گوڵوەنی، هێمای خۆڕاگری نەتەوەیەکه

زایینی: ٠٤-٠٢-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١١/١٥ - ١٩:٣٤ تاران
گوڵوەنی، هێمای خۆڕاگری نەتەوەیەکه
ژیلا موستەئجێر

فەرهەنگ هەموو بەها، رەوت و نموونە ڕەفتارییەکانی نێو کۆمەڵگەیەک لەخۆ دەگرێت و وڵات و نەتەوەکان لە یەک جیا دەکات، ئەگەرنا هەموو کۆمەڵگەکانی ئەم جیهانە دەبوو وەکوو یەک بن.

یەکێک لە فەرهەنگەکانی کۆمەڵگە بێگومان جۆری جل پۆشینی ئەو کۆمەڵگەیەیە، لە یەکەمین هێماکانی هەر کۆمەڵگەیەک و ناساندنی هەر نەتەوەیەک جلوبەرگ و جۆری پۆشینی جلی تاکەکانی کۆمەڵگەیە.

لە هەموو جیهان کاتێک بتهەوێ باسی شوناس و فەرهەنگی نەتەوەیەک بکەی، یەکێک لە ئاماژەکان باس لەسەر جلوبەرگی ئەو نەتەوەیە، نەتەوەی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو هەموو نەتەوەکان، سەرەڕای ژێردەستە بوون و هەوڵی بەربڵاوی داگیرکەر بۆ ئاسیمیلەی فەرهەنگی، توانیویەتی بە باشترین شێوە فەرهەنگی ڕەسەنی خۆی بپارێزێت؛ یەک لەوانەش پاراستنی جلی کوردەواری لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئەم ڕاپۆرتە هەوڵ دەدات تایبەتمەندی یەکێک لە جلوبەرگەکانی کرماشان کە ناوچەیەکە بەهۆی فرە کلتووری، ئایینی و زمانی و هەروەها ستراتێژی داگیرکەر، زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان کەوتووەتە بەر سیاسەتی ئاسیمیلە، شڕۆڤە بکات.

جلوبەرگێک کە بەپێی نەخش و دیزاینەکەی مێژوویەکی٣ هەزارساڵەی هەیە و ژنان و پیاوانی ناوچەی باشووری زاگرۆس لە دەوری سەر بە شێوازی جۆراوجۆر دەیبەستن.

سەروەن، سەروێن یان گوڵوەنی، دەسماڵێکی هەورێشمی و چوار گۆشەیە کە ژنان و پیاوان لە ناوەندی سەریانەوە بە لای چەپ و ڕاستدا دەیبەن و دیسانەوە لە ناوەندی سەریانەوە گرێی دەدەن.

جۆری بەستنی سەروێن یان گوڵوەنی بەپێی ئەوەی لە چ ڕێوڕەسمێک و لە چ بۆنەیەکدا بەشداری بکەی جیاواز بووە و ئێستاش ئەم جیاوازییە هەر هەیە، بۆ نموونە ژنە لوڕەکان لە کاتێکدا کە دەچوونە زەماوەند یان لە کاتی کەیخوایی کردندا شێوازی بەستنی گوڵوەنییەکەیان جیاواز بووە. جۆری ئەم جیاوازییەش زۆرتر لە شێوازی گرێ و درێژی و کورتی گوڵوەنییەکەدا دەردەکەوێت. لە زەماوەند و ڕێوڕەسمە خۆشییەکاندا ڕەنگی گوڵوەنییەکان ڕۆشنتر و گوڵوەنییەکان درێژتر بوون، لە کاتی سەرەخۆشیشدا گوڵوەنی بچووکتر و کورتتر دەبەسترێت.

