خۆپیشاندانەکان چیمان لێدەخوازن؟

زایینی: ٠٤-٠٢-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١١/١٥ - ١٩:٤١ تاران
خۆپیشاندانەکان چیمان لێدەخوازن؟
قادر ئەلیاسی

دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی دووشەممەوە، ڕێکەوتی ٩ی رێبەندانی١٣٩٦ی هەتاوی (٢٠١٨/١/٢٩) جارێکیتر ئەو ناڕەزاییەتیانە سەری هەڵداوەتەوە؛ بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، خەڵکی ئێران لە شارەکانی برووجێرد، ئیسفەهان، شیراز و ماهشهەر دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی خۆپیشاندانیان کردووە. لە پاڵ ئەم خۆپیشاندانانەدا و وێڕای مانگرتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی هاتووچۆ و بەشەکانی دیکە، کچان و ژنانی ئازادیخوازی وڵات بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان کە بە سەرپۆشی زۆرەملێی دەزانن، رۆژانە لە سەر بەرزایی شەقامەکان رادەوەستن. ئەم هەنگاوەیان هەم دژایەتییە لەگەڵ سەرپۆش و حیجابی ئیجباری و هەم هاودەردی و هاودەنگییە لەگەڵ ویدا موەحێد کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا بە لابردنی لەچکەکەی سەری و هەڵکردنی بوو بە ئاڵاهەڵگری ئەو شێوە خەباتە.

لە سەر یەک، هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەم خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە بۆ نائومێدی خەڵک لە شێوەی دەسەڵاتداری نابەرپرسانەی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە؛ چوونکە خەڵک دەزانن کە رێژیم لە تەواویەتی خۆیدا هیچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە. لە لایەکی دیکەشەوە خەڵک لەوە بە روونی تێگەیشتوون کە باڵەکانی رێژیم بە رێفۆرمخواز و بناژۆخوازەوە لە پاراستنی ئەو چوارچێوە داسەپێنراوەدا کە ناوی کۆماری ئیسلامییە، بەشدار و داکۆکیکارن. ئەوەی لەو نێوەدا ونە، مافی خەڵک و ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییە.

بەپێی نیشانەکان، ئەم سەرهەڵدانانە تا لابردنی ئەو رێژیمە درێژەی دەبێ. چوونکە دروشمەکان لە بەرامبەر دەسەڵاتی دژی گەلی نیزامدا وەستاوە.

ئەوەتا دیسان دروشمگەلی وەک مردن بۆ دیکتاتۆر، نەمان بۆ خامنەیی، رێفۆرمخوازان ـ بناژۆخوازان ئیتر بەسە لەگەڵتان سازان( اصلاح طلب، اصولگرا، دیگر تمام است ماجرا) سەری هەڵداوەتەوە. رەنگە سەرکوت و گرتن و لێدان و کوشتن رەوتەکە هەندێ جار کز بکا، بەڵام وەستانی بۆ نییە. ئەگەر شەپکە هێندە بۆ رێژیمی ئاخوندی توندە، ئێمەی کورد دەبێ چی بکەین؟

کورد لە ناوخۆ ئەرکی خۆی بەباشی دەزانێ، ئەگەر رێکخستنێکی کارا و خاوەن بەرنامە هەبێ. رۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هـ(٢٠١٨/١/٢٠) ناوەندێک لە ژێر ناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان" پێکهات. ئەم ناوەندە بە پێی بەرنامەی کارەکەیان کە لەو رۆژەدا راگەیەندرا، هەنگاوێکی باشە، بەڵام زۆر کەمە. بۆ ئەوەی کورد بە ئامادەییەوە بەپیری ئەم دەرفەتەوە بچێ، پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی بەرە یان دامەزراوەیەکی خاوەن دەسەڵاتتر هەڵگرێ، واتە هەموو هێزی پێشمەرگەی لایەنەکان(بە بێ لە بەرچاوگرتنی رێژەی کەمی و زۆری لایەنەکان) لەژێر فەرمانی یەک فەرماندەییدا کۆبکرێتەوە و شوورا یان ئەنجومەنێکی بەڕێوەبەریی بۆ دەست نیشان بکرێ. لەباری تەشکیلاتییەوە ژوورێکی چالاک بۆ وەگەڕخستنی جووڵەی ناوخۆ لەبەرچاو بگیرێ، لە گەڵ ئەوەی هەر هێز و لایەنێک قورسایی خۆی هەیە و دەبێ، بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی باشووری کوردستان، بە گیانی "کوردستانی" کار بۆ سەرخستنی ئەرکەکان بکرێ و هێزە گەورەکان لە داسەپاندنی هێژمۆنی بە سەر لایەنە بچووکەکاندا خۆ بپارێزن.

