لوقمان ئەحمەدی: هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گرێدراوە بە بوونی فرە جەمسەری و نەبوونی هاوسەنگی هێز لە لایەک و ڕەقابەتی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەکارهێنانی ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە لە لایەن ئێلیتەکانی نێو وڵاتانی بەشدار بۆ پارستنی

زایینی: ٢١-١٢-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٩/٣٠ - ١٩:١٣ تاران
لوقمان ئەحمەدی: هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گرێدراوە بە بوونی فرە جەمسەری و نەبوونی هاوسەنگی هێز لە لایەک و ڕەقابەتی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەکارهێنانی ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە لە لایەن ئێلیتەکانی نێو وڵاتانی بەشدار بۆ پارستنی
وتووێژی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ لوقمان ئەحمەدی

پ: لە رۆژهەڵاتی ناوین، چەند شەڕێک لە ئارادایە؛ لە لایەک شەڕی گەرم لە سووریا، یەمەن و تاکوو ئەم دواییانە، لە عێراقیش. لە لایەکی دیکەوە، شەڕی سارد لە نێوان ئێران و عەرەبستان لە ئارادایە. هەڵبەت ئەمریکا و ڕووسیەش بەشدارن لە شەڕ و ملمانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. هۆی ئەم شەڕ و ملمانێیانە بۆچی دەگەڕێتەوە و بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە بەراورد لەگەڵ دەڤەری دیکەی جیهان، ئەوەندە ناسەقامگیرە؟

وڵامی ئەم پرسیارانە پێویستی بە شرۆڤەکاری ئاستی (levels of analysis) جیاواز هەیە. لە ئاستی سیستیمی هەرێمدا (regional system)، لابردنی ڕێژیمی سەدام حوسەین، کشانەوەی ئامریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆیی سووریە بۆشاییەکی هێزی (power vacuum) لە هەرێمەکە دروست کرد، کە هاوسەنگی هێزی (balance of power) ناوچەکەی تێک دا. ئەم ئاڵوگۆڕانە وای کردووە کە حاڵەتێکی فرە جەمسەری دروست بێ، کە تێیدا بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی ناوچەکە لە لایەک و ئامریکا و ڕووسیە لە لایەکی دیکەوە هەوڵ بدەن نفووز و دەسەڵاتی خۆیان زیاد بکەن، یان ڕێگری لە ڕەقیبەکانیان بگرن و ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە. لەم حاڵەتەدا ئانێرشی لە نێو سیستمی هەرێمەکە زیاد دەبێ و هاوپەیمانی و پێوەندی جیاوازی ناسەقامگیر دروست دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیران و گرفتی جیاواز، کە زۆر جار بە شەڕ یەکلایی دەکرێنەوە.

لە ئاستی پێوەندی نێوان چەند یان دوو لایەنەی وڵاتانی (dyadic relationships) بەشداری ئەم شەڕانە، دەبێ بڕوانینە سەر ڕوانگەی وڵاتانی جیاواز لەسەر یەکدی. بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان لە زانستی شەڕدا نیشانیان داوە کە دوای شەڕی جیهانی دووهەم ٥٠ تا ٧٠ لە سەدی هەموو شەڕەکان کە چەند یان دوو لایەن بەشداریان تێدا کردووە گرێ دراوە بە ڕوانگەی ئەو وڵاتانە کە یەکدی بە ڕەقیب دەبینن و ناکۆکیان هەبووە لە مێژوودا. ئەم شەڕانە دەتوانێ هەم شەڕی کۆنڤێنشونال (conventional war) بێ و هەم شەڕ بە وەکالەت (proxy war). مێژوو و ڕوانگەی زۆربەی ئەو وڵاتانە لەسەر یەکدی کە بەشداری ئەم شەڕانەن بە شێوەی جیاواز ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ.

ئاستێکی دیکەی گرینگ کە گرێدراوە بە ڕوانگەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەوە کە بەشداری ئەم شەڕانەن لەسەر خۆیان. لە زانستی شەڕدا نیشان دراوە کە ئەگەر کۆمەڵگەیەک یان دەسەڵاتدارانی وڵاتێک هۆڤیەت و ڕوانگەی خۆیان بەستبێتەوە بە رۆڵی وڵاتەکەیان وەکوو لایەنێکی بەهێز لە ناوچەیەکی دیاریکراو یان جیهاندا، ئیمکانی بەشداری کردنی شەڕ زیاد دەبێ بۆ پاراستنی ئەو هۆڤیەت و ڕوانگەیە; بۆ نموونە دەسەڵاتداران و تا ڕادەیەکی بەرچاویش نەتەوەکانی تورک و فارس لە تورکیە و ئێران بەردەوام هۆڤیەتی ئایینی و مێژووی نفووزی ئێمپراتوری ئەم وڵاتانە بەکاردێنن وەکوو دەلیل بۆ بەشداریکردن لەم شەڕانەدا.

