ئەرکەواز لە کوێیە و ئەرکەوازی کێن؟

زایینی: ٢٠-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/٣٠ - ١٩:٠٥ تاران
ئەرکەواز لە کوێیە و ئەرکەوازی کێن؟
شەریف فەلاح

پێشەکی:


ئەرکەواز، ناوی شارێکی سەر بە پارێزگای ئیلامە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی ژیانی هۆزی گەورەی مەلەکشای و ئەرکەوازە. هاوکات ئەرکەواز ناوەندی شاری "مەلەکشای"یە. شاری مەلەکشایی لە نێوەڕاستی جوگرافیای پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە. ئەم شارە خاوەنی کۆمەڵێک ناوچەی دیمەن و بەرجەوەندی سروشتیی جوان و سەرنجڕاکێشە و ئەم دیمەنانە بەهۆی هەڵکەوتەی چەندین شاخ و کێوی گەورەیە کەم ئەم شارەیان لە چوار لاوە دەورە داوە. شاری مەلەکشای لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا خاوەنی کەشوهوای فێنک و هەتا ڕادەیەک ساردە.

هەڵکەوتەی جوگرافی:

ئەرکەواز لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتەوە پاڵی داوەتە داوێنی (پشتکێو)ەوە و لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتیشەوە دەبەسترێتەوە بە شاخی (بیورەواز) و لە باشوووری ڕۆژئاواشەوە پاڵی داوەتە شاخی (کەڵەک) کە بەرجەوەندی شار چەشنی دۆڵێکی بەرینی سەرسەوز بە بەرزی و نەوییەوە دەردەکەون و بینا و گەڕەک و کۆڵانەکانی لە نێوان دیمەنی سەرسەوز و داوێنی کێو و کەنار جۆگە و ئەو چەند کێوەدا بە جوانییەکی سەرنجڕاکێشەوە دەردەکەون.

ئەرکەوازی مەلەکشای لە نێوان دوو شاخی (کەبیرکێو و چوار زەبر)دا هەڵکەوتووە و پێشتر یەکێک لە بەپیتترین ناوچەکان بووە بۆ ژیانی ئاژەڵی کێوی و خاوەن لێڕەوار و دارستانێکی چڕ بووە، بۆیە شوێنێک بووە بۆ ڕاو و سەیران. شاری ئەرکەواز لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیلام هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٢٨٤ هەزار هێکتار زەوی و زاری کشتوکالی هەیە و بەگشتی کەشوهەوایەکی فێنک و کوێستانییە.

پێشینەی ناوی ئەرکەواز:

وشەی ئەرکەواز لە دوو بەشی ئەرک، یان ئەرگ بە مانای (پێتەخت و ناوەند) و واز بە واتای (بەرین) یانی پێتەختی بەرین پێکهاتووە. لە ڕابردوودا ئەم شارە بە ناوەکانی (ئەرکەواز، ئەرکەواز مەلەکشای، قەڵادۆڵ و قەڵای دۆڵی مەلەکشای) ناسراو بووە.

شاری ئەرکەواز لە داوێنی زنجیرە کێوی پشتکێو (کەبیرکێو) هەڵکەوتووە کە لەباری کەشوهەواوە جێگەیەکی زۆر لەبار و بژوێن و پڕ ڕووەکە.

پێشینەی هۆزەکانی ئەرکەواز:

لە نێو هەموو تایفە و هۆزە گەورەکانی مەلەکشاییدا چەندان پیاو و پاڵەوان و کەسایەتیی ناودار هەڵکەوتوون کە هەتاهەتایە ناو و یادیان لە مێژووی ناوچەی ئەرکەواز و مەلەکشاییدا دەدرەوشێتەوە کە دەکرێ ئاماژە بە (عالیجا، حاجی تووشماڵ، فەرامەرز ئەسەدی، پاڵەوان مووسا خومەیس و مەڵکە پاڵەوان، محەمەدعەلی میرزا دەوڵەتشا و شامحەمەدیاری (ڕێبەری ڕاپەڕینی خەڵکی ئیلام لە سەردەمی ڕەزاشای پاڵەوی)، تووشماڵ نامدار، تووشماڵ ساباز، تووشماڵ سوحبەت، حەسەن‌خان مەلەکشای، کوێخا دارا بەگی ئەکبەری لە تایفەی ڕەسووڵوەند، کوێخا قەنبەربەگ لە تایفەی کازم‌بەگ) و دەیان کەسایەتیی کۆمەڵایەتی، ئایینی و فەرهەنگیی دیکە بکەین، کە سەرتۆپی هەموو ئەمانە (شامحەمەد یاری)بووە کە جێگەی متمانەی هەموو خەڵکی مەلەکشای و ئەرکەوازی بووە و توانیویەتی لە بەرانبەر ڕەزاخانی پاڵەویدا بوەستێتەوە و خاوەنی گەلێک سەرکەوتن و مێژووی درەوشاوەیە.

شێوەزاری ئەرکەوازی مەلەکشای:

سەرجەم دانیشتوانی شاری ئەرکەواز و ناوچەی مەلەکشای بە زمانی کوردی و شێوەزاری "مەلەکشایی" و ئیلامی دەئاخفن کە بەهۆی بەکارنەهێنانی وشەی زمانی بێگانە، هێشتا زمانی ڕەسەنی کوردی وەک خۆی پارێزراوە و هەروەها شێوەزاری خەڵکی مەلەکشایی بنزاراوەیەک لە کوردیی باشووره.

مەزهەب:

هۆزی مەلەکشای و ئەرکەواز، بە زۆرینە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەن، بەڵام فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەواری لەو ناوچەیە وەک خۆی ماوەتەوە.

غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی ناسنامەی ئەرکەوازە:

غوڵامڕەزا ئەرکەوازی کوڕی حەسەن‌بەگ، کوڕی میرزا‌بەگ کوڕی مەیسم کوڕی ئەحمەد قولییە، لە نێو خەڵکی بە (غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی) و غوڵامڕەزا ئەرکەوازی ئیلامی ناسراوە، لە ھەندێک شێعریدا نازناوی «غوڵام»ی بەکار ھێناوە.

ساڵی ١٧٧٥ی زایینی لە گوندی (بان وێزە) کە بەشێکە لە ناوچەی سەرچەفتەی سەر بە ناحیەی (چوار)ی سەر بە ئیلام لەدایک بووە.

شوێنی لەدایکبوونی شاعیر نزیکی سنووری عێراقی ئێستایە، دەشتێکە شاخەکانی باوەیاڵ و سەروێشە و ھانی سەونز و بەلەوان دەوریان داوە.

ئەرکەوازی لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و دەوڵەمەند و دەسڕۆیشتووی کورد پەروەردە بووە.

باوکی حەسەن بەگ، مەلا و خاوەن دەست و قەڵەم بووە. غوڵامڕەزا لە قۆناغی ناوەندیی ژیانی خوێندەواریدا، گەشتی نەجەف و کەربەلای کردووە، بەڵام قوتابییەکی ڕەسمیی دەزگا زانستییەکانی نەجەف و کەربەلا نەبووە. شاعیر، کچێکی خزمی خۆی ھێناوە کە لەوانەیە ئامۆزای بووبێ.

دوو کوڕی لەو ژنە هەبووە، یەکێکیان ناوی محەمەدڕەزا بووە و دووەمیان ئەحمەدخان. ئەمەیان لە ھەڕەتی لاوێتیدا سەری ناوەتەوە و شاعیر ماتەمنامەی بۆ مەرگی ئەم کوڕەی ھۆنیوەتەوە. ئەرکەوازی ماوەیەک خەریکی کاروباری سەرۆکایەتی خێڵ و هۆزی ئەرکەواز بووە.

