ئێمە و وێژمانەکانی داگیرکراوی و هەڵاوێردراوی

زایینی: ٠٥-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/١٥ - ١٦:١٤ تاران
ئێمە و وێژمانەکانی داگیرکراوی و هەڵاوێردراوی
کەیوان دروودی

وەک دەزانین هەر وێژمانێک هەڵگری هێڵێکی ڕوونی هزرییە کە لە خۆیدا بنەمایەکە بۆ جیهانبینییەکی تایبەت؛ ئەگەر بەپێی سەردێڕی ئەم وتارە، ئێمه وەکوو کورد دابنین و ئەویتریش وەکوو داگیرکەر، ئەوە بە لای ئەم هێڵە فیکرییەوە روونە. کورد لە داڕشتنی سیاسەتی ئێراندا ـ بۆ نموونە دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی ـ هیچ دەورێکی نەبووە و نییە؛ نموونەشیان بچڕاندنی پەیوەندیی بە ئیسرائیل، کەوتنە نێو کێبەرکێی ناتەندروست لەتەک گەورە وڵاتانی ئیسلامی - عەرەبیی ناوچە و هەڵگیرساندنی شەڕ و سەپاندنی هێژمۆنی بەسەر وڵاتانی دراوسێدایە.

بۆ سەلماندنی ئەوەیکە سەرچاوەی هێزی کۆماری ئیسلامی، گەلی سەردەست و ئایینی تایبەتە و سیاسەتەکەی بۆ ڕاگرتنی ئەم سەرچاوەگەلە بەکارهێناوە، هەر ئەوەندە بەسە. ئەنجامگیریی ژیربێژانە تا ئێرە ئەوەیە کە نە لە دامەزراندن و نە لە بەشداری پێکردنی ناوخۆیی و نە لە داڕشتن و بەدواداچوونی بەرژەوەندیی دەرەکی هیچ کات نە ئیرادەی کوردستان و گەلانیتر لەبەرچاو گیراوە و نە خواستەکانیان لەلای ئەم دەسەڵاتەوە خراوەتە ئەجێنداوە. کەوایە بۆچی دەبێ لامان وابێ کە جوغرافیای ئێران نیشتمانە و کەنداوی فارس هێڵی سوورە! یان ئەوەی کە تێڕوانینمان بۆ پەیوەندیی ئەم ئێمە و ئەوانە هاوئاستی پەیوەندیی هەڵاوێر و هەڵاوێردراو بێت! ئاخۆ گەلێک کە مەوجوودییەتی ژێرپێ نراوە ،داگیر کراوە و پێویستیی بە رێڕەوێکی رزگاریخوازانە هەیە یان هەڵگرتنی گوتاری لابردنی هەڵاواردن!

لە ڕووی نەزەرییەوە، یەکسانی بۆخۆی چەمکێکی ئابستراکتە کە مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو وەک درەوشاوەترین دروشمی ئایدیالیستی بە کاری هێناوە و بۆ کوردیش لە نێو ئێران ئەم مەسەلە وەڕاست دەگەڕێ؛ بەڵام لانیکەم لە سەدەی ڕابردوودا نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە بەشەکانی تری کوردستانیش گوتاری لابردنی هەڵاواردن نەیتوانیوە دەسکەوتێکی ئەوتۆی هەبێ. گوتاری هەڵاواردن گوزارشت لە بوونی کیانێکی یەکگرتوو و خەڵکانێکی هاوچارەنووس دەکات کە بە هۆکاری جیاواز بەشێک لەم خەڵکە کەوتوونەتە پەراوێز و دەستیان بە دەرفەتی یەکسان نەگەیشتووە کە ئەمەش بە چاکسازی لە سیستمی بەڕێوەبەری ڕێفۆرم دەکرێ.