لە دەرەوەی وڵات، بە پێی رێنوێنی ئەو ناوەندە یان دامەزراوە گشتییە کاروچالاکی بکرێ. دروشمەکان، نامە بۆ کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و بە گشتی هەموو هەنگاوێک بە کۆمەڵ ئەنجام بدرێ.

کورد لە رۆژهەڵات بە گشتی و هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان بەتایبەتی، ناتوانن بە بێ یەکڕیزییەکی کارا و تۆکمە، لە کاتی لەق بوونی دەسەڵاتی ئاخوندی یان دوای رووخانی ئەو دەسەڵاتەش جڵەوی ئەو ئەرکە بەباشی بە دەستەوە بگرن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە سەرماندا بڕووخێ و ئامادەیی خۆبەڕێوەبەرییەکی کاتیمان نەبێ، نیگەرانی زۆرن.

کورتی دەکەمەوە:

کاک حەسەن شەرەفی لە سێمینارێکدا لە نۆروێژ، لەمەڕ یەکیەتی و یەکڕیزی کوردەوە خاڵێکی سەرنجڕاکێشی هێنایە بەرباس و وتی: "لە یەکڕیزی کورد بەرامبەر بە رووداوە نەرێنییەکان دەتوانین کەمتر تووشی زیان ببین، چوونکە هەموومان پێکەوە بە گژ رووداوە کارەساتبارەکەدا دەچینەوە.

لە کاتی رووداوێکی ئەرێنیشدا کورد بە یەکڕیزی و تەبایی دەتوانێ، بەشێکی بەرچاو لەو ئامانجانەی دەست کەوێ کە خەباتی بۆ کردووە."

بۆ روونکردنەوەی زیاتری رووداوە نەرێنییەکان، ٢٠١٧/١٠/١٦ی باشووری کوردستان، بوومەلەرزەکەی ٢٠١٧/١١/١٢ی رۆژهەڵات و شەڕی بەرگری ئێستای عەفرین باشترین بەڵگەیە. لە باشوور، دوای ئەو کارەساتە کە کورد لە پرش‌وبڵاوی خۆی بە سەر خۆیدا هێنا لە سەر مێزی وتووێژیش بەو شێوەیە دیارە دەسکەوتەکان لە ئاستی چاوەڕوانی کورددا نین.

لە رۆژهەڵات ئەگەرچی ئێستاش خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو لە سەرما و بێ ئیمکاناتی دەمرن، بەڵام لایەنی یەکڕیزی و بەرچاوی ئەرێنی دوای ئەو کارەساتە سروشتییە، بە هاناوەهاتنی خەڵکی شار و گوندەکانی رۆژهەڵات بوو، کە ناوی ریفراندۆمی دووهەمیان لە سەر دانا. ئەوەی عەفرینیش ئەگەرچی پەیەدە بە بێ بەشداری هێزی چەکداری ئەنەکەسە لە بەرامبەر تورکیەدا قارەمانانە وەستاوە، دیسان لە یەکڕیزی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێ. هیوادارم ئەم نووسینە کرچوکاڵەی من ئەگەرچی نوێ نییە، پاڵنەری ئەو دەنگانە بێ کە بۆ یەکڕیزی گەل هەوڵ دەدەن. هاتنەدی خەونی هەر تاکێکی کورد (ئەگەر لە پێناوی بەختەوەری گشتیدا بێ)، بەندە بە تەبایی و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گشتی کوردەوە.