دیداری سكرتێری گشتی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ ئیسماعیل بێشكچی نووسەر و رووناكبیری تورك

زایینی: ٠٢-٠٥-٢٠١٣ - هەتاوی: ١٣٩٢/٠٢/١٢ - ١٣:١٨ تاران
دیداری سكرتێری گشتی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ ئیسماعیل بێشكچی نووسەر و رووناكبیری تورك
كوردستان میدیا: بەڕێز مستەفا هیجری لەچاوپێكەوتن لەگەڵ ئیسماعیل بێشكچی وتی: ئێمە هێوادارین هەڵوێستە هاوچەشنەكانی بێشكچی هاوتەریب لەگەڵ خەباتی ئازدیخوازان بتوانێ بەسەر سیستمە دیكتاتۆرەكان لەناوچەدا سەركەوتن بەدەست بێنێت.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١١ی بانەمەڕ لەگەڵ بەڕێز ئیسماعیل بێشكچی لەشاری هەولێر چاوپێكەوتنی ئەنجام دا و لەو دیدارەدا رێزی لەروانگە و بۆچوون و تێكۆشانی ئەو نووسەرە بەناوبانگە توركە دەرحەق بە داكۆكیی لەمافی رەوای كورد، گرت.


بەڕێز هیجری لەو دانیشتنەدا هیوای خواست، بیركردنەوە و هەڵویستی بوێڕانەی ئیسماعیل بیشكچی و رووناكبیرانی وەك ئەو هاوتەریب لەگەڵ خەباتی تێكۆشەرانی دێمۆكراسیخواز و مافە مرۆڤیەكان لە ناوچەدا بتوانێ بە سەر سیستمە دیكتاتۆرەكاندا سەركەوێ و ئازادی، دادپەوەری و ئاوەدانی روو لەناوچەكە بكات و گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانن بە تەبایی و یەكسانی پێكەوە بژین.


هەر لەو پێوەندییەدا "ئیسماعیل بێشكچی"ش وێرای دەڕبرینی خۆشحالی خۆی لەو دیدارە، تەئیدی بۆچوونەكانی بەڕێز هیجری لەمەڕ پرسی دێمۆكراسی و پێكەوە ژیانی بە ئاشتیانەی میللەتان لەناوچەدا كرد و تیشكی خستە سەر ئەو نەهامەتی و غەدرانەی كە وڵاتانی داگیركەری كوردستان بە پشتیوانی وڵاتە زلهێزەكان لەسەدەی بیستەمدا لەكوردیان كردووە، بە تایبەت رۆڵی نیگەتیڤی وڵاتانی ئورووپایی لەپێوەندی لەگەڵ تیرۆری د. قاسملوو و د. شەرەفكەندیدا.


ئیسماعیل بێشكچی سەبارەت بە داهاتووی پرسی كوردیش وتی: هەر چەندە رۆانگەكان بۆ چارەسەری پرسەكان جیاوازن، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا ئاكامی ئەو خەباتە بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی خەباتی یەكگرتووانەی كوردەكان و پێداگریان لەمافە رەواكانیان بە لە بەر چاو گرتنی هەلومەرجی هەركام لە وڵاتانی داگیركەری كوردستان.