پێش‌گیری لە بەڕێوەچوونی رۆژی کرێکار لە مەهاباد لەلایەن فرمانداریی ئەو شارەوە

زایینی: ٢٥-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٦ - ١١:٥٦ تاران
پێش‌گیری لە بەڕێوەچوونی رۆژی کرێکار لە مەهاباد لەلایەن فرمانداریی ئەو شارەوە
کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە باسەکان سەبارەت بە ئیزنی رێپێوان بۆ رۆژی کرێکار درێژەی هەیە، فرمانداریی مەهاباد پێش بە بەڕێووەچوونی بەرنامەکانی رۆژی کرێکار دەگرێت.


بەگوێرەی راپۆرتی "ئیلنا"، سەعید مستەفانژاد، بەڕێوەبەری "خانەی کرێکاری مەهاباد" گوتوویەتی: "خانەی کرێکار داخوازنامەیەکیان لەمەڕ ئیزنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی کرێکار، بۆ فرمانداریی مەهاباد ناردووە، بەڵام فرمانداری وڵامی داخوازیی کرێکاران و ئیزنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی کرێکاریان نەداوە".


ئیسماعیل حەق‌پەرەستی، بەڕێوەبەری خانەی کرێکاریی پارێزگای تاران، رایگەیاندووە: "لە ئەگەری نەدانی ئیزنی رێپێوان بۆ رۆژی جیهانیی کرێکار، ئەو شک و گومانە دروست دەبێت کە وەزارەتی نێوخۆی وڵات، توانای دابین کردنی ئەمنیەتی رێپێوانی ئاشتیخوازانەیان نییە.


بە وتەی ناوبراو، زۆربەی لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پرسە کرێکارییەکان نامۆن و گرینگی نەدان بە توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، دەرخەری نەبوونی توانایی بەرپرسانی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ هەلومەرج و کێشەی کرێکارانی وڵاتە.


خانەی کرێکاران ناوەندێکی کرێکاریی نزیک لە رێژیمە و چالاکانی سەربەخۆی کرێکاری وەکوو ئەندامانی "سەندیکای ئوتووبووس رانی" لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنیەتییەکان و دەزگای قەزایی رێژیم دان.