سیستمی پەروەردە و بارهێنان لە ئێراندا بەرەو کوێ؟

زایینی: ٢٠-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/٣٠ - ١٩:٠١ تاران
سیستمی پەروەردە و بارهێنان لە ئێراندا بەرەو کوێ؟
جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

مێژووی پەروەردە بۆ سەردەمی کۆن دەگەڕێتەوە و بە ڕوونی دیار نییە لە چ زەمانێکدا، پەروەردە فۆرمی فەرمی بەخۆیەوە گرت، چونکە پێش لە دانانی شوێنی دیاریکراو وەک قوتابخانە و خوێندنگەکان لە یونانی کۆندا و حوکمڕانیی پاشاکان خوێندن و پەروەردە هەرهەبووە و کەسانی تایبەت وەک کەسانی ئەشرافی (دەوڵەمەند) توانیویانە بخوێنن؛ بەڵام ئەمڕۆکە دەبینین کە وڵاتانی جیهان بۆ پەروەردە و بارهێنان بە چ شێوەیەک و بە بەرنامەداڕێژراوی کاری بۆ دەکەن و بواری پەروەردە هەموو شوێنێکی گۆی زەوی تەنیوە.

هیچ گیانلەبەرێک نییە کە بتوانێت بێبەش و دوورخراوە لە "پەروەردە و ڕاهێنان" بژیت و پێویستی بەو مەسەلەیە نەبێت، تەنانەت ئەگەر گیانلەبەرێک بە تەنیا لە هەر شوێنێک بژیت، بە تەنیا خۆی پەروەردە دەکات و "چۆنیەتی" ڕێڕەوی ژیانی خۆی دیاری دەکات بۆ ئەوەیکە بتوانێت لە بەردەم ئاستەنگ، کێشە و گرفتەکانی ژیاندا سەرکەوێ و ئەمنییەتی هەمەلایەنەی ژیانی دابین بکات.

ئەگەرچی تا ئێستا زانایان و شارەزایانی بواری پەروەردە و بارهێنان لەو بارەوە ڕێک نەکەوتوون کە کامەیان پێش ئەویتر بێت یا ئەوەیکە پێناسەیەکی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام هەموو لە سەر یەک خاڵ ڕێککەوتوون کە دەبێ پەروەردە بۆ "خزمەت و گەشە"ی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێت؛ ئەوەیکە ئێمە ئەمڕۆ دەیبین و باسی لێدەکەین ئەو چەمکە بە هەر دوو شێوەی "پەروەردە و بارهێنان و بارهێنان و پەروردە" بەکار دەهێنرێت. بەڵام ئەوەیکە لە بیاڤی پەروەردە و بارهێناندا گرینگە، نێوەڕۆکی مەسەلەکەیە، دەنا گۆڕینی ئەم چەمکە یان پاش و پێش کردنی وشەکان بۆ مانایەکی دیکە هیچ بایەخێکی نییه، چونکە لە مەسەلەی پەروەردە و بارهێناندا "ئامانج و مەبەست" کۆتایی مەسەلەکەیە.

لەو پێوەندییەدا، کەسانێک وەک "ئیوان ئیلیچ" لە سەر ئەو بڕوایەن و دەڵێن: "نابێ قوتابخانە هەبێ و وا بیر دەکەنەوە کە لە شوێنە تایبەتییەکانی وەک قوتابخانە و هتد، مرۆڤ تەنیا فێری شتێک دەبێت کە فێر دەکرێت و ڕێگەی بیرکردنەوەی لێدەگیرێت و ناتوانێت بە مرۆڤ بوونی خۆی بگات، ئەوەش تەنیا بیرێکە زیاتر لە چوارچێوەی پەروەردەی ڕەهادا خۆ دەگونجێنێت و زیاتر باس لە مرۆڤی ئازاد دەکات".

واتە "پەروەردە و بارهێنان" دوو وشەن کە “لازم و مەلزومی” یەکترن و هیچیان بەتەنیا مانا نادەن و تەواو نین. تۆ کاتێک دەتوانی یەکێکیان بە کار بێنی و باسی لێ بکەی کە مەبەستەکەی جیاواز بێت، بۆ نموونە تۆ گوڵێک پەروەردە دەکەی، بەڵام فێری ناکەی کاتێک کچێک یان کوڕێکی دیت چ بکات، یان تۆ مەیموونێک فێر دەکەی کە ئەگەر مۆزێکت پێدا بە قسەت بکات، بەڵام پەروەردەی ناکەی کە دزیی مۆز بکات، بە گشتی زۆرجار "ئامووزش" پێش "پەروەرش" دێت و زۆرجاریش بە پێچەوانەوە.

