کرماشان له پەنای بێپەناییدا

زایینی: ٢١-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/٣٠ - ١٩:٠٥ تاران
کرماشان له پەنای بێپەناییدا
شەماڵ تەرغیبی

دۆخی ژیانی خەڵکی کرماشان پاش زیاتر لە یەک مانگ نەتەنیا سەقامگرتوو نەبووە بەڵکوو خراپتریش بووە.

پاش بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس و برینداربوون و لێقەومانی هەزاران کەسی دیکە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەپێی یاساکانی خۆی ئەرکدارە لەمەڕ چارەسەرکردنی گرفتەکان و کۆنتڕۆڵی قەیرانەکە، نەتەنیا وەک پێویست ئاوڕی لێنەداونەتەوە بەڵکوو بۆخۆی بووەتە لەمپەڕێکی گەورە لەپێوەندی لەگەڵ ژیانی لێقەوماوان.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا ٢٧ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە خانووەکانیان لەدەس داوە بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە تەنیا ٦٠٠ کانێکسیان بۆ دابین کراوە؛ هەڵبەت ئەو کانێکسانەش کە ڕادەستی خەڵک کراون، وەک نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پشتڕاستییان کردۆتەوە، لەبەرامبەر با و بۆراندا نەیانتوانیوە بوومەلەرزەلێدراوان بپارێزن و تەنانەت زەرەری گیانیشی بۆ بەدیاری هێناون.

ئەم دۆخە نالەبارە لەپاش زیاتر لە یەک مانگ، هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی سەرما و سۆڵە و بارینی بەفر؛ لەمبارەوە "ئەکبەر سەنجابی" فەرمانداری سەرپێڵی زەهاو باسی لە دۆخی نەشیاوی ژیانی هاووڵاتییان لە نێو خێوەتەکاندا کردووە و وتوویەتی: بەرپرسان دەبێ درک بە بارودۆخی لێقەوماوان بکەن؛ خەڵک بە دژوارییەوە لە ژێر خێوەتی ١٠ میتریدا دەژین!

وتوویشیەتی: لە کۆی ئەو ٦٠٠ کانێکسەی کە ڕادەست کراوە تەنیا ٢٠٠ دانەیان لەلایەن بونیادی مەسکەنەوە بە خەڵک دراوە؛ ئەویش بە پێداگری ئەرتەش! ئەمەش لەکاتێکدا دێتە بەرباس کە هەواڵدەریی مێهر ماوەیەک پێش ئێستا باسی لەوە کردبوو کە ئەرکی سازکردنی سەرپەنا و دانی کانێکس بۆ لێقەوماوانی کرماشان، لە ئەستۆی سپای پاسدارانە.

بەوتەی فەرمانداری سەرپێڵ، بۆ هەموو ئەو ناوچانەی کە تووشی کارەساتی بوومەلەرزە هاتن، تەنیا ٤٠٠ چاوە سرویسی بێهداشتی دابین کراوە!

ئەم بارودۆخە سەختە لەکاتێکدا ڕووماڵ دەکرێت کە ئەحسەن عەلەوی، نوێنەرێکی دیکەی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: لە سازکردنی کانێکسەکاندا هیچ بنەمایەکی ئەندازیاری ڕەچاو نەکراوە؛ وتوویشیەتی: بەداخەوە لایەنە پێوەندیدارەکان لەباتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، سەرقاڵی یاری‌کردن بە گیانی خەڵکن و لەژێر ناوی یارمەتی‌گەیاندن، هەوڵ بۆ تاڵانکاری زیاتر دەدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، فەرهاد تەجەری نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، وتوویەتی: لانیکەم دوو مانگ کات پێویستە تاکوو بوومەلەرزەلێدراوان بەشێوەی کاتیی، شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین بکرێت!

ئەم قسانەی تەجەری لە کاتێکدان کە، ماوەیەک پێش ئێستا لە راپۆرتێکی ڤیدیۆییدا "حەسەن شاتری" (حیسام خۆشنویس)، یەکێک لە فەرماندە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسی نۆژەنکردنەوەی لوبنان باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی کەمتر لە ١٤ ڕۆژدا کێشەی کارەبا، ڕێگەوبان و کێشە سەرەکییەکانی ٧٣ گوندمان لە لوبنان چارەسەر کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا ژنێکی لوبنانی باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران باشترین ئیمکانات و خزمەتگوزاریی خۆشبژێوی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دابین کردووە و تەنات کرێ خانووی مانگانەشیان بۆ دابین دەکات.