ساڵی ١٨٠٤ لە والیی ئیلام حەسەن کوڕی ئەسەدخان نزیک بووە، لە دواییدا هاوڕێتیی نێوانیان بە دوژمنایەتی گەیشتۆتە ئەنجام؛ والی و ئەرکەوازی دەبن بە دوژمن، والی لە شاعیر بەھێزتر دەبێ، بۆیە دەیخاتە بەندیخانەوە، ئەو ئازارانەی شاعیر چەشتوویەتی لە موناجاتە شێعرییەکانی ڕەنگیان داوەتەوە. ئەوەی والی لەگەڵ شاعیر کردوویەتی نموونەی دڕندەیی فەرمانڕەوا ئۆتۆکراتییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتییە.

وادەردەکەوێ دواقۆناغی ژیانی ئەرکەوازی دوور لە مەڵبەندی خۆی لە وڵاتی ئاوارەیی و لە ناوچەی (کرند)ی کرماشان بووبێت و ھەر لەوێش کۆچی دوایی کردبێت. سەرچاوەکان وادەگەیەنن کە ھاوڕێیانی تەرمی مردوویان گواستبێتەوە عێراقی ئەو سەردەمە کە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە و لە شاری نەجەف ناشتبێتیان و گۆڕی نادیارە وەکوو ھەموو ئەوانەی لە نەجەف و کەربەلا دەنێژرێن. ساڵی مردنی ئەرکەوازی بە ڕوونی نازانرێ، ئەگەر شەست تا حەفتا ساڵ ژیابێ دەبێ لە نێوان ساڵانی(١٨٤٤-١٨٣٤)ی زایینیدا کۆچی دوایی کردبێ، بەڵام دکتۆر مارف خەزنەدار لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردیدا، ساڵی (١٨٤٠)ی بۆ کۆچی دوایی شاعیر بە ڕاست زانیوە.

شێعری ئەرکەوازی:

شێعری ئەرکەوازی بەشێکە لەو شێعرەی تایبەتمەندی و ئەدگاری تایبەتی خۆی ھەیە، ڕەنگدانەوەی شێوازی ئەدەبی گۆرانییە کە زمانی ئەدەبی کوردیی بووە لە ڕابردوودا و گەلێک شاعیر لەسەر ئەم ڕێچکەیە شێعریان هەیە. شێعری غوڵامڕەزا ئەرکەوازی ئیلامی دەچێتە خانەی شێعری شاعیرانی وەک خانای قوبادی و میرزا شەفیعی کولیایی و شاعیرانی سەردەمی میرنشینی ئەردەڵانەوە.

شێعری ئەرکەوازی لەڕووی کێش و قافییەوە ساکار و سادەیە؛ وەکوو شێعری ھەموو شاعیرانی شێوازی گۆران. کێشی خۆماڵی و دە بڕگەیییە، بە زۆری وەستانێک لە ناوەڕاستدا ھەیە، لەڕووی سەرواوە جووت قافیەیە و ھەندێک جار شاعیر یاری بە قافیە دەکا.

نێوەڕۆکی شێعری ئەرکەواز:

شێعری ئەرکەوازی لەڕووی نێوەڕۆکەوە بەسەر ئەم چەند لایەنەدا دابەش دەکرێت:

موناجات:


ئەم بابەتە شێعرییە لەلای ئەرکەوازی لە بەرھەمی ئەدەبیدا لە ھەموو بابەتەکانی دیکەی زۆرترە، دەتوانرێ بە شاعیری موناجات لە ئەدەبی کوردیدا ناو ببرێت و گەورەترین موناجاتنامەی ئەدەبی لە زمانی کوردیدا ھی ئەوە. لەم بابەتەدا ٢٤ لیریکی ھەیە، ھەمووی دەکاتە ٦١٠ دێڕە شێعر. سەرچاوەی بنچینەیی ئەم جۆرە شێعرەی، قورئان و حەدیس و قسەی ئیمام عەلی و ڕووداوی مێژوو و چیرۆکی ئەفسانەیی و زانیاری لەبارەی ئیسلامەوەیە.

ماتەمنامە:

ئەرکەوازی دوو شێعری ماتەمنامەی ھەیە بۆ ئەحمەدخانی کوڕی گوتووە کە کۆچی دواییەکەی کارێکی زۆری تێ کردووە. شێعرەکانی بە ناوی «باوەیاڵ»ەوەن. باوەیاڵ ناوی شاخێکی نزیک مەڵبەندی لەدایکبوونی شاعیرە، ئەرکەوازی لە موناجاتە پرسەنامەکەیدا ڕوو دەکاتە باوەیاڵ و گوتوبێژی لەگەڵدا دەکات.