لێرەدا باس لەوە دەکەین کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسیان لەوە کردووە، "وزارت آموزش و پرورش" ناوەکەی بۆ "وزارت تربیت رسمی و عمومی" دەگۆڕدرێت؛ هەر تاکێک ئەم شتە ببیسێت پرسیارگەلێکی لا دروست دەبێت کە ئایا بە گۆڕینی ئەم ناوە یا نەگۆڕینی چ شتێک لە مەسەلەکە دەگۆڕدرێت؟ چ گۆڕانکارییەکی باشی فکری دروست دەبێت؟ وڵات بەرەو کوێ دەڕوات؟ چارەنووسی تاکەکان چی لێ بەسەر دێت؟ هەروەها چەندین پرسیاری دیکە.

لە کاتێکدا کە پەروەردە و بارهێنان لە سەردەمی ئەمڕۆدا و لە سەرجەم بوارەکانی پێشكەوتندا هەموو سنوورەكانی تەنیوە، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهدا وەک بەردێكی ڕەقی لێهاتووە كە هیچ كەس و لایەنێك ناوێرێت ڕاشكاوانە باس لەو وێرانەیە بکات کە بە سەر خەڵکدا رووخاوە. ئەوەش بۆ ئەو مەسەلە دەگەڕێتەوە کە شكاندنی ئەو بەردە ڕەقە بە زیانی ڕێژیمە و بەرپرسانی بەردەوام و بە شێوەیەكی سیستماتیک لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو ڕەقییەدان. لە وەها حاڵەتێكدا پرسی پەروەردە بەرەو كام ئاقار دەچێت؟ ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە وتەی خودی پسپۆڕانی پەروەردەی ڕێژیم، پرسی پەروەردە بە لای بەرپرسانەوە گرینگ نییە و تەنیا لە دیمانە و ڕۆژنامەكاندا نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن و لە ڕاستیدا هیچ بۆیان گرینگ نییە، چوونكە یەكەم چارەنووسی منداڵ وەك نەوەی داهاتوو، و دووهەم داهاتووی كۆمەڵگەیان بە لاوە گرینگ نییە.

هەموو ساڵێک لە سەرەتای كرانەوەی قوتابخانەكانی ئێران، لە مانگی ڕەزبەردا كۆمەڵێک پرسی زۆر گرینگ و ژینەكی سەبارەت بە پەروەردە باس دەکرێن کە دواتر دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن و خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم لە یەک کەلامدا دەڵێت: "ما آموزش و پرورش غربی نمی خواهیم". لە نموونەی هەرە بەرچاویدا خامنەیی "سند تحول ٢٠٣٠"ی بە پیلانی ڕۆژئاوا زانی و رەتی کردەوە و ڕایگەیاند کە ئێمە خۆمان بڕیار لە سەر پەروەردە و بارهێنان دەدەین.

لەو كاتەوە كە ئیسلامگەراكان لە ئێراندا لە سەر کارن هەر وەک جارێکی دیکە باسی لێکراوە، چەند پرسی وەك "بوومی گرایی" (بازگشت بە خود)، "ئەرزش گەرایی" (بە خراپ زانینی هەموو شتێكی باش بەپێی پێناسەی ئاخوندی شیعە)، "نێوەڕۆكی تەقلیل گەرایانە" (كەمكردنەوەی فەرهەنگی نەتەوەیی لە بەرانبەر فەرهەنگی ئیسلامیی ئێدئۆلۆژیكدا)، "تمامیت خواهی" (لابردنی هەموو ئەو ئەندێشانەی كە لەگەڵ ئیسلامی ئەوان ڕكەبەرایەتی دەكات) و كۆمەڵێك باس و بابەتی نادێموكراتیكیان هێنایە نێو پەروەردە و فێركردن و تەربیەتی مرۆڤیان تەنیا لە تەڵقین‌كردنی بیرۆكەی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامگەرایی وەک خوێندنەوەی مەزهەبی و كۆمۆنیزمی شەریعەتمەداری وەكوو ناوەڕۆک و ڕەتكردنەوەی ئەزموونەكانی مرۆڤ لە بیاڤی پەروەردەدا بە لابردنی زانستی ڕۆژئاوا، كەڵك وەرگرتن لە پەروەردە و فێركردن بۆ ڕاكێشانی هێز لە ڕێكخراوە نیزامییەكان و میلیشیا حكوومەتییەكاندا، گرتنەدەستی بەشی پەروەردە و بارهێنان لەلایەن دەوڵەت و هەروەها تەربیەت‌كردنی توێژێكی لاواز لە كۆمەڵگەدا بە ناوی مامۆستای قوتابخانە دیتەوە.

