تارماییەکان لەنێو سۆشیال‌میدیادا

زایینی: ٠٤-٠٢-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١١/١٥ - ١٩:٣٨ تاران
تارماییەکان لەنێو سۆشیال‌میدیادا
ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

سۆشیال میدیا چ وەک دیاردە و چ وەک دەرفەت زۆر بەستێنی بۆ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی‌نێوەراست خوڵقاندووە.

رۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست، کۆمەڵگایەک کە لە رووی دەسەڵاتداری سیاسییەوە، پێکهاتەیەکی توتالیتێر_دیکتاتۆر بەسەریدا زاڵە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگەیەکی چەقبەستووی پڕ لە خۆرافە و پڕ لە تاپۆ و قەدەغە و قۆرغە؛ هاوکات لەگەڵ ئەوەش، کۆمەڵگای ئێمە(وەک کەسانی خەڵکی رۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست) بە دەردی بێ ڕایەڵەییەوە دەناڵێنێت.

ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە تێیدا ساڵانێکە لە بیر و هزرەوە، هەتا خواست و پێویست و حەز و ئاوات، تەنانەت هەتا ناڕەزایەتی و شۆڕش، هەموو شتێک تاکاوی بووە و لە چوارچێوەی خواستێکی تاکەکەسی و نهێنیدا ماوەتەوە، و بەهۆی ترس لە دەزگای سەرکوتی ڕێژیمەکان، کۆمەڵگە و توێژەکانی نێوی، شێوە و شێوازی گشتی و ڕایەڵەیی بەخۆیەوە نەگرتووە.

سۆشیال میدیا، ئەو دەرفەتەی سازکرد کە خەڵکانی ئەو کۆمەڵگایە بەبێ تێچووی زۆر بتوانن، ڕایەڵەی خۆیان لەسەر بناغەی بیر، حەز، ویست، ئاوات و شۆڕش دابمەزرێنن.

لێرەدا ئەوەیکە سۆشیال‌میدیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە سۆشیال‌میدیای ناوچەکانی‌تری جیهان لێک جیادەکاتەوە، باسێکی تایبەتی نێو ‌رۆژهەڵاتی‌نێوەراست، واتە دوانەی دیکتاتۆر_تێرۆریستە.

ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا و زۆربەی وڵاتانی موسوڵمانی عەرەبی لە گۆرێیە، یان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر_تۆتالیتێرە، یان ئاڵۆزییەکی تەناهی دەرئەنجامی تێرۆریسم و شەڕی بەوەکاڵەتە.

لێرەدا دوو باس هەیە:

یەکەم: زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست، ئەوانەی کە دەسەڵاتداری تەناهی ڕواڵەتن سەقامگیریان هەیە، وەک ئێران، تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئیمارات، ئەوانە سۆشیال‌میدیا بە مەترسی لەسەر گوتاری زاڵی خۆیان دەزانن و کەم تا زۆر هەموویان لەدژی سۆشیال‌میدیا ڕاوەستاون و ڕادەوەستن.

دووهەم: گروپە تێرۆریستییەکانی چالاک لە رۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست، سۆشیال‌میدیا وەک ئامێرێکی پەیوەندی و ئەندام‌‌گیری وەک میدیای فەرمی خۆیان بەکار دێنن.

لەسەر سۆشیال میدیا لە ئێراندا، دەکرێت بە ڕوونی بڵێین کە کۆماری ئیسلامی، وەک رێژیمێکی تۆتالیتێر، سۆشیال‌میدیا بە مەترسی گەورە بۆ سەر خۆی دەزانێ.

هاوکات ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی، وەک دەرفەتێک بۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی نێوخۆی ئێران و سازکردنی ڕایەڵە مەجازییەکان لە نێوخۆی ئێران و وەک ئامێرێک، بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگی خۆی سەیری دەکات و خەڵکی ئێرانیش وەک سەرچاوەیەکی زانیاری یان ئامێرێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری سەیری دەکەن.

کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی سێ سیاسەتی زۆر دژبەیەکی بۆ ڕووبەرووبونەوە لەگەڵ سۆشیال‌میدیا پەیڕەو کردووە:

١: سیاسەتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە زۆربەی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی وەک فەیسبووک و تویتێر، فیلتێر بکات.

٢: لە رێگەی تەرخان کردنی گروپی تایبەت، بۆ ئاراستەکردنی باسەکانی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، بەردەوام لە هەوڵدایە، رێگر بێت لەوەی پانتایی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی وەک پانتاییەک بۆ دژایەتی رێژیمی ئێران کەڵکی لێوەربگیرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوە بۆکارتێکەری لەسەر ڕای‌گشتی، چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە نێوخۆی وڵاتانی موسوڵمان، ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی بەکار دێنێ، واتە وەک دەرفەتێکی میدیایی سەیری دەکات.

٣: کۆماری ئیسلامی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی، وەک ئامێرێک بۆ شەڕی نەرم لە دژی ئۆپۆزیسیون و بەرهەڵستی ناوخۆیی و دەرەکی خۆی بەکار دێنێ.
لەسەر باسی شەڕی نەرم لە سۆشیال‌میدیا دەبێت بڵێین، چونکە سۆشیال‌میدیا لە یاسایەکی تایبەت پەیرەوەی ناکات، هەموو لایەنێک دەتوانێ بەو جۆرەی کە خۆیان پێیان وایەکارتێکەری زۆرە، شەڕ لەگەڵ بەرانبەرەکەیان بکەن، واتە هیچ سنوورێکی ئەخلاقی، لە شەڕی نەرمی نێو سۆشیال‌میدیادا نییە.

کۆماری ئیسلامیش، ئەوەی وەک دەرفەتێک گواستۆتەوە و لە باسی شەڕی نەرم لە دژی کوردستان لە بیاڤی سۆشیال‌میدیادا، هەوڵی داوە زمانی شڕ و قسەی سووک و جنێو بکاتە دەسمایەیەک بۆ ئەوەی، پەرە بە شەڕە نەرمەکەی لە دژی بەرهەڵستکارانی خۆی بدات؛ چونکە کۆمەڵگای کوردستان بە جنێو زۆر زوو هەڵدەبەزێتەوە و زۆربەی جارانیش یان پێی تێکدەچێت و پێی دەچرژێ، واتە لە رووی دەرونییەوە کارتێکەری لەسەر دەکات یان ئەوەی بێ‌وڵامی ناکات وێرای کابرای جنێوفرۆش ئەویش جنێو دەدات.

لێرەدا باسێک دێتە گۆڕێ، کاتێک کە جنێوفرۆشێک جنێوێک دەدات، ئەگەر وڵامی بدرێتەوە، ئاڵۆزییەک لە نێوان جنێوفرۆش و بێ‌تاواندا دێتە گۆڕێ و هاوکات لەگەڵ ئەوە، جۆرێک بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێت کە کەسی جنێوفرۆش، بەردەنگی زیاتری پەیدا بکات؛ بە کورتی شەڕە نەرمەکە ئامانجی خۆی پێکاوە.

ئەگەر بمانهەوێت، لەسەر لایڤی فەیسبووک ئەو بۆچوونە پیادە بکەین، دەبێت بڵێین کە لایڤی فەیسبووک، کە بناغەکەی لەسەر دەمشڕی و جنێوفرۆشی دامەزراوە، زیاتر ئاراستەکارەکەی دەزگا ئەمنییەکانە! دیاردەیەک کە بە ئاسانی دەتوانێ لە کۆمەڵگای کوردستان بەردەنگی پێ کۆبکەیەوە و ئامانجی خۆتی پێ بپێکی.