ژن و سیاسەت

زایینی: ٠٤-٠٢-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١١/١٥ - ١٩:٢٩ تاران
ژن و سیاسەت
ئاسۆ مێنبەری

ژنان و بەشداریی لە سیاسەت و سیاسی بوون دوو چەمکن کە بوونەتە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبیاتی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا. ئەم دوو چەمکە بە بەردەوامی لەلایەن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بەپێی ڕادەی تێکەڵ بوون لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی کۆمەڵگە و ویستی خودی خەڵک یان وەکوو خدەیەکی ڕۆژانە و بە ڕادەی کەم و زۆر بەکاردێن. لەڕاستیدا بەشداری کردنی سیاسی پێوەندی بە پێگەیاندنی سیاسییەوە هەیە و ئەو پێگەیاندنە پڕۆسەیێکە بۆ ڕێکخستن و ئامادەکردنی هاووڵاتی و تاک تا بتوانێ لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگەکەی خۆیدا بەشداری بکات. ئەو ڕۆشنبیرییە سیاسییەی کە تاک لە پێگەیاندنی سیاسیی خۆیدا بە دەستی دێنێت لە تێگەیشتنی خودی ئەو کەسە لە مافەکانی و هەروەها مافی خۆی لە بەشداری کردن لە بڕیاردانی سیاسیدا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. ڕوونە کە بە ڕادەی زیادبوونی بەشداری سیاسی هاووڵاتیان، ئەوەندەش حەزی توندوتیژی سیاسی لە لای تاکەکان کەم دەبێتەوە. لە پڕۆسەی پێگەیاندنی سیاسیدا چەند فاکتەر دەتوانن ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لەوانەش بنەماڵە، قوتابخانە، کۆمەڵ و گرووپە جۆراوجۆرەکان، دەزگا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری و هتد.

دەرکەی سیاسەت لە ڕێگەی بنەماڵە، قوتابخانە، ڕۆژنامەکان، تەلەفزیۆن و هەروەها ململانێیە سیاسییەکانەوە بە ڕووی تاکدا دەکرێتەوە و تاک لە سەر ڕۆڵی دەوڵەت و دەزگا و دامەزراوەکانی سەر بە دەسەڵات هەرچی زۆرتر ئاگایی پەیدا دەکات. هێنانەکایەی سیستمێکی دێمۆکراتیک لەو وڵاتانەدا کە حکوومەتێکی نادێمۆکرات و سەرکوتکەریان ئەزموون کردووە، ئەنجامەکەی تەنیا بە شکست خواردن و سەرکوت کردن گەیشتووە؛ لەم جۆرە وڵاتانەدا بنەماڵەکان بەردەوام ئەوە بە گوێی منداڵەکانیاندا دەچرپێنن کە کاریان بە سیاسەتەوە نەبێت و بەشداریی تێدا نەکەن، نموونەی بەرچاوی ئەم وڵاتانە و ئەم کۆمەڵگەیانە، کۆمەڵگەی کوردەوارییە.

بەدرێژایی مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا و هاوکات لەگەڵ بەشداری تاکەکان لە سیاسەت و دنیای سیاسەتدا، زۆرێک لە بنەماڵەکان پێش بە بەشداری منداڵەکانیان لە سیاسەتدا دەگرن؛ لە ڕاستیدا دنیای سیاسەت و ئەو گەرمەبازاڕەی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازییە و هەروەها قوربانیدان و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی کە لە دنیای سیاسەتدا دەبینرێن دەبنە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە خێزانەکاندا و ئەبنە هۆکارێکی گەورە بۆ پێشگرتن لە بەشداری سیاسی نەوەی نوێ. ئەم پێشگرتن و ڕێگری کردنە لە کۆمەڵگەدا زیاتر لە پیاوان بۆ ژنان دێتە ئاراوە. نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردستان و هەبوونی بیروباوەڕە دواکەوتووەکان و هەروەها دوورخستنەوە و ڕێگەنەدان بە ژنان بۆ بەشداری کردنیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە و هەروەها هێنانە خوارەوەی ئاستی باوەڕبەخۆبوونی ژنان ئەو فاکتەرە گرینگ و بەرچاوانەن کە بەداخەوە بوونەتە هۆی ئەوەیکە ژنان هەمیشە وەکوو نیوەیەکی لاواز و بێدەسەڵات لە کۆمەڵگەدا بێنە پێش چاو، بۆیە زۆر کەمن ئەو ژنانەی کە توانیبێتیان خۆیان لە باری سیاسییەوە پێ بگەیێنن و بتوانن لە داهاتووی نەتەوەکەیاندا بەشداری چالاکیان هەبێت.