بە سەرنجدان بەو بابەتەی سەرەوە دەردەکەوێت کە پەروەردە لە ئێرانی ویلایەتی فەقهیدا پرسێکە بە ئەستۆیان دابڕاوە، دەنا هیچ باوەڕێکیان بەم پرسەوە نییه. لە بەشی "پلاندارێژیی دەرسی" ئێراندا هیچ کەس جیا لە کەسانی دیاریکراو، ناتوانن نوسخەپێچی بۆ بەشی پەروەردە و بار‌هێنان بکەن و ئەگەر بمانهەوێ ئەو کارەش بکەین تەنیا لە ئاستی کلاسێکی دەرسدا بەڕێوە دەچێت، ئەوەش وەک شێوەیەکی دڵسۆزانەی مامۆستا و قوتابی.

کێشەکانی سیستمی پەروەردەی ئێران بە گشتی لە هەموان گرینگتر تمرکزگرایی پەروەردە (ناوەندگەری)، قەیرانی دارایی، نەبوونی بەرنامەی بەڕۆژ، نەبوونی سیستمێکی دیاریکراوی پەروەردە و نوقم‌کردنی ئاموزش و پەرورش، پێشگرتن لە بیرکردنەوەی قوتابیه.

ئەو چەند خاڵە، خاڵە گشتییەکانی کێشەی پەروەردە لە ئێراندایە کە خۆی کێشەی وردی لێدەبێتەوە و لە نابەرپرسیارەتی کاربەدەستانی ڕێژیمدا قووڵتر بووەتەوە.

ئامانجی پەروەردە و فێركردن لە ئێراندا گەشەپێدانی زەین، زانست و جەستە و پەروەردەكردنی هێزی خەیاڵ و بە كۆمەڵایەتی كردن نییە، بەڵكوو بەپێچەوانەوە شوشتنەوەی مێشك و سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامگەرایی و ژیان بە شێوەی ئیسلامییە، هەر وەك بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە خۆیان باس لەوە دەكەن كە ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە شوناسێكی سەربەخۆی نەتەوەیی و دینی بۆ قوتابی پێک بێنین؛ واتە شوناس و سەربەخۆییەكی دژ بە ڕۆژئاوا و بە تەواوەتی لەژێر چاودێری و كۆنتڕۆڵی ئیسلامگەراكاندا و نەتەوەیی بونیش هەمان ژێر چاودێری بوونی حكوومەتی ناوەندییە نە شتێكی دیكە.

كارناسانی پەروەردەی ڕێژیمی ئێران لەو باوەڕەدان كە لە سەدا ٩٠ی كێشەكانی وڵات بۆ سیستمی پەروەردە دەگەڕێتەوە و چوونكە قوتابخانە و زانكۆكان لەو وڵاتەدا مرۆڤی "ڕۆبۆتیك" پەروەردە دەكەن بۆ چارەسەری قەیران و كێشەكانی دواڕۆژ، پێویستە گەشە بە بواری پەروەردە بدرێت.

