فەرەیدوون ئەرشەدی: شێعر و هونەری کوردی له ڕۆژهەڵات، بە هەر ڕێباز و شێوە و دەربڕینێکەوە کە بێتە بەرهەم، هونەر و شێعر و ئەدبیاتی مقاومەت و بەرگرییە!

زایینی: ٢٠-٠١-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١٠/٣٠ - ١٩:٢١ تاران
فەرەیدوون ئەرشەدی: شێعر و هونەری کوردی له ڕۆژهەڵات، بە هەر ڕێباز و شێوە و دەربڕینێکەوە کە بێتە بەرهەم، هونەر و شێعر و ئەدبیاتی مقاومەت و بەرگرییە!
وتووێژ: گوڵباخ بەهرامی

فەریدوون ئەرشەدی، شاعیری كورد و دەنگێكی ناسراوی شیعری رۆژھەڵاتی كوردستان ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە.لە سەرەتای دەیەی ٦٠ی هەتاوییەوە دەستی بە نووسینی شیعری کوردی کردووە و لە بوارەکانی ڕۆژنامەگەری و کاری میدیاییشدا لە گۆڤاری سروە و حەفتەنامەی سیروان لە رۆژھەڵاتی كوردستان و تەلەفزیۆنەکانی تیشک و کوردستان تیڤی لە باشووری كوردستان و وڵاتی فەرەنسا کاری کردووە و لە بواری شیعردا خاوەن ئەزموونێكی بەنرخەو بە یەکێک لە دەنگە دیار و کاریگەرەکانی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار و لە پۆلێنکردنی شیعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتدا خاوەن سەنگی خۆیەتی.

ئەرشەدی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بووە و پاشان ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە.

فەرەیدوون ئەرشەدی، خاوەن ٣ كتێبی شیعرییە بە ناوەكانی، نامەكانی غوربەت ، بەرد و کۆمەڵە شیعری دەمگرن ڕۆژی بە شەرابی پێکەنینتەوە.

لەگەڵ گرێدانی خەباتی شاخ و شار، قەڵەمەکەی کردە شانی وشەکانی و بە نووکی خامە سەنگەری لە شێعردا بۆ پێشمەرگە هەڵکەند. بەدەم هاواری رۆژهەڵاتەوە هات و وتی: " دێر یا زوو تەقە لە دەروازەی خۆرهەڵات هەڵدەستێ" . " بۆ نابێ شەوێکیش وەرنە خوار، تەقەیەک لە دەرگای شار بدەن."

لەگەڵ راساندا، راسا و بووە شاعیری راسانی خاکی پۆشەکان.

لەم دیمانەیەدا زیاتر تێکەڵ بە دونیای روانینەکانی فەرەیدوون ئەرشەدی دەبین و لە خۆیەوە هەستەکانی دەخوێنینەوە.

لێرەدا سەرنجتان بۆ وتووێژێکی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئەم شاعیرە نەتەوەییەی گەلەکەمان ڕادەکێشین.

شێعر و هونەری کوردی له ڕۆژهەڵات، بە هەر ڕێباز و شێوە و دەربڕینێکەوە کە بێتە بەرهەم، هونەر و شێعر و ئەدبیاتی مقاومەت و بەرگرییە!

ئەوەی من دەمهەوێ لێرەدا زیاتر تیشکی بخەمەسەر تێکەڵبوونی دوو رەوتی ئەدەبی لە سەردەمێکی جیاوازدایە؛ رێک لە سەردەمێکدا کە نوێگەرایی و رەوتێکی تازەتر لە ئەدەبیات بە گشتی و شێعریش بەتایبەتی، خەریکە دەبێتە جێگرەوەی رەوتەکانی پێش خۆی؛ ئێوە هەستانەوەیەکتان لە شێعردا دەستپێکرد کە تەکانێکی گەورەی لە شێعری کوردی دا درووست کرد و بووە دەسپێکی جۆرێکی تازەتر لە نوێکردنەوەی ئەدەبیاتی بەرگری لە شێوەی شێعر و سەرەتایەکیش بۆ داهێنانێکی ئەدەبی بە ستایل و مێتۆدێکی تایبەتەوە؛ دەمهەوێت باسی ئەو تایبەتمەندیانەمان بۆ بکەیت و سەرەتای ئەو دەسپێکەش...