ئاستێکی دیکەی گرینگ لەم پێوەندیەدا گرێدراوە بە ویست و بەرژەوەندی ئێلیتەکانی نێو ئەم وڵاتانە و ڕوانگەی ئەوان لەسەر کاریگەری ئابووری و سیاسی لەسەر رۆل و نفوزی خۆیان لە نێوخۆی ئەم وڵاتانەدا لە ئەگەری بەشداریکردن یان بەشداری نەکردنی شەڕ. بۆ نموونە لە تورکیە دەبینین کە سەرۆکی ئەو وڵاتە شەڕی سووریە و ئاڵۆزییەکانی مەنتەقە بەکاردێنێ بۆ بەهێزکردنی جێگای خۆی، لە ئێرانیش سپای پاسداران و ئاخوندەکان بە هەمان شێوە بەشداریکردنی ئەم شەڕانە بەکاردێنن بۆ بەهێزکردنی خۆیان و مانەوە لە دەسەڵات.

بە کورتی دەتوانین بڵێین کە هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گرێدراوە بە بوونی فرە جەمسەری و نەبوونی هاوسەنگی هێز لە لایەک و ڕوانگە و ڕەقابەتی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەکارهێنانی ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە لە لایەن ئێلیتەکانی نێو وڵاتانی بەشدار بۆ پارستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە.

پ: ئەگەر سەیری هێزی نیزامی بکەین، ئامریکا و هاوپەیمانانی لە لایەنەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهێزترن، کەچی ڕووسیە و ئێران بە براوەی شەڕەکانی ئەم دواییانە دەبیندرێن؛ هۆی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

دیارە ئەم بۆچوونە زیاتر لە ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکاندا باس دەکرێ، بە کردەوە هێشتا ئەم پرسە بە تەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە. ڕاستە، ئامریکا لە بواری نیزامییەوە لە هەموو وڵاتانی ناوچە و هەتا ڕوسیەش بەهێزترە، بەڵام سەرچاوەی ئەم بۆچوونە دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی ئامریکا بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوین. شەڕی ئامریکا لە ئەفغانستان و عێراق ئەزموونێکی یەکجار خراپ بووە و هیچ لەو ئامانجانە کە دیاری کرابوون لە لایەن ئامریکاوە وەدی نەهاتوون؛ نە توانیان کۆتایی بە تێروریزمی ئیسلامی بهێنن، نە توانیان ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەوە دێموکراتیزاسیۆن ببەن. ئەم ڕاستییە وای کردووە کە ئامریکا نە لە ئاستی نێوخۆی و نە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی هەبێ بۆ ئەوە بە هێزی نیزامی کۆنترۆلی ئاڵۆگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بکا. لە هەمان کاتدا لە ئاست سیاسی، لە ئیداری ئۆباماڕا بگرە تا ترامپ، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە تێکەڵبوونی ڕاستەوخۆ بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕێگای حوزوری بەرچاوی نیزامییەوە زەرەری زیاترە تا قازانج، هەر بۆیە هەوڵ دەدرێ زیاتر بە وەکالەت وحزور و بەرژەوەندی ئامریکا بپارێزرێ لە ناوچەکە؛ بەڵام وەکوو باسمان کرد، ئەم پرسە یەکلایی نەکراوەتەوە و ئیمکانی هەیە کە ئاڵۆگۆڕ بەسەر سیاسەت و هەڵویستی ئامریکادا دروست ببێ، چوونکە بەرژەوەندی درێژخایەنی ئامریکا ئەوە ناخوازێ ڕۆژهەڵاتی ناوین تەحویلی ڕوسیە یان نەیارێک وەکوو ئێران بدرێ.

پ: لە کاتێکدا تورکییە دراوسێی سووریەیە و دووهەمین ئەرتەشی ناتۆی هەیە، کەچی لە سوورییەدا بە ئەندازەی ئێران شوێندانەر نەبووە. هۆیەکەی چییە؟

هۆکاری ئەمە پێوەندی بە گەورەیی هێزی نیزامییەوە نییە، بەڵکوو پێوەندی بە ستراتێژی و تاکتیکی سیاسی و نیزامییەوەیە. لە سەرەتای شەڕی سووریەدا کۆماری ئیسلامی، بەپێچەوانەی توورکیە، توانی خۆی وەکوو نەیارێکی سەرەکی داعش نیشان بدا بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، هەر بۆیە هیچ ڕێگرییەک لە لایەن ئۆرووپاییەکان یان ئامریکاییەکان بۆ بەشداری ئێران لە سوریە دروست نەکرا و لەو ڕێگەوە ئێران توانی هەم هێز جێگیر بکا و هەم قەناعەت بە ڕووسیە بهێنێ کە پشتیوانی بەشار ئەسەد بکەن.

