خۆپێشاندانەکانی ئێران و پرسی کورد

زایینی: ٠٥-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/١٥ - ١٦:٠٦ تاران
خۆپێشاندانەکانی ئێران و پرسی کورد
دیاکۆ خەیات

گڕوتینی ئەو چەند رۆژەی بزووتنەوەی ئیعترازیی سەرانسەری ئێران بە ئامانجی رووخانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەیکە زۆر پرسیاری بۆ زۆر کەس دروست کردووە، بەڵام زۆر وەڵامیشی بۆ زۆر پرسیار داوەتەوە و پەردەی لە سەر زۆر راستیی لاداوە. پرسیار لەسەر دینامیزم و قەوارەی پۆتانسییەڵی ئەو ئیعترازە رادیکاڵە- کە دیاریکەری درێژەکێشانی بزووتنەوەکەیە- لەپاڵ پرسیار لە سەر ئاراستەی سیاسیی و ئیدئۆلۆژیکەکەی- کە ئاسۆی سیاسیی ئێران دەخەمڵێنێ- دوو پرسیاری سەرەکین؛ لەگەڵ ئەوانەش ناڕوونی چۆنییەتی دژکردەوەی رێژیم لە ئەگەری درێژەکێشان و رادیکاڵتربوونی بزووتنەوەکە و هەروەها بەربڵاویی سێناریۆ جۆربەجۆرەکانی داهاتوو، توانای وڵامدانەوەمان بەو پرسیارە کە "چی لێدێتەوە" لێدەستێنێ.

بەڵام، هەر رووداوێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی بەشێکە لە مەنزوومەیەکی دیالێکتیکی کە کەم یان زۆر پەردە لە سەر هەندێک هاوپێوەندیی مێژوویی لادەدا و راستیی هەندێک گوزارەمان بۆ دەردەخا؛ هەستانی خەڵکی شار و شارۆچکەکانی ئێران لە بەرامبەر رێژیمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی بۆ دەربڕینی نارەزایەتی و ڕق و قینیان بە نیسبەت ڕەوشی نالەباری ئابووریی و گەندەڵی و دیکتاتۆرییەتی ئەو رێژیمە رووداوێکی کەللەتەزێن بوو بۆ دەسەڵاتداران و لایەنگرانی. ئەو نارەزایەتییە، تەقینەوەی تووڕەیی پەنگخواردووی ئەو خەڵکەیە کە لە ئابووریی رانتیی و گەندەڵی ئەو وڵاتە بێبەش بووە و ساڵانێکە بە دەم تاقیکردنەوەی هەموو پۆتانسییەڵەکانی ئەو رێژیمە چاوەڕێی گۆڕانێکی ئەرێنی لە ژیانیدا بووە، بەڵام ئەوەی روویداوە هاتنە خوارەوەی ئاستی بژێوی ژیانیان و کەمبوونەوەی توانای کڕینیان بووە کە ساڵ بە ساڵ سفرەی خواردنیانی چکۆلە و چکۆلەتر کردۆتەوە.

لە کاتێکدا بە بەر چاوی خۆیاندا، رێژیم بۆ وەدەست هێنانی ژێستی "حاکمی رۆژهەڵاتی نێوڕاست" بە لێشاو پارە و چەک و چۆڵی رەوانەی دەرەوە کردووە؛ لە کاتێکدا بەشە بودجەی ناوەندە زانستی و پەروەردەییەکان کەم دەکرێتەوە و بودجەی سپای پاسداران ٥١ لە سەد زیاد دەکرێ؛ ئەو بودجەیەش کە تەرخان دەکرا و دەکرێ بۆ ئاوەدانکردنەوە، بە هۆی ناکارامەیی و بێ کیفایەتی بەرپرسان و داڕماویی پێکهاتەی ئابووریی ئێران - کە ئەزقەزا ئەویش بەرهەمی ئەو رێژیمەیە- هیچ ئامانجێکی لە قازانجی کۆمەڵانی خەڵک نەپێکاوە و ناپێکێ. کەوابوو لە ئابوورییەکی وەها سەقەت و ئیفلیج دا کە تاقە کارکردی بۆتە تێرکردنی هەندێک تاقمی دەسەڵاتدار و دەورووبەرەکانی و برسێتی و پاشکەوتنی رۆژ لەدوای رۆژی باقی کۆمەڵگە، سەرهەڵدانی جەماوەریی دەبێ ئەگەرێکی گەورە بێ. ئەو نارەزایەتییە تەنیا چینی دەسکورتی کۆمەڵگە ناگرێتەوە، بەڵکوو ئەو چینە مام ناوەندییەش کە وەسڵ نییە بە سیستەمی رانتییەوە و لە مێژ ساڵە بە دەست کەسادی و قەیرانی "فەزای کەسب و کار"ەوە دەناڵێنێ، هاودەنگە لەگەڵی؛ کەوابوو، بە قبووڵ کردنی ئەو راستییە کە دواکەوتوویی ئێران دەرەنجامی بێکیفایەتی و ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی رێژیمە، تا رادەیەکی زۆر هۆکاری بنچینەیی ئەو رووداوانەی کە لە شارەکانی ئێران لە ئارادان، دیارە.

