ئەدەب لە سیاسەتی بەرپرسانی ڕێژیمدا

زایینی: ٠٤-٠٢-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١١/١٥ - ١٩:٣٠ تاران
ئەدەب لە سیاسەتی بەرپرسانی ڕێژیمدا
مینا

"ئەدەب"، وشەیەکە کە بیسەر یان خوێنەر بە بیستنی چ بە شێوەی "شهودی" و چ بە جۆری "منطقی" کۆمەڵێک نۆرمی پڕ بەهای دەکەوێتە مێشک کە هەر مرۆڤێک بە بوونی ئەو بەهایە، کەسایەتییەکی قورس و جێگەی متمانە پەیدا دەکات و لە لای خەڵکی دیکە وەک مرۆڤێکی باش سەیری دەکرێت و حورمەتی لێدەگیرێت؛ ئەدەب بەنرخترین سەرمایە و میراتی ژیانی مرۆڤایەتییە کە مرۆڤ لەگەڵ ژیانی خۆیدا بە کۆڵی دەکێشێت.

دەڵێن: "ادب مرد، بە ز دولت اوست"؛ ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە لە سەرجەم هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ شتێک جوانتر و سەرنجڕاکێشتر لە ئەدەب نییه کە مرۆڤەکان لە بەرانبەر یەکتردا ڕەچاوی دەکەن. کاتێک باس لەو وشەیە دەکرێت هەموو جۆرەکانی ئەدەب لەوانەش جۆری قسەکردن، ڕێگە رۆیشتن، هەڵسوکەوت، چاولێکردن، داواکاری، پرسیار، وڵام، خواردن و... لە خۆە دەگرێت کە زۆر جار بۆ پێناسەکردنی ئەو وشەیە لە پێوەندییەکاندا تا سنوورێکی ناڕوون و پێناسە نەکراو هەنگاو دەنێت.

ئێستا ئەو ئەدەبەی کە ئێمە وەک بەهایەک و سیفەتیکی باش بۆ مرۆڤ باسی لێوە دەکەین، لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا و لای کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە خۆی لە کوێدا دەبینێتەوە؟! ئەگەر ئەدەب "اکتسابی" بێت بۆ لێی بێبەش و ئەگەریش "نفس"یە، بۆچی لە "ذاتی" ئەو کەسانەدا نییە. بەڕاستی پرسیار لەوەدایە کە بۆچی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری ئەدەبدا زۆر لاوازن و هەرچی بیکەن و بیڵێن لایان گرینگ نییه.

ئەوەیکە لێرەدا دەمهەوێ باسی بکەم ئەوەیە، که بەشێک لە ئەدەب خۆی لە نێو فەرهەنگدا دەبینێتەوە؛ مێژووی وڵاتێک، سەرمایەی فەرهەنگی و میراتی مێژوویی خەڵکی ئەو وڵاتەیە کە تێیدا دەژین وبەم پێیەش گرینگی و کاریگەریی تایبەتی خۆی هەیە. دیسان پرسیار ئەوەیە ئەگەر بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە باس لە "تمدن دیرینە و آریایی" دەکەن کە خاوەنی مێژوو و فەرهەنگێکی قورس و قایمن ئەی بۆچی لە قسەکردندا وەک کەسێکی "دیمی" لێدوان دەدەن.

باسی ئەدەب لە قسە وکرداری بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێوەندی بە ئێستا یان چەند ساڵی ڕابردوو نییە، بەڵکوو هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیم، "بێ ئەدەبی سیاسی" بوونی هەبووە و درێژەشی پێدەدەن. ئەوەش وا وێدەچێت کە لە ئایەتووڵا خومەینی بە میراتیان وەرگرتبێت؛ چونکە لە قسە و لێدوانەکانی ئەو کەسایەتییە مەزهەبییەدا دەردەکەوێت کە ناوبراو تا چ ڕادەیەک لە قسەکردن پاراو بووە و بە توێژەوە قسەی بێژتووە.