ئاوارەیی و دوورە وڵاتی (غوربەت):

«غوربەت» ناوی لیریکێکی شاعیرە، وێنەی ڕاستەقینە و نموونەی ڕەنگدانەوی ڕۆژانی مەینەتی و ئاوارەیی و بەندیخانەیە.

غەزەڵ:

دیوانی ئەرکەوازی دوو پارچە غەزەڵ دەور دەکاتەوە بەناوی «زلێخام شۆران» و «زلێخام ژچین». ئەم دوو بەرھەمە لە غەزەڵی ئاسایی ئەم جۆرە شێعرەی ئەدەبی کوردیدا ناچنە دەرەوە، بەڵام ئەوە ھەیە گومانیان لێ دەکرێ کە شێعری شاعیر بن، چونکە مەبەستەکانی دیکەی ئەرکەوازی لە غەزەڵ و دڵداری و ڕامووسان دوورن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ئەم دوو غەزەڵە وادەکا بە بەرھەمی ئەم شاعیرەی بژمێرین.

ئەرکەوازی لە نێو خەڵکدا شاعیرێکی ناسراو و خۆشەویست بووە و تەنانەت لە کوردستانی باشوور و لە شارەکانی (مەندەلی، خانەقین و بەدرە و جەسان و ناوچەی ئەرکەوازی باشووری)ش ناسراوە و لەڕاستیدا وەک پێناسەی هۆزەکانی ئەرکەواز ناوی لێ دەبرێت و شێعرەکانی لەسەر زاری خەڵک بوون، نەک تەنیا خوێندەواران بەڵکوو نەخوێندەوارانیش لەبەریان کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی ھۆگری ئایین بوون. لەبەر ئەوە دەسنووسی دیوانی زۆرە، ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی شێعری لەسەر بنج و بناوانی ئەو دەسنووسانە ساغ بکرێتەوە.

بەشێک لە شێعری ناسراوی (وە باوەیاڵ دیم):

ئه‌و روو واوه‌یلا وه باوه‌یاڵ دیم
هاواس په‌ریشان حاڵش حاڵحاڵ دیم
سه‌ر تا وه به‌رگش سیا زخاڵ دیم
سه‌ر قوله‌ی کاوان وه سیا ته‌م دیم
دره‌ختان ژه خه‌م چو چه‌وگان چه‌م دیم
داران دره‌ختان که‌لاغی پووش دیم
که‌پوو وه‌و شین گاڵ گه‌رمه‌وه
چمان مرده‌ی داشت وه ڕوو ته‌رمه‌وه
من و باوه یال عه‌هدمان که‌رده‌ن
من خه‌م و ئه‌و ته‌م تا ڕووژ مه‌رده‌ن
رووله یه ئاسار شکارگاهته‌ن
یه جاگه‌ێ که لره‌م شوون راهته‌ن
ئه‌را چو جاران دیارت نیه‌ن
مه‌ر گڵکوو وه بان مه‌زارت بیه‌ن
گڵ وه بانم که‌ن گڵ وه بانت دیم
ئێ دنیا وه کام دژمنانت دیم
که‌ڵێ ژه که‌ڵان مه‌خواس مزگانی
ئه‌حمه‌د خان مه‌رده‌ن وه نه‌وجه‌وانی
بی تو چو ماهی ئوفتاده‌ی خاکم
به‌رگم پڵاسەن جامه چاکچاکم
رووڵه ژه هجرت ئه فسورده گیانم
جز روو روو گوویا نیه‌ن زوانم

سەرچاوەکان:

١- سارایی زاهیر، ڕەحیمی کامران، پوختەی مێژووی ئیلام
٢ – دیوانی غوڵامڕەزا‌خان ئەرکەوازی
٣ – ماڵپەڕی شاری ئەرکەواز