هەر تەوژم و تەکانێکی ئەدەبیی، هونەری و هزریی،کاردانەوەیەکی عەقڵانی، ئەخلاقی و جوانیناسانەیە بەرانبەر بە تەکان و تەوژمی کۆمەڵگە، یان لانیکەم ئەو تەوژمە نادیار و شاراوە کە لە ژێر پێستی هەست و نەستی کۆمەڵگە، یا بەشێکی زۆر حەساس و کارای دا، دەژیت و درز دەخاتە پێستی قەتماغەبەستووی ژیانی رۆژانە.

هونەر بە گشتی و شێعر بەتایبەتی لە کلتوور و زمانی ئێمەدا، خێراترین هەڵوێستی هەبووە بەرانبەر بەو گۆڕانکارییە شاراوەیەی عەرزتم کرد ؛ بۆ باس لەسەر شێعری بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا و شێوازی کاری خۆم لەم چەند ساڵەدا، دەبێ پێش هەموو شتێک ئەوە بڵێم کە بە بۆچوونی من، شێعر و هونەری کوردی لەم پارچەی کوردستاندا، بە هەر ڕێباز و شێوە و دەربڕینێکەوە کە بێتە بەرهەم، هونەر و شێعر و ئەدبیاتی مقاومەت و بەرگرییە!

زمان و کلتووری ئێمەی کورد، بەردەوام و بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخمان، لە مەترسی تواندنەوە و پەراوێزخستن دایە، بۆیە هەر بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی جیددی، لە چوارچێوەی زمان و فەرهەنگی کوردی دا، بەرگری کردنە لە توانەوە و پەراوێزکردن و پارێزگاری کردنە لە زمان و خەیاڵ و خەون و ئاواتەکانی نەتەوەیەکی پەراوێزخراو .

ماوەیەکی زۆرە، دەزگا و سیستمی تەبلیغاتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زمان و کارکردی شێعر و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانە یان ئەدەبیاتی بەرگری، بەسەر چووە و ئەو شێوازە لە ئەدبیات و شێعر، خوێنەر و لایەنگری نییە. چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو هەموو کتێبە تێئورییانە کە تەبلیغ بۆ مودێڕنیزمێکی بێ ڕەگ و ریشە و خوازراو دەکەن، بەشێکی لەو تەبلیغاتەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر لەم سۆنگەوە، بەداخەوە بڕێ لە نووسەرانی ئێرانی و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ئەم تەبلیغاتە پەرە پێدەدەن.

ئەم تەبیلغاتە لە بواری سیاسەتیشدا باوە، ئەوانەی ئاماژەم پێکردن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەرچی خەسار لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە، بەهۆی بوونی حیزبە سیاسییەکانیەتی!! کە ئەگەر ئەوان نەبوایەتن، کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە دەبینی و لەباتی زاڵ بوونی کەشی ئەمنیەتی، شاهیدی پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبووین!!

ئەم ڕوونکردنەویەم بە پێویست زانی تا لێرەوە بێمە سەر زەروورەتی هەوڵدان بۆ بەڕۆژ کردنەوەی شێعری مقاومەتی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە باوەڕی من لە دوو سەنگەردا دەجەنگێ :

یەکەمیان، بەرگری کردنە لە مرۆڤی بەرگریکار و دەروەست، بە خوڵقاندنی فەزای جوانیناسانەی ژیان و مردنی، بە شێعرێک کە خاوەنی تایبەتمەندییەکی کوردانە و جوغرافیادارە؛ خاوەنی ناسنامەیەکی دیارە و لە شێعری هیچ نەتەوەیەکی نێو جوغرافیای سیاسی ئێراندا، نابینرێتەوە؛ ئەم خاڵە، ڕەنگە گرینگترین هاندەر بووبێت بۆ بەردەوام بوونم لە نووسین لەم بەستێنەدا. بۆ من هویەت و ناسنامەی هونەری، گرینگترین شتە کە شێعرم لە شاعیرێکی فارس یا ئازەری یا بەلووچ و تورکمان، جیا بکاتەوە.

بەتایبەتمەندییەکی زۆر دیارەوە، شێعری بەرگری کوردستان، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ شێعری نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغرافیای سیاسی ئێران، جیاوازتر و تا ڕادەیەکی زۆریش، دەوڵەمەندتر و بەربڵاوتر و خاوەنی بەردەنگ و خوێنەری زۆرترە .

دووهەمین سەنگەر و ڕەنگە سەنگەری پێشەوەی ئەم بەرگرییە، بەرگری کردنە لە ماهیەت و جەوهەری شێعر، کە دەتوانێ لە کارەسات ئامێزترین و دژوارترین و سەخت‌ترین شەڕ و ئاشتی نێوان ئینسان و ئینسان، مردن و ژیان و مرۆڤ و سروشت دا، ماهیەتی شێعریی خۆی بپارێزێ.

