ئیزنی ناشتنی تەرمی كۆڵبەرێكی کورد لە گوندی خۆی بە بنەماڵەکەی نەدرا

زایینی: ٢٤-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٥ - ١٢:٣١ تاران
ئیزنی ناشتنی تەرمی كۆڵبەرێكی کورد لە گوندی خۆی بە بنەماڵەکەی نەدرا

كوردستان میدیا: كوڵبەرێکی تەمەن 17 ساڵ و خەڵكی شاری شنۆ بەهۆی دەستڕێژی هێزەكانی رێژیمەوە گیانی لەدەست دا و ئیزن بە بنەماڵه‌کەی نەدرا لە گوندی خۆی بینێژن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، نیوەڕۆی رۆژی 3ی بانەمەڕی 1391ی هەتاوی هەژمارێك كۆڵبەر لە نزیك گوندی"تاچیناوێ‌" لە دەڤەری شاری شنۆ كەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتیزامییەكانی رێژیمی ئێران و لە ئەنجامدا كۆڵبەرێكی لاو بەناوی "فەیسەڵ تەموویی" كوڕی "هەمزە" خەڵكی گوندی "تاچیناوێ‌" تەمەن 17 ساڵ، گیانی لەدەست دا و كۆڵبەرێكی دیكەش بە ناوی "بێهزاد" بریندار بوو، كە ئێستا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشكی دایە .

بەپێی هەمان سەرچاوە، تەرمی " فەیسەڵ" كۆڵبەری تەمەن 17 ساڵ، كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو بە بەشداریی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیم و رێژەیەكی زۆری گاردی ویژەی شاری ورمێ لە گوندی "دڕوو" بە مەرجێك كە نابێ لە ئاوایی خۆیان "تاچیناوێ" بنێژرێت، رادەستی بنەماڵەكەی كراوە.
هەربۆیە، كاتژمێر 12ی شەو تەرمی "فەیسەڵ" لە ئاوایی "دڕوو" بە بەشداریی بنەماڵە و رێژەیەكی كەم لە كەسوكاری و لەژێر چاوەدێریی توندی هێزەكانی رێژیمدا بە خاك سپێردرا.

هێزەكانی رێژیم لەو هێرشە هۆڤانەیەدا دەستیان بەسەر كەلوپەلی كۆڵبەراندا گرت و ژمارەیەكی زۆری حەیوانی باریی كاسبكارانیش بە دەستڕێژی راستەوخۆ بە کوشت چوون.