"ئازادی، سەربەخۆیی و میریی و گەورەیی"

زایینی: ٢٠-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/٣٠ - ١٨:٥٠ تاران
ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

ساڵی ٢٠١٨، ٧٢ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەرێت، بەڵام پاش ئەو ماوە دوور و درێژەش نوسین و لێکدانەوە لەسەر کۆماری کوردستان زۆر باوە، لەگەڵ ئەوەیکە کۆماری کوردستان هەتا ئێستا چەندین کتێب و بابەتی سەربەخۆی لەسەر نوسراوە، لەگەڵ ئەوەش ئێستا زۆر لایەنی ئەو کۆمارە ١١ مانگە بەتەواوی روون نەبۆتەوە و هۆکاری سەرەکیشی ئەوەیە، هەتا ئێستا دەوڵەتی ئێران رێگەی نەداوە کە ئەو بەڵگانەی حکوومەتی ئێران کە پەیوەندی بە کۆماری کوردستانەوە هەیە، بڵاوبکرێتەوە، بۆیە زۆر لایەن لەو کۆمارە هەتا ئێستاش روون نییە.

وەک لە سەرەوە باسم کرد زۆر کەس لەسەر کۆماری کوردستان نوسیویانە و توێژینەوەی سەربەخۆشی لەسەر بڵاوکراوەتەوە؛ کۆماری کوردستان تەنیا بۆ کورد سەرنج راکێش نەبووە و بەڵکوو، بەرهەڵستکارانی کوردیش لێرە و لەوێ رەخنە و تێبینی خۆیان لەسەر کۆماری کوردستان باس کردووە و بابەت و وتاریان لەسەر نووسیوە، زۆر جار توێژەرانی سەر بە نەتەوە ناکوردەکان پرسیارێکیان روو بە کۆماری کوردستان هێناوەتە گۆرێ، پرسیارەکە ئەویە: "ئایا کۆماری کوردستان بەرهەمی فکرێکی خۆماڵییە یان دەسکەوتی دنەی وڵات یان وڵاتانی دراوسێی ئێرانە؟"

رووناکبیری رۆژهەڵات لە دوو دەیەی پێش کۆماری کوردستان

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە زۆر پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی رۆشنبیری و سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند دەیەی پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان بدەینەوە، هەتا زۆر لایەنی رووداوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستانمان بۆ ڕوون ببێتەوە.

مەودای نێوان دامەزراندنی کۆماری کوردستان و شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ لە دەڤەری ورمێ نیزیک بە دوو دەیەیە و ئەگەر رۆژی تێرۆر کردنی سمکۆ وەک کۆتایی ئەو شۆڕشە دیاری بکەین، مەودای نێوان کۆماری کوردستان و تێرۆری سمکۆ، کەمتر لە ١٦ ساڵە و زۆربەی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان، شۆڕشی سمکۆیان وەک شۆڕشێکی کوردی رۆژهەڵات دیوە.

سمکۆ لە رۆژی ٢١ی جوولای ١٩٣٠، لەلایەن دوڵەتی ئەو کاتی ئێرانەوە لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کراوە و کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە رۆژی ٢٢/١/١٩٤٦دا دامەزراوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند ئاماژەیەک بە هێندێ نوسراوەی کوردی بکەم، کە لە سەردەمی رەزاشادا و لە قۆناغی نێوان شۆڕشی سمکۆ هەتا دامەزرانی کۆماری کوردستان نووسراوە وبەرهەم هاتووە .

لە رۆژنامەی "رۆژی کورد"، زمانحالی شۆڕشی سمکۆ لە دەڤەری ورمێ لە شانی چەپی لاپەڕەی یەکەمی ئەو رۆژنامەیە و لە گۆشەی سەرەوە لەژێر ناوی سەرنوسەردا هاتووە: "هەر مەقالەیەک نەفعی کوردانی تێدابێت وەردەگیرێت".

هەروەها هەر لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی رۆژی کورددا و لە نێوەڕاستی لاپەڕەکە و پێش دەسپێکی سەرەتار نووسراوە: "کوردێک دەینوسێ بۆ هەموو کوردان".