هیوادارم لە وڵامی پرسیارەکەت دوورنەکەوتبێتمەوە؛ ماوەیەکی زۆر، بەتایبەت لە شێوە نووسینی ئوستاد " جەلال مەلەکشا" بەملاوە کە بەڕاستی لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ بەملاوە، دیارترین شاعیری شێعری بەرگرییە، بۆشاییەک لەو بەستێنەدا هەبووە. هۆکاری ئەم بۆشاییە زۆرن، دواتر ئاماژە بە چەند خاڵی دەکەم. زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان بەم شێوازە شێعرەوە خەریک کردووە، یا ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان بوون، یا لە هەندەران نیشتەجێ بوون. ئەو شێعرانەی لە ڕاگەیاندنی حیزبەکوردستانییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، سەرەڕای ئەمەکدارییان بە شۆڕش و مقاومەت، لەباری شێواز و داڕشتن و کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەکانی جوانیناسانەی نێو زمان و کلتوور و سروشتی کوردستان، لاوازییەکی بەرچاویان پێوە دیار بووە. لاوازییەکە زۆرتر لە دووبارەکردنەوەی ئەو ئیماژ و موتیوو و شوعار و قسانەوە دەردەکەون کە تەنیا لە جوغزێکی دیاریکراوی فکری و خەیاڵیدا ئەسووڕێنەوە کە لەباری شێوازی داڕشتنی فەزای جوانیناسی و خەیاڵەوە، شتێکی ئەوتۆ بە خوێنەر نادەن؛ مەبەستم ئەوەیە کە فرەتر لە شوعار نزیکن تا شێعر.

بۆ من، بەڵام هەر لەسەرەتای کارمەوە بڕوام بەوە هەبووە کە شێعر، یەکێک لە گرینگترین کەرەستەکانی زمانی و فکری و خەیاڵییە کە دەتوانێ داکۆکی بکات لە بوونی مرۆڤ لە سەرزەمینی خۆیدا، بەڵام بە شێوازێکی هونەری.

هەر بۆیەش ئەگەر بۆ نموونە شێعرەکانی دوو کتێبی "بەرد" و "نامەکانی غوربەت" م بخوێنیتەوە، ئەو زەمینەیەی تێدا دەبینی کە بەشی زۆریان شێعری بەرگرین، بەڵام لە بارودۆخێکی تایبەتدا، مەبەستم ئەوەیە بڵێم: شێعری بەرگری"شار"ن.

چەند ساڵ لەوە پێش (پێم وابێ ١٥ ساڵ لەوەپێش) لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەکەتان، بۆ یەکەم جار وتوومە کە شێعری بەرگری لە رۆژهەڵاتدا دوو جۆرە: "شار و شاخ". هەر کام لەمانە بەپێی شوێنی هاتنە بەرهەمیان، خاوەنی تایبەتمەندییەکانی خۆیانن .

ڕەنگە شێعری "ژیانەوە" و "بازەکەی کۆساڵان" بۆ من سەرەتای ئەو تەکان و دەسپێکە بێت کە جەنابت لە پرسیارەکەت دا ئاماژەت پێکردوە. بە بۆچونی من، لە شێعر و ئەساسەن لە هونەردا، "چۆن" وتن، فرە گرینگە؛ هەر لەم ڕوانگەوە بوو کە داڕشتنی ئەم شێعرانەی کە بەتایبەت لە یەکەم هەنگاوەکانی "ڕاسان"ەوە نووسراون، ئەو تایبەتمەندییە هەست پێدەکرێت و ئاشکرا، دیارن .

من دەبوایە بە شێوەیەک ئەم ئەرکە دژوارە لە هەورازی هونەری شۆڕشگێرانە سەر بخەم کە شێعرم بۆ نموونە لە شێعری (جەلال مەلەکشا) نەچێت. لە شێعری شاعیرانی نێو جەرگەی شۆڕش نەچێت، لە هەمان کاتدا، ئاستی هونەریی و سەمیمی بوونیشی ئەوەندە بێت کە نەوەی تازە پێگەیشتووی پانتایی زمانی کوردی لێی نەسڵەمێتەوە؛ هەروەها، توانیبێتی شکۆی پێشمەرگە و خەباتە ڕەواکەی و عەزەمەتی شەهید بوونەکەی، بکات بە شێعر. کارێکی دژوارە نە!؟

