ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان

زایینی: ٢١-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/٣٠ - ١٩:٠٨ تاران
ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان
ئاگری ئیسماعیل نژاد

بەشی دووهەم و کۆتایی

شەشەم:

بەڕێوەبەرایەتی ئایدۆلۆژیک


گەشە و دەسەڵاتداریی ڕەزا پەهلەوی لە ئێران دووانەیەک بوون کە پێکەوە لە دایک بوون، بنەمای کردەکانیی ڕەزا پەهلەوی وەدیهێنانی چەمکی دەوڵەت_نەتەوە بوو، بۆیە لە ڕاستیدا شێوازی گەشەی ئێران لەسەر بناغەی چەمکی دەوڵەت_نەتەوە داندرا، هەر ئەوەش وای کرد ڕوانینی خۆیی و ناخۆیی لە نێو چەمکی دەوڵەت_نەتەوەوە بگوازرێتەوە بۆ نێو گەشەی ئێرانیش، بەڵام لە ڕەهەندی گەشەدا وشەی خۆیی و ناخۆیی بۆ گەشەی لاسەنگ یان ناوچەی پاشکەوتوو و پێشکەوتوو گۆڕدرا.

بنەمای گەشەی ئێران لە ڕووی جوغرافییەوە، لەسەر دوو پاژی ناوەندی _فارس و قەراغی _نافارس داندراوە، چون دەوڵەتی مۆدێڕن پێی وابوو تەنیا رێگەی مانەوەی، خوڵقاندنی یەک نەتەوەیە و لە پێناو ئەو ئامانجەش جوغرافیای پاشکەوتوو و پێشکەوتووی خوڵقاند.

گەشەی ناوەند (ناوچەی پێشکەوتوو) و پاشکەتوویی قەراغ (ناوچەی گەشە نەکردوو) وای کرد، جوغرافیای ناوەند تووشی جۆرێک کەڵەکەبوونی پیشە و سەرمایە بێت، کەڵەکەبوونێک کە لە ڕوانینی یەکەمدا تەنیا براوەیی ئابووری نەبوو، بەڵکو لە ڕووی سیاسیشەوە، جۆرێک براوەیی پێشان دەدا.

ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەیکە جوغرافیای قەراغیش تووشی لێچۆڕانی سەرمایە و قەیرانی پیشە و کار هات؛ ئەو ناوچەی کە قەراغی ئێران بوو، هەم سەرمایەی تێدا نەما و هەم تووشی هەژارییەکی قووڵ هات، کەوایە ناوچەی پاشکەوتوو لە ڕاستیدا ناوچەیەکی هەژاری فەرهەنگی، ئابووریی و دەستەوەستانی سیاسیش بوو.

شێوازی گەشەی ئێران بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر قەراغی ئێران بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە جوغرافیای ناوەند بکەن؛ ئەوەیکە خەڵکی نافارسی نێو جوغرافیای دەسەڵاتداریی ئێران ڕوویان لە ناوچە فارسەکان دەکرد، لە ڕوانگەی سیاسییەوە، فارسەکان وەک دەرفەتێک بۆ خوڵقاندنی خەونی نەتەوەسازیی سەیریان دەکرد و لە ڕوانگەی ئابووریشەوە وەک دەرفەتێک بۆ دابین‌کردنی هێزی کاری هەرزان و وەچنگ خستنی سەرمایەی زیاتر تێڕوانین؛ بۆیەش پێداگری لەسەر شێوەی گەشەی لاسەنگ لە ئاستی ڕوانینێکی بەرژەوەندییخوازانەوە بۆ ئاستی ڕوانگەیەکی نەتەوەیی بەرز بۆوە.

لە ئێستادا کە ئێران ٨٠ میلیۆن دانیشتووی هەیە، پتر لە ٢٠%ی ئەو دانیشتووانە لە جوغرافیایەکی کەمتر لە ٢%ی ئێراندا دەژین، واتە لە سێ پارێزگای تاران، ئەلبورز و قەزوین و خاڵی جێی باسی دیکە لەو بوارەدا ئەوەیە کە ١٢% ی خەڵکی ئێران لە چوار شاری ئیسفەهان، مەشهەد، شیراز و تەورێز دەژین.

