پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حدک ئێران بە بۆنەی ١١٤مین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی کوردی

زایینی: ٢٢-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٣ - ١٢:٥٧ تاران
پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حدک ئێران بە بۆنەی ١١٤مین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی کوردی
کوردستان میدیا: بەڕێز "مستەفا هیجری"سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ١١٤مین ساڵڤەگەڕی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

بە بۆنەی سەد ‌و چاردەهەمین ساڵوەگەڕی بڵاو کردنەوە‌ی یەکەمین رۆژنامەی کوردی، پیرۆزبایییەکی گەرم پێشکەش بە هەموو رۆژنامەنووسە دەروەستەکانی کوردستان‌ و ئۆگرانی رۆژنامە و رۆژنامەخوێنەکان دەکەین.

بەتایبەت لەم رۆژەدا یادی هەموو ئەو قەڵەمە ئازا و ئازادانە دەکەین کەلە راستای بیری ئازاد و گەیاندنی زانیاری کە بەشێکی دانەبـڕاو لە دێمۆکراسییە، زەحمەتیان کێشاوە و ئێستاش لە بـڕینی ئەم رێگا پیرۆزەدا بەردەوامن.

رێز ‌و پێزانینمان بۆ هەموو رۆژنامەنووسان بەتایبەت رۆژنامەنووسانی کورد لە کوردستانی ئێران کەلە پێناو جێبەجێ‌کردنی ئەرکی رۆژنامەگەریدا حورمەتی قەڵەمەکانیان پاراستووە و سەریان بۆ رێژیمی دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی دانەناوە و بەو تاوانەوە کەوتوونەتە بەر زیندان ‌و ئەشکەنجە.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
3/2/1391