٦ هاووڵاتیی کورد بە ٣١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و ١٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو حوکم دران

زایینی: ١٧-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠١/٢٩ - ١٨:٤٣ تاران
٦ هاووڵاتیی کورد بە ٣١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و ١٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو حوکم دران
کوردستان میدیا: ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی پیرانشار، میاندواو و بۆکان، حوکمی ٣١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و ١٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراویان بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی موکریان، ٣ هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ بەناوەکانی "ئیرەج محەممەدی"، "محەممەد ئەمین ئاگووشی" و "ئەحمەد پوولادخانی"، هەرکام بە ١٠ ساڵ زیندان لە زاهیدان مەحکووم کراون.

محەممەد ئەمین ئاگووشی لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، ئەو هەواڵەی پـژڕاست کردۆتەوە و گوتوویەتی: "پەروەندەی ئەو ٣ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای نیزامیی ورمێ، بە تۆمەتی سیخوڕی، بە ١٠ ساڵ زیندانی لە زاهیدان حوکم دراوە و بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەو سێ هاووڵاتییە، پەروەندەکەیان لەمەڕ پێداچوونەوە بۆ شوورای بەرزی وڵات نێردراوە".

ناوبراو لە درێژەدا پەڕژاوەتە سەر ئەوەش کە: "شوورای بەرزی وڵات پاش پێداچونەوەی پەروەندەی ئەو سێ هاووڵاتییە حوکمەکەی پەسند کردووەتەوە و هەرکەم لەوانەی بە ١٠ ساڵ زیندان تەعزیری لە شاری زاهیدان مەحکووم کردووە".

بەپێی وتەی محەممەد ئەمین ئاگووشی، لە بـڕیاری دادگادا هاتووە: ئەگەر ئەو سێ هاووڵاتییە نەپاڕێنەوە و تۆبە نەکەن دەبێ لە تاراوگەدا حوکمەکەیان تێپەڕ کەن.

ئیرەج محەممەدی خەڵکی میاندواو، ،محەممەد ئەمین ئاگووشی و ئەحمەد پوولادخانی خەڵکی پیرانشار، لە بانەمەڕی ١٣٨٨ی هەتاوی دەسبەسەر کران و ئێستاش لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دان.

هەروەها بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەژار رەمەزانی، رەشید (کەریمە شەل) و مەولوود خورشیدی، سێ هاووڵاتیی گوندی "کوول ئاوای"ی شاری بۆکانن، کە بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەگشتی حوکمی ١٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو و ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیرییان لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بەسەردا سەپاوە.