لاسەنگیی جەماوەریی و پیشەیی لە ناوچەیەکی تایبەتی ئێراندا وای کردووە، کە ناوەندیی ئێران لە جوغرافیایەکی کەم ئاوەوە، ببێتە جوغرافیایەکی بێ ئاو و تەنانەت توونیش؛ لە ڕاستیدا ئەوەی دەگوترێت، ئێران لە قەیرانی ئاودایە، مەبەست ئەوەیە جوغرافیای ناوەند کە چەقی دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی ئێرانە، لە قەیرانی ئابوورییە و بابەتی ئاستی قەیرانی ئاو لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکیتر جیاوازە و یەكێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئاو لە ئێران ڕوانگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئایدۆلۆژیکی لە ئێرانە.

حەوتەم:

گەندەڵی و مافیا


ئەوەیکە گەندەڵی لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا قەبارەی دامەزراوەی بەخۆیەوە گرتووە و بووەتە "گەندەڵی ڕەش" لەلایەن بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەشەوە نکۆڵی لێوە ناکرێت و ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنی فەرمی کۆماری ئیسلامییەوە باسی گەندەڵی جۆراوجۆر دەکرێت بەڵام لە بواری ئاوەوە ئاستی گەندەڵییەکە زۆر بەرزە و لە چەندین هۆکار بووەتە هۆی ئەوەی گەندەڵی لە بواری ئاو قەبارەی دامەزراوەیی بەخۆیەوە بگرێت.

ئا: سوپای پاسداران تەنیا کۆمپانیای درووستکردنی بەنداو لە ئێرانە و هیچ کۆمپانییەک توانایی رکەبەرایەتی لەگەڵ سوپای نییە.

ب: سوپا سەرەڕای دەسەڵاتی تەکنیکی، خاوەنی دەسەڵاتی یاسایی و سیاسییە و دەتوانێ جلوبەرگی یاسایی لەبەر گەندەڵییەکانی بکات.
دکتۆر حوسێن پاپیلی یەزدی جوغرافیزان و مامۆستای زانکۆی مەشهەد لە کۆڕی پیشاندانی فیلم "مادرکشی" کە دۆکیۆمێنتێکە لەسەر قەیرانی ئاو و لەلایەن نووسینگەی حەسەن رووحانی سەرکۆماری ئێران لە ساڵی ١٣٩٤دا ساز کراوە، رۆژی ٧ بەفرانباری ١٣٩٤ دەڵێت: "هاوڕێیان یان نازانن یان نایانەوێت باسی راستییەکانی 'بن بێژنگ بکەن'! ٣٠ ساڵە تەنیا ٣%ی بوودجەی ئاو بۆ ئاوی ژێرزەوی تەرخان کراوە و ٩٧%ی بۆ ئاوی سەرزەوی تەرخان کراوە. چونکە کۆمپانیاکانی ناتوانێ بۆ ئاوی ژێرزەوی پڕۆژەی چەند میلیاردی بنووسن، ئەوان بەنداو ساز دەکەن یان رایەڵەیە دەنێنەوە چونکە ئەو کارانە پارەی چاکی تێدایە" .

لە ڕاستیدا ئەوەیکە پێی دەگوترێ بەنداو سازکردن و رایەڵەنانەوە، تەنیا بەپێی پێویست و تەنانەت گەشە نەبووە، بەڵکوو دەرفەتێک بووە بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاری و ئەوەش وای کردووە کە زۆرێک لە گەڵاڵە و پڕۆژەکان بێ ئەوەی پێویست بێت قازانج و زیانیی کاتیی و گەشەی سەقامگیر، بنەمای بڕیار و کردە نەبێت بەڵام قازانجی گرووپی و مافیایی ببێتە هۆکاری دیاریکردنی پڕۆژەیەک.

هەشتەم

بەڕێوەبەرایەتیی ناشارەزا


لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دەستەواژەیەک هەیە، بەناوی "ئاوی خوازە"؛ ئاوی خوازە دەبێتە، ئەو ڕێژەیە لە ئاو کە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵایەک پێویستە. لە ڕوانگەی ئابووریی نێودەوڵەتییەوە بۆیە ئاوی خوازە پێناسە کراوە هەتا بەرچاوڕوونییەک بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان بخوڵقێنێت بۆ ئەوەی کە بازرگانی ئاو بکەن، بەو شێوەیە کە ئەو ناوچەی ڕێژەی ئاویان کەمە، لەباتی ئەوەی ئەو شتوومەک و کاڵایانە بەرهەم بێنێت کە ئاویان زۆر پێویستە، ئەو کاڵایانە هاوردە بکات، بە هاوردەکردنی ئەو شتوومەکانە ئاوی خوازە هاوردەی وڵاتەکەی کردووە و بەو شێوەیە پشتگیریی لە ژینگە و ئاوی وڵاتەکەی خۆی کردووە.

