شەپۆلەکانی شار

زایینی: ٠٥-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/١٥ - ١٦:٢١ تاران
شەپۆلەکانی شار
قادرئەلیاسی

کتێبی شەپۆلەکانی شار لە نووسینی کاک رەشید حەیدەرییە؛ ئەم کتێبە ٢٠٠ لاپەڕەییە، چیرۆکێکی درێژە کە باسی سەردەمی دوای رووخانی نیزامی پاشایەتی و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و جووڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمان دەکات.

نووسەری شەپۆلەکانی شار لە دوو توێی کتێبەکەدا بە کوردییەکی رەوان و بە داڕشتنێکی جوان و سەرنجڕاکێش ژمارەیەک کەس وەک قارەمانی چیرۆکەکە دەخاتە بەرچاو کە وا لە خوێنەر دەکات هەم زووتر بیخوێنێتەوە و هەم وانەی شۆڕشگێڕی و خۆڕاگریشی لێوە فێربێ. نێرگز وەک دایک و ئاسۆ و هەتاو وەک کچ و کوڕی ئەو گەلە کە کوردی پێدەڵێن، قۆڵ بۆ خەباتێکی پڕ لە مەترسی لە دژی داگیرکەر هەڵدەماڵن تا رۆژێ ببن بە خاوەنی ئەو وڵاتە کە ناوی کوردستانە. لەو سۆنگەیەدا لە گەڵ پێشمەرگە دەست دەدەنە دەستی یەک و شاخ و شار بە یەکەوە گرێ دەدەن. بە جۆرێک ناهێڵن ترووسکەی هیوا لە دڵی تاکی کورددا کز ببێ. ئەو قارەمانانەی نێو چیرۆکی شەپۆلەکانی شار، بە داگیرکرانی شار لە لایەن سپای داگیرکەرەوە چۆک دانادەن، بە مەرگی ئازیزان و دیتنی تەرمەکانیان بە پەتی سێدارەوە دۆش دانامێنن و سوورتر و رق ئەستوورتر دەچنە گۆڕەپانی بزاڤی کوردایەتی و هەتا ئەو کاتە پێشمەرگە و شار دەستەملانی یەکتر دەبن، هەدا نادەن.

حەیدەری بۆ پێناسەی "شەپۆلەکانی شار" دەڵێ: " گەل دەریایە؛ پێشمەرگە ماسییە؛ ئەندامە نهێنییەکان شەپۆلەکانی دەریان". نووسەر لە درێژەی بابەتەکەدا لە مەڕ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و پێوەندی نێوان گەل، پێشمەرگە و ئەندامە نهێنییەکاندا دەبێژێ: " پێوەندییەکی چڕ لە نێوان ئەم سێ هێمایانەدا دامەزراوە. پێوەندییەکی وەها پتەو، کە تەنیا مەرگ دەتوانێ هێڵی جیاکەرەوە لە نێوانیاندا بکێشێت".

شەپۆلەکانی شار پڕە لە هەست و سۆزی نیشتمانپەروەری و نەخشێنەری ئەو جووڵە و راچەنینانەیە کە لە نێو کۆمەڵی کوردەواریدا بە نهێنی و دوور لە چاوی داگیرکەر، بەردەوام لە گەشە و هەڵچووندان.

بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیەک لە چوارچێوەی کتێبی "شەپۆلەکانی شار"دا وێناکراوە کە لە هەموو کوردێکی سەوداسەری ئازادی و رزگاری کوردستان دەخوازێ، بیخوێنێتەوە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ ئێمە مانان کە بینەر و لە هەندێ جێگەدا ئەکتەری ئەو چیرۆکە بووین، نۆستالۆژییە. ئەو ئازیزانەش کە ئەو سەردەمەیان وەبیر نایە و نەوەی دوای ئەو رووداوانەن، بە خوێندنەوەی شەپۆلەکانی شار هەم فێری مێژووی ئەو قۆناغە دەبن و هەم وانەی خۆڕاگریی لێوە فێردەبن.

بە بۆچوونی من، خاڵی بەهێزی ئەم کتێبە جگە لە نێوەڕۆک، رێزمانی جوان و رێنووسی تەتڵەکراو و لە بێژنگدراوی ئەو وشە و رستانەیە کە کەمترین هەڵەی رێزمان و رێنووسیان تێدایە. لەو بارەوە بە دەگمەن هەست بە کەموکۆڕی دەکەی. ئەوەی جێی سەرنجی من بووە، لە دوو توێی نامەیەکدا دەینێرم بۆ نووسەری ئەم کتێبە تا لە چاپەکانی داهاتوودا بە پێی پێویست بە سەریاندا بچێتەوە.

لە پای نووسینی ئەم کتێبەدا بە کاک رەشید حەیدەری دەڵێم: ماندوو نەبی و سەرکەوتنت لە پێناوی خزمەت بە وشەی رەسەنی کوردی بۆ بە ئاوات دەخوازم!