ئەم گوتارە ئەگەرچی لای گرووپ، ڕێکخراو و حیزبی سیاسیشەوە هەڵگیراوە، بەڵام بەوپێیەی کە ئەم دامەزراوەگەلە لە عەرزی واقیعدا کار دەکەن و پێویستیان بە دانوستان و دانیشتن و وەرگرتنی پووانی جیاواز هەیە، ئەم ڕێکارەیان هەتا ئیستە تا رادەیەک پاساو هەڵگرە؛ وەکوو تر لە ئاستی یەکانگیریی نەتەوایەتی و دینامیزمی کۆمەڵایەتییەوە هەندێک خەساریشی هەبووە کە لێرە ناگونجێ بەسەریاندا بێینەوە.

لە ڕاستیدا سەرجەم حیزبە سیاسییەکان لە بەراوردێکی رێژەییدا کەمینەیەکی هەرەبچووکی پێکهاتەی نەتەوەیەکی بندەستن کە وێڕای بانگەشەی ڕزگاریخوازی و تێکۆشانی بەرچاویان هیچ کات ناتوانن ئەو هێزە بن کە داگیرکار یان ئەویتر لە عەرزی واقیعدا وا لێبکەن کە مل ڕابکێشێ بۆ داخوازییەک لە ئاستی نەتەوەیەکی چەند میلیۆنیدا؛ کەوایە گەلی کورد لە بەریەککەوتنی رێکخراوەییدا ئەگەرچی بزووتنەوەکەی ڕاگرتووە بەڵام لەبەر ناهاوسەنگیی هێزی بەناو دەوڵەتی داگیرکار و حیزبی خۆیدا، نەیتوانیوە رێڕەوێک چێ بکا کە زەمانەتی وەرگرتن و پاراستنی مافی نەتەوە بکات.

دیارە مەبەست لەم گوتارە زیاتر خەسارناسییە نەک دانانی رێڕەوێکی گشتگیری تەواوی رزگاریخوازیی نەتەوەیی، هەربۆیەش قامک لە سەر ئەو خاڵانە دانرا کە وەک لاوازی بە پەیکەری گەلێکەوە دیارە کە بۆ دوو هەزارە دەچێت سەروەریی خۆی لە دەست داوە. ئەگەر وای دابنین کە ڕزگاریی گەلانی تر کە لە مێژوودا نموونەی زۆرمان لێی هەیە لە قۆناغی خەباتێکی گشتگیری جەماوەری تێپەڕیوە، دەبێ ئەو راستییە قەبووڵ بکەین کە هەتا بەرامبەری خۆمان وەک ئەویتر پێناسە نەکەین، نە گەرەنتییەک بۆ مافەکانمان هەیە و نە دەتوانین خەبات بۆ رزگاری لە ژێردەستەیی بکەین بە ئەمرێکی چەسپاوی دەروونی لە تاک و بنەماڵە و وەک ئەرکێکی گشتگیر لە سەر شانی کەمینەیەک لایبەرین و وەک گەلانی تر نیشتمان و نەتەوەی خۆمان لە پارادۆکسی ئێمە و ئەوان و ئایدیای ئابستراکتی هەڵاواردن دەرباز بکەین و پێ بنینە قۆناغی خودسازییەکی پشتبەستوو بە جەماوەرێکی ڕزگاریخواز؛ هەربۆیەش دەبێ بەجیددی پێداچوونەوە بە مەسەلەی کرداری ڕزگاریخوازی (کوردایەتی)دا بکەین و لەو شێوازەی رابردوو بۆ شێوازێکی نوێ هەنگاو هەڵبێنینەوە کە لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی کوردستان (کوردەواری) و هەڵکەوتەی هەنووکەیی دامەزراوە، رێکخراو و حیزبەکانیدا بێتەوە کە بەگشتی لای داگیرکارانەوە خراونەتە دۆخێک کە ناتوانن وەک پێشوو هەڵسن بە راپەڕاندن و هەڵسووڕانی خۆیان، گۆشەچاوێکیشمان لە مێژووی گەلانی دونیا و قۆناغی رزگاری و گەیشتن بە سەروەرییان هەبێت و بەدوور لە پێداگری لەسەر گوتارێکی تایبەت ـ تەنانەت ئەگەر ببێتە بەشێک لە بیرەوەریی مێژوویی و شوناسمان ـ هەوڵی دەرخستنی ئەو راستییانە بدەین کە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ دووپاتمان کردووەتەوە.