خاڵی سەیری بەڕێوەبەرایەتیی ئێران لەوەدایە کە، ئێران ئێستا وڵاتێکە شووتی هەناردەی وڵاتانی باشووری کەنداو دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کیلۆیەیک شووتی، ٧٠٠ لیتر ئاوی پێویستە و ئەگەر ئەو ٧٠٠ لیترە ئاوە بفرۆشرێت، داهاتی لە کیلۆیەک شووتی زۆر زیاترە. بازرگانی ئێران لە ڕوانگەی "ئاوی خوازەوە" بازرگانییەکی هەڵەیە و ئەوەش وادەکات، ئێران سەرەڕای ئەوەی لە قەیرانی ئاودایە و لە ڕێگەی بازرگانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی بۆ ئاوی نێوخۆیی هاوردە ناکات بەڵکوو تەنانەت ئاویش هەناردە دەکات.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکیتر لە پەیوەندی بە ئاوی خوازەوە بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە سیاسەتی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی وای کردووە، کە نەکرێت لە بازرگانیدا ئاوی خوازە زۆر کەڵکی لێوەر بگیرێت، چونکە بناغەی سیاسەتی دەرەکی ئێران لەسەر هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دامەزراوە و ئەو سیاسەتەش دەبێتە هۆی گرژیی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان؛ بۆیە زۆر دەرگەی ئابووری لە بازرگانی ئێران دادەخرێت و ئەوەش دەرفەتەکان بۆ بەکارهێنانی ئاوی خوازە لەمەڕ دەرچوون لە قەیرانی ئاو، کوێر دەکاتەوە.

نۆیەم:

ئاڵۆزی لە نێوان ناوەندەکانی توێژینەوە و بڕیار


بۆ ئەو بەشە دەکرێت ئاماژە بە چەند لێکۆڵینەوەیەک بکەین؛ لە ڕاپرسییەکدا کە لە نێوان مامۆستایانی بواری ئاوی زانکۆکانی دەوڵەتیی ئیسفەهان و شەهرێکۆرد و ئەهواز کراوە، پرسیاری ئەوەیان لێ دەکرێت ئایا ڕاکێشانی ئاوی کاروون بۆ زایندەروود کارێکی زانستییە یان نا؟

دەرئەنجامی وەڵامەکان یەکجار سەیر و سەرسووڕهێنەرە، ٧٤%ی مامۆستاکانی زانکۆی شەهرێکۆرد و ئەهواز کە ئاو لە ناوچەی ئەوانەوە رادەگوازرێت، ئەو پڕۆژەیە بە پڕۆژەیەکی شکستخواردوو و هەڵە و نازانستی دەبینن و ٧١%ی مامۆستایانی ئیسفەهان کە ئاو بۆ ناوچەی ئەوان ڕادەگوازرێ، ئەو پڕۆژەیە وەک پڕۆژەیەکی گرینگ دادەنێن .

ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە، کۆتلەکانی نێو رێژیم وێڕای تاوانبارکردنی یەکتری لە ڕاگەیاندنەکاندا زۆرجار شەڕیان لەسەر ئەوەیە، کە سەرچاوەی قەیرانەکە بۆ کام دەوڵەت دەگەڕێتەوە و کێ بووەتە هۆکاری ئەو قەیرانانە و تەنانەت هێندێ جار لەسەر بەکارهێنانی وشەی قەیران لە دژی یەک هەڵوێست دەگرن.

لە ڕوانگەی منەوە ئەو نۆ هۆکارەی کە باسم لێوە کرد، دەکرێ وەک هۆکارگەلی سەرەکی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە ئێران سەیر بکرێت.