ئێران لە یەکەم رۆژڕا فۆکووسی نیزامی و سیاسی تەنیا لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد دانا و هەموو پرسەکانی دیکەی وەکوو پرسی لاوەکی دانا، بەڵام توورکیە دوو هەڵەی گەورەی کرد، هەڵەی یەکەم ئەوە بوو کە زۆر بە ئاشکرا پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ لایەنە توندڕەوە ئیسلامییە سووننەکان کە دژی بەشار ئەسەد شەڕیان دەکرد دروست کرد و ڕێگەی دا هاتوچۆ لە خاکی توورکیە بکەن و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەیکە ئامریکا خۆی لێ دوور بخاتەوە، هەڵەی دووهەم هەڵویستی توورکیە بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستانە و گرێدانی بەرژەوەندی و سیاسەت و هەڵویستەکانی لە سووریە بە پرسی کورد لەو وڵاتە. ئەمە وای کرد کە تورکیە تا ڕادەیەکی بەرچاو فۆکووس و وزە بخاتە سەر کورد و لە هەمان کاتدا هیچ لایەنێکی دۆستی بۆ نەمێنێ لە سووریە بێجگە لە ئیسلامییە توندڕەوەکان.

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئامریکا بە تایبەتی، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو و نییە ڕێگە بدا کە ئەو لایەنانە کە تورکیە دۆستایەتیان دەکا، ببن بە ئەکتەرێکی کاریگەر؛ بەڵام بە پێچەوانەی تورکیا، ئێران، کە ئەویش نایهەوێ کورد لە سووریە هیچ رۆلێکیان هەبێ، گرینگی نەدا بە کورد چونکە پێیوایە کە ئەگەر بتوانێ وا بکا کە بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ سووریە دەتوانێ لە دواڕۆژدا ڕووبەڕووی کورد ببێ.

پ: گرژی نێوان ئامریکا و ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە؛ پێشبینیت چییە بۆ داهاتووی پەیوەندی نێوان ئامریکا و ئێران؟

ئەستەمە پێشبینی لەم پێوەندییەدا بکرێ، بەڵام من لەو باوەڕە نیم کە ئامریکا هێرشی نیزامی بکاتە سەر ئێران، و زۆربەی کەرەستەکانی دیکەی ئامریکا بۆ فشار خستنە سەر ئێران، وەکوو سەپاندنی گەمارۆ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێگری لێ دەکرێ لە لایەن ڕووسیە و چین لە شۆرای ئاسایش. هەر چەندە ئیدارەی ترامپ گوتاری تووندتر بە دژی ئێران بەکار دەهێنێ، بەڵام پێم وانییە بە کردەوە هیچ کردارێکی جیددی بە دژی ئێران بکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا. بەڵام ئەگەر هەلومەرجی ناوخۆیی ئێران بگۆڕدرێ و ئۆپۆزیسیۆن و خەڵک بە کردەوە دژی ڕێژیم بجوڵێنەوە یان ئێران هەڵەیەکی گەورە لە ناوچەکە بکات کە بەرژەوەندی ئامریکا ڕاستەوخۆ بخاتە مەترسییەوە، ئەو کات ئیمکانی هەیە ئامریکا بە کردەوە ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە.

پ: پێشبینیت چییە بۆ ملمانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین؟

زلهێزەکانی جیهان، بە تایبەت ڕوسیە و ئامریکا دەیانهەوێ پارسەنگێکی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێکبهێنن کە سەقامگیر بێ و تێیدا بەرژەوەندی و نفوزی خۆیان پارێزراو بێ. رۆڵی ئامریکا و روسیە چارەنووسساز دەبێ بۆ بارودۆخی داهاتووی ناوچەکە، ئەگەر یەک یان هەردوو لەم وڵاتانە گەرەنتی سەقامگیری و پارسەنگی هێز بدەن بە هاوپەیمان و دۆستەکانی خۆیان لە ناوچەکە ئەو کات ئیمکانی هەیە شێوەیەک لە سەقامگیری دروست بێ.

بەڵام ئەگەر ئەم دوو وڵاتە هەوڵ بدەن لە ڕێگای هاوپەیمانەکانیانەوە لە ناوچەکە ئەو بۆشایی هێزە کە دروست بووە پڕ بکەنەوە و لایەنەکەی دیکە وەدەرنێن، پێشبینی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری زیاتر دەکرێ. بەڵام زۆربەی وڵاتانی ناوچە بە شێوەی جیاواز خۆیان ئامادە دەکەن بۆ درێژەپێدانی ڕقابەتەکانیان، چوونکە زۆربەی گرفتە ئەسڵییەکان یەکلایی نەکراونەتەوە و لە ڕوانگەی وڵاتانی ناوچە هێشتا دەرفەت هەیە کە ئەو بۆشایی هێزە کە دروست بووە لە لایەن ئەوانەوە پڕ بکرێتەوە؛ هەر بۆیە ئیمکانی زۆرە بەربەرەکانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە درێژەیان هەبێ و لە حاڵەتی جیاواز و بە شێوەی جیاواز شەڕ و ناسەقامگیری سەرهەڵدەداتەوە.