بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان كۆبۆوە

زایینی: ٣٠-٠٣-٢٠١٣ - هەتاوی: ١٣٩٢/٠١/١٠ - ١٩:٠٤ تاران
بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان كۆبۆوە
كوردستان میدیا: سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە بنكەی دەفتەری سیاسیی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان كۆ بۆوە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو كۆبوونەوەیە دوا نیوەرۆی رۆژی شەممە رێكەوتی ١٠‌ی خاكەلێوە بەڕێوە چوو و لەوێدا بەڕێز هیجری وتی: بۆ نەتەوەی ئێمە لە هەموو بەشەكانی كوردستان جێگای شانازییە، كە سەرەڕای زۆڵم و زۆری حكوومەتە دیكتاتۆرەكان، ئامادە بووە گیانی خۆی ببەخشێ‌و خەبات بكا و بمێنێتەوە.


سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات وتیشی: زۆر جار حكوومەت و دۆژمنانمان لە ئێمەش بەهێزتر بوون و گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی ناڤیندا لەهەمبەر ئەو دوژمنانەدا خۆراگری كردووە و لێهاتوویی خۆی نیشان داوە.


بەڕێز مستەفا هیجری لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی خستە روو، بەپێی ئەو بارودۆخەی كە كوردستانی توركیە و سووریە تێیدایەتی چاوەڕۆانی ئەوە دەكرێ‌كە ئەوانیش وەكوو هەرێمی كوردستان بە مافەكانیان شاد بن.

سكرتێری حیزبی دێمۆكرات ئاماژەی بە دۆخی كوردستانی ئێرانیش دا وتی: لە كوردستانی ئێران رێژیم بە هەموو توانایەوە لە هەوڵی سەركوتی هاووڵاتیان دایە، بەڵام هەستی نەتەوایەتیی لەو بەشەی كوردستانیشدا زۆر بەهێزە و رۆژ لەگەڵ رۆژیش بەرزتر دەبێتەوە و رۆڵەكانی ئێمە هەنووكە بەشێكی زۆریان لە زیندانەكانی رێژیمدا شەهید بوون، بەڵام ئامادە نەبوونە سەر بۆ رێژیم دابنوێنن.

بەڕێز هیجری ئاشكراشی كرد، ئێستاكە دۆژمنان لەهەمبەر گەلی كوردا زۆر دەستەو وەستانە و گەلی كوردیش زۆر شێلگیرانە داوای مافەكانی دەكات.