قەیرانی ئاوی ئێران و ئاوی کوردستان

زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس و تۆرس، کە بە نێو خاکی کوردستانی گەورەدا تێدەپەڕێت، گەورەترین سەرچاوەی ئاوی شیرینی رۆژهەڵاتی ‌نێوەڕاستن؛ زاگرۆس کە بە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور تێدەپەڕێت تەنیا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئێراندا، بەدرێژایی ١٥٠٠ کیلۆمێتر و پانی ٢٥٠ کیلۆمێتر جوغرافیاییەکی نزیک بە ٣٢٥ کیلۆمێتری چوارگۆشەی ساز کردووە کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی هەموو خاکی ئێران. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زاگرۆس بۆ ئێران ئەوەیە کە ئەو زنجیرە کێوە، روو بە ناوەندی ئێران چەندین دەربەند و شیو و دۆڵ و تەنانەت دەشتی بەپیتی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە و هەروەها ناوچەی داوێکی زاگرۆس زۆر جار رێژەی بارانی دەگاتە، ١٥٠٠ میلیمێتر لە ساڵێکدا (بدیعی،١٣٧٣، ١٧٠).

زاگرۆس سەرچاوەی پڕئاوترین ڕووبارەکانی ئێرانە: کاروون، سیروان، کەرخێ، کەڵوێ، مارون، زایندەروود و چلچەمە و سەرەڕای ئەوەش هەڵکەوتەی زاگرۆس لە ڕووی کەشوهەواوە هەموو جوغرافیای ناوەندی ئێرانی بردووەتە ژێر کارتێکەری خۆیەوە.

عەباس عێراقیچی جێگری وەزیری دەرەوەی دەوڵەت لە خولی ١٠ و ١١ی کۆماری ئیسلامی، لەسەر گرینگی زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس بۆ وڵاتی ئێران دەڵێت: "بەبێ زاگرۆس، ژیانی ئێران لە جوغرافیا و مێژووی ئێراندا بوونی نەدەبوو، هەر بۆیەش دەکرێت بە زاگرۆس بڵێین "هارتلەندی ئێران".

عێراقچی هەر لە درێژەی ئەو باسەدا دەڵێت: "زاگرۆسی عێراقیش پێگەی هاوشانی زاگرۆس لە ئێرانە و زنجیرە شاخی تۆرسیش هەمان پێگەی زاگرۆسی بۆ تورکیا هەیە. عێراقچی لە درێژەدا روونی دەکاتەوە کە زاگرۆس و تۆرس دوو تایبەتمەندی زۆر گرینگیان هەیە: ١- گەورەترین ناوچەی دارستانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن ٢- گەورەترین سەرچاوەی کەربۆهیدراتی جیهانیان لەخۆ گرتووە".

زاگرۆس تەنیا ناوچەیەکی پڕئاوی جوغرافیای ژێردەسەڵاتی ئێران نییە، بەڵکوو زاگرۆس تەنیا ناوچەیەکی پڕئاوی ژێردەسەڵاتی ئێرانە کە دەکرێت ئاوەکەی بۆ ناوەندی ئێران ڕاگوازرێت؛ ئەو تایبەتمەندییەش زاگرۆسی هاوکات کردووە بە هارتلەند و شاڕێی ئاویی ئێران.

بەنداوەکانی کوردستان

لە پاش سەردانی خامنەیی بۆ پارێزگەی سنە، رۆژنامەی "دنیای اقتصاد" لە ژمارەی ٢١٥٣ی خۆیدا و لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر بەنداوەکانی پارێزگەی سنە دەنووسێت: "بەبۆنەی سەردانی ئایوتوڵڵا خامنەیی بۆ پارێزگەی سنە، بڕیاری سازکردنی ١١ بەنداو لەو پارێزگەیە دراوە".

ئەوە لە ڕاستیدا پێداویستییەک بۆ ناوەندە نەک خێرێک بێت بۆ کوردستان یان پارێزگەی سنە.