ئەم جیاوازییە جیا لە ڕێوڕەسمەکان لە نێو هۆزەکانی باشووری زاگرۆسیش دەبینرێ و بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی سەروێن، چەندین ناوی هەبێت و مۆدێلی بەستنیشی جیاواز بێت؛ بۆنموونە خەڵکی کەلهۆر، گوڵوەنی بۆ بەستنی سەروێن بەکاردێنن بە جۆرێک کە گوڵوەنی یەکێک لە کەرەستەکانی سەروێنە و خودی سەروێن لە گوڵوەنی و کەساری پێک دێت، بەڵام خەڵکی ناوچەی لوڕستان تەنیا گوڵوەنی دەبەستن. ئەم دەسماڵە هەورێشمیە تەنانەت ب پێی ڕەنگیش جیا دەکرێتەوە. ئەو دەسماڵانەی کە قەراخەکەیان ڕەنگی سوور بێت "عەلیخانی" و ئەو دەسماڵانەی کە قەراخیان ڕەنگی قاوەیی بێت"تاکاری" و ئەو دەسماڵانەی سپی و سوور بن "گوڵوەنی" یان پێ دەوترێت. شایانی باسە ڕەنگی ئەو گوڵوەنییەی کە لە سەرەخۆشیەکاندا بەکاردێت ڕەشە.

لەم پەیوەندیەدا "ئاراس جەواد"، ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی ناسراوی ناوچەی ئیلام و کرماشان بە ڕۆژنامەی ”کوردستان“ی ڕاگەیاند: گوڵوەنی سەروەنی تایبەت بە ژنانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لوڕستانیش بەشێکە لەو ناوچەیە، بۆیە گوڵوەنی لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان و ناوچەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان گوڵوەنییە، بەڵام لەوانەیە لە هەندێک شوێندا، نەخش و نیگارەکەی یان ڕەنگەکەی، یاخود شێوازی بەستنەکەی کەمێک جیاواز بێت.

ئاراس ئاماژە بە ناوی گوڵوەنی دەکات و دەڵێت: نەخش و نیگار و ڕەنگی گوڵوەنییەکان، سیمبولی جوانی و ڕازاوەیین، هەروەک لە ناوەکەشیەوە دیارە، گوڵ +وەنی یان گوڵ+بەندی، هەروەک چۆن گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکان سیمبول و هێمای جوانی و ناسکی و ڕازاوەیین، نەخش و نیگاری گوڵوەنیش هێمای جوانی و ناسکی و ڕازاوەیی ژنانی ناوچەکانی کوردە.

سەبارەت بەوەیکە پیاوانیش گوڵوەنی دەبەستن و شێواز و جۆرەکەی ئایا لەگەڵ گوڵوەنی ژنان جیاوازیەکی هەیە، ئاراس وتی: گوڵوەنی لە ناوچەکانی ئێمەدا تەنیا تایبەتە بە ژنان و بۆ پیاو بەکارناهێنرێت. لە‌ هه‌ندێك له‌ ناوچه‌‌كانی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ژنان له‌ جێگه‌ی گوڵوه‌نی، ده‌سماڵێك ده‌به‌ستن به‌ سه‌ریانه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا پێی ده‌گوترێت (مشكی) و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی تریشدا پێی ده‌ڵێن (ده‌سماڵ سه‌ر) یاخود (بیم). مشکی وەکوو گوڵوەنی تەنیا تایبەت بە خانمان نییە، بەڵکوو پیاوانیش دەیبەستن بە سەریانەوە.

خاتوو "نێدا پورکەلهوڕی" لە چالاکانی فەرهەنگی ناسراوی ناوچەی کرماشان بەتایبەت ناوچە کەلهوڕنشینەکان لەبارەی نەخش و نگاری دەسماڵی گوڵوەنی بە ڕۆژنامەی ”کوردستان“ی ڕاگەیاند: گوڵوەنی چەند جۆر نەخشی هەیە کە سەرەکیترین نەخش، لە بەرگ و گوڵی گیایەک بە ناوی "موورت" گیراوە.