بەڵام بۆ لە کوردستاندا تا رادەیەک بێ دەنگی هەیە؟ ئەوەیکە کوردستان یەکێک لە دواکەوتووترین ناوچەکانی ئێرانە و لە رووی ئابوورییەوە خەڵکەکەی بە نیسبەت باقی ناوچەکانی ئێران- بەتایبەتی ئەوانەی سەرهەڵدانی نوێیان تێدایە- لە رەوشێکی خراپتردا دەژین بەپێی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی حاشاهەڵنەگرە. کەچی هێشتا تێکەڵ بەو رەوتە ئیعترازییە نەبووە و خۆی ڕەگەڵ نەخستووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە کوردستان بەردەوام سەنگەری سەرهەڵدان و نارەزایەتیی پێکهاتەمەند و رادیکاڵ بووە.

لێرەدایە کە ئەو پرسیارە، پەردە لە سەر حەقیقەتی نێوەڕۆکی بزووتنەوەی کوردستان لادەدا و پێمان دەڵێ کە چییەتیی و دینامیزمی بنەمایی بزووتنەوەی کوردستان و ئەو ڕێڕەوەی پێیدا تێپەڕیوە جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوەی لە سەرانسەری ئێران دەگوزەرێ هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەیکە نەهێشتنی هەڵاواردن و پێڕاگەیشتن بە کوردستان خواستی خەڵکی کورد بووە، بزووتنەوەی کوردستان قەت لە سەر ئەساسی خواستی ئابووریی و وەرگرتنی بەشە بودجە و گەشەپێدانی ئابووری نەبووە، بەڵکوو بنەمای ئەو بزووتنەوەیە گەڕاندنەوەی کەرامەت و سەروەریی سیاسی و نەتەوەییەکەی بووە کە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی بەناو مۆدێڕن لە ئێران لێی ئەستێندراوەتەوە و پێشێل کراوە. ئەو نەتەوەیە کە ساڵانێکی دوورودرێژە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی، دەیان قات زیاتر لە خەڵکی شوێنەکانی تری ئێران برسێتی و بێکاری و دواکەوتوویی ئابووریی و هەژاریی تەحەموول کردووە سرووشتییە و چاوەڕوانکراوە کە ئامادە نەبێ گومان بخاتە سەر پرسە سەرەکییەکەی؛ گومانێک کە بە دەیان ساڵە داگیرکەر دەیهەوێ بە هەموو فرت و فێڵێک بیخاتە سەر پرسی بزووتنەوەی کوردستان؛ کە ئەزقەزا نوێترینیان بە ئیسلاحخوازەکانی کورد ئەسپێردراوە کە هەم لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا خواستی کوردیان تا ئاستی قیرەتاوکردنی جادەیەک دەهێنا خوار و هەمیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی راسانی رۆژهەڵات، تەوسەعەی ئابووریی کوردستانیان کردبوو بە پاساو و راسانیان وەک بەربەستێک لەبەردەم "تەوسەعە"ی ئابووریی کوردستان پیشان دەدا. با لەوەش گەڕێین کە نەیانویستووە ئەو راستییە بزانن کە دواکەوتوویی کوردستان بەپێچەوانەی باقی ناوچەکانی ئێران نەک بە هۆی ناکارامەیی دەسەڵاتداران بەڵکوو ئاکامی سیاسەتی بەئەنقەستی داگیرکەران بووە بۆ پێشنەکەوتن و گەشەنەسەندنی کوردستان. بۆیە هەڵوێستی تا ئێرەی خەڵکی کوردستان هەم چییەتی راستەقینەی بزووتنەوەی کوردستانی جارێکی تر سەلماند و هەمیش وەڵامێکی گونجاوی بە نەیارانی داوە.

بەڵام بۆچی پێویستە لەمەوبەدوا کوردستانیش تێکەڵ بە ئیعترازە سەرانسەرییەکان بێت؟ بێدەنگیی هەتا ئێستای شارە کوردەکان هەروەک گوترا، هەندێک راستیی مێژوویی دەرخست؛ بەڵام بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی رەخساو، پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش بە قازانجی دۆزی رەوای کورد دەنگی خۆیان بەرزتر لە جاران هەڵبڕن و لە راستای ئامانجەکانی خۆیان کە گەڕاندنەوەی کەرامەت و سەروەریی نەتەوەییانە بڕژێنە سەر شەقام و هێزی بێ هێزی رێژیمی داگیرکەر وەهەراسان بخەن.

لەو قۆناغەدا کە هێزەکانی رێژیم باوەڕیان بە خۆیان نەماوە و ترسی رووخان هێزی سەرکووتکەری بێ هیوا کردووە، راسانی شارەکانی کوردستان دەتوانێ زۆرترین دەسکەوت و کاریگەریی هەبێ. ئەوە دەرفەتێکە کە گەلی کورد دەتوانێ بۆ پێشخستن و نزیک بوونەوە لە ئامانجەکانی، کەڵکی شیاوی لێ وەربگرێ؛ بە تایبەتی کە لە قۆناغی نوێی خەباتدا، هۆشیاری نەتەوەیی و بەرینایی خەبات لە جاران بەرزتر و بەربڵاوترە.