کۆماری ئیسلامی ئێران، هەنووکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٢٩ بەنداوی بەدەستەوەیە کە لە ٥% هەتا ٩٥% لە کارەکانی کراوە و توێژینەوە لەسەر ٦٦ پڕۆژەی لێدانی بەنداوی نوێیان بەدەستەوەیە. ئەوە جیاوازیی ٤٠ بەنداوی تەواوکراوە کە ئێستا لەسەر چۆمەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری هەڵبەستنیان کۆتایی پێهاتووە. هاوکات لەگەڵ ئەوە، چەندین گەڵاڵەی ڕاگواستنی ئاو لە کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی تری ئێرانی بەدەستەوەیە کە بەڕوونی هەتا ئێستا ئاشکرا نەکراوە و تەنیا دەگوترێت لەبارەیەوە خەریکی لێکۆڵینەوەن، بەڵام لە ئێستادا ئاوی کوردستان بۆ دوو شاری هەمەدان و تەورێز ڕادەگوازرێت.

حەسەن رووحانی لە کتێبی "امنیت ملی و نظام اقتصادی ایران" لە بەشی "آب و امنیت ملی" هەشت ڕێکار بۆ دەرچوونی ئێران لە قەیرانی ئاو، دێنێتە بەرباس کە ڕێکاری ٥ و ٧ی جێی سەرنجن؛ لە ڕێکاری پێنجەمدا دەنووسێت: دابەشکردنی سەرچاوەکانی نوێی ئاو، بەشێوەی گەشەی سەقامگیر و لە ڕێکاری حەوتەمیشدا دەنووسێت: گرتنەوەی ئاوەکانی سەرسنوور.

لێرەدا مەبەست لە سەرچاوەکانی نوێی ئاو، ئەو بەنداوانەیە کە لە کوردستان خەریکی سازکردنیانن؛ هەروەها ئێران تەنیا لە سنووری کوردستانی رۆژهەڵاتدا وەک ناوچەی لای سەرووی سەرچاوەکانیی ئاوی رۆژهەڵاتی ‌نێوەڕاست دەناسرێت و لە باقی سنوورەکاندا، ئێران ناوچەی لای خوارووی سەرچاوەکانیی ئاو دێتەحیساب، واتە تەنیا لە سنووری کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاو لە ئێرانەوە دەچێتە ناوچەیەکیتر و لە باقی سنوورەکان، ئاو لە وڵاتێکیترەوە، دێتە نێو ئێرانەوە، کەوایە ئەو دوو ڕێکارە کە گرینگترین ڕێکار و خێراترین ڕێکاری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئاو لە ئیرانن، لە ڕوانگەی سەرکۆماری ئێستای ئێرانەوە، هەر دووکیان تەنیا لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت، باقی ڕێکارەکان ڕێکاری درێژخایەنن، بۆ وێنە ڕێکاری یەکەم و دووهەم ڕێفۆرم لە فەرهەنگی بەکارهێنانی ئاوە، بۆیە لە ڕاستیدا کوردستان تەنیا شاڕێی ئاویی ئێرانە.

دەرەنجام:

کوردستانی رۆژهەڵات، شاڕێی ئاوی و هارتڵەندی ئێرانە و تەنیا ڕێگەی هیوای دەرچوونی ئێران لە قەیرانی ئاوییە؛ ئەوەیکە دەڵێین کوردستان شاڕێیەکی ئاوییە، تەنیا دەرفەتێک بۆ کوردستان نییە، بەڵکوو مەترسییەکیشە لەسەر کوردستان! بۆ روون بونەوەی زیاتری باسەکە ئاماژە بە قسەیەکی لێکۆڵەرانی بواری ئاو لەسەر سەرهەڵدانی قەیرانی کەم ئاوی دەکەم: لە نێو لێکۆلەرانی بواری ئاودا ئەو ڕستەیە باوە کە دەڵێن: "گرینگ نییە کە چەندەت ئاو هەیە، گرینگ ئەوەیە چۆن ئەو ئاوە بەکار دەهێنیت، چونکە هەر چەندەت هەبێت، ئەگەر دەستی پێوەنەگری تەواو دەبێت". لێرەدا بەر لەوەی ئاوی کوردستان وەک دەرفەتێک سەیر بکەین، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە، بۆچی قەیرانی ئاو لە ناوەندیی ئێران سەری هەڵداوە؟

