بۆ پشتیوانی لە دوو زیندانیی سیاسیی کورد چالاکی تەبلیغیی بەڕێوە چوو

زایینی: ٠٥-٠٢-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٦/١١/١٦ - ١٢:٠٣ تاران
بۆ پشتیوانی لە دوو زیندانیی سیاسیی کورد چالاکی تەبلیغیی بەڕێوە چوو
کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری شنۆ، بۆ پشتیوانیی لە دوو زیندانیی سیاسیی چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانیی لە "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی" دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە دوای حوکمی دژە مرۆڤانەی ئێعدامی "هیدایەت عەبدوڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی"، لە لایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم کەمپەینێک لەژێر ناوی "پشتیوانانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی" پێک هێنراوە، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە نادادپەروەرییەی دادگاکانی ڕێژیم دەکەن.

تا ئێستا چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی، چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ، پارێزەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردەیان کردووە.