بەهەر حاڵ لەو شێعرانەدا، ئەوەی فرەتر بەرچاو دەکەوێ نزیک بوونەوەیە لە جۆرە دەربڕین و بەیان و داڕشتنێکی تایبەت بە خۆم و ڕوانینم کە ئەگەر موبالغەم نەکردبێ، تا ئەم کاتە، لە شێعری مقاومەتی لای خۆماندا، نەبینراوە. ئیماژەکانی لە سرووشت و زمان و فۆلکلۆر و وێژەی کوردی و کەرەستەکانی ژیانی پێشمەرگانەوە هەڵقوڵاون. ڕاسییەکەت دەوێ، ئەوەندەی لە ژیان و خولیا و خەون و ئاوات و رەنجی پێشمەرگەو ڕەنج و ئازاری دایک و باب و ژنی شەهید و منداڵی شەهیدەوە نزیکم، کە خۆم بەشێکم لەو ژیان و رەنج و ئیفتخار و کەوتن و هەستانەوەیە؛ ئاخر ئەگەر وانەبم، چۆن دەتوانم شێعرێک بنووسم خوێنەر لەگەڵیا پێوەندی بگرێت؟
دەمێکی زۆر بوو، خەڵک لە شێعری بەرگری تێر ببوون، یان باشترە بڵێم، دەربڕین و لەحن و بەیان و فەزای شێعرەکانی پێشووتری ئەم ڕێبازە شێعرییە، تینوویەتی خەڵکی نەدەشکاند. لەسەرەتاوە پێم وا نەبوو کە ئەم شێعرانە بتوانێ بەم چەشنە لە ڕیزی پێشمەرگە و ناوخۆ و دەرەوە لایەنگری هەبێت؛ بەڵام خۆشبەختانە، هەر بەو هۆکار و تایبەتمەندییانەی پێشتر ئاماژەم پێکرد، زۆر زوو توانیان جێگەیەکی دیار لە دڵی خەڵکدا بۆ خۆیان بکەنەوە.

جگە لە ئەزموون و جێ پەنجەی دیارتان لە ئەدەبیاتی کوردی رۆژهەڵات و شێعرەکانی سەردەمی گەرمی شۆڕش، لەگەڵ دەسپێکی قۆناغی نوێی خەبات لە رۆژهەڵات، ئێوە هاتنە مەیدان و ئێستاش لای هەمووان بە شاعیری راسان دەناسرێن، ئەو قۆناغە لە ئەزموونی خۆتدا چۆن پێناسە دەکەیت؟

ڕاسان، تەنیا بڕیارێکی حیزبی و چەکداری و تایبەت بە یەک حیزب نییە؛ بە بۆچوونی من، ڕاسان قۆناغێکی زۆر دەگمەن و جەوانە لە بزووتنەی چەقبەستووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەم تەوژمە نوێیەی کە لەسەر دەستی چەند گەنجێکی خوێندەوار و ئامانج‌خواز، کڵپەی سەند و لە کورتترین ماوەدا، رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی وریای کۆمەڵگەی ئێران و تەنانەت حاکمیەتی ئەو وڵاتەی ڕاچڵەکاند، چ لە باری نیزامی و پێشمەرگانەوە، چ لە باری هزر و هەست و هیواوە، گڕ و تینێکی نوێی خستە جەستەی سڕبووی خەباتی رۆژهەڵاتەوە.

هەروا کە پێشتر ئاماژەم کرد، هەر تەکان و تەوژمێکی ئەدەبی و هونەری و هزری، دەتوانێ کاردانەوەیەکی هونەری و عەقڵی بێت بەرانبەر بەو ئەوژم و تەکانەی کۆمەڵگە، یان لانیکەم لە بەشێکی زۆر هەستیارتریدا، کە خەریکە درز دەخاتە پێستی قەتماخەبەستووی ژیان. دەبوایە گڕوتینی هەناو و هەنگاوی ڕاسانییەکان، لە ئەدەبیات و شێعر و ژانرەکانی دیکەی هونەردا، ڕەنگ بداتەوە و خۆی بنوێنێ .

کە یەکەم تیمی پێشمەرگەی کوردستان لە قەندیل و دواتر لە هەڵگورد دەرکەوتن، من تێگەیشتم کە تەکانێک لە بزووتنەوەی کوردستانی لای خۆمان دراوە. وەک بڵێی یەکەم تەکانەکانی ئەم بزووتنەوەیەم هەست کردبێت. تێگەیشتم کە ئەم ڕۆڵە جەنگاوەرانە، ژیان و مردنێکی جیاوازیان هەیە، هەر بۆیە، لە هەڵگرتنی یەکەم هەنگاویانەوە لەگەڵیان کەوتم.

ڕاستە بە جەستە لێیان دوورم، بەڵام یەکەم هەنگاویان، شێعری منیشی ڕاپەڕاند. لە بەفردا، لەگەڵیان گەرم بوومەوە؛ لە بەرزاییەکاندا هەوای ئازادم هەڵمژی و لە تەنیاییەکانیاندا، خەمی جەوان و پیریانم نۆشی؛ برینیان بوو بە برینم، پێکەنینیان دڵمی ژیاندەوە، شەهید بوونیان گریاندمی.

بە خۆمم وت، دەبێ دەنگێک هەبێت جوامێری ئەم جوامێرانە وەسف بکات، ئیتر ئەوە بوو کە نووسیم: "شاعیری شکۆی خاکی پۆشتانم".

لە یادم ناچێت کە هەندێ دۆستانی رۆشنبیرم! پێیان دەوتم: "بە کەوچکێک ئاو، کەوتویتە مەلە"! هەڵبەت من لە وڵامیاندا بە توانجەوە دەموت: "هونەر ئەوەیە بزانی لە کەوچکێک ئاودا چۆن مەلە دەکەی " !

چەندین و چەند جار بەوە تومەتبارمیان کردووە کە تەبلیغی شەڕی چەکداری ئەکەم و خەباتی مەدەنی کاڵ دەکەمەوە !!

دواتر دەرکەوت کە هەم ڕاسانی رۆڵەکانی خەڵک ڕەوا و پایدار بووە و لە ناو و بەرنامەی حزبێکدا، کۆنەبووەتەوە و بناغەی خەباتێکی نوێی کۆمەڵایەتییە وهەمیش ئەو خەیاڵ و دڵ و قەڵەمەی بەردەوام لە گەڵیان بووە و لەگەڵیان دەمێنێتەوە .

لەو شێعرانەدا، ئاستی هونەری و شێعرییەتی کارەکان گرینگە، خۆت شاعیریت و باش دەزانی کە مەودای نێوان شێعر و شوعار، زۆر ناسک و مەترسیدارە، گەر هۆشیار نەبیت، ناتوانی لەو سنوورەدا بە باشی هاتوچوو بکەیت. گەرچی بڕێ جار، تێکەڵکردنیان شتێکی خۆشی لێدەردەچێت! ئەوەش زیاد بکەم کە شوعار، لە کات و زەمانی خۆیدا، دژوارترین و کاراترین شکڵی نووسینە.

لەم تەجرەبە تازەیەمدا، بەو ڕاستییە گەیشتبێتم کە ئەگەر هونەر و بەرهەمهێنەری کاری هونەری، بە ئەمەکداری و هەست و ئەندێشە و خەیاڵەوە، لەتەک ئەرک و خەم و شادمانی و گیانفیدایی ڕۆڵە ئامانج‌خوازەکانی نەتەوەکەیدا بژیت، هەم بەرهەمی سەمیمانە و ڕاستگۆیانە دەخوڵقێنێ، هەم یارمەتیدەری بەرەوپێشچوونی ڕەوتی جوانیناسانە و نوێگەریی هونەر و ئەدبیاتەکەی دەبێت، لە هەمان حاڵیشدا، لەدڵی میللەتەکەیدا دەژیت.

بەرپرس و دەروەست بوون بە شێعریەتی شێعر و دەرد و ئازار و ئاواتی خەڵکەکەت، بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئەرکەی پێی پابەندی، زۆر گرینگە؛ من باوەڕم بە ئەرک و وەزیفەی کۆمەڵایەتی شێعر هەیە، ئەگەر شێعر نەتوانێ ئەرکی مێژوویی خۆی لەو زەمانەی خۆیدا، بە ئەستۆ بگرێت و بۆ ئازادی و بەختیاری مرۆڤ تێنەکۆشێ و هاوارێکی جوانیناسانە نەبێت لەو ڕەنج و ئازارانەی ئینسانی سەردەمی هاڕیوە، هیچ کارێکی ئەوتۆی نەکردووە. کەوابوو منی هاوسەردەم و هاودەردی ئەو مرۆڤە تێکۆشەرانە، کە بۆ ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشن و گیان دەبەخشن، ڕەوا نابینم هونەرەکەم، ئاوێنەی خولیا و ئامانج و ژیان و مردنیان نەبێت .