ئەگەر هۆکارەکانی قەیرانی ئاو لە ئێران لەبەر چاو بگرین، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە مەترسیی سەرهەڵدانی قەیرانی بێ‌ئاوی لەسەر کوردستانی رۆژهەڵاتیش هەیە، چوونکە جیاوازی تایبەتمەندی ژینگەی کوردستان، هەمان کێشەی قانونی، دامەزراوەیی و مرۆڤی کە بوونە هۆکاری قەیران لە ناوەندی ئێراندا، لە سیاسەتی ئاویی کۆماری ئیسلامی، کوردستانیش سەرهەڵدەداتەوە، کەواتە لەگەڵ ئەوەیکە پڕئاویی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات دەرفەتێکی بۆ کارتێکەری کوردستان لەسەر تاران خوڵقاندووە و ئاوی کردووەتە کۆڵەکەیەکی گرینگی ستراتێژی داهاتووی کوردستان، بەهەمان شێوەش هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی ئاوی کوردستان لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی خۆیدا مەترسی ئەوەی هێناوەتە گۆڕێ کە قەیرانی بێ ئاوی لە کوردستانیش سەرهەڵبدات.

کوردستانیش لەگەڵ ئەوەیکە لە رووی ژینگەییەوە رێژەی "ئاوی بووژاوەی" پێویستی هەیە، ئەگەری ئەوەی هەیە بەهۆی بەرێوەبەرایەتیی ناکارامە و ئیدیۆلۆژیکی سیاسی کۆماری ئیسلامی، تووشی قەیرانی کەم ئاوی ببێت، بێگومان ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە کە داهاتووی کوردستانی خستۆتە ژێر نیسێی خۆیەوە.

بەپێی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و بەپێی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە ئێراندا، ئەگەری ئەوە هەیە، کە سیاسەتە ئاوییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ببێتە، هۆکارێک بۆ ئەوەی کوردستانیش لە داهاتوودا تووشی هەمان قەیرانی ئاو و دەرهاویشتەکانی ببێت، کە ئێستا ناوەندی ئێرانی گرتووەتەوە و بێگومان بەپێی ئەزموونی هەڵسوکەوتی حکوومەت، لەگەڵ کوردستان ئەگەر بێت و قەیرانی کەم ئاوی لە کوردستان سەرهەڵبدات، خەسارە مرۆیی و ژینگەییەکانی زۆر قووڵتر لە ناوەندی ئێرانیش دەبێت.

بۆ نیشاندانی ئاستی پەراوێزخستنی کوردستان لە کۆتاییدا تەنیا ئاماژە بە نموونەیەک دەکەم: سەرجەمی ئەو کۆڕبەند و سێمینارانەی کە لە پەیوەندی بە ئاو، لە زانکۆ و شوێنە زانستییەکانی ئێراندا بەڕێوە دەچێت، لەلایەن ئەو کەسانەوە سەرپەرشتیاری دەکرێت، کە خەڵک و دانیشتووی ناوچەیەکن کە لە قەیرانی ئاودایە و لە ئەگەری ڕاگواستنی ئاوی کوردستان، ئەوە ناوچەی ئەوانە کە ئاوی بۆ ڕادەگوازرێت؛ ئەو بابەتە لەسەر بەرپرسانی بڕیاردەریش ڕاستە، بەو مانایەی کە زۆربەی بەرپرسانی بڕیاردەر لە بواری ئاو لە ئاستی کوردستان و ئێراندا، کەسانێکن کە خەڵکی ناوچەی کەم ئاوی ئێرانن و ئەگەر ئاوی کوردستان ڕاگوازرێ بۆ ناوچەی ئەوان ڕادەگوازرێ؛ ئەگەر تەنیا ئەو ڕاپرسییەی کە لە خاڵی نۆهەمی هۆکارەکانی قەیرانی ئاو، لە ناوەندی ئێراندا باسی کرا، لەبەرچاو بگرین، بۆمان دەردەکەوێت، کە نەک بڕیارە سیاسییەکان بەڵکوو تەنانەت ئەگەر کۆڕبەندێکیی زانستیش بگیرێت، ئاڕاستەی کۆڕبەندەکە لە دژی کوردستانە و لە بەرژەوەندی ناوەندی ئێراندایە، دواتریش دەکرێت هەر لە ڕێگەی ئەو کۆربەندانەوە چاوی کۆمەڵگە و ڕای گشتیی کوردستان ببیسترێت و بۆ راگواستنی ئاوی کوردستان هۆکاری وەک دەڵێم "مەحکەمە پەسند" بهێندرێتەوە.