ئەگەر تەنیا ئەو دوو ڕستەیەی ئەو رۆژنامەیە و سیاسەتی گشتی بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکە و بە روونی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی شۆڕشی سمکۆ سەیر بکەین و بیدەینە بەر سەرنج، بە روونی بۆمان دەردەکەوێت، کە خەڵکی کوردستان زۆر پێش ئەوەی ئەرتەشی سوور بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە ئەگەری هێرشی ئاڵمان لە خاکی ئێرانەوە، رووبکاتە ئێران خۆی وەک نەتەوەیەک داناوە و باوەڕی بە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەی هەبووە.

سەرەڕای ئەوە، هەر لە سەردەمی پاڵەوی یەکەمدا و لە قۆناغی نێوان ئەو دوو شۆڕشەدا "میرزا حەسەن سەیفی‌قازی" ناسراو بە "سەیفولقوزات" کە لە رووناکبیرانی ڕچەشکێنی کوردە و لە ڕووی زمانییەوە، داهێنانی زۆر نوێی لە شێعری کوردیدا سازکردووە، لە یەکێک لە شێعرەکانی بە ناوی " کوردینە تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو" زۆر بە راشکاوانە روو بە کۆمەڵگەی کوردستان دەدوێت و داوای ئەوەیان لێدەکات، کە هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی بدەن؛ ئەو لە یەکێک لە بەیتەکانی ئەو شێعرەدا دەڵێت:
"ژێردەستی و ئیتاعەتی بێگانە تا بەکەی؟
شەرمە لەبۆ مە ھێندە ژیان بێ نیشان و نێو"
ئەو هەر لەو شێعرەدا کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و بیری نەتەوەیی هاندەدا و دەڵێت:
" بۆچمانە ماڵ و سەر کە لەسەر سەروەری نەچێ؟
کوڕ نابێ قەت بترسێ لە زیندان و دار و چێو
پێ ھەڵگرن بگەینێ، کە شەڕ، بۆمە شاییە
دەست تێکگرن، درەنگە، جحێڵانە بچنە نێو
چون دوژمنن لەگەڵ یەک و بێ دەرس و مەدرەسەن
ڕاو دەنێن بەجارێ، لە ھەورازێ بۆ نشێو
ئەو ژینی بەو ڕەزاڵەتە بۆ چیتە چاوەکەم؟
بپسێین لەڕێی نەجاتی وەتەن با بە نێر و مێو
سەرچوونی تەخت، ڕۆینی سەرداری پێدەوێ
خۆشیمە بەو شەھادەتی شێخانە نێوبەنێو"

ئەگەر بمانهەوێ دەقی بەجێماو لە نێوان دوو قۆناغی شۆڕشی دەڤەری ورمێ و دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک هێمایەکی رووناکبیری کوردی سەیر بکەین، زۆر بە روونی و بە چاولێکردنێکی رووکەشانە بۆمان دەردەکەوێت، کە لە مەودای نێوان ئەو دوو قۆناغەدا باسی مافی نەتەوەیی و داخوازی دەسەڵاتی سیاسی لە نێو کورداندا لە گۆڕێ بووە.

ئەو دەقانەی لە پێش کۆماری کوردستان و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە دایک بوون، سەرجەمیان پێمان دەڵێت، کە بیری نەتەوەیی، بیری حکوومەتداری و وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە نێو کوردەکان بیرێکی زۆر قووڵە و گرێدراو بە رووداوێکی تایبەتەوە نییە.

هەوڵەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بەرەو رووبونەوە لەگەڵ بیری نەتەوەی کۆمەڵگای کوردستان

خاڵی گرینگ کە دەبێ ئاماژەی پێبکەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداری ئێران لە سەردەمی پاڵەویدا زۆر بە وردی ئاگاداری رووداوەکانی کوردستان بووە، و ئەوان بۆ سەرکوت و لەنێوبردنی بیری نەتەوەیی لە نێو کورداندا دوو رێگەی روون و ئاشکرایان گرتۆتە بەر؛ یەکەم رێگە سەرکوتی نێوخۆیی بووە و دووهەمین رێگە رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵات و حکوومەتە ناوچەییەکان بووە بۆ ئەوەی یان لە سەرکوتدا لەگەڵیان هاوپەیمان بن، یان ئەوەی بەر بە یارمەتیدانی شۆڕشی کوردان لەلایەن ئەوانەوە بگرن.