ئەو دەڵێت گیای موورت لە باوەڕی کوردان و بە تایبەت کرماشانییەکان ڕیشەیەکی پیرۆزی هەیە، هەروەها کە سەروەن بۆ ژنانی کورد هێمای کەسایەتی هەیە، ژنانی گەورەماڵەکان سەروەنەکانیان گەورەتر بووە، لە ..
..و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو هێمایەک بۆ خەبات و نیشانەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی نوێی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکیان لێوەرگرت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ئێران، گوڵوەنی وەکوو هێمایەک بۆ بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵات هەڵبژاردووە؛ لە زۆربەی چالاکی و ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ژنان وەکوو ڕەمزێک کەڵک لە گوڵوەنی وەردەگیردرێ.

خاتوو فاتمە عوسمانی سکرتێریی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە دەڵێ ” لە کاتێکدا بزووتنەوەی ژنان زیاتر لە٧٠ ساڵ مێژووی تێکۆشانی بۆ خۆی تۆمار کردووە، بەڵام هیچ ڕەمز و هێمایەک بۆ ئەم بزووتنەوە نەبوو، بیرمان لەوە کردەوە کە نیشانەیەک هاوتای ڕەمزی جامانە بۆ ژنان هەڵبژێرین، گوڵوەنی باشترین و بەهێزترین بژاردەی ئێمە بوو“.

خاتوو فاتمە دەڵێت: گوڵوەنی لە کۆنەوە یەکێک لە کەرەستە جلوبەرگییەکانی ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵات بووە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە نەخش و تەرحی گوڵوەنی باس لە خۆڕاگری و مانەوەو بەردەوام بوونی نەتەوەیەک دەکات.

سکرتێری یەکیەتیی ژنان لە کۆتاییدا دەڵێت سەرەڕای ئەوەیکە بەکارهێنانی گوڵوەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوە، بەڵام ئێستە لە بۆنە و ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی ژنان یان هەر چەشنە چالاکییەکی ناوخۆ، ژنانی ڕۆژهەڵات لەم هێمایە وەکوو ڕەمزی خەبات و تێکۆشانی ژنان کەڵک وەردەگرن.

ساڵی ڕابردوو دوابەدوای ئەوەیکە ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەوە و هەوڵیان دا خەباتێکی هاوبەش بەناوی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی ژنان و دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی و بەرابەری وەڕێ بخەن، لە کاتی ڕاگەیاندنی چالاکی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێران، بەکارهێنانی گوڵوەنییان وەکوو هێمایەک بۆ ئەم خەباتە گشتگیرە هەڵبژارد و داوایان لە پیاوان و ژنان کرد تا لە چوارچێوەی کەمپەینی''لەپێناو ژنانی وڵاتەکەم شار چۆڵ دەکەم'' بۆ پشتیوانی لە خەبات و تێکۆشانی ژنان و دژ بە هەموو ئەو هەڵوێست و رەفتارە دژ بە یەکسانی و ژنانەی کە رێژیمی ئێران لە بەرامبەر ژنان ئەنجامی دەدا، بە بایکۆت کردنی هەڵبژاردن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ڕوو لە چیا و دەشتەکانی کوردستان بکەن و بەشداری هەڵبژاردن نەکەن.

چەند ساڵ پێش، دوای هەوڵ و تەقەلای کچانی لوڕستانی لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی گوڵوەنی، ڕۆژی ٢٦ بانەمەڕ وەکوو ڕۆژی سەروەن و گوڵوەنی دیاری کراوە. لەم ڕۆژەدا ژنان و کچانی لوڕستان بە بەستنی گوڵوەنی ڕێوڕەسمێک بەڕێوە دەبەن و هەوڵ دەدەن ئەم بەرگە ڕەسەنە بپارێزن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گوڵوەنی ئەوەیە کە جیا لە هەموو جلەکانی دیکەی کوردەواری، بەشێوەی گشتی نە نەخش و نیگار و نە شێوازی بەستنی گوڵوەنی گۆڕینی بەسەردا نەهاتووە.