ئەدەبیاتی بەرگری و شۆڕشگێڕانه له ئەدەبی کوردیدا بەتایبەتی لای شاعێران و نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان چون دەبینن؟ ئایا ئەدەبیاتی کوردی له ڕەوتی خەباتی گەلی کورددا، ڕەنگدانەوەی پێویستی هەبووە؟
پێشتر عەرزم کرد، سەرتاپای ئەدەب و هونەری رۆژهەڵات، شێعر و هونەری بەرگرییە! تەنیا بەم هۆکارە سادەیە کە بەرگری دەکات لە هێرشی زمان و کلتووری باڵادەست، بۆ تواندنەوەی زمان و کلتوور و هونەر و هزری نەتەوەکەمان.

کەوابوو، هەر ڕستەیەکی ئەدەبیاتی جیددی و دەروەست، خزمەت دەکات بە مانەوە و بەرقەراربوونی هۆویەت و کەسایەتی زمانیی و مرۆیی ئێمە.

بەڵام جیاوازییەکی دیاریش هەیە لە نێوان ئەو شێعر و ئەدەبیاتەی
نەترسانە و دەروەست، دەپڕژێتە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕیزی پێشەوەی پارێزەرانی کەرامەتی نەتەوەییمان.

دڵنیام شاعێران و نووسەرانی رۆژهەڵات، ئەگەر لەو بارودۆخە ڕەش و کوشەندەی سانسۆر و خەفەقانی حکومەت بۆ ئەم جۆرە شێعرە درووستی کردووە، نەبوونایە، ڕاشکاوانەتر و ڕاستەوخۆ، بەرهەمەکانیان دەخوڵقان.

خۆت ئەو کاتەی لە ڕۆژهەڵات بووی، لەبەر ئەو فشارو بەربەستانەی دەزگای سانسۆری رێژیم دایناوە، نەتتوانیوە بە ئاشکرایی ئێستە بنووسی،کەوابوو ئەدەبیاتی بەرگری شار، شێواز و تکنیک و دەربڕینی تایبەتی خۆی هەیە و تا ئەو ڕادەیەی ئاگادار بم، جێی دڵخۆشییە و دەبێ ئافەرین بڵێین بەو شاعێر و نووسەرانەی هەوڵیان پارێزگاری کردنە لە زمان و خەیاڵ و ئاواتی نەتەوەکەمان .

لە یادمان نەچێت کە شاعێران و نووسەرانی هەر دەور و زەمانەیەک، بەرهەمی تایبەت بە زەمانەی خۆیان دەخوڵقێنن؛ ئەمە ڕەسمی زەمانە و هۆی مانەوەی ئەدەبیات و شێعرە. هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی و چەندایەتی بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی ناوخۆ. هەر کات فرسەت و دەرفەتی بڵاو کردنەوەی کارەکانیان فەراهەم بێت، ئەوسا دەبینین کە چ پەلکەزێڕینەیەک لە بەرهەمی ڕەنگاوڕەنگی ئەدەبی، دەبینین.

نیگەرانی من ئەوەیە کە نوێخوازی و هەوڵدان بۆ بینینەوەی شێواز و دەربڕینی نوێ، بە چاولێکەری ئەدەبیاتی زمانی فارسی، شێعری ئێمە لە ناسنامەی خۆی دووربکاتەوە، دوورەپەرێز و مەحفڵنشینی بکات؛ مێژووی ئەدەبیاتی گەلان، پڕە لەو هەوڵ و تەقەلا نوێخوازە بێ ڕیشانەی کە تەنیا بەختیان ئەوەیە لە پۆلێنکردنی ڕێبازە هونەرییەکاندا، ناویان هەیە. ئەگەر نوێخوازی، مودێلێکی خوازراوی بێ ڕیشە بێت و لە زەرورەتێکی مێژوویی و زمانیدا هەڵنەقوڵابێت و ئیدامەی رەوتەکانی پێش خۆی نەبێت، هەر تەنیا بۆ دەمەتەقێی کافەنشینان و دارودەستە ئەدبییەکان خوڵقاوە.

لە ئایندەیەکی نزیکدا و پاش نەمانی بەربەستەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەو ئەدەبیاتە جیدییەی لە ژێر تێغی سانسۆردا و لە شار و دێهاتەکاندا خوڵقاوە، دەرفەتی خۆدەرخستنیان دەبێت.