بۆ ئەو مەبەستەش لە دوو رێککەوتنی نێودەوڵەتی جیاوازدا، یەکەم پەیماننامەی "سەعدئاباد" و دووهەم پەیماننامەی "ئیتحاد" بە شێوەی ناڕاستەخۆ هەوڵی نێودەوڵەتی وەگەڕخراوە بۆ سەرکوتی کورد و داخوازی دەسەڵاتداری لە کوردستاندا.

پەیمانی سەعدئاباد

پەیمانی سەعدئاباد لە رۆژی ٨ی ژوئیەی١٩٣٧ لە کۆشکی سەعدئابادی تاران لە نێوان ئێران، تورکیا، ئەفغانستان و عێراقدا واژۆ کراوە، ئەو پەیماننامەیە لە دە خاڵ پێکهاتووە کە لە خاڵی ٧دا دەڵێت: "دەوڵەتی هاوپەیمان لە بەرانبەر یەکدا بەرپرسن کە لەسەر سنوورەکان رێگە لە سازبوونی رێکخراوەی چەکداری و چالاکی ئەوان بگرن کە خوازیاری ئەوەن، رێکخراوە و دامەزراوەکانی ئێستا لەنێو بەرن یان بۆ لەنێوبردنی تەناهی و تەکووزی هەر بەشێک لە خاكی وڵاتانی هاوپەیمان(سەرسنووری یان ناسنووری) یان رووخانی حکوومەتی هاوپەیمانان چالاکی دەکەن".

(نووسەر دەقی فارسی پەیماننامەکەی کردۆتە کوردی)
لێرەدا بە روونی دەردەکەوێت کە هەوڵێکی نێودەوڵەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەیی و رێژیمی پاڵەوی یەکەم، لە ئارادایە بۆ ئەوەی بیری رزگاریخوازی لەنێو کورددا کوێر بکرێتەوە و بەری پێبگیرێت.

پەیماننامەی ئیتحاد

دووهەمین هەوڵی نێودەوڵەتی دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەردەمی پاڵەوی بۆ کوێرکردنەوەی بیری نەتەوەیی لە کوردستان، پەیماننامەی ئیتحادە، ئەو پەیماننامەیە یەکەم رێککەوتنی نێودەوڵەتی دەسەڵاتداری پاڵەویی دووهەم بوو، کە لە رۆژی ٢٩ی ژانویەی ١٩٤٢ لە کۆشکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نێوان ئێران، یەکیەتیی سۆڤییەت و بریتانیا واژۆ کراوە؛ ئەو پەیماننامەیە لە ٩ خاڵ پێکهاتووە کە لە خاڵی یەکەمیدا دوو وڵاتی یەكیەتیی سۆڤییەت و بریتانیا بەڵێن دەدن پێبەندی پاراستنی یەکیەتیی خاکی ئێران بن.

سەرەڕای هەوڵی دیپلۆماتیک و نێودەوڵەتی بەمەبەستی بەربەست سازکردن لە سەر رێگەی کوردەکان و نەتەوە نافارسەکانی ئێران، لە قۆناغی دوو شۆڕشی سمکۆ لە دەڤەری ورمێ و دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد زۆر کەس ناچار بوون، کوردستانی رۆژهەڵات بەجێ بهێڵن؛ بۆ وێنە، مەلا محەمەد تورجانیزادە سەرنووسەری رۆژنامەی "رۆژی کورد" و مەلا ئەحمەدی برای ، حەمە رەشیدخانی بانە و .....