لە ئیستاشدا له بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە دیارە که وەک ئەمەگناسییەک بۆ ڕێبەرە مەزهەبییەکەیان چەند پابەندن و نایانهەوێ ئەو ڕێچکەیە بەردەن و درێژەی پێبدەن؛ چونکە لە هەر حاڵەتێکدا قسەیەکی ناحەز و دوور لە کەسێکی سیاسی بە خەڵک و نەتەوەکانی دیکە دەڵێن و بە شانازییەوە لە میدیاکانی خۆیاندا بڵاوی دەکەنەوە و شانازیشی پێوە دەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خۆیان بەرنامەی ئەدەب و فەرهەنگ بۆ خەڵک دادەڕێژن و باس لە "گفتگوی تمدنها" دەکەن، کە زیاتر لە گاڵتەجاڕ دەچێت تا ڕاستی.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە خەڵک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ـ مەزهەبی ویلایەتی فەقیهی ڕاپەڕین، وەک هەمیشە لە نزمترین تا باڵاترین بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە قسە و تۆمەتیان وەپاڵ خەڵک دا و بەو بیانووە سەرکوتی خۆیان سەپاندەوە.

لەو بارەیەوە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران "عەلی خامنەیی" بە خۆپیشاندەرانی گوت ئەو کەسانە "گۆپاڵ بەدەستی بێگانەن، خەڵکی بەکرێگیراون، یە مشت زبالە هستند"، "علم الهدی" باسی لەوە کرد "اراذل و اوباش" ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، فەرماندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەر کامەیان ئیددعای ئەوەیان کرد کە خۆپیشاندەران "بەکرێگیراو و داردەستی بێگانەن"، "کازم سدیقی" پێشنوێژی هەینی تاران گوتوویەتی: "خۆپیشاندەران بزن و گوێرەکەن"، "احمدی نژاد" گوتبووی ئەو کەسانە "خس و خاشاکن" و "جنتی" ڕایگەیاند کە ئەو کەسانە "ایادی استکبار"ن و زۆربەی بەرپرسانی دیکەش هەر کامیان بەو جۆرەی پێیان خۆش بووه قسەیان لەبارەی خەڵکدا گوتووە؛ لەهەمووشی گاڵتەئامێزتر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو "محسنی اژەای" وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیم لە دانیشتنێکدا "فیتوو"ـی لێ دەدا و دەیگوت دەبێ فێربن کە چۆن فیتوو لێ دەن تا زار و لێوتان زەلام نەبێت.

یەکێک لە ئەنجامەکانی قسەی ناحەز و جنێودان لەلایەن بەرپرسانی هەر وڵاتێکەوە بۆ "فساد سیاسی" لەو دەسەڵاتە دەگەڕێتەوە، کە لەو حاڵەتەدا خەڵک توانای لێک جیاکردنەوەی "چاک" و "خراپ"ـی نییه و ئامانجی خۆی بزر دەکات. هەموو ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ ئەوەیکە خەڵک لە داخوازییەکانیان پەشیمان بکەنەوە سەمبول و ئەرزشەکانی ئەو خەڵکه بە شتێکی خراپ و قێزەون لە قەڵەم دەدەن. ئەو ڕێژیمانە بە گشتی وشە و چەمکی باش، کە خەڵک دەتوانێت پێوەندییان لەگەڵ دروست بکات و بە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان بگەن، لادەبەن یان وشەی تایبەتی خۆیان دادەنێن.

ئەوەیکە ئێستا لە میدیا و بڵاوکراوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا دەبینین و دەبیستین، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە هەر بوارێکدا بێت له "ادب و نزاکت"ی قسەکردن و هەڵسوکەوتدا زۆر لاواز یان هەر بێبەشن؛ هەروەها بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە ڕێگەی تایبەتی خۆیانەوە بێ ئەدەبی "گفتار و کردار"ـی خۆیان دەخەنە نێو کۆمەڵگە و پەرەی پێدەدەن هەر بۆیە ئەخلاقی ڕاست و گونجاو لە جوغرافیای ئێراندا بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشتووە.