێنرێت، دەبینین ڕاستییەکانی ئێستای ئێران شتێکی ترە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەمهەوێ لە کۆتاییدا ئاماژەی پێ بکەم ئەو تابلۆیەیە کە بەخت ڕەشی خەڵکی کوردستان و ئێران لە ژێر حوکمڕانی ڕێژیم نیشان دەدات، هەر چرکەساتێک کە ڕێژیم بەردەوام بێت لە ژیانی، وڵات بە ساڵ وەدوادەکەوێت و لە کێبڕکێی ئابووری پاش دەکەوێت و ژیانی خەڵکیش بەرەو لە نێوچوونی زیاتر دەچێ. سەیری زۆربەی ئەو وڵاتانەی ناوچە و جیهان بکەن کە تا ۳۰ ساڵ پێش ئێستا لە هەژاریدا دەژیان بەڵام ئێستا بە هەموو پێوەرەکان لە ڕووی ئابووری و خۆشگوزەرانییەوە لە پێشەوەی ئێرانن، کەواتە نەهێشتنی حوکمڕانییەکی وەها نادادپەروەر و ڕزگارکردنی وڵات لە ژێر داگیرکاری، تەنانەت ئەگەر لە سۆنگەی ئابووریشەوە بێت، خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی و نەتەوەکانی ئێرانە.