هاوکات لەگەڵ ئەوە، دەسەڵاتی پاڵەوی یەکەم رێژەیەکی زۆر کەسایەتی کوردی دەسبەسەر کرد و بە گشتی ئەو کەسانەی کە هەستی دەکرد لە پێشخستنی بیری دەسەڵاتخوازی لە کوردستاندا دەتوانن رۆڵیان هەبێت، لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی پاڵەوی یەکەم دەسبەسەرکران کە لەوانە دەکرێت ناوی "رەشید خانی ئەردەڵان" لە سنە و "عینایەتوڵا هیدایەتی پاوەیی" لە ناوچەی هەورامان و "سالار جەوانمەردی قازی" لە ناوچەی موکریان بێنین؛ ئەوە سەرەڕای ئەوە بوو کە لە ناوچەی ورمێ لەگەڵ "سمایل ئاغای سمکۆ" چەندین کەسی تر وەک "خورشیدخانی هەرکی" تێرۆر کرا .

ئەو کەسایەتییە کوردانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری پاڵەویدا بەهۆی مەترسی لە چالاکی سیاسی دەسبەسەر کراون، رێژەیان دەگاتە ١١٠ کەس کە زۆربەیان لە رێکەوتی ١١ی ژانویەی ١٩٣٣دا لە گەڵاڵەیەکی داڕێژراو بەشێوەی هاوکات دەسبەسەرکران، ئەوان هەتا شکانی ئەرتەشی پاڵەوی لە رۆژی ٣ی خەرمانانی ١٣٢٠ لە زیندان مانەوە و چەند کەسێکیان لە زیندان تێداچوون.

کەوایە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان و لە ماوەی دەسەڵاتداری پاڵەوی یەکەم و سەرەتای پاڵەوی دووهەم هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک هەوڵی نێودەوڵەتی لە رێگەی سەرکوت و داپڵۆسینی کەسایەتییەکانی کوردستان، دەوڵەتی ناوەندی لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە بیری نەتەوەیی و داخوازی دەسەڵاتداریی لە کوردستان کوێر بکاتەوە.

بەڵگە کوردستانییەکانی قۆناغی کۆماری کوردستان

ناوچەی مەهاباد کە ناوەندی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو، لە پاش رووداوەکانی ٢٥ی ئاگۆستی ١٩٤١ و داگیرکردنی ئێران لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران دەهاتە ئەژمار؛ ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەیکە وەک سیاسەتی فەرمی، هیچ کام لە وڵاتانی بریتانیا و یەکیەتیی سۆڤییەت(دوو وڵاتی هاوپەیمان کە هێزی سەربازییان هێنایە خاکی ئێرانەوە) لە قازانجیاندا نەبوو، کە ئێران تووشی ئاڵۆزی بکرێت، چونکە لەو قۆناغەدا ئەوان لەگەڵ شەڕێکی گەورە بەرەوڕوو بوون و هیچ کەس نەیدەزانی ئاراستەی ئەو شەڕە بەرەو کوێ دەچێت و هەر چەشنە ئاڵۆزییەک دەیتوانی بەمانای خوڵقانی دەرفەتێک بێ، بۆ کرانەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ و ئەوەش بەمانای تەشەنەکردنی شەڕ دەبوو.

لە سەردەمێکدا کە ناوچەی مەهاباد وەک ناوچەی ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران پێناسە دەکرا و بە هۆی ئەوەیکە دامەزراوەی دەوڵەت لە ئێران بەکردەوە، بوونی نەبوو، نەمانی دەسەڵاتی سەرکوت وای کرد، رێکخراوی ژ_ک دامەزرێت، ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە، ٧ جار سوێندیان بە قورئان دەخوارد، بۆ شەش مەبەست، چالاکی بکەن کە دوانی سەرەتاییان بریتی بوون لە:
ئا: خەیانەت بە نەتەوەی کورد نەکات
بێ: کۆشش بۆ خودمختاری کوردستان بکات

گرینگی ئەو بابەتە لێرەدایە کە لە ڕێگەی باوەڕێکی ئایینیەوە ئەندامانی ژ_ک خۆیان لەبەرانبەر بیرێکی نەتەوەییدا بە بەرپرس دادەنا کە هەم بۆی تێبکوشن و هەم خەیانەتی پێنەکەن.

کۆمەڵەی ژ_ک لە ساڵی ١٩٤٥دا، ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ١٩٤٥دا حیزبی دێموکرات یەکەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێ و لە یەکەم مەرامنامەیدا کە لە دێسەمبری ١٩٤٥دا بڵاوکراوەتەوە، لە خاڵی چواری ئەو مەرامنامەیەدا بە روونی دەڵیت: "لە قۆناغی ئێستادا گەورەترین ئامانجی حیزب، بریتییە لەوەی لە نێو سنووری دەوڵەتی ئێراندا، پارێزگاری لە مافی کوردان بکات و بۆ جێگیرکردنی رێگەی خودموختاری هەڵبژێرێ" .