ئالێرەدایە کە دەکرێ بڵێین: "خێر بۆ خێش نە بۆ دەروێش"!

ئەوەی ڕوونە، کۆماری ئیسلامی نه تەنیا پارەی خەڵک و وڵات سەرفی ئاودان کردنی وڵاتانی دیکه دەکات بەڵکوو بەشێکی زۆر لەو پارەیەش بۆ تەیارکردنی هێزه سەرکوتکەرەکانی تەرخان دەکات؛ هەر لەم پەیوەندییەدا له هاوینی ئەمساڵ مەجلیسی ڕێژیم له بڕیارێکدا بوودجەی ٢هەزار میلیارد تمەنی بۆ پەرەدان به هێزی سوپای تێرۆریستی قودس پەسەند کرد.

هەر لە چوارچێوەی زیادکردنی زەخت و گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسی و سەرف کردنی پارەی کەڵان بۆ هێزە سەرکووتکەرەکان، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئاشکرایان کرد، بە هاوئاهەنگی لە نێوان سپای پاسداران، بەسیج و هێزی بەناو ئینتزامی، لەژێر ناوی "پاراستنی خەڵک" و خەبات لەدژی "ئەرازل و ئەوباش" و "پێشگیری لە دزی کردن"، "گەشتی تایبەت" دادەمەزرێت.

محەممەدڕەزا یەزدی، فەرماندەی سپای پاسداران لە پارێزگای تاران، ڕایگەیاندووە: بەو هۆیەوە کە "بوومەلەرزەی کۆمەڵایەتی" لە ئێران بەگشتی و تاران بەتایبەتی بەڕێوەیە، پێویستە هێزێک هەبێت کە بتوانێ ڕووبەڕووی ببێتەوە.

کارناسان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنی لە ئێران پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی نوێی ڕێژیمە لەمەڕ زیادکردنی گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسیی، خوێندکاری، مەدەنی، فەرهەنگیی و ژینگەپارێزان؛ ئەمەش بەو هۆیەوە کە هیچ پێناسەیەک بۆ "ئەرازل و ئەوباش" نەکراوە و ئەمجۆرە هێزانەی سەر بە سپا و بەسیج دەستیان ئاوەڵایە کە خەڵکی ناڕازی یان ڕەخنەگران سەرکوت بکەن.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێژیم بەردەوام لە هەوڵی سازکردنی دەستەگەلی لەم چەشنە بووە، تاکوو ساناتر بتوانێ ناڕازییانی سیاسیی سەرکوت بکات، کە بەرچاوترینیان کۆمیتەچی و مۆنکەراتییەکان لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بوون.

له ڕاستیدا رووداوەکانی دوای بومەلەرزەکەی کرماشان و هاوکاری بەربڵاو و بێ‌وێنه‌ی گەلی کورد بۆ خوشک و برا لێقەوماوەکانیان به بێ‌ گرینگیدان بە چالاکی لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، چەشنێک لە یەکگرتوویی لە نێو نەتەوەکەمان ساز کرد کە به تەواوەتی کۆماری سێدارەی وه لەرزه خستووه؛ وەک زۆرێک لە کارناسانیش دەڵێن: ڕێژیم، به روونی بۆی دەرکەوتووە که هیچ پێگەیەکی له نێو خەڵکی کوردستاندا نییه، هەر بۆیه له پەلەقاژەدایه تاکوو به تەرخان کردنی میلیاردها دۆلار و سازکردنی گروپگەلی سەرکوتکەر داهاتووی خۆی گەرەنتی بکات، بەڵام نازنێ کاتێک که لافاوی قین و توڕەیی خەڵک وەڕێکەوت، هیچ هێزێک توانای پێشگرتنی نییه و وەک لە کۆنەوە گووتراوە: "هەموو شتێک لە باریکیدا دەپسێ بەڵام زوڵم لە ئەستووریدا".