ئەوەیكە ئەمڕۆ لە جوغرافیای ئێراندا بەدی دەكرێت، بەرهەمی بوونی سیستمێكی سیاسیی دیكتاتۆری و چەقبەستووی ئیدئۆلۆژییە كە دژی هەر چەشنە پێشكەوتنێكە و ئەنجامەكەی بووەتە ئەوەیكە كۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر بڕوات؛ لە وڵاتی ئێراندا هەزاران كێشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری بەرۆكی ئەو كۆمەڵگایەی گرتووەتەوە، لە بری ئەوەی ئیمكانات و فەزای فێركردن بۆ مامۆستایانی قوتابخانە دابین بكرێت، ڕێژیم ناوەندی مەزهەبیی تایبەتی بۆ فێركردنی بەلاڕێداچوو و دژەمرۆیی منداڵانی ئێرانی جێبەجێ كردووە تا لە داهاتوودا لەو منداڵانە، كەسانێكی بێ‌مێشك و بیر، پەروەردە بكات كە ئامانجەكەی تەنیا توانەوە لە ویلایەتی فەقیهـدایە.

سیستمی خوێندن لە هەموو قۆناغەکاندا لە ئێران بە ئاراستەیەکی ئیدئۆلۆژیکدا تێدەپەڕێت؛ حکوومەتێکی ئیدئۆلۆژیکی دینی ناتوانێ لە کۆمەڵگەیەکی سێکۆلار و ئازاددا بەردەوام بێت. لەڕێگەی سەپاندنی ئامۆژیارییە مەزهەبییەکانەوە لەنێو زەرفی ئێرانی بووندا هەوڵ دەدات لە هەنگاوی یەکەمدا پرسی ناسنامە لە کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی و بەلووچی و گیلەکییەوە بگۆڕێت بۆ پرسی مەزهەبی و ئامانجەکانی خۆی.
بە لە بەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییەی که سیستمی پەروەردە و فێرکاری لە ئێران بەرهەمی گوتاری ئایینی و ئایدۆلۆژی بناژۆخوازی شیعەیە و لەهەمان کاتدا وەک کەرەستەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی چاوی لێ‌دەکرێ بۆ وەرگرتنی بە شێوەی گشتی لە لایەنی کۆمەڵگەوە، ئاساییە کە دەسەڵاتێکی ئایینی – سیاسی کە لە گوتار و ئایدۆلۆژی خۆیدا هیچ باوەڕێکی بە فرە نەتەوەیی، فرە زمانی و فرە کلتووری نییە، لە سیستمی فێرکاری و پەروەردەشدا بە هەمان شێوە دەجوڵێتەوە. ئەم ڕێژیمه لەژێر درووشمی ئیسلامی نابی محەممەدی و پێکهێنانی ئوومەتی یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕاستیدا هیچ دەرفەتێک بۆ گەشەی تاک ناهێڵێتەوە و بە هەموو هێز و تواناوە بەربەرەکانی لەگەڵ دەکات.

ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ شۆردنەوەی مێشکی منداڵان و قوتابیان ڕێوڕەسمێکیان لەژێر ناوی "منداڵانی شیرەخۆری حوسێنی" بەڕێوە برد کە ئامانجەکەی بەرزڕاگرتنی عەلی‌ئەسغەر، منداڵی شەش مانگەی حسەینی کوڕی عەلی، ئیمامی سێهەمی شیعەکان و منداڵانی کوژراو لە عاشوورا بوو، کە بەشێوەی شینگێڕی بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە ئەمڕۆکەش بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی وڵات بوودجەی زۆر سەرسووڕهێنەری لەژێر ناوی پەروەردە و بارهێنان بۆ خەرج دەکەن. مەبەستی ئەو پەروەردەیە لە باسی جۆراوجۆردا کورت دەکرێتەوە. لەو پێوەندییەدا "لییۆن ترۆتسکی" دەڵێت: "شۆڕشێک، ئەرزشی ئەو ناوەی نییە ئەگەر زۆرترین سەرنجی خۆی نەداتە منداڵان".

وەک هەمیشە لە مێژوودا ئەمڕۆ دیسان بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بیرکردنەوەیەکی هەڵە و چەقبەستوانەی خۆیاندا، بڕیاران داوە کە گرینگترین بەشی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، بە تەواوەتی لەو وڵاتەدا نوقمی کێشەکان بکەن و بیکەنە بەشێکی نەزۆک و تەنیا تا ئەو جێگەیەی خۆیان دەیانهەوێ کەڵکی لێوەر بگرن. ئەم ڕێژیمە لە کۆتایی تەمەنی خۆیدا لە دوایین ساتەکانیشیدا شوێن پێی خراپ بەجێدەهێڵێت تا وێرانەکانی دوای خۆی وەک نموونە بهێڵێتەوە.