هەبوونی دەوڵەتە تۆتالیتێر و سەرکوتکەرەکانیش دەورێکی هەرە گرینگ لە دواکەوتوویی سیاسی ژناندا دەگێڕن، هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی مادەی ٢١ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتەکەیدا، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئەو نوێنەرانەوە کە بە ئازادی هەڵبژێردراون بەشداری بکات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە زۆربەی وڵاتەکاندا و بە تایبەت وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، سەرەڕای قەبووڵ کردنی جاڕنامەی جیهانی و بەرپرسیاربوون لە هەمبەر بەڕێوەبردنی خاڵەکانی، نەتەنیا دەرفەت بە ژنان نەدراوە تاکوو خۆیان ببیننەوە، بەڵکوو زۆربەی کاتەکانیش تەنیا وەکوو کەرەستەیەک لە لایەن دەسەڵاتداران و لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا بە کارهێنراون، کە لەمبارەیەوە دنیای سەرمایەداریش وەکوو نموونەیەکی بەرچاو دەتوانێ ئاماژەی پێ بکرێت.

هەڵبەت باشتر وایە کە ئەو بەشداری نەکردنە یان دەرفەت نەدانە بۆ بەشداری کردن تەنیا لە ڕووی حەز و ئارەزووی دەسەڵاتخوازانەی حاکم و دەسەڵاتدارەکانەوە لێک نەدرێتەوە، بەڵکوو پێویستە سەرنجی ئەو کولتوورە سیاسییەش بدرێت کە لە نێو کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا بۆمان دەردەکەوێ کە سیستمی ئایینیش سەرکوتکەرە، چونکە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی سەرکوتکەردایە، کەوایە لەم جۆرە سیستمەدا بنەماڵەیش دەبێتە بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار و سەرکوتکەر کە خوازراو یان نەخوازراو لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدا هەنگاو هەڵدەگرێت.

بەشداری سیاسی لای تاکەکان بەشدارییەکی ئازادانە و دڵخوازە و لە پڕۆسەیەکی وەهادا تاک، ئیرادە و ویستی ئازادی هەیە و تەنیا خۆی دەتوانێ ئاستی چالاکییەکانی لە ژیانی سیاسیدا دەسنیشان بکات، بە دڵنیاییەوە هەموو چەشنە بەشداری کردنێکی سیاسی دەبێ، ئامانجی بە جێهێشتنی کاریگەریی لە سەر بڕیاری سیاسی و ژیانی سیاسیدا بێت؛ بۆیە دەبێ ژنان وەکوو بەشێکی گرینگ و کارتێکەری کۆمەڵگە و بە ئاگادار بوون لە کاریگەری بەرچاو و پۆزتیڤی خۆیان لە بارودۆخی کۆمەڵگەدا، هەوڵی ئەوە بدەن کە بە هەبوون و بەشداری کردنیان لە کاروباری سیاسیدا بەرزترین ئاستی چالاکیان لە گۆڕانی ئەرێنی بارودۆخی کۆمەڵگە بە گشتی و بارودۆخی تایبەتی خۆیان وەک ژن بێت.

دیارە ئەگەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و خەسارناسانەوە سەرنجی بابەتەکە بدەین، دەبینین کە خودی ژنان لەو بەشدار نەبوون و لە پەراوێزبوونەدا تاوانباری سەرەکین. ئەمە ڕاستە کە فاکتەرەکانی گوشار بۆ سەر ژنان زۆرن و بەگشتی کردەوەکان و تەنانەت بیرکردنەوەشیان سنووردار دەکرێنەوە، بەڵام نابێ ئەو حەقیقەتە لە بیر بکەین کە هەمیشە و لە هەر بارودۆخێکدا پڕۆسەی گۆڕان دەتوانێ کاریگەری خۆی لە سەر پرسەکان دابنێت و بێ گومان ئەو گۆڕانە خۆی لە خۆیدا نرخی دەوێت و پێویستە ژنان لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن و بە گرینگیدان بە هەلومەرج، خۆیان لە ئاستەکانی سەرەوەی کۆمەڵدا ببیننەوە و هەبوون و دەوری خۆیان لە کارگێڕی و گۆڕاندا بە هەموو چەشنە کردەوەیەکی بیرمەندانە بسەلمێنن.