لە درێژەدا وەک بەڵگەیەکی گرینگیتر دەکرێت، باس لە وتاری پێشەوا قازی محەممەد لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، واتە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ بکەین؛ ئەو لەو وتارەدا دەڵێت:
"کوردستان مەوقعێکی جوغرافیای مەخسوسی هەیە، کە بێ پسانەوە، بێ ئەوەی نەتەوە و میللیەتێکی کە لە نێویاندا فەسڵ و لێکیان بپچڕێنێ، بەسەر یەکەوە و پێکەوە سکونەتیان تێدا هەیە، دارای مالکییەتی میللین دەوێدا، بەسەرهات و سەوابقی تاریخیان یەکە و عمومەن تێدا شەریکن، خاوەنی داب، رسوم و عادتی میللیەکی وان کە هیچ جۆرە سەدەمە و حوادسێک نەیتوانیوە سستییەک لە بناغەی میللیەتی ئەواندا پەیدا بکات"
هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لە رۆژی ٢٣ی ئاوریلی ١٩٤٦دا رێککەوتنێک لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان واژۆ دەکرێت، ئەو رێککەوتنە لە تەورێز، لە نێوان پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرکۆماری کوردستان و جەعفەری پیشەوەری وەک سەرکۆماری ئازەربایجان واژۆ دەکرێت؛ رێککەوتنەکە لە ٧ خاڵ پێکهاتووە، کە لە خاڵی ٦دا دەڵێت: "حکوومەتی میللی ئازەربایجان بۆ پێشخستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی ئەو کوردانەی لە خاکی ئازەربایجان دەژین و حکوومەتی میللی کوردستان بۆ پێشخستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی ئەو ئازەربایجانییانەی لە خاکی کوردستان دەژین بە پێی توانا هەوڵ دەدن".

ئەو بەڵگانە بەشێک لە گرینگترین بەڵگەکانی سەردەمی کۆماری کوردستانن و ئەوە سەرەڕای هەوڵ و کردەوەکانی ترن کە لە رۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی سەردەمی کۆماری کوردستاندا و گۆڤاری نیشتمان ئۆرگانی کۆمەڵەی ژ_ک رەنگیان داوەتەوە.

بە کورتی سەرجەمی ئەو بەڵگانە پێمان دەڵێن کە گرینگترین کەڵکەڵەی دامەزرێنەران و بەرێوەبەرانی کۆماری کوردستان "مافی نەتەوەیی" و دەستەبەرکردنی ئەو مافە بووە و هاوکات لەگەڵ ئەوەش بە روونی دیارە کە بابەتی مافی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی ئەو مافە تایبەت بە قۆناغی کۆماری کوردستان و سەردەمی سازبوونی بۆشایی سەرکوت نییە، بەڵکوو زۆر پێشتر و هەر لەو جوغرافیای کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزراوە باس و بابەت لەسەر مافی نەتەوەیی لە گۆڕێ بووە، ئەوەش بەو مانایەیە کە بیری دامەزراندنی کۆماری کوردستان بیرێکی خۆماڵی بووە، نەک بیرێکی هاوردە و دەرەکی و دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان لاوازی دەوڵەتی ناوەندیان وەک بۆشاییەکی سەرکوت دیوە و کردوویانە بە دەرفەتێک بۆ سەرخستنی ئامانج و هیوایەک کە زۆر پێش ئەو بۆشاییە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە.

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین گرینگترین بەڵگە بۆ ئەوەی کۆماری کوردستان بیرێکی خۆماڵی بووە ئەوەیە کە، ئێستا پاش ٧٢ ساڵ بەسەر تێپەرانی ئەو کۆمارەدا رێکخراوەی دامەزرێنەری ئەو کۆمارە ماوە و لە پێناو هەمان ئاوات و ئامانجدا چالاکی دەکات.